Skip to Content

دیمانەی کامەران حاجی ئەلیاس لەگەڵ شاعیر محه‌مه‌د سه‌دیق رواندزی

دیمانەی کامەران حاجی ئەلیاس لەگەڵ شاعیر محه‌مه‌د سه‌دیق رواندزی

Closed
by نیسان 2, 2021 General, Literature

شاعیر محه‌مه‌د سه‌دیق رواندزی : زۆر جار كچێكی شۆخ و شه‌نگ بووه‌ته‌ هه‌وێنی كۆمه‌ڵێ له‌شیعره‌كانم.
شاعیر محه‌مه‌د سه‌دیق رواندزی: كوردستانی پیرۆز هه‌میشه‌ سه‌رقافله‌ی شیعره‌كانم بووه‌ به‌تایبه‌تی داستانی ڕۆڵه‌ شێره‌كانی كورد
دیدمانه‌- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس
شاعیری كورد “محه‌مه‌د سدیق ” ساڵانێكه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ شیعر نووسین جوانی وسروشتی كوردستان هه‌وێنی شیعره‌كانییه‌تی ،له‌ ئیستا دا دوو دیوانه‌ شیعری ئاماده‌یه‌ بۆ چاپكردن ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م شاعیره‌ به‌ ئێوه‌ی ئازیز ئاشنا بكه‌ین ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌مان له‌ گه‌ڵ دا كردوه‌.

  • سه‌ره‌تا پێمان باش بوو كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی خۆت بۆ خوێنه‌ره‌مانمان باس بكه‌یت.
  • ناوی ته‌واوم محه‌مه‌د سه‌دیق موسته‌فا عزیز حه‌سه‌نی وه‌سمان ئاغای ڕواندزیه‌ له‌ ئێواره‌ی 27 / 7 / 1957 له‌ شاری كۆرپاشا ڕواندز له‌ دایك بووم له‌ ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵی بۆ ماوه‌ی ساڵێك لای مامۆستای ئاینیم خوێندوه‌ ، سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیم هه‌ر له‌ رواندز ته‌واو كردوه‌ و ئاماده‌ییم له‌ هه‌ولێر ته‌واو كردوه‌ ،دوای ته‌واو كردنی سه‌ربازی دامه‌زراوم به‌ فه‌رمانبه‌ر تا پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر ئێستاش خانه‌نیشم خاوه‌نی چوار كوڕو دوو كج ئێستا له‌شاری هه‌ولێر نیشته‌ جێم… له‌ باره‌ی ده‌ستپێكی شیعریم وه‌كو هه‌ر گه‌نجێك ، جوانی سروشتی كوردستان و روداوه‌كانی كوردستان فاكته‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست و خه‌یاڵمان له‌ رێگه‌ی شیعره‌وه‌ ده‌رببڕین.

    -چۆن شیعر پێناسه‌ ده‌كه‌یت؟
  • شیعر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی ( شعور ) به‌مانا ڕه‌وانه‌ خۆماڵیه‌كه‌ی خۆمان واتا هه‌ست و ئه‌ندێشه‌ له‌ناوه‌ڕۆكدا هزرو خه‌یاڵ ئه‌بێته‌ ڕابه‌ری ئه‌قڵ و هۆنینه‌وه‌ و چنینی ده‌ق و بابه‌تێكی قه‌شه‌نگی داڕێژراو …به‌درێژایی مێژوی ئه‌ده‌بیاتیش به‌تایبه‌تی شیعر پێناسه‌و ڕه‌هه‌ندو واتای شیعری هه‌یه‌ به‌ڵام به‌كورتی ده‌توانم بڵێم به‌ بۆچونی خۆم پێم وایه‌ پێوه‌رێك نیه‌ بۆ پێناسه‌ی شیعر به‌هه‌ر حاڵ بونیاتی.. داڕشتنی شیعر حاڵه‌تێكه‌ جیاواز له‌و پێوه‌رانه‌ی كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌لایه‌نی ڕوحی شاعیر به‌ڵكو ئاوێته‌یه‌ به‌ وورژانه‌كانی نه‌ست هه‌ژموون كردنیه‌تی به‌سه‌ر ده‌ر بڕینی شیعردا.
  • كاتێكی دیاركراو هه‌یه‌ بۆ نووسینی شیعر؟

    *هیچ كاتێكی دیاری كراو نیه‌ بۆ نوسینی شیعر به‌ڵام نوسینی شیعر كاریگه‌ری خۆی له‌ چه‌ند هۆیه‌كا دێته‌ كایه‌وه‌ وه‌یاخود سرووش (الهام).
    -شاعیرێكی دیاریكراو هه‌یه‌ پێ سه‌رسام بیت، یاخود كاریگه‌ری له‌سه‌ر تۆ هه‌بێت؟
    *به‌ڵێ له‌ كورد شاعیری زۆر مه‌زن هه‌ن كه‌ سه‌رسامیان كردووم وه‌كو صافی هیرانی … مه‌حوی .. دڵدارو حاجی و شێخ ره‌زای تاله‌بانی .. هێمن ی مهابادی مامۆستا عه‌لی هه‌ژار زۆرانی تر ..له‌ شاعیره‌ عه‌ره‌به‌كانیش مه‌عروف ڕه‌سافی و سه‌ییاب و زه‌هاوی زۆرانی تر..
  • هه‌وێنی شیعره‌كانت له‌چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؟
  • هه‌وێنی شیعره‌كانم جوانی كوردستان و دیمه‌نه‌ دڵرفێنه‌كانی و جوانی ئافره‌ت و خۆشه‌ویستی و زۆر جاریش كچێكی شۆخ و شه‌نگ بوه‌ته‌ هه‌وێنی كۆمه‌ڵێ شیعرم،زۆر كاره‌ساتێكی دڵ ته‌زێن وه‌یا له‌ده‌ست دانی ئازیزێك هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی شیعری شاعیره‌ مه‌زنه‌كان بوونه‌ته‌ هه‌وێنی شیعره‌كانم.


  • كوردستان له‌ كۆێی نێو شیعره‌كانته‌؟
  • كوردستانی پیرۆز هه‌میشه‌ سه‌رقافله‌ی شیعره‌كانم بووه‌ به‌تایبه‌تی داستانی ڕۆڵه‌ شێره‌كانی كورد له‌ هه‌مو و جه‌نگه‌كان به‌درێژایی تێكۆشانی گه‌ڵی كورد بۆ مافه‌ ڕه‌واكانی هه‌روه‌ها جوانی و ڕازاوه‌یی كوردستان خۆی له‌خۆی دا پۆشاكی شیعره‌ ئاوازه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیه‌تی.
    دڵی بولبول له‌ده‌وری باڵاو باغی تۆ وه‌كو سه‌رباز ده‌ڕوا ده‌كا ته‌مه‌ننایێ
    تیره‌بارانم كه‌ی گوڵ بارینه‌ بۆمن بۆماچێكی لێوت ده‌كه‌م هه‌زاران تكایێ
    ده‌خیلم به‌ندو ئه‌سیرم ڕوی خۆت وه‌رمه‌گێڕه‌ ئه‌ی من ڕوكه‌مه‌ كام لایێ
    دڵی شه‌یدا كه‌شه‌یدایه‌ ده‌خاله‌ت هه‌ر له‌خۆی دێ ده‌بێ به‌رپاكا هه‌رایێ.
  • به‌رهه‌می چاپكراوت هه‌یه‌ ؟
  • تائێستا هیچ چاپ كراوێكم نیه‌ به‌ڵام له‌ هه‌ندێ ڕۆژنامه‌و گۆڤار به‌ به‌رده‌وامی شیعره‌كان بڵاو ده‌كه‌مه‌وه‌ ،له‌به‌ر بژێوی ژیان و سه‌رقاڵی بوون دوا كه‌وتم له‌ چاپ كردنی شیعره‌كانم.
  • پرۆژه‌ی داهاتوو چیه‌؟

    *پڕۆژه‌ی داهاتوم دوو دیوانم ئاماده‌یه‌ بۆ چاپ له‌ژێر ناوی ( خه‌ره‌ند ئامێزی قوربانیه‌كان ) و ( دایكی گه‌وره‌م وای فێر كردم) ئه‌گه‌ر خوای مه‌زن ته‌مه‌نی پێ به‌خشین ئه‌وا چاپی ده‌كه‌ین .
  • ئێمه‌ش به‌هیوای ئه‌وه‌یه‌ن به‌ زووترین کات ،ئه‌م دوو دیوانه‌ی به‌رێزتان بگاته‌ ده‌ست خوێنه‌ران، له‌ كۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به‌ ئێمه‌یت به‌خشی.
  • منیش سوپاسی ئێوه‌ ده‌كه‌م بۆ ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌.
Previous
Next
Kurdish