
ورده بۆرژوا … بەختیار محەمەد
كه ورده بۆرژوا خه‌ریكی فه‌لسه‌فه‌ی سۆشیالیزم و كار و تیۆری خه‌باتی كرێكاریی ده‌بێ، ئیدی – زۆر جار- شاعیرانه و ڕۆمانسیانه له‌م چه‌مك و له‌م بزووتنه‌وانه ده‌ڕوانێ. ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ی له‌ناو پلانی خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی خۆیدا واقیعه‌كه ده‌بینێ، ئه‌وه‌نده خودی واقیعه ڕاسته‌قینه‌كه خۆی نابینێ؛ بۆیه‌ش پتر خه‌ریكی چڕینی دروشم ده‌بێ، نه‌ك ئه‌نجام دانی پراكتیك و كار و كرده‌وه.
به‌لای كه‌می له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا ئه‌مه حه‌قیقه‌تی چه‌پی كۆمۆنیست و ڕادیكاڵ بووه له كوردستاندا. چه‌پێك، كه پڕ له دروشم و دروشمبازی و له خه‌یاڵی سیاسی ڕۆمانتیكانه بووه: له‌بیرمه له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان ئه‌م چه‌په به هه‌موو قه‌ناعه‌تی خۆی به‌ته‌مای دامه‌زراندنی حكومه‌تی كرێكاری بوو له كوردستاندا؛ كه‌چی ته‌نیا سێ چوار ساڵ پاش ئه‌م خه‌ونه (وه‌همه)، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه مه‌یدانی خه‌باتی چۆڵ كرد و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌ندامه‌كانی به‌ره و ئه‌وروپا كۆچیان كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان هیچ پاساوێكی سیاسی كۆچكردنیان هه‌بێ؛ واته هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئه‌منیی و سیاسی جددیی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ژیانیان نه‌بوو (له‌گه‌ڵ ڕێزی زۆرم بۆ هه‌موویان، به تایبه‌تی هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌كانم.
بێگومان كۆچ مافی هه‌موو كه‌سێكه و هه‌موو كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه و بۆخۆی ئازاده، كه بیه‌وێ چۆن بژی و حه‌زبكا له كوێ بژی. دیاره من لێره قسه‌م له‌سه‌ر تاكی كۆچبه‌ر نییه، به‌ڵكو قسه‌م له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆچبه‌ره، كه بۆ هه‌نده‌ران كۆچ ده‌كا).(1) ئێستا له كوردستاندا به ده‌گمه‌ن ئه‌ندامه‌كانی ئه‌م بزاڤه ده‌بینی؛ كه‌چی هێشتا له ئه‌وروپادا هه‌ندێكیان هه‌ر خه‌ریكی دروشمبازی و خه‌ونی سیاسی ڕۆمانتیكین به خه‌باتی چینی كرێكار و به دنیای سۆشیالیزم (هه‌ندێكیشیان له‌ناو ژیانێكی خۆشگوزه‌راندا دووڕووانه خه‌ریكی موزایه‌ده‌ی ئایدیۆلۆژی و سیاسین و له‌وێوه قسه‌ی گه‌وره گه‌وره به ئێمه ده‌فرۆشن. ئه‌مانه له‌مێژه و له واقیعدا، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی، كه كوردستانیان به‌جێ هێشت، به فیعلی وازیان له هه‌موو شتێك هێنا، به‌ڵام هه‌میشه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا باسی چینی كرێكار و سۆشیالیزم و بزاوتی چه‌پ ده‌كه‌ن، تا به ئێمه بڵێن، كه ئه‌وان خاوه‌ن پره‌نسیپن و هێشتا وه‌لائیان بۆ ماركسیزم و بۆ چه‌پ ماوه). (2)
ڕاستییه‌كه‌ی – ئه‌وه‌ی من له‌بیرم مابێ و لێی تێبگه‌م – پاشه‌كشه‌ی چه‌پ (چه‌پی ڕادیكاڵی كۆمۆنیزمی كرێكاری)، هه‌ر له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی ئیداره‌ی به‌عس و له دوای خۆپیشاندنه‌كانی دژ به‌م ڕژێمه له ساڵی 1991دا ده‌ستی پێكرد: نه‌مانی به‌عس واته نه‌مانی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ش بوو، كه له خۆپیشاندانه‌كانی دژ به‌م ڕژێمه به‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌په ده‌كه‌وتن، كه ئه‌و سه‌ر‌قافڵه‌ی ڕێكخستن و سازدانی ئه‌م خۆپیشاندانانه بوو (ڕاستییه‌كه‌ی تا سه‌ره‌تای شه‌ڕی ناوخۆش ئه‌م بزاڤه ده‌یتوانی پێشه‌نگایه‌تی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌كانی دژ به شه‌ڕ بكا؛ چونكه خه‌ڵك پتر دژی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بوو، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیستی كورد، واته ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كیه‌تی؛ له‌مه‌شه‌وه به‌گه‌ڵ ئه‌م خۆپیشاندانانه ده‌كه‌وتن). له‌مه به‌دواوه ئیدی به‌رنامه و دروشمه ناواقیعی و خه‌یاڵییه‌كانی ئه‌م چه‌په باشتر وه‌ده‌ركه‌وتن: هه‌رگیز نه‌یتوانی خوێندنه‌وه‌یه‌كی سیاسی واقیعی و عه‌قڵانیی بۆ ئه‌و كاته‌ی واقیعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و چینایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه بكا (ئێستاش كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وسا له‌ڕووی بنه‌مای سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌وه جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی نییه: هه‌مان هێزه سیاسییه سه‌ره‌كییه ناسیۆنالیسته ته‌قلیدییه‌كان باڵاده‌ستن و وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ن؛ هه‌مان ئابووری بازرگانی مافیایی؛ هه‌مان پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی خێڵه‌كی ته‌قیلیدی، كه ئایین زاخاویان ده‌دا…تاد).
ئێستا ده‌توانم بڵێم ئه‌م چه‌په هیچ پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی به كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌وه نه‌ماوه؛ كاتی خۆیشی ئه‌م چه‌په هیچ پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی به چینی كرێكاره‌وه نه‌بوو، ئه‌و چینه‌ی، كه بێ هێز و ناهۆشیار و ناڕێك و په‌رش و بڵاو بوو، هێشتا تاكه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ی وه‌لائیان – به‌شێكی زۆریان – بۆ خێڵ و ئایین و حزبی ناسیۆنالیستی وه‌ك پارتی و یه‌كیه‌تی هه‌بوو، نیو ئه‌وه‌نده ئینتیما و هاوسۆزیان بۆ هزری ماركسیزم و بزاڤی سۆشیالیزم و خه‌باتی پرۆلیتاریایی نه‌بوو. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌م چه‌په نه ئێستا و نه ئه‌وساش دان به‌م حه‌قیقه‌ته مێژووییه دانانێ و دانیشی پێدا نه‌ناوه. هه‌میشه به پێوه‌ری ئایدیۆلۆژیی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ واقیع و ڕاستییه مێژووییه‌كاندا كردووه؛ ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌ی هه‌ره سه‌ره‌كی شكست و گه‌شه نه‌سه‌ندنی ئه‌م چه‌په ڕادیكاڵه ورده بۆرژوا خه‌یاڵی و ڕۆمانتیكییه بووه. پێشده‌چێ ئێستا به‌شێكی زۆر له ئه‌ندام و لایه‌نگرانی جارانی باوه‌ڕیان به میتۆدی كار و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌م بزاڤه نه‌مابێ، به‌تایبه‌تی كاتێك كه ده‌چی كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كانی وه‌ك ئینگلستان و كه‌نه‌دا و جێرمه‌نستان ده‌بینی و به‌راوردی واقیعی سیاسی و چینه‌كی ئه‌م كۆمه‌ڵگانه و كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ی، باشتر بۆت ده‌رده‌كه‌وێ، كه تۆ چه‌پێكی له چ یۆتۆپیایه‌كی كوشنده‌دا ده‌ژیت، مه‌گه‌ر هه‌ر سۆشیالیزمی یۆتۆپیایی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده وه‌ها خه‌یاڵپڵاو و ناواقیعی و كوشنده بووبێ.
1- من هه‌رگیز موزایه‌ده ناكه‌م: من به‌ش به‌حاڵی خۆم، كه تا ئێستا سه‌فه‌ر و كۆچم نه‌كردووه، له‌به‌ر هۆیه‌كی تایبه‌ت به‌خۆم كۆچم نه‌كردووه؛ ئه‌گه‌رنا منیش ده‌شیا – له ڕێگه‌ی UNـه‌وه و له ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی ڕابردوودا – وه‌ك ئه‌و هاوڕێیانه – به ئیمتیازه‌وه به شوناسی كۆمۆنیستیی – كۆچم بكردبایه و وڵاتێكی ئه‌وروپاییش یه‌كسه‌ر وه‌ری ده‌گرتم.
2- به ڕاشكاوی و به دیاریكراوی و به‌بێ موجامه‌له ده‌مه‌وێ بڵێم: ئه‌م قسانه‌م هه‌رگیزهاوڕێیانی وه‌ك جه‌مال كۆشش و نه‌وزاد مه‌دحه‌ت (گۆران) و هی دیكه‌ی هاوشێوه‌یان ناگرێته‌وه، كه ئه‌وان ئێستاش وه‌ك ڕابردوو خه‌مخۆر و دڵسۆزی پره‌نسیپه‌كانی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و سۆشیالیزمن و له چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تدا به‌رده‌وام كاری بۆ ده‌كه‌ن.
به‌ختیار محه‌مه‌د