
مەست بوون تاساتی بێ هیوایی..! … سەروەرکەریم
گوڵی خاش خاش زیاد بڕوێنن
تاهەموومان مەست بین.
ئەم زەمەنە هەمووی نائومێدی یە؟
لەم سەری شەقام ،تاکۆتایی و بە هەڵگەڕاوەیش
تەژیە بە ئازاری روح.
هەموو گەڕانەکان بێ هەڵوەدایە!
بستێک باخچە نابینین هەناسەی گوڵی لێ بێت
هیچ بارانێک نامانشواتەوە..
زەمەنی بارینی ئاونگ بەسەرچوک..
هیچ ڕەنگێک بۆنی ژیانی لێ نایە.
ئەستەمە نیگای زنار بکەین ،
کەچاوانمان هەمیشە تەڵخ و تاریکە.
هەموو ڕێگاکانمان بزرکردووە،
ناگەینەوە بەئاستانەی خەون.
هەموو کۆلکە هاوبەشەکان جیابوونەوە
ماتماتیکی ژیانمان بۆ تەفسیرناکرێ .
دەمێکە فیزیای ژیان ئیدمانی مەی بووە،
شیکاری هیچ گەردیلەیەکمان پێی ناکرێ.
ئەندێشەمان تەژیە بەبیری مەستبوون .
هیچ بۆنێک ناناسین مادەی هۆشبەر نەبێت .
خوێنمان خڕۆکەکانی بوون بە تلیاک و مەی!
کاسبووین وبێ مروەت هەنگاو دەنێین.
هەموو ڕیگاکان دەمانبەنەوە باخی گوڵە خاش خاشەکان.
ناوی هەموو جۆرەکانی مەستیمان ئەزبەرکردوە..
بەس نازانین چۆن بگەڕینەوە ماڵی ناخمان .
لەم زەمەنی داڕووخانی بوونەدا
چاوەڕوانی هاتنی هیچ بۆن و ڕەنگێک ناکەین .
رووحمان تەژی بکات بەئومێد.
هۆڵەندا
٢٠/١/٢٠١٧