Skip to Content

قورئان لە ئاگردا!… حەمید تەقوایی

قورئان لە ئاگردا!… حەمید تەقوایی

Closed
by August 15, 2022 General, Opinion


وەرگێڕانی بۆ کوردی کاوە عومەر


دوای ئەوەی قورئان لە لایەن خۆپیشاندەرانی ڕێوڕەسمی عاشورای کۆماری ئیسلامی لە شاری هامبۆرگ ئاگری تێبەردرا، تەنانەت لە نێو نەیارانی کۆماری ئیسلامی و مولحیدەکانیشدا باس لە ڕەخنەگرتن لەم کردەوەیە کراوە.
ئەوان دەڵێن ئەم شێوازە ناڕەزایەتییە سوکایەتیە بە بیروباوەڕی موسڵمانان، هەست و سۆزیان دەوروژێنێت و ڕێگای گفتوگۆی عەقڵانی و گفتوگۆ لە ڕەخنەگرتن لە ئیسلامدا دادەخات. هەندێک کەس بەراوردی دەکەن لەگەڵ سووتاندنی کتێب لەلایەن فاشیستەکانەوە و لە حیزب دەپرسن ئایا ئێوە پشتگیری دەکەن یان پێشنیاری سووتاندنی قورئان دەکەن؟
ئەمڕۆ لەو سیمینارەدا کە لەسەر ئەم بابەتە هەمبوو، وەڵامی ئەم خاڵ و پرسیارانەم دایەوە، بەڵام هەواڵی هەوڵی تیرۆرکردنی سەلمان ڕوشدی کە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، وای لێکردم لەسەری بنووسم. بەڕای من هێرشی سەر سەلمان ڕوشدی جارێکی تر نیشان دەدات کە بۆچی خەڵکی ئازادیخواز قورئان دەسوتێنن.
بیروباوەڕی ئایینی و ئازادی بێ مەرجی قسەکردن و بیروڕا
سەرەتا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ڕەخنەگرتن لە ئایین بنەما و میحوەری ئازادی قسەکردن و بیروڕا و ئازادییە مەدەنییەکانی دیکەیە. چ لە ڕووی کردەیی و چ لە ڕووی مێژووییەوە، خەبات بۆ ئەو ئازادییانە لەگەڵ خەباتی دژ بە ئایین لە سەردەمی ڕۆشنگەری و ڕێنێسانس و شۆڕشی گەورەی فەرەنسادا تێکەڵ بووە و لە ڕووی شیکارییەوە ئازادیی قسەکردن و بیروڕا بەستراوەتەوە بە ئازادی ڕەخنەگرتن لە ئایین و پیرۆزییە ئایینییەکان. پاپا و قەشە و ئایەتوڵڵا و مەلا و دەسەڵاتدارانی هەر ئایینێک هەمیشە ئازاد بوون لە میحراب و مینبەر و کڵێسا و مزگەوت و میدیا و پلاتفۆرمی دەوڵەت و نادەوڵەتیەوە خورافاتەکانیان لەگەڵ خەڵکدا بەیەکەوە باس بکەن. وە لەلایەکی ترەوە ئەم ئاتەئیست و ڕەخنەگرانی ئایین و خورافات و تابۆی ئایینی و داکۆکیکارانی زانست و حەقیقەت کە زمانیان بڕیون ، ئەشکەنجە دراون و لە سێدارە دراون، وەک جیۆردانۆ برۆنۆ، یان وەک سەلمان ڕوشدی بە زیندووی سووتێنراون، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە . ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین لە جەوهەرەکەیدا هیچ مانایەکی نییە جگە لە ئازادی ڕەخنەی بێ مەرج و هەمەلایەنە لە ئایین. ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەگەڵ ئازادیی قسەکردندان بەو مەرجەی “سوکایەتی بە پیرۆزە ئایینییەکان نەکرێت” لە ڕاستیدا هیچ شتێک لە ئازادی قسەکردن بەجێ ناهێڵن. ئه‌مه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامیه‌کانی وه‌ک کۆماری ئیسلامیدا زیاتر له‌ هه‌موو شوێنێکی دیکه‌ ڕاسته‌.

کوفرکردن
یەکێک لە ئارگیومێنتەکانی نەیارانی سووتاندنی قورئان ئەوەیە کە “نابێت سووکایەتی بە بۆچوون و کلتوری خەڵک بکرێت”. بەتایبەت لایەنگرانی تیۆری رێژەگەرایی کولتووری و فرە کولتوری تەنیا دژی ئەم تابو شکاندنانە و هەر رەخنەیەک لە ئیسلام و هەر ئایینێک بەگشتی نین، بەڵکو “رێزگرتن لە بیروباوەڕی ئایینی خەڵک” بە جۆرێک لە ئازادیخوازی و نیشانەی شارستانییەت دەزانن. لێرەدا ڕێزگرتن لە مرۆڤەکان هاوتا دەکرێت لەگەڵ ڕێزگرتن لە بۆچوونەکانیان. مرۆڤ ڕێزی لێدەگیرێت، بەڵام ناتوانرێت ڕێز لە هەموو بۆچوونێک بگیرێت. باوەڕبوون بە تاوانەکانی وەک شەق لێدان و بەردبارانکردن، باوەڕبوون بە تۆڵەسەندنەوە و بڕینی ئەندامەکانی جەستە، باوەڕبوون بە کوشتنی فەرزی ئەو موسڵمانانەی کە وازیان لەئیسلام هێناوە و لەسێدارەدانی هاوڕەگەزخوازان، باوەڕبوون بە ژێردەستەیی ژنان و دەستدرێژیکردنە سەر کچان لەژێر ناوی هاوسەرگیری شەریعەت و هاوشێوەکانی نەک هەر ڕێزی لێناگیرێت، بەڵکو پێویستە ڕەخنەی قووڵ و بەردەوامی لێبگیرێت. هەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن کە باوەڕیان بە ئیسلام هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەم حوکمانەدا نین. بەڵام باسەکە لەسەر لێکدانەوەی جیاوازی ئیسلام نییە. هەرکەسێک لێکدانەوەیەکی بۆ ئیسلام هەبێت، کۆماری ئیسلامی بەم جۆرە حوکمانە، کە دەقی ڕوونی قورئانە، تیغی بەسەر کۆمەڵگادا ڕاکێشاوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە مرۆڤ بە توندی ڕووبەڕووی باوەڕ بە خودا و پێغەمبەر و فەرمانە ئیلاهییەکان و شتە پیرۆزەکان و تابوەکان ببێتەوە کە بنەمای ئەم حوکمە بەربەریانەن لە ئیسلام و هەموو ئایینەکاندا. دەبێت ڕێز لە مرۆڤەکان بگرین هەرچەندە لەگەڵ بیروباوەڕەکانیان ناکۆک بین، بەڵام ڕێک لەبەر ڕێزگرتن لە مرۆڤ و مرۆڤایەتییە کە ئەرکە لەسەرمان ڕەخنە لە بیروباوەڕی خورافات و دژە مرۆڤایەتی بگرین. ئەوە ڕێزگرتنە لە مرۆڤەکان و ڕێزگرتنە لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی کە پێویستی بە ڕەخنەگرتن و دەسنیشان کردنی بیروباوەڕی ئایینی هەیە.
و لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامیەوە هەیە، ئیدیعای وەک “سوکایەتیکردن بە بیروباوەڕی موسڵمانان” یان “ئازاردانی هەستی خەڵکی موسڵمان” هتد تەنیا بەرگێکە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە زەمینی و مادییەکان ئێران و هێزەکانی تری بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسین. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبی ئایەتە شەیتانیەکاندا یان کارتۆنەکانی چارلی عیبدۆ یان سووتاندنی قورئان، ئەوە جەماوەری خەڵک نییە کە هەست بە سووکایەتی دەکەن، بەڵکو کۆماری ئیسلامییە کە هەست بە ڕووخانی دەکات. ئەمانە کەسانی ئاسایی نین کە چەپڵە لێدەدەن و چەقۆ دەسوڕێنەوە، بەڵکو ئەوان حیزبوڵایی و هێزەکانی سەر بە حکومەتن کە مانەوەیان بەندە بەو چەقۆ هەڵسوڕانەوە . ئایەتە شەیتانیەکان و چارلی عیبدۆ و سووتاندنی قورئان، وەک نەبەستنی حیجاب، تەواوی بوونی کۆماری ئیسلامی دەخاتە مەترسییەوە. بیانووی “سوکایەتیکردن بە بیروباوەڕ و پیرۆزی و هەستی خەڵک” لە دەستی ئەو خەڵکە لاببرێت.
لە ڕۆشنگەرییەوە تا خەباتی سیاسی و مەیدانی
لەوانەیە کەسێک ئەم باسەی جیاوازی نێوان ڕێزگرتن لە تاکەکان و ڕێزگرتن لە بیروڕای تاکەکان قبوڵ بکات، بەڵام کردارێکی وەک سووتاندنی قورئان بە فۆرمێکی گونجاو بۆ ڕەخنەگرتن لە بیروباوەڕی ئیسلامی نازانێت. هەندێك كەس دەڵێن ئەم جۆرە كارە رێگەی رەخنەیەكی رۆشنگەرانە و عەقڵانیانە لە ئیسلام دەگرێت. هیچ گومانێک لە زەروورەتی ڕۆشنگەری و هۆشیاری دژ بە ئیسلام و هەموو ئایینەکان بەگشتی نییە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ئیسلام بە تایبەت لە ئێران تەنیا بۆچوونێک نییە، بەڵکو ئامرازێکی زوڵم و تاوانە لە دەستی حکوومەتدا. ئیسلام لە ئێران ئەمڕۆ ئایدۆلۆژیای دەوڵەتە و یاسا و سیاسەتی حکومەتێکی هار و تاوانبار کە زیاتر لە چواردە دەیە ژیانی هەشتا ملیۆن کەسی کردووە بە دۆزەخ، ئاراستەدەکات. لێرەدا تەنیا باسی لۆژیکی و ڕەخنەی ڕۆشنگەرانە بەس نییە. دەتوانرێت و پێویستە ڕۆشنگەری بدرێت لە دژی باوەڕ بە بەردبارانکردن، یان باوەڕ بە ژێر دەستەیی ژنان، یان باوەڕ بە لە سێدارەدانی هاوڕەگەزبازان، بەڵام کاتێک ئەم بیروباوەڕانە دەبنە یاسای کۆمەڵگا و کارکردنی حکومەت، کاتێک دژە بیروباوەڕی مرۆڤ دەبێتە کردارێکی دژە مرۆڤ، ئەوا دەبێت بچیتە شەڕی مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە لەگەڵیدا. سووتانی قورئان لەم مەیدانەدا ڕوودەدات. ئەمەش دەربڕینی توڕەیی و ناڕەزایەتی کۆمەڵگایە، نەک دژی بۆچوونی تاکەکان، بەڵکو لە دژی کردەوە تاوانکارییەکانی حکومەتە کە بە پشت بەستن بە حوکم و ئایەتەکانی قورئان خوێنی کۆمەڵگای ڕژاندووە. کاتێک ئیسلام دێتە سەر سیاسەت، ناڕەزایی سیاسی و مەیدانیش لە دژی پیرۆزیە ئیسلامییەکان دێنێتە ئاراوە. ئەوە خودی کۆماری ئیسلامیە کە قورئانی سوتاندوە. ئەوە خودی کۆماری ئیسلامییە کە شمشێری لەدژی کۆمەڵگا هەڵدەکێشێت و بە پشت بەستن بە قورئان و “ئایەت و فەرمانە ئیلاهییەکان” ، تاوانەکانی ڕەوایەتی پێ ئەدات. بۆیه‌ ئه‌مه‌ به‌ ته‌واوی تێده‌گه‌یه‌نرێت و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌م هەلومه‌رجانه‌ بێزارن پێویسته‌ مافی ته‌واویان پێ بدرێت قورئان و کتێبه‌ پیرۆزه‌ ئیسلامیه‌کان بسوتێنن. لەسەر بنەمای حوكمەكانی ئەم كتێبەیە كە گیانی خەڵكی ئێران ئاگری تێبەردراوە، كە لە چوار گۆشەی جیهاندا تیرۆر و تاوان ئەنجام دەدەن، كە نووسەران و كاریکاتۆرییستەكانی چارلی هێبدۆ تەقەیان لێدەكرێت، كە فەتوایەک دەردەکەن بۆ کوشتنی سەلمان ڕوشدی و لێسەندەوەی ژیانی، ئەوان پلانی تیرۆرکردنیان داناوە. سوتاندنی قورئان شێوازێکی ڕەمزی و توڕەیی ئامێزە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەموو ئەم تاوانانە.
شێوازی بەرەنگاربوونەوەی ئایین حیزبەکەمان
لێمان دەپرسن ئایا حیزب پێشنیاری سووتاندنی قورئان دەکات یاخود خۆی سەرقاڵی ئەم جۆرە شێوازانە دەبێت؟ نەخێر خەباتی حیزبی جیاوازە لە ناڕەزایەتی تاکەکان. ئێمە وەک حیزبێک شێوازی خەباتی خۆمان هەیە، سووتاندنی قورئانیش یەکێک لەو ڕێگایانە نییە، بەڵکو مافی ناڕەزایەتی و خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی و بەهەموو شێوەیەک بەخەڵک دەدەین. لە لێدانی عەمامی مەلاکانەوە لە شەقامەکان تا دەگاتە دامەزراندنی “ئاهەنگی حوسێن” و تا گاڵتەکردن بە خودا و پێغەمبەر و ئیمام و پیرۆزە ئیسلامییەکان لە سۆشیال میدیادا، تا دەگاتە سووتاندنی قورئان و تا دابەشکردنی “نوقڵ ونەبات” بۆ ئیسلام و ئایەتوڵڵاکان لە… میترۆ و پاس و ڕێگا گشتییەکان و هتد و هتد. ئەمانە هەمووی ماف وشێوازی جیاوازی ناڕەزایی و هەڵچونی توڕەیی خەڵک لە دژی حکوومەتی ئیسلامین.
شانبەشان و لە ناخی ئەم هاتنەدەرەوە دژە ئایینییەی کۆمەڵگادا، ئێمە وەک حیزبێکی سیاسی لە بواری خەباتی دژ بە ئاییندا، وەک هەر بوارێکی دیکە، بە ڕێکخستنی ڕوبەڕوبونەوە و هەڵمەتی کۆمەڵایەتی، لە دژی حکومەت و ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەکەی دەجەنگین . وەک نموونەیەک لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکخستنی عاشورای کۆماری ئیسلامیدا، هەموو ساڵێک لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا، ناڕەزایەتییەکی توند و کردەوەی کۆمەڵایەتیمان ڕێکخستووە و ساڵانە کۆماری ئیسلامیمان زیاتر بۆ دواوە بردووە. تا ئەو ڕادەیەی ئەمساڵ توانیمان هەموو دەزگایی ماتەمینی عاشورا لە شەقامەکانی تۆرۆنتۆ کۆبکەینەوە. نۆزدە ساڵ لەمەوبەر توانیمان ڕێگری بکەین لە دامەزراندنی دادگای ئیسلامی (دادگای شەریعەت) لە ئۆنتاریۆی کەنەدا، بە ڕێکخستنی هەڵمەتێکی بەرفراوان کە چەند ساڵێکی خایاند. ئەم خەباتانەی ئێمە لە راستیدا گوزارشت و وەرگێڕانی ناڕەزایی تووڕەی خەڵکە لە دژی حکومەت و پیرۆزی و تابۆ ئیسلامییەکانی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی.
دوا خاڵ ئەوەیە کە ئێمە بە تەواوی پابەندی ئازادیی بێ مەرجی ڕادەربڕین و بیروڕا و حزبایەتیین چ لە ئۆپۆزیسیۆن و چ کاتێک دەگەینە دەسەڵات. حکومەت و سیستەمی دڵخوازمان، کۆماری سۆسیالیستی، سیستەم و حکومەتێکی ئایدیۆلۆژی نییە. لە سیستمی دڵخوازی ئێمەدا ئەوەی قەدەغەیە كاركردنە لەسەر بیروباوەڕی دژە مرۆیی و تێكدانی ئازادی و مافەكانی هاوڵاتیان، بەڵام باوەڕبوون بە بۆچوونە ئایینییەكان یان هەر تیۆرێكی تری كۆنەپەرستانە و دژە مرۆڤایەتی، تەنانەت دەربڕینی ئەوان، تاوان نییە. ئێمە بە هۆشیارییەوە دەچینە شەڕی ئەم بیروبۆچوونانە نەک بە یاسا و فەرمانی حکومەت. مرۆڤەکان مافی ئەوەیان هەیە کە لەسەر بنەمای هەر بیروباوەڕێک، تەنانەت ئیسلام یان هەر ئایینێکی دیکە، چالاکی فەرهەنگی و میدیاییان هەبێت، کتێب چاپ بکەن و گۆڤاری دەوری بڵاوبکاتەوە، حیزبێک پێکبێنێت و وەک باقی هەموو مافە مەدەنییەکان و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەهرەمەند بێت هاوڵاتیانی کۆمەڵگا.هەیە هەروەک چۆن مبێ ئاینەکان و دژە خواکان، کە بەدرێژایی مێژوو ستەمیان لێ کراوە، هەموو ئەم مافانەیان هەیە. جیاوازییه‌ك له‌ نێوان كۆماری سۆسیالیستی و سیستمه‌كانی دیكه‌ی تا ئێستا له‌ داننان به‌ ئازادی بێ مه‌رجدایە‌ بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌ ئایین له‌ هه‌ر ئاستێك و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت. له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وادا هه‌موو كه‌س ئازاده‌ گاڵته‌ به‌هه‌ر شتێكی پیرۆز بكات و هه‌ر كتێبێك بسووتێنێت، به‌ڵام پێویستی به‌مه‌ نامێنێت. کاتێک ئایین دەبێتە بۆچوون، شەڕی دژ بە ئاینیش لە بابەتێکی کولتووری و ڕۆشنگەریشدا کورت دەبێتەوە و لەم شەڕەدا ئێمەی دژە ئایین سەردەکەوین چونکە حەقیقەت لای ئێمەیە.
١٢ی ئابی ٢٠٢٢

Previous
Next