Skip to Content

کاتێک ڕابەر لە ئاپۆڕەی ناڕەزایەتی چەوساوەکانەوە دێتە دەر…! … موزەفەر عەبدولا

کاتێک ڕابەر لە ئاپۆڕەی ناڕەزایەتی چەوساوەکانەوە دێتە دەر…! … موزەفەر عەبدولا

Closed
by نیسان 18, 2018 General


لە بیستەمین ساڵیادی تیرۆری هاوڕێیان شاپوروقابیلدا

بیست ساڵ لەمەوبەر لە ڕێکەوتی ١٨-٤-١٩٩٨ دا بە ئاشکرا لەناو شاری هەولێرو لە سایەی دەسەڵاتی پارتی لە لایەن چەند کەسێکی سەر بە تاقمە ئیسلامی یە تیرۆریستەکانەوە دوو ڕابەری جەسورو ماندونەسانو دڵسۆزی جەماوەری چەوساوەی کوردستان ، بە تایبەتی خەڵکی ئاوارەو بێخانەو لانەو بێکارو هەژار، ولایەنگرانی مافەکانی ژنان تیرۆر کران ،کە ئەوانیش هاوێیان شاپور عەبدولقادرو قابیل عادل لە ڕابەرای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوون.
ئەگەر چی ئەو کات پارتی کەسانێکی دەسگیر کرد کە گوایە هەستاون بەم تاوانە بەڵام ئەوەی گومانی تیا نی یە تا ئیستاش ئەوەیە کە هاندەرو بڕیاردەری سەرەکی ئەم تاوانەیان نەک هەر دەسگیر نەکردوە بەڵکو پارتی بۆ مەبەستەکانی خۆی پلەو پایەی پێداونو کردویانن بە ئەندام پەرلەمانییش چ لەسەر لیستی پارتی چ لەسەر لیستی ئیسلامی یەکان. ئەوانەش مەلا بەشیری سەربەپارتی کە بە ئاشکرا لە خوتبەری رۆژی هەینی یەوە هانی خەڵک دەدات بۆ کوشتنی هاوریان هەروەها مەلا بیلالی سەر بە کۆمەڵی ئیسلامیش بە پێی دانپیانانی یەکێک لەوانەی دەسگیرکراون باسی چۆنێتی کوشتنیان دەگیڕیتەوەو دەڵێت ئەوان دەستەیەکی چوارکەسی بونە لە لایەن مەلا بیلالەوە راستەوخۆ سەرپەرشتی کراون تا ئەم تاوانە ئەنجامدەن.کەچی ئەم دوو کەسە تا ئێستا ئازادن وەک سەدانو هەزاران تاوانباری تیرۆریستی کرد.

هەمو ئەم بەڵگانە لە کاتێکدایە کە ڕابەری حزبی کۆمۆنیست لەو ساتەوە چەندین جار لە ڕووی یاسایی یەوە دەستی بردوە بۆ ئەم کەیسەو بە جدی دادگای لێیان گرتوە بەڵام پارتی هەر جارەی بۆ مەبەستێکی خۆی ئەمدەستو ئەودەستی پێدەکات.
خۆ هەر کاتێکش کێشەو ململانێیان لەگەڵ تاقمە ئیسلامی یەکان توند بوبێتەوە ئەوە سەرانی پارتی ئاماژە بە کەیسەکە دەدەنەوە ئەویش بۆ مڵکەچ پێکردنیان.ئەمەش جارێکی تر ئەوە دەسەلمێنێتەوە کە پارتی وەک لایەنی دەسەڵاتدار بیانەوێتو نەیانەوێت ڕۆڵیان هەبو چ لە هاندانی مەلاو ئیسلامی یەکان بۆ ئەم تاوانە چ لەوەی هەندێک لە تاوانباران ئاشکرانو بایی ئەوەندەش بەڵگە هەیە بۆ دەسگیرکردنو سزادانیان بەڵام بێ دەنگەی لێدەکەن.
بۆیە ئەم کەیسە لەهەمو ڕوویەکی سیاسی و یاساییەوە لای جەماوەری ئازادیخوازبە گشتی و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بە تایبەتی ،هەمیشە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و هەرگیز فەرامۆش ناکرێت تا ئەو ڕۆژەی دەسەڵاتێک دەبێت لانی کەمی ئازادی و عەدالەتو سەروەری یاسا بپارێزیت و لە سایەیدا ئەم تاوانبارانەش ڕوبەڕوی دادگاو سزا بکرێنەوە.

هەر بەم بۆنەیەوەش پێویستی دەزانم جارێکی تر ئاماژەیەکی کورت بە پێگەی ئەم دوو هەڵسوڕاوە کۆمۆنیستە بدەم کە چۆن ئەوان لە ناو ئاپۆڕەی ناڕەزایەتی جەماوەرەوە وەک دوو ڕابەر هاتونەتەدەرەوە.
بێگومان شاپورو قابیلش وەک سەدانو هەزاران کەسی تر هەر لە دەورانی هەرزەییو لاوێتی یەوەو لە چوارچێوەی بارودۆخی پڕ لە ململانێو کێشمەکێشی سیاسی وچینایەتی و شەڕو ستەمو بێمافی تر لە سایەی ڕژێمی قەومی فاشی بەعس و باڵادەستی ڕەوتە بۆرژوا قەومی یەکانی تر لە ئاستی عێراقو کوردستان ئاشنا بونە بە فکرو کاری سیاسی و پاشان ڕوهێنانیان بۆ بیروکاری کۆمۆنیستی.

بە تایبەتی لە دەورانی جەنگی ئەمریکا لە عێراقو، پاشان ئاوارە بونو بێخانەو لانەیی و بێکاریو هەژاری …هتد ئەمانیش چارەنوسیان بەستراوەیە لەگەڵ ئەو جەماوەرە. بێگومانە ئەم دۆخەش کە دەسەپێت بەسەر خەڵکدا ئیتر خەڵکیش ناڕەزایەتی دەردەبڕێت بەرامبەر ڕژێم و دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکان بۆ بەدیهێنانی مافو خواستە سەرەتایی یەکانیان.بە تایبەتی هەزاران کەس لە خەڵکی ئاوارەو بێخانەو لانە کە لە دەسەڵاتی بەعس هەڵاتبون بۆ ژێر دەسەڵاتی پارتی ویەکیتی.
ئەمانیش لەگەڵ دەیانو سەدان کەسی تر لەناو ئاپۆرەی ناڕەزایەتی جەماوەردا بە جەسوریو شێلگیریو دڵسۆزی و ،هەروەها بە هەوڵوخەباتیان بۆ یەکگرتو کردنی خەڵکودانانی نەخشەو پلان بۆیان بە کردەوە بونە نوێنەرو ڕابەری جەماوەری ناڕازی.

لە ماوەیەکی کەمتر لە ساڵێک بە هاوکاری دەیان هەڵسوراوی تری چەپو ئازادیخواز توانیان خەڵکی ئاوارەو بێخانەو لانە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، بە تایبەتی لە هەولێر ، لە کۆمەڵەی ئاوارەکان ڕێکخەنو چەندین خواستو داوایان بە هێزی یەکگرتوانە بەدیبێنن. جا چ ئەو خواستوداوایانە بەسەر دەسەڵاتی تازە داسەپاوی حزبە قەومی یەکاندا سەپاندبێتیان چ لە ڕێگای ئەو هاوکاری یانەی کە دەزگا خێرخوازی و ئینساندۆستە جیهانی یەکانەوە دەدرا.ئەمان بە شێوازیکی دادپەروەرانەو دڵسۆزانەو خۆنەویستانە لە ڕێگای کۆمەڵەی ئاوارەکانەوە دەیانگەیاندە خەڵک.
بەڵام لەگەڵ چونە سەری ئاستی هۆشیاری چینایەتیو ڕێکخراوەیی ئەو خەڵکەدا، کە ئەمان لە نوێنەرانو ڕابەرە بەرجەستەکانیان بوون، ئیتر سەرانی دەسەڵاتی قەومیو خێڵەکی و میلیشایی کە نەیان دەتوانی بە شێوازی ململانێی سیاسی و مەدەنیانە پاشەکشە بە جەماوەرو رابەرەکانیان بکەن بۆیە هەمیشە خەریکی پلانگیریو ئاژاوە گیری بون لە دژیان.وە چەندین جاریش ڕوبەڕوی هەڕەشەو گوڕەشەبونەتەوەو هەوڵی دەسگیرکردنو بێسەروشوێنکردنیان دراوە لە لایەن سەرانی دەسەڵاتەوە.
هەرچەند سەرانی دەسەڵات توانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرکوتوبن لە لاوازکردنی کۆمەڵەی ئاوارەکان لە ڕێگای پارە بەخشینەوەو ناردنی کەسانی سەربەخۆیان بۆ ناویانو پڕوپاگەندە کردن لە دژیان. بەڵام لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا ئەوان بەردەوام بونە لەسەر کاروخەباتکردن لە مەیدانی ترو شیوازی تر بۆ بەرگری لەمافو ئازادییەکانی جەماوەرو ڕێکخراوکردنیان بە ئاسۆ ئامانجو بیروکارونەریتی کۆمۆنسیتانە.

تایبەتمەندی تری ئەم دوو ڕابەرە جەماوەری یە ئەوە بوو کە تەنها لە نێو ڕیزەکانی خەڵکی ئاوارە هەڵسوڕاو نەبون بە تەنها بەڵکو لەنێو توێژە ستەمدیدەکانی تریش لەوانە بێکارانو کارمەندانو خوێندکارانو بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانیش ڕۆڵی بەرچاویان هەبو. بە تایبەری لە دوای پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق لە ٢١-٧-١٩٩٣ ڕۆڵی بەرچاویان هەبو لە پێکهینانو جێگرکردنی بیرو نەریتی کۆمەڵایەتیو کۆمۆنسیتانە. بە تایبەت لە شاری هەولێر لە سالی ١٩٩٥ بەداوە ئیتر بونە نوینەری سیاسی راستەقینەی حزبی و جەماوەری ستەمدیدە بەرامبەر دەسەڵاتداران .وە بەرگریان لە پرسو مافەکانی ژنان بەرامبەریاساو باوەڕو نەریتی داکەوتوو داسەپاوی خێڵەکی حزبە دەسەڵاتدارەکانو تاقمە ئیسلامی یەکانو مەلاکانیان مەیدانێکی تری گەورەی کارو خەباتیان بوو.ئەم ڕۆلەشیان لە مەراسیمی یادی سێ ساڵەی حزبی کۆمۆنیست لە ٢١-٧-١٩٩٧ لە هۆڵی میدیا لە هەوڵیر کە ئەو کات ئەندامی کۆمیتەی ڕێکخستنی شاری هەولێربوم ئاشکراوترو بەرجەستە تر بوە لە پێشو. لەو کاتەوە ئیتر کێشەو ململانێیان لەگەڵ تاقمە ئیسلامیو مەلاکانیان لە ساڵی ١٩٩٨ گەییشتە ڕادەیەک کە ئیتربۆ ئیسلامی یە تیرۆریستییەکان تەحەمول نەدەکرا. هەر بۆیە ملهورانە پەنایان بردە بەر پلانگیرانو هاندانی کەسانی لۆمپەنو هەندێک مەلاو رۆڵی هەلپەرستانەی پارتی چەند تاوانبارێک لە بنکەی بێکاران بە ڕۆأی ڕوناک تیرۆریان کردن.

بەڵام هەر وەک ئاماژەمان پێداو جارێکی تریش جەختی لێ دەکەینەوە کە یادی ئەم ڕابەرە جەسورانە کە لە ناو ئاپۆڕەی ناڕەزایەتی جەماوەر هاتونە دەرەوە هەمیشە زیندوەو کەیسەکەشیان لە ڕویی سیاسی و یاسایی یەوە هەمیشە بە کراوەیی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی بچوکترین دەرفەت دەبێت بۆ سزادانی تاوانباران.
هاوکات ئێمە لەگەڵ هەمو بەرەی ئازادیخوازی بە درێژە دان بە خەباتیان تا گەییشتن بە ئامانجەکانیان، کە بەدیهینانی سۆسیالیزمە ،بەردەوام دەبین.
بەرزو بەرێز بێت یادی ئەم دوو ڕابەرە جەماوەریەی چەوساوەکانی کوردستان
ڕیسوایی بۆ تیرۆریزمی ئیسلامی و دەسەڵاتی سەرکوتگەری قەومیو خێڵەکی میلیشایی لە کوردستان.

موزەفەر عەبدولا
١٥-٤-٢٠١٨

تێبینی:
ئەم نوسینە لە ڕۆژنامەی بۆپێشەوەدا بڵاوکراتەوە

Previous
Next
Kurdish