Skip to Content

نەتەوەیەکی بەڕەڵا.. فازیل شــەوڕۆ

نەتەوەیەکی بەڕەڵا.. فازیل شــەوڕۆ

Closed
by نیسان 27, 2021 General, Opinion

زاراوەی(بەڕەڵا)، لەناخدا جۆرە نیگەرانییەک دەورووژێنێ کە دێ بێئاگایانە توڕەت بکا، چونکە زایەڵەی زاراوەی (نەتەوە) زۆر لەو پیرۆزتر و مەزنترە، بەم تەرزە هاوڵناوە وەسف بکرێ، ئاخر، وشەی (بەڕەڵا) یەکسەر بیرت بۆ لای هێندێک شتی ڕەزاقورس و نافرەجا دەبات. هەم نیگەرانییەک و هەم توڕەبوونەکەتم قبوڵە، چونکە زۆر بیرم کردەوە، قەت هیچ زاراوەیەکی پەسندتر و شیاوترم وەدەست نەکەوت بۆ ئەو دیاردە گڵاو و ترسناکەی کە دێ هەموو ڕێیەکانمان لێ بگرێت، بە ڕیگای قەبرووستانەکانیشەوە ــ ئێ! کە ئیجە دەبێتە گۆڕستان، دایکەکان ڕێیەک شک نابەن تا ڕۆژانی پێنجشەمە، بچنە سەر گۆڕی جەرگەکانیان و بە ڕێژنە فرمێسکێک، ئاوڕشێنیانکەن!
بە چاوخشانێکی خێرا، بە مێژووی ئەو سەت ساڵەی نەتەوەی کورد، لە (١٨٩١ تا ١٩٩١)، بێویژدانێ نەبێ، بۆت بەدیار دەکەوێ، کە ڕۆڵەی ئەم نەتەوەیە بە ژن و پیاوییەوە، خەونێکی وەنەوشەیی جوان و پیرۆزیان، هێندە بە جەرگسۆزی و گیانفیدایی لە هزر و لە دڵدا حەشاردابوو، تا ڕادەیی ئیمان پێهێنان. بەسەرهات و ڕووداوەکان هێندە دژوار و بوێرانە و جەرگبڕن، کە هەر تاکێکی ئەو نەتەوە، بۆخۆی بووە داستانێک، داستاننووسێکی دەویست بینووسێتەوە. جحێڵی بیست ساڵی بە پشتێنەکەی، خۆی لە گابەردێک یان خۆی لە نێو قەدی هاوسەنگەرەکەی دەبەستەوە، گەنجی سمێل نەهاتوو، بەدەستی خۆی پەتی سێدارەی دەکردە گەردنی و نەیدەهێشت جەلادی گڵاوی دەستی بۆ بنێنێ، نەکۆ دڵخۆش بێ، بە لەسێدارەدانێ کوردێک… .
سەرەڕای هەموو دڕندەیی و زۆرداری و جەبەروت و زوڵم و ستەم و قەتل و عامکردنی بێویژدانانەی کوردەکان بە دەستی هەر سێ نەتەوەی عەرەبی فاشی و و فارسی خوێنخۆر و و تورکی ڕەگەزپەرست، یەک تاکە منداڵی کورد ئامادە نەبوو دەستبەرداری خەونە وەنەوشەیەکەی بێ!
“خەونی ئازادی نەتەوە و ژیانی ئاسوودە”
بێگومان، دوژمنەکانمان، هەمیشە هەر لە تەگبیر و دەسیسە و نەخشەداڕشتنی پیلانی (مەرگی یەکجارەکی) کورد دابوون. ئەوان لەساڵی (١٩٧٥) ژیرانە و هێمنانە، دەستیان کرد بە جێبەجیکردنی ئەو نەخشە گڵاوانەی کە بەیەکەوە بۆیان داڕشتبووین، بۆیە سەرەتایی کزبوونی مەشخەڵی خەبات و غلۆربوونەوی خۆری سەکەوتن دوای پەیماننامەکەی جەزائیر دەستی پێکرد. لەو ڕۆژەوە، ئەو تەبایی و یەکبوونەی کە هەمانبوو ــ سەرەڕای هەموو عەیب و عارێکی ـ گلۆرەی کەوتە لێژی. ڕاستە قوربانییەکانی دوای ئەو ساڵانەش یەکجار یەکجار پڕکارەساتبار و جەرگبڕبوون، بەڵام، لە پشت هەموو، قوربانیدانەکانمان، بێئاگابووین لەو شانۆگەریانەی لە پشتی پەردەدا بۆیان ئامادە دەکردین.
تا گەیشتینە ئەمڕۆ… .
ئەمڕۆ، (٢٠٢١)، دوای (٣٠) ساڵی ڕەبەق لە سەربەخۆی و حوکمڕانی خۆجێی و خۆبەڕیوەبردن، گەیشتووینەتە قۆناغێکی مەترسیدار کە:
کە گەڕانەوەی بۆ ڕابردوو مەحاڵە.
چوونە پێشەوەش بە مەبەستی گەیشتن بە (خەونێک) لە مەحاڵ مەحاڵترە.
ئیمڕۆ، (٢٠٢١)، کۆی هاوکێشەکانی ناوخۆ و ناوچەکە و جیهان تەواو جیاوازە و بە گۆشەی (٣٦٠) پلە گۆڕاوە:
ئیمڕۆ، “قسەمان لەسەر کوردستانی باشوورە”، دەبێ لە (٣) گۆشەنیگاوە، تەماشای تۆ بکرێ:
• وەک نەتەوە.
• وەک هاووڵاتییەکی عێراقی.
• وەک مرۆڤ.
ئەوەی من دەیبینم و دەیخوێنمەوە، هەموو ڕۆژاوا و ئەمریکا و وڵاتە پێشکەتووەکانی وەکو ژاپۆن و مالیزیاو ئەندەنووسیا، هەرچی دەیکەن، هەرچی دەیڵێن، بە پشت بەستنە، بە (لێکۆڵینەوە). ئەوان (هەست و ویژدان و سۆز و مەزاج) نازانن. دێن لە هەرچی ئەتۆ هەتە، لێکۆڵینەوەی زانستیی دەکەن، دواتر پسپۆڕان، ئەو لێکۆڵینەوانە لە سەردوبێژینگ دەدن، ئەوجا سەرگوڵ و بنبێژینگ و زیووان و خاپەرۆکەکە لێک جیاواز دەکەنەوە. بە بڕوای من لە کۆی خەرمانی ئەو (٣٠) ساڵەدا، ئێمە دوو مشت سەرگوڵمان نەچنیتەوە. کەواتە ئەوان بەهیچ جۆرێک ئامادەنین، هاریکاری و پەیمان و دۆستایەتی کەسێک بکەن کە لەسەر دۆسییەکەی نووسرابێ (فاشیل). نەکەن بە شانۆگەری و نمایشەکانیان هەڵخەڵەتێن، من لە نزیکەوە لە گەڵیان دەژیم و تێیان دەگەم.
با بێنە، سەر خاڵی دووەم: (هاووڵاتی عێڕاقی): کام عێراق؟ ئەو وڵاتەی لە هەرچی شتی ناشیرین و قێزەوەن هەیە یەکەمە. ئەو وڵاتەی کە پتر لە (٥٠٠) ساڵە خوێناویترین شەڕی تایفگەریی تێدا دەکرێ. ئەوەی ئەو سوونە و شیعە بەیەکیان کردووە، قەت هیچ خێڵ و هۆز و نەتەوە و میللەتێک لەگەڵ یەکتریان نەکردووە. کارەساتەکان باس ناکرێن. لە دیدی سوونەکاندا، تۆ پتر دۆستی شیعەکانی و مەیلی عەلمانییەت و لیبڕاڵیزم و فیدڕاڵیت هەیە. لە دیدی شیعەکانیش، تۆ هەر سوونەیت و جوداخوازیت و ڕێفراندۆمکاری. ئەوائێستا ن خۆیان گرتووەتەوە و بەهێزن تۆ لاوازی. جارێ دوو ڕۆژبوو سەددام نەمابوو، یەکێکیان گوتی:”کاکە، سەبرێکمان لێبگرن، جارێ دەستمان هەڵبەستراوەتەوە!”
بۆ خاڵی سێیەم: (تۆ وەک مرۆڤ). زۆر چاک بزانە، سەنگ و بەرد و تەراوزووی تێڕوانینی خەڵک بۆ مڕۆڤایەتی تۆ، (لە مرۆڤایەتی خۆت دایە). کە سەت لە سەت، بە داخەوە لە دەستمان داوە. هەر هەمووی… . باشە بۆ لەو خۆت ناپرسی بۆ لە دەنگوباسەکان، ئێستا یەکەم هەواڵ، هەواڵی کوشتنی ژن و منداڵ و باوک و کوڕە؟ ئەو بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێن: ئەوانە لە مرۆڤایەتی شووراونەتەوە. کە تۆ مرۆڤ نە بوویت، کەسیش ئامادە نییە وەک مرۆڤ تەماشات کات و مامەڵەت لەگەڵ بکا.
چۆن وامان بەسەر هات و بۆ گەیشتینە ئەمڕۆژە ڕەشە؟
گەرچی خاونی گەورەترین سامان و سەروەت بووین، خاوەنی چاکترین نەوەی گەنج بووین، خاوەنی جوانترین خەون بووین، لێ هەمووی هەرەسی هێنا:
لە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەوە، ئەوەی هەستا سەرپێ گوتی من (سەرکردەم) تا کار گەیشتە ئەوەی نەزانرێت کێ سەرکردەیە. هەر نەتەوەیەک سەرکردەی نەبێ، نەتەوەیەکی بەڕەڵایە ـ سەرکردە بە مانا قووڵ و فەلسەفییەکەی ـ .
هەر تاکێک، گوتی (هەمووی هێ خۆمە)، کۆڵانە و حەوشەی قوتابخانە و مزگەوتیشیان خستە سەر خانووەکانی خۆیان. شتێک نەما لەو وڵاتە ناوی لێبێیت(نیشتمان). نیشتمان تەنها ماڵی خۆتە، بۆیە ئامادەنیت بەر دەرگای ماڵەکەشت گەسک بدەی!
چونکە دەسەڵاتدارەکان، کەسانی بە ئەزموون و قەڵەمڕە و دەوڵەتدار نەبوون، هەر هەموو کایەکانی ژیانیان بۆ هاووڵاتی بەڕەلاکرد. (خۆم مامۆستا بووم، بەڕێوەبەرەکەم، پێدەگوتم، نابێ لە خوێندکار بپرسیتەوە، نابێ دڵی بڕەنجێنێ، با بۆ خۆی ئازاد بێ) “ناحەقیشی نەبوو، چونکە خوێندکارێک دەیتوانی گەورەترین بەڕێوەبەری فنیش بکات.”
کوردستانێک، (٧٠) ساڵی ڕێک لە زیندان و قەفەز دابوو، لە شەو و ڕۆژێک، دەرگای هەرچی وڵاتانی جیهان هەیە، بە ڕوویدا کرایەوەو، هەر هەمووشیان گوتیان:”دەبێ. زوو. زۆر زوو ببینە خاوەن هەر هەموو ئەو شتە جوانانەی کە بە خەونیش نەیان دیتبوو. (ئەوان حەقیان بوو ببنە خاوەن هەموو شتێک، بەڵام بە ئارەقەی نێوچەوان و بە ڕەنج و ماندوو بوون). بۆیە هەر هەموو وڵات لە پێناو شتە گرانبەهایەکان، هەڕاج کرا، بە نەخۆشخانە و قوتابخانەشەوە.
ئێمڕۆ (٢٠٢١) ، ئێمە نەتەوەیەکی بەڕەلاین. هیچ سەرکردەێکمان نییە، هیچ وڵات و کەسێک بە دۆستمان نازنێ، کەس ئامادە نییە لە ناخۆشترین هەلوێست دەستمان بگرێ. هیچ ژنێک، هیچ پیاوێک، هیچ منداڵێک نازانێ بۆ دەژێ… چۆن دەژێ… بۆ کوێ دەچێ.. ئایندەی چییە….؟
وەک منداڵێکی کەوتبێتە بەر دەستی زڕداک و ئەویش لە خۆشیی باوەشی مێردەکەی، منداڵەکەی دەرکردوە و
ئێستا ئەو منداڵە: بێکەس و حەیران و سەرلێشیواو
بە شەقامەکانی شاردا دەسوڕێتەوە،
کەسێک نییە، ببێتە باوکی.
کەسێک نییە دەستی بگرێ و دەستێکی پڕ سۆز و موحیبەت بە سەری دابێنێ…
ئیمڕۆ… نەتەوەیەکی بەڕەلاین…،
خەونەکانمان، بە دەستی خۆمان ئەنفال کرد.

Previous
Next
Kurdish