Skip to Content

له‌ دۆخێكی ئاڵۆزو دژواردا ده‌نگی شه‌ری ناوخۆ به‌رز ئه‌بێته‌وه‌.. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ دۆخێكی ئاڵۆزو دژواردا ده‌نگی شه‌ری ناوخۆ به‌رز ئه‌بێته‌وه‌.. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 18, 2020 General


رۆژ له‌ دوای رۆژ قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ڵكشاندایه‌و له‌ هه‌موو شتێك زیاتر ده‌نگی نشازی شه‌ری ناوخۆیه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موولایه‌ك له‌ دژی ئه‌و شه‌ره‌ قیزوه‌نه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌كرێت رۆڵیان هه‌بێت و ده‌نگ بۆ ئاشتی وته‌بایی به‌رزبكه‌نه‌وه‌و رێگر بن له‌ به‌رامبه‌ر پیلانه‌كانی دوژمنانی گه‌لی كوردستان.
بێشك شه‌ر له‌ نێوان هێزه‌ كوردستانییه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان ( پدك) و پارتی كرێكارانی كوردستان (پكك) خزمه‌تی ئامانجه‌كانی توركیایی دوژمن ئه‌كات.
ماوه‌یه‌كه‌ به‌ ئاشكراو زۆر به‌ رونی پدك خه‌ریكی جوڵاندنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانییه‌و، سه‌ره‌تا له‌ زێنی وه‌رتێ به‌ناوی هێزی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌و بۆ رێگرتن له‌و كه‌سانه‌ كه‌ له‌ سنووره‌وه‌ نیازیان هه‌یه‌ بێنه‌ كوردستان ده‌ستیپێكردو گرژی و ئاڵۆزی له‌ نێوان پدك و یه‌كێتی نێشتمانی كوردستان (ینك) به‌رپا بوو، به‌ڵام له‌ پاش ئه‌و هێز جوڵاندنه‌ به‌ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ پدك له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ده‌ستی به‌ جوڵاندن و ناردنی هێزه‌كانی زێره‌ڤانی ته‌نانه‌ت هێزی زرێپۆشی بۆ هه‌موو شوێنه‌ هه‌ستیاره‌كانی كرد به‌ تایبه‌تی بۆ قه‌سرێ و سیده‌كان وره‌بایه‌كه‌ی لوتكه‌ی شیخ ناسر كه‌ به‌ قوڵایی قه‌ندیل ناسراوه‌و له‌وێوه‌ ناوچه‌یه‌كی پان و به‌رین كۆنترۆڵ ئه‌كرێت چونكه‌ شوێنێكی ستراتیژیی و سه‌ربازییه‌ و پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌.
هێزه‌كانی پدك ئامێری لێدان و هه‌ڵكه‌ندن و پاككردنه‌وه‌ی رێگاوبانیان پێ بووه‌و شاراوه‌ نییه‌ ئه‌و هه‌موو كه‌ره‌ستانه‌ بۆ دژایه‌تیكردنی (پكك) یه نه‌وه‌ك بۆ ده‌ركردنی توركیا له‌ خاكی داگیركراوی كوردستان‌..
توركیا رۆژانه‌ به‌ تۆپ و فروكه‌ی جه‌نگی و فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان بوردمانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌كات و، سه‌ره‌رای بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ناو قوڵاییی حاكی كوردستان ، به‌رده‌وامه‌ له‌ ناردنی هێزی ترو له‌ چه‌ندین ناوچه‌ جێگیری كردووه‌و، ئه‌و جموجوڵه‌ی سوپای توركیاو له‌شكركێشه‌كانی له‌ ناوچه‌ی هه‌فتانین به‌ ئاگاداری پدك و خودی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی ئه‌نجامدراوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر مۆڵه‌ت پێدان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ له‌ دواخستنی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی توركیا كه‌ دراوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان و، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ نه‌یاره‌كانی كورد ئه‌ڵێن بەردەوامبوونی تورکیا لە دەستدرێژیکردنە سەر عێراق ئه‌بێته‌ هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە هەموو دۆستەکانی لەدەست بدات و هیچ کەسێکیش ناتوانێت پاساو بۆ پێشێلکارییەکانی توركیا بێنێتەوە یان چاویان لێبپۆشێت.
وه‌زیری به‌رگری توركیا خه‌لوسی ئاكار له‌ كاتی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی به‌ناو ( چنگی پڵنگ) باسی ئازایه‌تی سوپای توركیا ئه‌كات وئه‌ڵێت هێزه‌كانمان له‌و پرۆسه‌سه‌یه‌ له‌ سه‌روی عێراق( ده‌وڵه‌تی تورك قه‌ت ناڵێت هه‌رێمی كوردستان) تۆپبارانی 700 شوێنی ــ ئامانجی ( پكك) یان كردو و ئه‌گه‌ر به‌ وردی وراوه‌كانی ئه‌و وه‌زیره‌ خوێنرێژه‌ له‌ ‌یه‌كبده‌ینه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌زانین رژێمی توركیا چه‌ند ترسنۆك و درنده‌یه‌‌و دژی گه‌لی كورده‌.
توركیا به‌ فرۆكه‌ له‌ ناوچه‌ی سیده‌كانییداو دوو ئه‌فسه‌ری عێراق كوژران و عێراق ئۆباڵی ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ تاوانكارییه‌ خسته‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی توركیاو له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری عێراق و په‌رله‌مانی عێراق و حكومه‌تی عێراق ئه‌و كاره‌یان ریسواو ئیدانه‌ كردو وتیان ئه‌و پێشلکارییە سەربازییە بۆ سەر خاکی عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێشێلکارییەکی مەترسیداره‌و ته‌نانه‌ت نه‌یاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك حه‌یده‌ر عه‌بادی و قه‌یس خه‌زعه‌لی (ئیتر به‌ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت) هاتنه‌ ده‌نگ و كرده‌وه‌كانی توركیایان ریسوا كرد به‌ڵام له‌ كوردستان هه‌ر هه‌موو ده‌م هه‌راشه‌كان كه‌رۆژانه‌ بازرگانی به‌ وشه‌و سۆزی هاولاتیانه‌وه‌ ئه‌كه‌ن بێده‌نگ بوون و نقه‌یان لێوه‌ نه‌هات.‌
سه‌ربه‌ست له‌زگین ئه‌مرۆ بۆ میدیاكانی پدك قسه‌ی كردو به‌ زمانێكی هه‌ره‌شه‌ ئامێزو زبر هیرشیكرده‌ سه‌ر پككه‌و كه‌س نه‌یزانی به‌ناوی پدك یان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ قسه‌ ئه‌كات و نوێنه‌ری كامیانه‌و له‌ كونفرانسه‌كه‌ی له‌زگین ته‌نها ئه‌م ده‌زگایانه‌ی پدك‌ ئاماده‌ بوون : كوردستان .تێ ڤێ ، سه‌ته‌لایتی 24 ، رووداوو زاگرۆس وهیچ ده‌زگایه‌كی تری كوردستان ئاماده‌ نه‌بوو.
پدك له‌ زاری به‌رپرسه‌ باڵاكانیه‌وه‌ ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌كه‌ن و هه‌وڵی ئه‌وه‌ ئه‌ده‌ن پككه به‌ تیرۆریست ناوببه‌ن و، روو ئه‌كه‌نه‌ هاوپه‌یمانان به‌ تایبه‌ت ‌ ئه‌مریكا كه‌ رێگر بن له‌ پككه‌ و نه‌هێڵن چیتر هێرشیان بكرێته‌ سه‌رو به‌و كرده‌وانه‌ش دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ئه‌كه‌ن و خواست و ئاره‌زووی گه‌لی كوردستان بۆ ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیانی حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ناو ئه‌به‌ن.
با هێڕشی سوپای تورکیاو فڕۆکە جەنگیەکانی و بەکرێگیراوانیان لە قاو بدەین و دەنگی ناڕەزایەتیمان ئه‌ی هاوڵاتیانی كوردستان ، ژنان ، گه‌نجان، نووسه‌رو روناكبیران، رۆژنامه‌نووس و رۆشنبیران ، مامرستاو هونه‌مه‌ندان و هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا ، با هه‌موو لەهەر چوار پارچەی کوردوستان و دەرەوە ده‌نگ بەرز بکەینەوە، با هەمومان تورکیاو بەکرێگیراوەکانیان شەرمەزارو ڕیسوا بکەین، سەرکەوتن هه‌رده‌م بۆ گەلەکەمانە ، دکتاتۆرو فاشیستەکان و بەکرێگیراوانیان بۆ زبڵدانی مێژوو..
با هه‌موو داوابكه‌ێن له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و، پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان وازبێنن له‌ لوتبه‌رزی و به‌كارهێنانی وشه‌ی زبرو تومه‌ت دابه‌شكردن به‌ سه‌ر یه‌كتردا و ، شه‌ری نێوانیان دوور له‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌ رووی سه‌ربازی و راگه‌یاندنه‌وه‌ راگرن و. به‌ زمانی دیالۆگ و له‌ یه‌كتێگه‌یشتن گیروگرفت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و، هه‌ردوولاش كۆكن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ری ناوخۆیی كورد سوودی بۆ دوژمنان هه‌یه‌.
16/12/2020

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress