Skip to Content

ڕێیەک بەرەو فیردەوسی تر.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

ڕێیەک بەرەو فیردەوسی تر.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 18, 2020 General, Poems


منم کۆچەر
بیرم نایەت،
لە چی شارێکەوە،
فریشتەکانی بەدنەفرەتی..
دەرگاکانی ئاسودەیان پیشاندام،،
درەختە گرێنەکانی چاوی خۆرم،،
بە چاوی خۆم دیوە!
گەڕانەوە ،،
بۆ دەنکە گەنمە سەرەتاکانی بوون!
بە ئاوێنەکانی ڕۆژە تێپەڕیوەکان،،
بزەم دێ،،
کە ڕێ ئەکەم،،،
چنگەکانم پڕن،
لە شەونمی نەمری ،
هەرگیز نامرم،
چونکە لە ژێر تاڤگەی خەوی تۆم،
چی ئاسوودەییەکە..
مانەوە لە تەنیشت گیا شینەکانی..
کاتی نەمری، بۆ بریسکانەوە..
وەک هەتاوێکی سەوز!
بە شنەبا قسەت لەگەڵ ئەکەم،
با هەور.. لە نێوانمان بێ ،،،
هەر وەک بەدبەختیەکی خۆش،
با هەردەم لەیەک دوور بین،،،
دارستانە ئاڵتونەکانی ئاسمان..
لە شەوێکی زیوی،
وەک ڕێژنە ئەستێرەی یاخی..
پەلکێشی ئاوازی ..
درەوشانەوەیان کردم،
ئەی نامۆیی،
ئەی بە تامترین..
شەرابی ڕۆحی من،،
جازی دۆزەخ،،
بهاژێنە دڵی بەستەزمان،
با بسوتێ جەستە لە ژێر گڕکانی.. غوربەت،،،
چی گەوهەرێکە بیرەوەریت،،
کاتێ شەپۆلی سپێدەی..
نێو هەناوی مانگێکی خەواڵوو..
لە جوانی دڕندە،
لە چاوەکانما هەزاران..
مانگی شەرابین لە تۆ ،
ساتە شێتەکان،،،
ئەی کێڵگە كریستاڵیەکانی خوێن !
گوێم لە سەدای پارچە پارچەبوون ..و..
داڕوخان و داڕمانی..
قەڵاو پایەو شوێنەواری شوێنەکانە،
گۆڕستانی وشەم جێهێشتوە،،،
مەرگێکی خۆشبەخت و ..
ژینێکی چەند ساتەی خۆکوژم،،
لە پێکێ مەی ڕەشی ئافاتی ڕۆحا،
چنگ کەوتوە!
لە دەرگایەکی مسینی تری بونەوە.. دێمەدەر،
کتێبی بەدنەفرەتی عیشقی مۆر..
شین،ئەرخەوانی..
لە کەرنەڤاڵی فریشتە دەرکراوەکانی
فیردەوسێ لە ئێستا ئەخوێنمەوە!
ئەمرم و زیندوئەبمەوە..
لە مەیخانەی خوێنی..
شیعرا،،،
بەیتی گوڵە خەشخاشی گەنجێتی،،
بۆ فریشتە ڕوخسار سوتاوەکانی..
جەنگەکان دەخوێنمەوە،
من پەرستگام بۆچیە،
گەر خۆم خواوەندێ بم لە ئاو،،،
بیرت بێ ئازیز،
هەموو گەردوون لە سێڵاوی..
چاوی تۆوە هەڵقوڵێ..
هیچ ئۆقیانوسێ،
جگە لە هەناسەی تۆ ناناسم..
پرسیارەکانی هاتن و..
چونەکانی من وەڵام داتەوە،،
عارفێکم بە مەرگ و …
نوێبوونەوەی خۆم..
دوورە مەملەکەتی نشینگەی من،
پێکەنینم دێ،،
بەو شەیتانە قەرەقۆزانەی ..
باس لە بەهەشت و..
دۆزەخی تاریکیم بۆ ئەکەن،
لەسەر تیغی تیژی خەنجەر..
لەسەر دڵی منداڵی!
شکۆفەکانی ژوان ،،
هەپروون هەپروون ئەکەن،،
گەر بتەوێ لە زمانی با تێبگەی،
دەبێ کۆچەر بی،
خۆت خواەوەند بی..
نوور بی، ،،
پەیامبەری نەناسراوی …
خۆشبەختی و بەدبەختی..
ئەو مرۆڤە تێکشکاوانەی…
ژێر تۆفانە لم بی،
من لەگەڵ باران و ..
پروشەی قژی تۆ،،
قسە دەکەم،،،
چی پێویستم بە خواەوندی…
بەردی خەمگینیە،،
فرمێسکە زیوینەکانی تۆیە،،
قیبلەنمای..
نەخشەی ئەو سەردەمانەی..
لە قەراخی دەریای مێژودا ..
نغرۆ بوون..
ئەی پردە ڕۆحیەکان بۆئاسوودەیی،
ئەی پردە فڕیوەکان …
بەرەو باهۆزی سەرخۆشی بە شیعر!
ئەی پردە شەختە هەڵواسراوەکان،
بەرەو بێستانی زەردی تەنیایی قەشەنگ، ،،
من بە موسافیری خۆمەوە..
. ئەبریسکێمەوە،،
با سەمفۆنیای گوڵە نیلۆفەر، نۆتای…
ڕۆحسوتانی شیعرم بۆ بژەنێ ،،
خەشخاشی ڕەنگاڵە ڕوخساری تۆو…
و ئەفیونی..
ئیلهامی چیای فرمێسکی دیدەنیەکی ترتە،
ڕێیەک بەرەو خۆرێک..
لە سیحری تر
واڵا ئەکا.

وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەڕەنسی
Claude Oscar Monet – Landscape

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish