Skip to Content

بونیادی زمان لە کۆشیعری (وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن).. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بونیادی زمان لە کۆشیعری (وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن).. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by تشرینی دووه‌م 13, 2022 General, Literature

بەرایی
زمان لە کۆشیعری (وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن)(١) زمانێکە سادە و ڕوون و بێ گرێوگۆڵ؛ کە خوێنەر بێ ئەوەی زەحمەتییەک بێتە ڕێی، دەتوانێت پەیامی کۆمەڵایەتی دەقە شیعرییەکان و مەبەستی شاعیر لەیەکەم خوێندنەوەدا دەستەبەر بکات. ئەمەش بەو مانایە نییە کە زمانی شیعرەکان سفت و بەهێز نییە. نا؛ زمانی شیعرەکان کەم تا زۆر ئیشی لەسەر کراوە، بەڵام لەئاست چاوەڕوانی خوێنەری جیددیدا نییە. بەدەربڕینێکی تر، زمان لەم کۆشیعرەدا ئیشی لەسەر کراوە، وەلێ ئاگایانە ئیشی لەسەر نەکراوە. من دەزانم شاعیر تێکٶشاوە دەست بۆ ئیقاعی شیعریی جوان و وشەی مۆسیقی و دەربڕینی گونجاو بەرێت، بەڵام نەیتوانیوە شیعرەکان بگەێنێتە ئاست شیعری ئەمڕۆ. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم شیعرانە شیعر نین، بەڵکو زیاتر مەبەستمە ئەوە بڵێم کە شاعیر پێویستی بە قاڵبوونەوەی زیاتر و شارەزایی زیاترە لە کێشە ئیستاتیکییەکان و گرفتەکانی شیعر. ئەم قاڵبوونەوەیەش دەبێتە هۆی تۆکمەبوونی مەعریفەی شاعیر سەبارەت بە زمان و تەکنیک و ئیستاتیکای شیعریی کەدواجار تەنها خۆی و شیعر لێی سوودمەند دەبن. بابەتێک کە من لەم کورتە نووسینەم لێی دەدوێم بونیادی زمانی شیعرییە. من لێرەدا دەمەوێت لەڕێگەی دوو ڕۆچوونی ڕەخنەییەوە بگەم بە خاڵی مەبەست. بگەم بەو جێگەیەی کە لە ڕێگەی ئەم خوێندنەوەیەوە هەندێک قسە لەسەر زمانی شیعریی لای عارف کوردەی شاعیر بکەم.

دوو ڕۆچوون

ڕۆچوونی یەکەم : ڕۆچوون بەنێو واتا و پەیام لەڕێگەی دەربڕین و گوزارشتە شیعرییەکانەوە.
لە دووتوێی ئەم کۆشیعرەدا بۆ خوێنەر ئاسان نییە بتوانێت دوو کات و وسەردەمی جیاوازی نووسینی شیعر لای عارف کوردەی شاعیر ببینێت و بیان ناسێنێتەوە؛ مەگەر کەسێک یان خوێنەرێک لە نزیکەوە شاعیر بناسێت یان ئاگاداری مێژووی نووسینی شیعری شاعیر بێت.(٢) چونکە شیعرە سەرەتاکانی شاعیر زۆربەیان شیعری کرێکاریین و هەڵگری پەیامی شٶڕشگێرانە و کۆمۆنیستین.

ئایاره‌..
بۆرژوا گوێ گره‌!
لێره‌ بێ یان له‌وێ
كۆته‌ره‌ی شیكاگۆین
(ئاگرین؛ شۆرشین
شۆڕشی كڵپه‌سێن)
له‌ ڕووی تۆ ناكوژێن
ژیله‌مۆین؛
په‌نگرین.
هەتاوین تۆڵەسێن. (٣)
عارف کوردەی شاعیر خۆیشی وەک مارکسیستێک هەوڵی داوە لەگەڵ خۆی و شیعر و خوێنەر ڕاستگۆ بێت. هەربۆیەش بەوپەڕی سادەیی بەڵام ڕاستگۆییەوە گوزارشتی لە هەستە چینایەتییەکەی کردووە. لەشیعری بۆ شاپوورەکان دەنووسێت :
شاپوره‌كان بوون به‌ مۆم و
كۆلیته‌ تاریكه‌كانیان ڕووناك ده‌كرده‌وه ‌و
ئه‌م تونێڵه‌یان بۆ ئێمه‌ جێهێشت
ئێمه‌ش.. له‌م ئۆقیانووسی كپ بوون و مەینەتی و نایەکسانییە
چراین و هەر وەکو ئەوان ڕاوی تاریکایی دەنێین
وەکو ئەوان سروود بۆ ڕزگاری ئینسان
بۆ دادپەروەری ژین دەڵێین.(٤)
ئیتر ئەم بیروباوەڕە ئینسانییەی شاعیر هەر تەنها لە شیعرێکدا قەتیس نابێت، بەڵکوو سەردەکێشێت بەناو ژمارەیەک لە شیعرەکانی.(٥) زمان لەم شیعرە کرێکارییانەی شاعیردا ڕاستەوخۆ و سادە و ساکارە، بەڵام تەژییە لە هەستی ئینسانیی و شۆڕشگێرانە. دەربڕینە شیعرییە چینایەتییەکان و گوزارشتە شۆڕشگێرەکان باڵادەستییان بەسەر زمانی شیعرەکاندا هەیە و توانیویانە شوناس بە زمانە شیعرییەکە بدەن. هەموو ئەم ئیشکردنانەش ( هەڵبژاردنی وشە، سەروای گونجاو، جەغد کردنە سەر بابەت) لەناو زماندا ڕوویانداوە. چونکە وەک مارکس دەڵێت : “بیرۆکەکان بەجیا یان لەدەرەوەی زمان بوونیان نییە” (٦) ئەمە ئەو گۆشەنیگا و تێڕوانینەیە کە مارکس دەیخاتە بەردەستمان کە دەتوانین بایەخی زمان و تەنانەت نووسین و بۆچوونەکانیش لە هەناوی زماندا ببینین و بخوێنینەوە. هێزی گوزارشتی زمان دەتوانێت نەک هەر شوناسی دەربڕینەکان بێت، بەڵکو شوناسی کۆی نووسین بێت لای نووسەرێک.
هەرچی شیعرەکانی تری شاعیرن، بەتایبەتی لەدوای ساڵی ١٩٩٥ ەوە؛ لەڕووی پەیامی کۆمەڵایەتی و مەبەستی شیعریی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە، کە بە بڕوای من ئەو شیعرانە دەربڕی تووڕەیی و دڵشکانی شاعیرن لە دۆخی سیاسی و خەباتی کۆمۆنیستیدا. زمانی ئەم شیعرانە، زیاتر زمانێکی کۆن و کات بەسەرچووە کە ئەو زمانە ناتوانێت لەگەڵ گەشەی سەردەم و ئاڵوگۆرەکانی کۆمەڵگە بێتەوە. کە من دەکۆشم لە ڕۆچوونی دووەمدا زیاتر لەسەر ئەم زمانە کۆنە دەوەستم.

ڕۆچوونی دووەم : ڕۆچوون بەنێو تێکچڕژانەکانی زماندا لەڕێگەی وردکردنەوەی زمان.
ئەم کۆشیعرە بچکۆلانەیە کە زمانەکەی لەنێو بەرداشی گوزارشتی شۆڕشگێرانە و دەربڕینی کۆندا دێت و دەچێت؛ پێکهاتەکەی بەمشێوەیە دزاین کراوە.
یەک : کۆشیعرەکە لە ١٤٦ لاپەڕە پێکهاتووە.
دوو: نزیک بە ٥٢٠٠ وشەیە.
سێ : ١٠ تابلۆی هونەری تێخزێنراوە کەلە ئەنتەرنێتەوە وەرگێراون.
چوار : ٦٥ تا ٧٠ هەڵەی ڕێنووس و تایپی تێدایە.
پێنج : ٣٨ بۆ ٤٠ وشەی ئەفسانەیی و ئاینیی تێدا بەکار هاتووە، وەکو ( جنۆکە، شەوە، خاچ، خوا، نوێژ، قیامەت، بەهەشت، حەرام، ئەهریمەن، دوعا، زیکر، ئیبلیس، دۆزەخ، ..تاد)

خەریکن..
ئەهریمەن بۆ بەهەشت
ئەنێرنەوە و
بەهەشتییەکانیش بۆ دۆزەخ.(٧)
شەش : ناوی ٣٢ ئاژەڵ و باڵندەی تێدایە، بۆ نموونە ( تیترواسک، پاساری، کەروێشک، کەناری، کوکوختی، پشیلە،جرج،ئاسک، ئەسپ، قەلەڕەش، شاباز، هەڵۆ، کوندەپەپوو، حاجی لەقلەق، کەڵەباب، قەلەپاچکە، چۆلەکە، قەقنەس، ماسی، تیمساح، نەهەنگ، شێر، داڵ، جاڵجاڵۆکە، تاوس، کۆتر،..تاد)

کەروێشکێکی خەواڵووم و
لەنشێوی چارەڕەشیی
سەرسم ئەدەم.(٨)

حەوت : نزیک بە ٢٠ وشەی کۆنی دەرەوەی چوارچێوەی زمانی مۆدێرنی تێخزێنراوە لەچەشنی ( شەغرە، بێڵەقانێ، کلدان، کانی ژنان، کەپر، مەشکەژەن، چارۆکە، سەردوولکە، تەزبیح..تاد)
پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا تا چەند ئەو وشانە لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی نێو گۆمەڵگەدا دێنەوە؟ بۆچی شاعیر پەنای بردۆتە بەرد چەندین دەستەواژەی سەردەمی فیوداڵی؟
پەتی زوڵم چەند ئەستوور بێ
شغرەی جیڕی کۆنە ساڵە دەیپسێنێ. (٩)
ئەم دزاینەی زمان بەمجۆرەی لەم کۆشیعرەدا نمایش کراوە، بێگومان کاریگەری دەبێت بەسەر کەمڕەنگکردنەوەی کێشکردنی خوێنەر بۆ دەقە شیعرییەکان. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە زمانی شیعری لای شاعیر ئەو گۆڕانە جەوهەرییەی بەسەردا نەهاتووە کە دەبوو بەسەریدا بێت. لەبونیادی زمانی شیعرەکانی عارف کوردە تێکچڕژانێک دەبینرێت. ئەم تێکچڕژانەش لە زمان پەیوەستە بە بەرز و نزمبوونەوەی ئاستی ئومێد و ڕەشبینی، یان وردتر بڵێم ڕەنگە پەیوەست بێت بە بەرز و نزمبوونەوەی دۆخ و هەلومەرجە شۆڕشگێڕییەکان و گوزارشتکردن لەو هەلومەرجە.

ئەنجام
سەرەنجام لە ئاکامی خوێندنەوەی ئەم کۆشیعرەی شاعیر دەگەین بەو ڕایەی کە نووسەری وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن، سەرباری هەوڵەکانی لەبواری زمان و بونیادی زماندا، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە زمانی شیعریی تەریب بە گەشەی سەردەم بسازێنێت. بۆیە بەبڕوای من شاعیر لەبەردەم هەڵبژاردنێکی سەختدایە. یان ئەوەتە درێژە بەم زمانەی ئێستای دەدات کە سەرەنجام نەک ناتوانێت گەشە بکات، بەڵکو لەوانەیە توانا شیعرییەکانیشی تووشی سستی و لەبارچوون بکات. وەیان ئەوەتا ئاڵوگۆڕێکی چۆنایەتی لە بونیادی زماندا دەسازێنێت و لەوێشەوە تەکانە شیعرییەکانی دەدات و بەرەو پێشەوە هەنگاوە پڕ لە داهێنانەکانی لەنێو بزووتنەوەی شیعری رادیکاڵی کوردیدا دەنێت.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
حوزەیرانی ٢٠٢٢

سەرچاوە و پەراوێز :
(١)وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن عارف محەمەد کوردە چاپخانەی ئاڤێستا کەرکووک چاپی یەکەم ٢٠٢١.
(٢)سەرەتای پەیوەندی ئەدەبیی نێوانمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨ کە شیعرێکی ئەم شاعیرە (بولبولی کارگە) لەژێر ناوی (نەوزاد) لە گۆڤاری ڕابەر ئۆرگانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بڵاو کردەوە. لە دەیەی نەوەدەکانیش شاعیر کۆشیعرێکی دەستنووسی بۆ ناردم و منیش دوای خوێندنەوەی بە کۆمەڵی سەرنج بۆم ناردەوە و ئەویش وەک ئیلتزام و ڕێزگرتن لە شیعر وبۆچوونەکانم، دەستنووسەکەی بڵاوی نەکردەوە. ئیدی لەودەمەوە ئەو پەیوەندییە ئەدەبییە بوونی هەیە تا ئەوەی ساڵی پار هەوڵم لەگەڵدا کە شیعرەکانی کۆ بکاتەوە و لە کتێبێکدا چاپیان بکات، ئەوە بوو ئەم کتێبەی لێهاتە بەرهەم.
(٣)وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن عارف محەمەد کوردە چاپخانەی ئاڤێستا کەرکووک چاپی یەکەم ٢٠٢١ لاپەڕە ٨٨.
(٤)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٩٦.
(٥)بۆ نموونە شیعرەکانی ( کاتێ بەڕک نەبوو، هەوری ئێستا ئاو دانادات، بۆ ئەوانەی لەغوربەتدا ئەژین، وەفایەک بۆ هاوڕێ ئاراس، ماسیحە ،کوانوویەکی بێ خۆڵەمێش، و ..تاد)
Karl Marx, Jon Elster “Karl Marx: A Reader”, p.53, Cambridge University(٦) Press(1986)
(٧)وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن عارف محەمەد کوردە چاپخانەی ئاڤێستا کەرکووک چاپی یەکەم ٢٠٢١ لاپەڕە ١٣٧.
(٨)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٠٠.
(٩)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٠٢.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish