Skip to Content

تۆش بە جێمان دەهێڵی.. ستیڤان شەمزینی

تۆش بە جێمان دەهێڵی.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 30, 2023 General

زۆر دەمێک بوو بە هادی ئاشنابووم، پێموایە لە کۆتایی نەوەدەکاندا بوو، ئەوسا من شانۆگەرییەکم نووسیبوو بە نێوی “بازاڕی گوڵفرۆشی” و لە هۆڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی تمایش کرا، لە رۆژی سێیەمی نمایشدا ئاسایش هەڵیکوتایە سەر هۆڵەکە و نمایشیان راگرت، ئەوسا هادیم ناسی کە ئاسایشەکانی بە قسەکردنەوە خافڵاند تا من خۆم دەرباز بکەم، پاشتر هەر لە ساڵی 1999 شانۆگەرییەکی تری سەر شەقاممان پێشکەش کرد بە ناوی “فائیزەکان” ئەم شانۆگەرییەش ناوەڕۆکێکی قووڵی چینایەتی هەبوو بەشێکیش بوو لە چالاکییەکانی حزبی کۆمۆنیست بە بۆنەی یەکی ئایارەوە، من وەک ئەکتەر بەشداربووم، شانۆگەرییەکە نووسینی سیامەند ئەحمەد و دەرهێنانی شوان ئەڵماس بوو. دوای تەواوبوونی شانۆگەرییەکە هادی لەبەردەمم قوت بووەوە و رەخنەبارانی رۆڵەکەی کردم، وتی تۆ هەر بۆ ئەوە کراویت رۆڵی عاشق بگێڕیت نەک رۆڵی کۆمیدیی، چونکە تۆ باشترین رۆڵت گێڕا لە شانۆگەری رۆمیۆ و جولێتدا. قسەکەشی راست بوو من لەو شانۆگەرییەدا رۆڵی رۆمیۆم دەگێڕا بە گەواهیدانی بینەرانی ئەو شانۆییە کە ساڵی 1997 نمایشمان کرد سەرکەوتووانە رۆڵەکەم گێڕابوو.
بە هاتنی ساڵی 2000 و پەلاماردانی حزبی کۆمۆنیست لەلایەن یەکێتییەوە منیش سەری خۆم هەڵگرت بۆ دەرەوەی وڵات، ئیدی هادیم نەبینییەوە تا درامای گەردەلولی بەشی یەکەم، بە نزیکەیی لە ساڵی 2007دا جارێکی تر یەکترمان بینییەوە، ئەوەی لەودا نەگۆڕابوو پاش ئەو دابڕانە زەمەنییە گەرموگوڕییەکەی بوو، ئەگەرچی لە رۆڵی عەریف حەمەتاڵدا بەناوبانگ ببوو، بەڵام سادەییەکەی هەروەک سەرەتای خۆی بوو، لە کاتێکدا پەیتا پەیتا گەنجانم دەبینی دەهاتن وێنەیان لەگەڵ دەگرت. لەوە بەدوا زۆربەی جار لەبەردەرکی سەرا یەکترمان دەبینییەوە، ئەم وێنەیەی دەیبینن دوا وێنەی من و هادیە رێک دوای یەکەم گەڕانەوەم بۆ کوردستان پاش نەشتەرگەرییەکەم لە ساڵی 2014دا، ئەو خۆی بانگی کردم وتی ستیڤان وەرە با وێنەیەک بۆ یادگاریی بگرین،، هەرچەند زۆر ماندوبووم بە دەست نەخۆشییەکەمەوە کە بە ڕووخساریشمەوە دیاربوو بەڵام نەمتوانی هیچ بلێم و ڕێک چوومە لایەوە و قیت وەستام لە تەنیشتی، دوایی وتی ئەگەر گەڕایتەوە بۆ ئەوروپا سەلامی من بگەیەنە بە توانا ئەمین “چیرۆکنووس”، من بۆم رێکنەکەوت توانا ببینم بەڵام هەواڵ پرسینە گەرموگوڕەکەی ئەوم پێ گەیاند لە رێگەی فەیسبوکەوە. نازانم توانا لەم سەردانانەی دواییدا چاوی پێی کەوتەوە یان نا؟ بەڵام ئەو هەموو مرۆڤێکی خۆشدەویست ئەوەی لەودا خوێندمەوە توانای لە هەموو کەس زۆرتر خۆشدەویست. من پاش ئەم دیدارە کورت و وێنەگرتنە بۆم نەلوا نە هادی ببینمەوە نە بە ئازادیی سلێمانی لە ئامێزم بگرێتەوە. من هادی مەحمودم وەک خۆی و وەک هاوڕێ خۆشدەوێت، ئەم ئۆغرکردنە لە ناکاوەی فرمێسکی پێ باراندم. بنوو هادی گیان، ژیان غەدری لێ کردیت بە ئومێدم مەرگ قەرەبووت بۆ بکاتەوە و ئاسوودە بۆ هەتاهەتایە بە ئارامی بنوویت.


ستیڤان شەمزینی
30/4/2023
کاتژمێر 4:17 بەرەبەیان

Previous
Next
Kurdish