Skip to Content

مرۆڤی نوێ یان ھاوچەرخ فۆرمێکی تازەترە لە کالیگۆلا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مرۆڤی نوێ یان ھاوچەرخ فۆرمێکی تازەترە لە کالیگۆلا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 7, 2024 General, Opinion

مۆنۆلۆگی سێزدە لە کتێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: بڕوا دەکەم ئێمە زمانمان تەنانەت بیرکردنەوەمان لە چاوماندایە، چاوێک تەنیا توێکڵی شتەکان دەبینێت، دەستی ناگات بە جەوھەریان. ھەر بۆیە جیھانبینی ئێمە بۆ خۆشەویستی، سێکس، مردن، کەینونە، تەنیا فۆرمالیستانەیە. لە بارەی ھەموو شتێکەوە دەدوێین بێ ئەوەی ھیچمان وتبێت، ھەموو شتێک دەبینین بێ ئەوەی ھیچمان بینیبێت!. یەقینمان بە ئایدیاکانمان ھەیە، بێ ئەوەی ھیچ ئایدیایەکمان ھەبێت. خۆشەویستی دەکەین بێ ئەوەی خۆشەویستی بکەین، دەژین و ھەناسە دەدەین بێ ئەوەی ژیان بکەین. ئێمە کێشەیەکی گەورەی ئەپستمۆلۆژیمان ھەیە.
من: مرۆڤی ئێمە “کورد” بوونەوەرێکی ئاکتوێل نییە، لە رووی بیر و تێڕامانەوە، لەنێوان ھەردوو قۆناغی “لاھوت” و “میتافیزیکیا”دا چەقیوە، بەو پێیەی “ئۆگەست کۆنت” گەشەی بیری مرۆڤ بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکات، ئەوانیش قۆناغی “لاھوت و میتافیزیک و پۆزەتیڤ”ن، لە ھەردوو قۆناغی لاھوت و میتافیزیکیادا، عەقڵ یان با بڵێین زانست بڕیار نادات، بەڵکو ئەفسانە و غەیبانییەت و باوەڕە ئەودیو سروشتییەکان ئاڕاستەی بیر دیاری دەکەن، بەڵام لە قۆناغی پۆزەتیڤیزمدا فاکت و سەلماندنی زانستی دوا قسە دەکەن. ئەم قۆناغەش رۆحی “مۆدێرنێتە”یە، کە تیایدا عەقڵ لە بەرزترین ئاست رۆڵ دەگێڕێت، لێ ھەندێک پێیانوایە مۆدێرنێتە لە ئاوابوون نزیک بۆتەوە یان لە سەرەمەرگدایە کەچی “یۆرگن ھابرماس”ی دوا فەیلەسووفی قوتابخانەی فرانکفۆرت ھێشتا بەرگریی لە مودێرنە دەکات وەک قۆناغێکی ئاکتۆیل. بەھەر حاڵ ئێمە بەر دیاردەکانی مۆدێرنێتە کەوتووین، بەڵام گەوھەرەکەی کە بریتییە لە سیستمێکی عەقڵانی ھێشتا بە ئێمە نەگەیشتووە، بەو پێیەی مۆدێرنێتە تەنیا ئەو ماتریاڵە تەکنۆلۆژییانە نییە بە ئێمە گەیشتوون.
