Skip to Content

دڵم نایەت بمرم… شیعر: ستیڤان شەمزینی

دڵم نایەت بمرم… شیعر: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 15, 2022 General, Poems

چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک مەمکی ژیان دەگوشم
هەموو شەوێک لە سرووتێکی نەشئەئامێزدا
لەگەڵ ئەستێرەیەکی بریندار سەما دەکەم
هەموو بەیانییەک سڵاوی کازیوە
دەگەیەنمە
ئەو شارە خۆڵەمێشییەی تێیدا ون بووم
هەموو نیوەڕۆیەک لە شیعرێکدا
جۆگەی ماچی ژنێکی دوورەدەست هەڵدەقوڕێنم
هێشتاش هەست بە تینوێتی دەکەم
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک عەشق دەمنوسێنێت بەخۆیەوە
دنیا لە چاوی منەوە دەبینێت
هەموو شەوێک ماچ دەمخاتە بۆسەوە
هەموو بەیانییەک چەپکێک تیشک دەخەمە
گیرفانی تەنگ و بەتاڵی وجودەوە
هەموو نیوەڕۆیەک
لە شەقامی تەنهایی ژنێکدا
ئاوازێک بۆ ئاوێتەبوون دەژەنم
بۆ تەڵێکی بەجێماوی پرچی
ناو نوێنەکەم دەگەڕێم
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک بزەیەکی سەرخۆش
ختوکەی قوڵپی گریانم دەدات
هەموو شەوێک مانگ بە تریفەدا
نامەیەکی پرشنگاویم بۆ دەنێرێت
هەموو بەیانییەک
“با”یەکی هێمنی نیشتمان
تۆزی غوربەت لە شانم دەتەکێنێ
هەموو نیوەڕۆیەک
ژنێک میوانی خەیاڵمە
پێکەوە لەسەر سیسەمی فەنتازیا
دەست لەملانین
هەڵاوی خاکی وڵات
لە مەمکەکانییەوە هەڵدەستێ
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک
سەری تەزیو و بەستووم
بە یەک مژدەی بەهار دەتوێتەوە
هەموو شەوێک هەسارەیەکی دەنگخۆش
ئازارەکانم دەکاتە گۆرانییەکی شاد
هەموو بەیانییەک کانییەک لە جوانی
لە پەنجەی ئەوینمەوە هەڵدەقوڵێت
هەموو نیوەڕۆیەک
ژنێکی لە خاچدراو بە غەم
بە کەژاوەی گریانەوە
بەرەو رووم دێت و
لە نیشتمانی موحیبەتمدا
داوای پەناگەیەک دەکات
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک
بە پەیژەی خۆشەویستی
سەردەکەوم بۆ سەربانی ژوان
هەموو شەوێک پۆلێک فریشتە دێنە لام
تاکو رۆژ دەبێتەوە کەمانچە دەژەنن
بۆ ئەو رۆژە کڵۆڵانەی بە چاوەڕوانییەوە
بەسەرم بردن
هەموو بەیانییەک
دڵۆپێک فرمێسکم پێ دەبەخشرێت
تا بە چاوی تامەزرۆییمدا بێتە خوار
هەموو نیوەڕۆیەک ژنێک لە دوورەوە دێت
پۆشاکی زام لەبەرم دادەکەنێ
بە گەرمی لەشی خۆی دامدەپۆشێت
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک سیحرێکم لێ دەکرێت
ژیان لەبەرچاومدا
تارای گەشبینی دەکاتە سەر
هەموو شەوێک ئومێدێکی چەتە
جانتای سەفەری ئەبەدییم لێ ئەدزێت
هەموو بەیانییەک کەناریی شیعر
دەبێتە قورگی زوڵاڵی ئازارەکانم
هەموو نیوەرۆیەک
ژنێکی نەسیم ئاسا
گۆرانییەکم بۆ دەڵێ
هێشتا نەمبیستووە
بە لەشێکی رووتەوە هاتووە
دەیەوێت رۆحی من بپۆشێت
ئیتر چۆن دڵم بێت بمرم؟
کاتێک دەبینم مردن لەبەرم هەڵدێ
ژیانیش توند بەخۆیەوە دەمگوشێت
نا، جارێ دڵم نایەت بمرم
دڵم نایەت بمرم

5-12-2018
بیلەفێلد – نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی

Previous
Next
Kurdish