
ئایا شیعر خۆی دژه سیسته‌م نییه؟ …3 … خەمگین بۆڵی
به‌شی سێیه‌م
——————
ئه‌م بنووسه هه‌میشه هه‌بوونی شیعر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ دژه سیسته‌م و به‌رده‌وام له هه‌موو گوتاره‌كانیدا ئه‌م وشه‌یه وه‌ك هه‌وێنی نووسینه‌كه‌ی پاته ده‌كاته‌وه و وشه‌ی (سیسته‌م)ی كردۆته بنیشته‌خۆشه‌ی سه‌ر زمانی، به‌بێ ئه‌وه‌ی تاقه جارێك له خۆی بپرسێت: سیسته‌م چییه و منی بنووس باسی كام سیسته‌م ده‌كه‌م؟ ئایا شیعر له كوێی سیسته‌م دایه؟ ئایا شیعر ده‌توانێت ببێته به‌شێك له سیسته‌م؟ ئاخر بنووس بێئاگایه له‌وه‌ی كرده‌ی شیعریی، كرده‌یه‌كه خۆی دژی سیسته‌مه‌كانه و شیعری نه‌مر هیچ سیسته‌مێك له‌و سیسته‌مانه له خۆیدا كۆ ناكاته‌وه. ئه‌گه‌ر زیاتر به‌ناو ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌دا شۆڕ ببینه‌وه، ئه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی هونه‌ری شیعر دژی سیسته‌می قسه‌كردنه، واته ئه‌م هونه‌ره شیعر له قاوغی قسه‌كردن ده‌باته ده‌ره‌وه و دژی ئه‌و سیسته‌مه ده‌وه‌ستێته‌وه.
ئه‌گه‌ر هێشتانیش وردتر ببینه‌وه، هه‌مدیسان شیعر پابه‌ندی بنه‌ماكانی ڕێزمان و زانستی زمانه‌وانی نابێت و زۆرجاران ئه‌وانه تێكده‌شكێنێت كه وه‌ك سیسته‌مێكی ڕێزمانی و زمانه‌وانی به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه. ئه‌وه قه‌ده‌ری شیعری راسته‌قینه‌یه كه ئه‌و چوارچێوه به‌ندییه تێكده‌شكێنێت و خۆی ته‌سلیمی هیچ سیسته‌مێك ناكات. هه‌روه‌ها شیعر هه‌ر خۆی دژی سیسته‌می مانای ڕووته و زۆرجاران له بۆته‌ی شیعردا مانایه‌ك دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ مانای ڕووت ناڕێك ده‌كه‌وێته و وه‌ك گوتراوێكی سه‌یر و قۆڕ دێته به‌رچاو. بۆیه هه‌میشه ئه‌و جوانیناسییه‌ی له بۆته‌ی شیعردا شاعیر وێنای ده‌كات و ده‌یسازێنێ، جوانییه‌كی ناڕێكه له واقیعی ڕووت، وه‌لێ واقیعی ڕووت جیاوازی نییه له‌گه‌ڵ واقیعی فیكر و فه‌زای نووسین. به‌ختیار عه‌لی له كتێبی (جوانییه‌كانی ناڕێكی)دا له‌م باره‌یه‌وه نووسیویه‌تی: ” ناڕێكی لێره‌دا بریتی نییه له خواستێكی شه‌یتانی بۆ كاوڵكاری، به‌ڵكو بریتییه له خواستێكی توند بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ك له‌و قاڵبانه ده‌رمانبكات كه ئه‌قڵ و تێڕاوانینمانی تێدا دیلبووه” (7).
لێره‌دا ئاماژه به گوتراوێكی كاك ئارام سدیق ده‌كه‌م و دواتر نموونه شیعرییه‌كان ده‌خه‌مه ڕوو. كاك ئارام نووسیویه‌تی: ” بنووس شه‌رم له‌وه ناكات شیعر وه‌كو قسه‌ی تڕۆهات ببینێت، چونكه به‌شێكی زۆر له وانه‌ی به‌ناوی شیعره‌وه چاپیكردوون، له قسه‌ی تڕۆهات زیاتر نین”.
ئه‌وه‌یش نموونه شیعرییه‌كانن كه به‌لای بنووسه‌وه قسه‌ی تڕۆهاتن:
– ناو سگم پڕ قسه‌یه و خه‌ریكی نووسینسشم.
– بۆچی بێده‌نگی فه‌لسه‌فه‌ی گوتن نه‌بێت؟
– بۆچی كرم ماڵی له‌ناو شووتی نه‌بێت؟
– بۆچی ژیان مردنێكی سه‌راوبن نه‌بێت؟”(8)
ئه‌م ڕستانه‌ی سه‌ره‌وه به‌لای كاك ئارام سه‌دیقه‌وه قسه‌ی تڕۆهاتن، قسه‌ی بێمانان، قسه‌ی هه‌ڵیتوپه‌ڵیتن! ئه‌گه‌ر بپرسین: په‌یڤی (ترۆهات) به‌لای بنووسه‌وه چی واتایه‌كی هه‌یه؟ ئایا ئه‌و جۆره له قسه‌كردن ده‌شێت ناوی بنێین گوتراوی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی؟ ئایا ئه‌وه ده‌شێت گوتراوی كه‌سێك بێت، كه سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیات و فیكردا هه‌بێت؟ ئه‌و ڕسته شیعرییانه به‌لای بنووسه‌وه له خه‌یاڵ و تێفكرینی ئه‌وه‌وه ناڕێك و ناباو و بێ‌مانا و ناشیعر كه‌وتوونه‌ته‌وه، ئه‌و هێزه شیعرییه‌ی كه بكه‌ری ناو شیعریش پێی ده‌دوێت، پرسیاری بێ بنه‌ما و بێمانان به‌لای بنووسه‌وه، ده‌وروژێنێت. ئه‌گه‌ر له بنووس بپرسین: ئایا ئێستایش بڕوات وایه ئه‌و دێڕه شیعریانه بێ‌مانا و قسه‌ی تڕۆهاتن؟ ئه‌گه‌ر به هه‌مان فه‌زا و كه‌رسته‌ی نووسینی تۆ لێت بپرسمه‌وه، ئایا ئه‌و دێڕه شیعرییانه خزمه‌تی سیسته‌م ده‌كه‌ن، یان دژی سیسته‌من؟ ئایا هه‌موو كرده‌یه‌كی قۆڕ و تۆڕه‌هات دژی سیسته‌م نییه؟ ئایا سیسته‌م ساده‌ترین پێناسه‌ی ئه‌وه نییه كه مه‌به‌ستی رێكخستنی هه‌موو ئه‌و كرده و شتانه‌یه كه له ده‌ورووبه‌رماندا هه‌ن؟ ئایا وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌توانم داوای ئه‌وه‌ت لێ بكه‌م گوتارێك له‌باره‌ی چه‌مكی (تڕۆهات) بنووسیت؟ ئایا تڕۆهاتنووس و شاعیری بیرنه‌كه‌ره‌وه و ناشاعیر به‌لای تۆوه چی مانایه‌كیان هه‌یه؟ ده‌توانیت ناوی یه‌ك تاقه ره‌خنه‌گری دونیا‌م بۆ بنووسیت كه له‌باره‌ی ده‌قێكی ناشیعرییه‌وه نووسیبێتی، یان له باره‌ی ئه‌زموونی ناشاعیرێك و شاعیرێكی بیرنه‌كه‌ره‌وه‌وه هه‌زاران وشه‌ی نووسبێت و دواتریش گوتبێتی ئه‌و ده‌قانه‌ی له‌باره‌یانه‌وه ده‌نووسم، شیعر نین؟ ئایا ئه‌گه‌ر یه‌كێك خۆی به ڕه‌خنه‌گرێكی جددی و هۆشیار بزانێت و هه‌موو ساڵێك كتێب له‌م بواره‌وه چاپ بكات، گوتراوی ئاوا فڕێ ده‌داته ناو نووسینه‌وه؟ ئایا خوێنه‌رێكی هۆشیاریش قسه‌ی وا ده‌كات و بڵێت: ئه‌و ده‌قه‌ی قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌م، شیعر نییه؟ ئایا ئه‌گه‌ر جیاتی بنووس له خوێنه‌ران بپرسم، ئایا هیچ كرده‌یه‌كی شیعری هه‌یه بكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ماناوه، هه‌تاوه‌كو مانای نه‌بێت؟ هه‌روه‌تر، ئه‌گه‌ر شیعرێك مانای نه‌بێت، ڕه‌خنه‌گر چۆن ده‌توانێت له‌ناویدا بیر بكاته‌وه و هه‌زاران وشه‌ی له‌باره‌وه بنووسێت؟ بۆیه ده‌مه‌وێت كاك ئارام وه‌ڵامی ئه‌وه‌م بداته‌وه، ئایا ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كان ناشیعرن، چۆن توانیت ئه‌و گوتاره درێژدادڕه‌ی له‌باره‌وه بنووسیت؟ بنووس له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ڕێبازێكی ڕه‌خنه‌یی نییه و بنه‌مایه‌كی جێگیری ڕه‌خنه‌یی نییه بیكاته بنه‌مای كۆی گوتاره‌كانی، بۆیه زۆرجاران له گوتارێك بۆ گوتارێكی دیكه‌یدا دژی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه. له گوتارێكی به‌ناونیشانی (شیعر و دۆخی به لێبوكبوون) دا ته‌واو دژی ئه‌م گوتاره‌ی خۆیه‌تی، چونكه له‌وێدا پێیوایه ناڕێكیش ده‌شێت جوان بێت، له‌ناو كرده‌ی ناشیرینیشدا جوانی بدۆزینه‌وه. واته خۆی دژی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه و دووڕوویی و دووفاقییه‌تی نووسینی خۆی مانیفێست ده‌كات.” ده‌كرێت تابلۆیه‌كی جوان چێژی هه‌بێت، هاوكات ده‌كرێت تابلۆیه‌كی ناشیرینیش به‌جۆرێك له جۆره‌كان چێژی خۆی هه‌بێت” (9).
ئه‌وه ڕێك پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی خۆیه‌تی و هه‌موو ئه‌و گوتراوانه‌ی ناو ئه‌و گوتاره‌ی خۆی ده‌خاته به‌رده‌م پرسیار و گومانه‌وه. ئه‌و جۆره دووڕوویی و دووفاقییه‌ته‌ی ناو دونیای نووسین ده‌مانباته سه‌ر ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ی، كه له كولتووره خێڵه‌كییه‌كانه‌دا هه‌یه و ئه‌و جۆره بنووسه خێڵه‌كییانه به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م ئه‌و كولتووره ڕووكه‌شگه‌راییه‌دان و خۆیان له‌ناو بۆچوونه‌كانی خۆیان ته‌ریق ده‌كه‌نه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی دركی پێ بكه‌ن و بوه‌ستن و بیربكه‌نه‌وه. تێهزرینی بنووس له‌مجۆره گوتارانه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ كه‌شف ده‌كات، كه بێ ئاگاییه‌كی ئاقڵانه و ئاگامه‌ندانه خۆی به درۆ ده‌خاته‌وه و وه‌ك نووسه‌رێكی ساخته‌كار و خێڵه‌كیانه‌یش وه‌ها خۆی نیشان ده‌دات كه ڕاستی ناشارێته‌وه.
بنووس به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه و دواتر ئاماژه به‌وه‌یش ده‌دات كه ئه‌وانه له ژێر كاریگه‌ریی شیعری (عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف) دا نووسراون. ئه‌گه‌ر لێره‌دا بپرسین: ( له‌م گوتاره‌دا ئامانجمان دامه‌زراندنی پڕه‌نسیپی گفتوگۆیه، بۆیه ده‌بێت بۆچوون و گوتراوه‌كانمان وه‌ك پرسیار ئاڕاسته بكه‌ین) ئایا ده‌كرێت ئاماژه به‌و شیعر و دێڕانه‌ی عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف بكه‌یت، كه ئه‌م دێڕه شیعرییانه‌ی له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌ودا نووسراون؟ ئایا دروسته به‌بێ خستنه‌ڕووی ده‌قی هه‌ردووك شاعیر، باسی كاریگه‌ریی بكه‌ین؟ ئایا بۆچی ئاماژه‌ت به نموونه شیعرییه‌كانی عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف نه‌كردووه؟ ئایا ده‌كرێت به‌بێ ئاماژه‌دان تۆمه‌تی وا وه‌ك گوتراو فڕێ بده‌ین؟ ئایا ئه‌گه‌ر نووسین چووه ناو ئه‌و قاوغه‌وه و به‌بێ بنه‌مایه‌كی مه‌عریفی و رێبازێكی زانستی ڕه‌خنه‌وه، جیاوازیی چییه له‌گه‌ڵ گوتاری سیاسی حیزبی؟ ئایا له نێوان هه‌ردووك گوتاردا ئامانج له‌وه دروستكردنی بوختان و قسه‌ی بێ بنه‌مای مه‌عریفی نییه؟ ئایا له نێوان ئه‌و جۆره گوتاره و گوتاری كادیرێكی حیزبی، ئامانجی یه‌كه‌م شكاندنه‌وه‌ی ئه‌وی دیكه نییه؟ ئایا له كوێی ئه‌ده‌بیات و ڕه‌خنه‌ی دونیادا هه‌بووه بڵێین: ئه‌و شاعیره له ژێر كاریگه‌ری ئه‌و شاعیره‌دایه و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ده‌قی لێچووی ئه‌و شاعیره بكرێت؟ ئایا ده‌كرێ له ئێستاوه تا ساڵێكی دیكه‌یش نموونه شیعرییه‌كانمان بۆ بنووسیت؟