خۆم: ئەفسانە تەنیا ئەو واتایەی نییە رووداو یان زنجیرە رووداوێک بێت، لە دەرەوەی سیستمی عەقڵ یان لەناو عەقڵی ئامێریدا جێی نەبێتەوە، ئەمە ئیشکالیەتێکە “میرسیا ئیلیاد” پێداگریی لەسەر دەکات و وا بیر لە بابەتەکە دەکاتەوە ئەو پێناسەیەی پێیوایە ئەفسانە ھەموو شتێکی دەرەوەی واقیع دەگرێتەوە، زمانێکە لەلایەن پۆزەتیڤیزمەوە لە سەدەی نۆزدەھەمدا داھێنراوە, کەچی ئێمە ھیچ کات ناتوانین رەھایانە ئەفسانە رەت بکەینەوە، چوونکە بنیادی رۆشنبیریی و کولتووری مرۆڤایەتی لەسەر دامەزراوە. ئێمە دەبێت لەم جیھانە شێواوەدا لە ئەفسانە بگەین، ھەروەک چۆن فرۆید توانی لە رێی ئەفسانەی “ئۆدیب پاشا”ەوە کەشفی نەخۆشییەکی دەروونی گەورەی مرۆڤ بکات. لەلایەکی ترەوە ھیچ نەتەوەیەک دروست نابێت، بەبێ ئامادەگیی ئەفسانە وەک توخمێکی بەھێز لە پرۆسەی نەتەوەسازییدا.
من: ھەرچەند ئەفسانە وەک بناغەیەکی کولتووریی رەت ناکەمەوە، بەڵام باسم لە شتێکی تر دەکرد، دەمەوێت سەرنجت بۆ ئەوە رابکێشم لایەنگری مودێرنە نیم، بەو ھۆکارەی پێشکەوتنە رۆمانسییەکانی لەکەدارە، لەناو مودێرنەدا، مارکس لە دایکبوو کە بێ بەزەییانە رەخنەی توند و رادیکاڵانەی ئاڕاستە کردووە. “ئالان تۆرین”ی فەیلەسووفی ھاوچەرخی فەڕەنسیش دیدێکی وەھا دەخاتە روو: کە ئەو جیھانە ئازاد و لیبرال و بەختەوەرەی مودێرنەی پێ دەناسرایەوە، وێنە گشتگیرەکەی تێکشکاوە، بەو پێیەی لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمەوە ژمارەیەک بیریار و فەیلەسووف قەیرانە سترۆکتۆرییەکانی مودێرنەیان ئاشکرا کردووە. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە باسم لە پێشکەوتنی بیر کرد بەپێی ئەو قۆناغانەی “ئۆگەست کۆنت” دیاری کردوون، لەگەڵ ئەمەشدا ئەفسانە وەک بەشێک لە قۆناغی لاھوتی لە فۆرمە سەرەتاییەکەیدا زمانی عەقڵی مرۆڤ دێرین بووە، وەلێ وەک “میرسیا ئیلیاد” ھێمای بۆ کردووە جیھانی مودێرنیش کۆمەڵێک ئەفسانەی نوێی تایبەت بە خۆی بەرھەم ھێناوە.
خۆم: کەواتە خۆشەویستی لە سەردەمی مۆدێرنێتە، ئەدگاری چۆنە؟. دەمەوێت بەم پرسیارە بخزێمە ناو پرسێکی ئاڵۆزەوە، رەنگە ئەمە ئەو پرسیارە زۆر گرانە بێت، وەڵامێکی دڵنیا و ئاسانی نەبێت، یان وەڵامێک نەبێت بتوانێت ھەموو رەھەندەکان ئەنالیز بکات.
من: مودێرنە لە راستیدا ناوێکی تری عەقڵی ئامێرییە، لە رووی ئابوورییەوە مودێرنە سەرمایەداریی بەرھەمھێنا، لە رووی سیاسییەوە دەوڵەت نەتەوەی دروستکرد، کە بریتییە لە سیستمی دیسپلینسازیی و چاودێریکردنی ھاوچەرخ. خۆشەویستی لەم چوارچێوەیەدا لە ژێر ھەڕەشەدایە، لە سۆنگەی ئەوەی لە بری خۆشەویستی، مودێرنە ھەڕمێن بە چێژگەراییەکی ئەبستراکت دەدات، ھەروەک فوکۆ باسی دەکات مۆدێرنێتە بریتییە لە رەوشی ئاساییکردنەوەی شتە نائاساییەکان، بە ھەمان شێوەش نائاساییکردنەوەی بابەتە ئاساییەکانە!. ئەمە جیا لەوەی مودێرنە ھەمیشە بەشێکە لەو خەیاڵدانەی جیھانی خۆرئاوا بە ناوەند پێناسە دەکات و ھەڵگری ئەو نەزعە سێنترالیزمەیە لە ھیگلەوە بگرە پێش ئەویشەوە درێژ بۆتەوە تاکوو رۆژگاری ئەمڕۆمان، لەناو ئەم نەزعەیەدا منێکی رۆژھەڵاتی بۆ ئەوەی بێمە ناو دنیای مودێرنەوە دەبێت پۆشاکی رۆژھەڵاتییانەی خۆم دانێم، ئەمە شتێکە فوکۆ لە کتێبی “وتەکان و شتەکان”دا بە روونی باسی لێوە دەکات کە مودێرنە ناتوانێت خۆشەویستی دروست بکات و رۆژھەڵات و رۆژئاوا پێکەوە کۆبکاتەوە.
خۆم: لەو باوەڕەدام ژیاری ئێستای مرۆڤایەتی تەنیا لەسەر عەقڵی پەتی وەستاوە “وشەی عەقڵی پەتیم لە کانت خواستووە”. لەم شارستانێتییەی رژێمی سەرمایەداریی و دەسەڵاتی بۆرسە و کۆمپانیاکاندا، ھەستی مرۆڤ بەھایەکی ئەوتۆی نییە، مرۆڤی نوێ یان ھاوچەرخ فۆرمێکی تازەترە لە کالیگۆلا، دڕەندەیە بێ ئەوەی ھەست بکات ھەموو شتێک لەسەر دەستی بەرەو پایان دەچێت. لە کاتێکدا ژاک لاکان و کۆی ئیمپریستەکانی تر تەنانەت خودی زانستیش وەک دەرھاویشتەی ھەست دەبینن، ھەرچەند بە تەواوەتی لەگەڵ ئەوەم زانست بەرئەنجامی وەگەڕخستنی عەقڵە، بەڵام بۆ من ھەستیش گرنگییەکی لە راددە بەدەری ھەیە. لێ باش لەوە تێدەگەم مرۆڤە ھەستیارەکان لەم شارستانییە نوێیەدا پێناسەکانی شێتیان بەسەردا پراکتیس دەکرێت.
من: ئەندرێ ژید رایەکی زۆر سەیری ھەیە کاتێک دەڵێت “بە ھەست و سۆزی جوان، مرۆڤ ئەدەبی خراپ دادەھێنێت”!. لێرەدا روونە ھەست پێچەوانەی عەقڵە، ئەگەر زانست تەنانەت ئەدەبیش پێویستیان بە ھەست و سۆز نەبێت، ئەوا پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ژیانی کۆلەکتیڤی مرۆڤ دەیخوازێت، ئەو راددە بەرزەی وەگەڕخستنی عەقڵ کە شۆڕشێکی تەکنۆلۆژیی گەورەی ھێناوەتە ئارا، سەرباری ھەر ئاسانکارییەک بۆ ژیان بە ئەندازەیەکی زۆرتر تەنگەبەری بۆ دروست دەکات، بەو پێیەی مرۆڤ لە ھەست دادەڕنێت و وەک کۆمپیوتەرێک تەنیا بە ژیرانە کار دەکات. ئەگەرچی ماتریالیستم، بەڵام مرۆڤ تەنھا وەکوو ماتەرێک نابینم، زانست خۆی ئەوەی سەلماندووە تەنیا پێنج دەر سەدی پێکھاتەی جیھان لە ئەتۆم پێکھاتووە. لەم روانگەوە بە قەد عەقڵ، مرۆڤایەتی پێویستی بە ھەستی مرۆڤانە ھەیە، ئەگەرنا سەرباری ھەر پەرەسەندنێکی عەقڵی و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، مرۆ لە دۆخی دڕندایەتی رزگار نابێت. ھەروەک ئەمەی ئێستا.
خۆم: مودێرنە ھەر زوو وەرچەرخا بۆ دیسپۆتیزمێکی نوێ لەسەر دەستی رژێمی کاپیتالیزم، ئەگەر لە ناو مودێرنەدا، وەک تۆ ئاماژەت پێدا ئەگەر مارکس ھەبێت، بە دیوەکەی تردا “ھیتلەر و فرانکۆ و مۆسۆلینی”ش ھەن، بە مانایەکی تر فاشیزم و نازیزم دوو دەرھاویشتەی ئێجگار وەحشەتناکی مۆدێرنێتەن، لە راستیدا ھەوڵەکانی یۆرگن ھابرماس بۆ ھاوسەنگگرنەوەی مۆدێرنێتە و گونجاندنی بە فۆرمێکی ھارمۆنی لەگەڵ ژیانی راستەقینەی مرۆڤ، زۆر تراژیدیی کەوتۆتەوە، بەو پێیەی مۆدێرنێتە لەمە زیاتری پێ نییە بۆ مرۆڤایەتی.
من: خەیاڵێکی تۆقێنەرم ھەیە. ھەنووکە زەوی زۆر ماندووە، کەشوھەوا تێکچووە، باڵادەستی تەکنۆلۆژیاش لەسەر وێرانکردنی زیاتری ئەم ھەسارەیە راوەستاوە، مرۆڤ گەیشتۆتە راددەیەکی پێشکەوتنی وەھا گەڕانەوەی بۆ نییە، لەم ئانوساتەدا درامییەدا، کە توێژینەوە میتۆرۆلۆژییەکان ھەموو زەنگەکانی مەترسییان لێداوە، پەی بەوە دەبەم ژمارەیەک مرۆڤ ھەن دەیانەوێت بە یارمەتی تەکنۆلۆژیا ھەواری خۆیان بەرەو ھەسارە یان ئەستێرەیەکی تر بگوازنەوە، لەوێوە شانشینی خۆیان لە ئاسمان دابمەزرێنن و فەرمانڕەوایی بکەن بەسەر زەوینشیناندا، تۆ ھیچ کات بیرت لەم ئەگەرە تۆقێنەرە نەکردۆتەوە؟، ئەمە تەنیا خەیاڵێک نییە، بەڵکو ئەگەرێکی بەھێزیشە. ئەگەر ئەوە ببێتە دیفاکتۆ، کەواتە رەوشی ژیان لێرە چۆن دەبێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە منی سەرقاڵ کردووە بەخۆیەوە.
خۆم: بێگومان ئەوە ئەگەرچی خەیاڵیش بێت، بەڵام خەیاڵ سەرچاوەی ھۆشمەندیی و زانستە، بە وردبوونەوە لە سینەمای “ھۆلیۆد” ئەم خەیاڵە زانستییە ئەگەرێکە و لە مێژە کاری بۆ دەکرێت، لەو سینەمایەدا نموونەی ئەمەریکی وێنایەکی سوپەرە، تەنانەت لە شەڕی مرۆڤ و بوونەوەرە ئاسمانییەکاندا ئەمەریکا سەرکردایەتی زەوی دەکات، لە ئەگەرێکی لەو چەشنەی تۆ باسی دەکەیت، ئەو شانشینە ئاسمانییە ئاڵای ئەمەریکای لەسەر چەقێنراوە، لەوانەیە کۆشکی سپی بگوازنەوە بۆ ئاسمان، دیمەنێکی سوریالییە، بەڵام مومکینە، چوونکە وەک ئاماژەمان پێدا عەقڵی ئامێریی ھەر جۆرە ھەست و خۆشەویستییەکی کردووە بە چێشتێکی فۆلکلۆریی کە ھارمۆنی نییە لەگەڵ ئەوەی مرۆڤی نوێ دەیخوازێت.
من: بابەتەکە بەرەو شوێنێکی تر، رۆیشت، ئەمە وتەزایەکی گرنگی “محەمەد شوکری”م، وەبیر دێنێتەوە کە دەڵێت “ئاسیا سەرەتای مێژووە، ئەوروپاش بەشێوەیەکی رەھا کۆتایی مێژووە”. بێزاریی لەوەی “ئەوروپا بۆتە کۆگایەکی مێژوویی چەک و تەقەمەنی” مرۆڤی ئەوروپایی تووشی شۆک کردووە و بە دوای جوگرافیای خەونەکانیدا دەگەڕێت، ئەگەر ئەوروپییەکان لە مێژوودا بە دوای سەرچاوەکانی زێڕدا گەرابن لە دۆزینەوەی ئەمەریکادا، ئێستا بە دوای ئایندەی خۆیانەوەن لەو کیشوەرەدا، ئەمە دیاردەیەکە لە “ناپلیۆن”ەوە درێژ بۆتەوە تاکو ئەم چرکەساتەش. ئێستا کە باسی خۆرئاوا یان باکوور دەکرێت، رووی دەممان لە ئەمەریکایە، سیاسەتی ئەمەریکیش بزوێنەری سیستمی چینایەتییە، بەو ئەندازەیە بەرەو ھەڵکشان دەڕوات کە بیر لە شانشینێکی ئاسمانی دەکاتەوە.
خۆم: لەوە دەچێت بانگەشەی لایەنگرییکردن پۆست مۆدێرنێتە بکەیت، بەو پێیەی روانگەکانت ھەم دژی زانستە، کە ئەمەش بەشێوەیەک لە شێوەکان لای مارتین ھایدگەر دەردەکەوێت، ھەم لە دژی ئەو راپەڕینە عەقڵانییەی لە رۆشنگەرییەوە دەستی پێکردووە، وەک لە ناوەکەشیدا دەردەکەوێت پۆست مودێرنە، درێژەپێدەری مودێرنە نییە، بەڵکو لە بەرزترین ئاستدا رەتکەرەوەیەتی.
من: پۆست مودێرنە، یەک فۆرمی کۆنکرێتی نییە، بەڵکو چەمکێکی ئاڵۆزە، بە دیدی لایەنگرانی ئەم بزاڤە ھەموو شتێک بەرھەمی زەمەن و رێکەوتە، بۆیەکا ھەر شتێک لە دەوروبەرماندا بەشێوەی رەھا لە ئارادا نییە، بەڵکو ھەبوونێکی نیسبیان ھەیە، ئەمە بە خودی زانست و راستیی و ئاینەکانیشەوە، تەنانەت جیاوازیی نابینن لە نێوان زانست و جادوودا، جیا لەمەش پۆست مۆدێرنێتە تەواوی جیھان وەک گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەبینێت، ئەمەش لە روانگەی “بۆردیار”ەوە دەردەکەوێت کە نکۆڵی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق دەکرد و وەک ئەکشنێکی سینەمایی دەیبینی، ئەمە جیا لەو بێماناییە خنکێنەرەی ئەوان تێی کەوتوون، بۆیە ئۆکتاڤیۆ پاز ھەمیشە لە بارەی لاتین ئەمەریکاوە دەیووت پۆست مودێرنە بە کاری ئێمە نایەت، منیش رایەکی نزیک لەوم ھەیە. جیھان لە بۆشاییدایە، دەبێت مرۆڤ بیر لە پاشەڕۆژی خۆی بکاتەوە، ئەوەی ھەیە ھەموو بەرەو داڕمان دەڕوات.
خۆم: ھیچم نەماوەتەوە بۆ وتن. بۆ ئەم پایزی مرۆڤایەتییە، تەنیا دوو دڵۆپ فرمێسکی روونم ھەیە.
١٦-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: شەش و سی و پێنج خولەکی بەیانی
“وردە وردە بەفر دەبارێت”
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس – شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress