Skip to Content

فلاشباک-26- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک-26- ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 25, 2021 General, Opinion


لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە


بەشی بیست و شەش

ئێستا کاتژمێر نۆی شەوە. ئەمڕۆ سیمینارێکم هەبوو لە ژێر ناونیشانی “ئایندەی سۆسیالیزم لە هەزارەی سێیەمدا” لە هۆڵی بازرگانی سلێمانی، کە نزیکەی سەد و پەنجا کەسێک ئامادەی بوون. لە سیمینارەکەدا زۆر بڕوای خۆم لە دەرەوەی قاڵب و چوارچێوە سواو و دۆگماکان لەمەڕ سۆسیالیزم و ئایندەی رەوتی چەپ بە گشتیی خستەڕوو، پێش هەر کەس ئەو چەند ئەندامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کە لەوێ ئامادەبوون، بێ رەچاوکردنی ئەوەی منیش کادری حزبم، بەشێوەیەکی هیستریکی هێرشیان کردە سەر روانگەکانم، بە کەسێکی مەکتەبی و بارگاوی بە رۆحی رۆشنبیریی بۆرجوازی تاوانباریان کردم، چوونکە لەوێدا جگە لە ستالین و ماو و کاسترۆ و تۆنی کلیف، گوومانم لەسەر خودی لینین ورووژاند، کە رۆڵی نەرێنی هەبووە لە شێواندنی کۆمۆنیزمی مارکس، زیاد لەوەش گرێ دەروونییەکانی خۆی تێکەڵ بە بابەتە سەرەکییەکانی شۆڕش کرد، چوونکە ئیبادەی بنەماڵەی قەیسەری رووس کە لە تۆڵەی لە سێدارەدانی “ئەلیسکەندەر”ی برای بوو. جێی گومانی زۆرە.
من بە شانازییەوە “کتێبی رەشی کۆمۆنیزم”م، هێنایە بەر باس. کە ئەو کتێبە لەلایەن بیرمەندی عەرەب “جۆرج تەرابیشی”یەوە وەرگێڕدراوە بۆ عەرەبی، هەمان ئەو تەرابیشییەی چەندان شاکاری وەک “نقد نقادنا”ی “پیلخانوڤ”ی وەرگێڕاوە. ناوەڕۆکی کتێبەکە باس لە کوشتاری سەد ملیۆن مرۆڤ ئەکات لەلایەن ئەو رژێمانەی ئیدعای کۆمۆنیزم ئەکەن، من هیچ مبالەغەیەکم نەبینی، چوونکە قەڵا زۆرەملێیەکانی ستالین و جینۆسایدی تبتییەکان لەلایەن “ماوتسی تۆنگ”ەوە نموونەی مشتێکن لە خەروارێ. بەڵام ئایا “مارکس” و “کۆمۆنیزم” بەرپرسن لەم تاوانانە؟. لە سیمینارەکەشدا وتم بەڵێ مۆدیلی کۆمۆنیزمی دەوڵەتی و سیاسیی تاوانبارە، بەڵام کۆمۆنیزمی فەلسەفی و خودی مارکس بەرپرسیار نین، وەک چۆن “فریدریک نیتشە” تاوانێکی نییە لە خراپ سوودوەرگرتنی نازیزم و هیتلەر لە تێزی “سوپەرمان”ەکەی.
لە بارەی ئایندەی سۆسیالیزم شتی تازەم وت، بە وتەی ئامادەبووان پرسی تازەم هێنایە ناو جەدەلی پاشەڕۆژی مارکسیزم. لەوێدا ئاماژەم کرد بۆ مانەوەی مارکس وەک بیر و فەلسەفە نەک وەک بزووتنەوەی سیاسیی. لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ لە زۆرینەی راپرسییەکاندا کە دەزگا رۆشنبیریی و فەلسەفییەکان پێی هەستاون، مارکس وەک کاریگەرترین فەیلەسووفی هەزارەی دووەم لە ریزبەندیی یەکەمدا بووە، بەڵام ئەو فەیلەسووفە زۆر لەو راپرسییانە گرنگترە، وەک ئەڵتۆسێر ئەڵێ ئەگەر یۆنانییەکان زانستی ماتماتیکیان دۆزیبێتەوە، ئەوە مارکس زانستی مێژووی دۆزیوەتەوە. مەبەستی ئەڵتۆسێر لەوەیە مارکس بزووێنەری مێژووی دۆزیوەتەوە و ئەو فاکتەرانەی کەشف کردووە کە داینەمۆی گەشەکردن و هەڵسوڕانی مێژوون. مانەوەی مارکس لێرەدایە، مانەوەی مارکس لەو رەخنە ریشەییانەدایە ئاڕاستەی سیستمی سەرمایەداریی کردووە. من مارکسیم بەو مانایەی رازی نیم بەو دنیا نادادەی بەسەر مرۆڤدا سەپاوە، نەک بەو هۆیەی ئەندامێکم لە حزبێکی سیاسییدا.
خۆ خودی “مارکس”یش مرۆڤە، مەحکوومە بە هەڵە و کەموکوڕیی، هیچ کاتیش نەیوتووە ئەم فەلسەفەیە قفڵی لێدراوە و بۆ کەسی تر نییە ئیزافەی بخاتە سەر، بە پێچەوانەوە بیری رەخنەیی مارکس دەرگای بیرکردنەوە و روانینی نوێ ئەخاتە سەرپشت. مارکس وایدانابوو لە شارێکی پیشەسازیی وەک “لەندەن”ەوە گڕکانی شۆڕش بتەقێتەوە و کەچی لە رووسیای کشتوکاڵییەوە تەقییەوە. مارکس لە یەکەم دێڕی مانیفێستدا ئەنووسێ “تارماییەک ئاسمانی ئەوروپای گرتووە، ئەو تارماییەش کۆمۆنیزمە”. بەڵام درێدا لە کتێبەکەی خۆی لە 1993 بەناوی “اطیاف مارکس” پێیوایە ئەو تارماییە مارکس و رەخنەکانێتی کە هێشتا ئاسمانی ئەوروپای بەرنەداوە.


25-4-2000
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 88-91 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

سەرنج: بەهۆی سەرقاڵیم بە چارەسەری کیمیایی و تووشبوونم بە کۆرۆنا ڤیرۆس ماوەی پەنجا رۆژێک دابڕان دروستبوو لە بەشەکانی ئەم یادەوەرییە رۆژانەیە، لە ئەمڕۆ بەدواوە بەردەوام دەبم لە بڵاوکردنەوەی زنجیرەکانی تاکو کۆتایی.

Previous
Next
Kurdish