Skip to Content

ژيانێ لێوانلێو لە گريان.. سەردار جاف

ژيانێ لێوانلێو لە گريان.. سەردار جاف

Closed
by كانونی دووه‌م 7, 2025 General, Literature



لەگوێسەبانەی شيعرەوە بە چلوورە ڕچيوەکاندا شۆڕ بۆتەوە ها ئەمێستاکە يا تاوێکی دی غلۆر دەبێتەوە و دەپووکێتەوە، (( يادەکانم لە سووتانی شەوێکدا)) وامان پێ دەڵێ، پەنجە بردن بۆ دەرەوەی پەنجەرە کراوەکە، پێ دەچێت لە ڕچين قورتاری نەکات، شيعر شەرابێکی ياخييە لە ئيسماعيل تەنيا، لە شەپۆلە دڕدۆنگەکاندا مەلەی کردووە و لرفە و تەمومژی زريانەکان بولێڵی نەکردووە، کەچی نها جورئەتی نزيک بوونەوەی ئەو تخوبە داکوتراوەی نييە، بەگژ گێژەڵوکە و زريانەکاندا ناچێتەوە، لە دەقی ( گريان ) کە ساڵی ١٩٨٨ نووسراوە، بە زمانێکی ئێستاتيکيانەی ئەو سەردەمەی خۆی جاويدانی تۆمار کردووە، بۆيە ئەمێستاکەيش زمان دێنێتە گۆ و شرۆڤەکاری لە تەکدا دەکرێ، گەر هەڵاوێردێکی سەر و بنی دەقەکە بکەين بۆمان ساغ دەبێتەوە شاعير بۆ ئەو سەردەمە لە نێو بۆتەی کێش و سەروا نغرۆ بووە و پەيوەست بوونی بە هونەری شيعریيەوە پێوە ديارە .
چەمکی گريان خۆی لە خۆيدا وەڵامدانەوەی هەست و سۆزێکی دياريکراوە، جا ئەو هەستە لە ئازارەوە هەڵقوڵا بێت يان لە خۆشييەوە، بە هەر دوو ديودا لە ئەگەری رووداوێکەوە بەرجەستە دەبێت، گريان حاڵەتێکی خۆرسکيانە نييە هەڵبەتە هۆکاری خۆی هەيە، ئاخۆ ئەم گريانەی شاعير لە ڕاڕاييەوە سەرچاوەی گرتووە يا لە خەمۆکييەوە سەری هەڵداوە، خەمۆکی بۆ خۆی { هەست و هەڵچونێکی خۆرسکييە مرۆڤ لەم حاڵەتەدا بۆ ماوەی چەند هەفتەيەک هەست بە خەم دەکات و، ئەو کەسە هەستی پێدەکرێ شێلگيرانە نييە و ئەو ڕەوشە ڕەخساوەی بەردەمی پشتگوێ دەخات و بايەخی پێ نادات، نيشانەکانی خەمۆکی هێز و وزە کەم دەکاتەوە، توانای جەخت کردنەوەی نامێنێت، ناهومێد دەبێت و خەم دايدەگرێت، بە خەمەوە پەيوەست دەبێت لە ڕێگای گريانی زياد لە پێويست، فرمێسکی ڕاناوەستێت تەنانەت بۆ شتە بچوکەکانيش دەگری، زەحمەتە هۆکاری گريانەکە دياری بکرێت.}١. جا خودی شاعير ئەگەر لەم دەرگايەوە ئاشنای گريان بوو بێت، ئەوا گەرەکە خودی خۆی هۆکاری گريانەکەيمان لە دەقەکەدا بۆ جاڕ بدات و بە پەنهانی گرمۆڵەی نەکا و نەيشارێتەوە، دەوروبەری لە گريانە جاڕ دراوەکە ئاگادار بکاتەوە، ناکرێ لە خورت و خۆڕایی بگری، هەروەک ئەحمەد شەماڵ لە گۆرانييەکيدا دەڵێ : { گريانم دێ هەر بە هەوەس } ٢.
ئەگەريش گريانەکەی لە ڕاڕاييەوە سەرچاوەی گرت بێت، ئەمە حاڵەتێکی گشتگيرييە هەروەک “ د. سحر غوشە “ دەڵێ { هەموو توشاری ڕاڕایی دەبن، وەلێ هەندێ کەس هەڵچون و تووڕە بوونی رۆژانەيان بنەمايەکی سەرەکييە، نيشانەکانی ڕاڕاييش ، ماندوو بوون، هەبوونی کێشەی نووستن، ڕاڕایی بێ بنەما، دژواری لە جەخت کرنەوە} ٣. پێويستە لە سۆراغی گريانێکدا بين کە زياتر لە سی و حەوت ساڵ بەر لە ئەمێستاکە ڕووی داوە و لە ڕێگای نووسينەوە بۆتە دەقێکی ئەدەبی شيعر و ئێمەيشی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە. لە بەرایی شيعرەکەدا دبێژێت :
کە لە پريسکەی چاوەڕوانی
هاتيتە دەر
حەشاماتێک ئاپۆڕای دای
هۆزەبانەيان بۆ کردی
لەم چەند دێرەدا هێندەی پێگوتين کە باس لە هاوێر بوون يان باشتر بڵێين لە دايک بوونی کەسێک دەکات، لە پرياسکەی چاوەنواڕی نۆ مانگ و نۆ رۆژەیدا هاتۆتە دەر، لە جەستەی دايک جودا بۆتەوە و بۆتە مرۆڤێکی کامڵی کۆرپەڵە، دەشێت ئەمە جگە بۆ لە دايک بوونی مرۆڤ خوێندنەوەی ديکەيشی بۆ بکرێت، وەک هێمايەک بمێنێتەوە لای خودی شاعير يان خوێنەرێکی ديکەی شرۆڤەکار، وەلێ کە باس لە هۆزەبانە دەکات، ديارە لە خۆشناوەتی بە گۆزەبانە دەگوترێت هۆزەبانە، ئەوەيش چريکاندن يان چرپاندنە بە گوێی ساواکەدا لە دوای هەفتەيەک لە لەدايک بوونی، تاوەکوو لە بيستن و گوتن بێ بەش نەبێت، ٤. بشێ شاعير مەبەستی ئەو گريانە بێت کە مناڵ دوای لە دايک بوونی دەيداتە زريک، کە هاتۆتە دنياوە و لە سەرەتادا بە زار و ژان و ئازاری ئەم ژيانەوە دەناڵێنێت، ڕووناکی ئەم جيهانە ئامێرێکی بەرداش هاڕينە لە بۆتەی خەمەکانی تەمەن و ژيان ململانێ لە پێناو مانەوەدا دەکات و دەهاڕدرێت:
کاتێک بە سەر
يەکەم پەيژەشدا سەرکەوتی
ڕوو لە ئاسمان
بە دەم قوڵپی گريانەوە دنيات هەژاند
ميلی زەمەنت ڕاگرت و
تخوبی ئەتڵەسەکانت
يەک يەک بەزاند
هارلان کۆبين * دەڵێ : “ ژيان يەک وەڵامی نييە، بەڵکوو زنجيرەيەک مەتەڵن گەرەکە وێڵی هەڵهێنانيان بين “ ٥. کەواتە دەبێت هەميشە لە سۆراغی ئەو گريانە بين کە مەتەڵێکە و هەڵنايەت، دژوار و سەخت و تەنگە، يەکەمين پێپليکانەی ئەم ژيانە ئاوێتە بوونە لە تەک دۆراندۆر دەرباز بوون لە نێوياندا بە باڵا بوونت دەگەيەنێت، مرۆڤ ئەگەر نۆبەرە نەبوو ئەوا هەر لەيەکەم هەناسەدانييەوە ململانێی ئەو ساوايە دەکات پێش خۆی لە دايک بووە ئيرەیی پێ دەبات، جەنگێکی زۆر بچوکی مناڵانەيە لێرەوە بە گوێرەی تەمەن و باڵا بوون جەنگەکان گەورەتر دەبن، ئەمەيش پەيژەيە چۆن تێيدا رزگار دەبێت، شەرێکی قورسە ناتوانێت لە گەڵ يەکێ لە خۆی گەورەتر لەو کاتەدا بجەنگێت، ناچار پێويستی بە سۆزی دۆراندۆرە بەردەوام گريانەکانی پاساوی لاوازی و خۆ خواردنەوەيە دۆراندۆريش لێی حاڵی نين و تێ ناگەن چ ئافاتێ ڕووی تێکردووە، ئیدی گريان بە ڕەوايەتی دەزانێت بۆ بەرپەچدانەوەی بێ دەسەڵاتی و بە دەنگەوە نەهاتنی، هەروەک گوتمان هەر کەسێ ئازادە بۆ خوێندنەوی جۆراوجۆر لە هەر دەقێکدا، ناکرێت خوێندنەوەی ڕەها بە هيچ دەقێکەوە بلکێندرێت و ببێتە مۆرکێک و لێی نەبێتەوە، هەژاندنی دنيا ناکاتە ئەوەی خود خودان هێز بێت و زۆردار بسڕێتەوە، بێ هێزيش هەميشە پاڕانەوەی بە دوادا دێت، بە دەنگەوە نەهاتنيش گريان، وەک ئەو نەتەوە و ميللەتانەی بێ هێز و بێ پشتن پەنا بۆ گريان دەبەن. وەک چۆن لە ئەنفال و کيمياباران و کۆڕەو دا کورد گريا….
شاعير نايەوێت چۆک دابدات وەلێ بێ ئاگا لەوەی ئەم چۆک دانەدانەی لە يەکەی ژانری دوور دەخاتەوە، ئەمەيش خۆی لە خۆيدا جاڕدانی کەموکوڕييە لە دەقی گرياندا، مرۆڤ لە بێ توانایی ڕووی لە گريان کرد کە ناونيشآنی دەقەکەيشە، هەرگيز ناتوانێت تخوبی ئەتڵەسەکان ببەزێنێت، چونکە ميلی زەمەن بە ترسنۆک و بێ هێز ڕاناگيرێت، گەرەکە هێز و توانا بگێڕێتەوە بۆ بێ تواناکە، دەکارێ بێژين ئەم دەقە لە نێوان کۆپلەکانی لێشاوێک لە پەيڤی جوان و دڕ هەن کە ئێستاتيکا بە دەقەکە ببەخشێت، لەم ترازاندنەی يەکەی ژانر قورتاری بکات بە باڵایی دەيهێنێتەوە بۆ بوون کە نها بوونی نييە، ئەو دەم نەبوونەکان مەحوو دەبێتەوە.
بەڵام منارەی مل باريک و
کەڵەشێری دەم بەيانی
لە خەوێکی زۆر قووڵدا بوون
لە دەنگی زەنگی کاروان و
گڤە گڤی ڕەشەبادا
بێ ئاگا بوون
شاعير لەم کۆپلەدا ئەوەمان بير دەخاتەوە کە بڵێين پاش و پێش لە نێوان ئەم کۆپلە و کۆپلەی پێشوودا هەیە، دەبووايە بەر لەوەی کۆپلەی پێشوو ئەم کۆپلە گڕە خۆی بە خەرمانی دەقەکەدا هەڵواسيبا، ڕەنگە ئەو دەمە کەمێ لە دابڕانی يەکەی ژانر کەم ببووايەتەوە و جوانناسيشی بە دەقەکە زێتر ببەخشيبايە، سێ دێڕی يەکەم ئەوەمان پێ دەڵێ، بانگ و سەڵای شۆڕشی بە دەنگەوە چوونی ئەو کۆرپەڵەيە، يان هەر شتێک بێت ، مرۆڤ ، شۆڕش ، کودەتا، ڕاپەڕين ياخود هەر شتێک .
کەوتوونەتە ئەو خەونە قووڵەوە بە دەنگەوە ناچن و بێ باکن لە منداڵە هەر چييەکی بە سەر بێت، کە چۆن لە بەردەم رۆژگاری خۆيدا نوقمی شەقی خۆی بووە، و زەليلە، گێژەڵوکە و بەردی باراش دەيهاڕێت و دەفەوتێت، لێرەدا پێمان وايە ساغ بووەوە ئيسماعيل تەنيا گريانی لە پێناو چييە.

سەرچاوەکان
١- معلومات عن البکاء ، دکتۆرة سحر غوشة موقع سطور ٨ / ٩ / ٢٠٢٠
٢ – گۆرانييەکی ئەحمەد شەماڵ ، بە ناوی “ لەولا هاتم بە ڕێبواری “
٣ – هەمان سەرچاوەی بڕگەی يەک لە سەرەوە
٤ – هەمبانە بۆرينە، عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی “ هەژار موکريانی “ سروش تاران ١٣٩٨ چاپی دوازدەهەم
٥ – ٤٠ أقتباس عن الحياة من أقوال المفکرين والفلاسفة، موقع حکمة عربية ، ٨ / ٦ / ٢٠٢٣
٦ – يادەکانم لە سووتانی شەوێکدا، ئيسماعيل تەنيا، هەولێر ٢٠٢٤

سەردار جاف
شاعير و ڕەخنەگر ، ئەڵمانيا

  • ،هارلان کۆببين نووسەر و ڕۆماننووسی ئەمريکييەساڵی ١٩٦٢ لە نيوئارک لە نيوجەرسی لە دايک بووە، سەرۆکی ليژنەی دادوەری ڤيستيڤاڵی کان بۆ زنجيرە درامەکان ٢٠١٨
Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress