Skip to Content

لێدانی سێ قۆڵی (ئەمریکا و فرەنسا و بەریتانیا) و چەند قۆڵی ئەجندەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند دا! … ئاسۆ حامدی

لێدانی سێ قۆڵی (ئەمریکا و فرەنسا و بەریتانیا) و چەند قۆڵی ئەجندەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند دا! … ئاسۆ حامدی

Closed
by نیسان 18, 2018 General, Opinion

شەڕی ناوەخۆ لە سوریا لە مێژە سنوورەکانی ناوچەکەی تێک داوە، سەرهەڵدانی داعش ولێدان و بێهێزکردنی سەرەتای نەمانی ئەم سنوورە بوون. سەرەتا لە ناوچەکە شەڕ شەڕی ئەلتەرناتیڤەکان بوون. ئەجندە جیاجیاکانی ئەقلیمی و ئینتەرناسیونالیەکان خۆی لە چەند بەرەی جیاجیا و وەزعی جیا جیادا دەنوێنێ. دوای چوونە ناوەی ڕووسیە و تورکیا بە ئاشکرا لە کێشەکانی نێو سوریا و بە بێ پەردە ئەجندەکانی سادە و ساکارتر نەکردەوە بەڵکو کێشەکانی زیاتر ئاڵۆزتر کرد و خەڵکەکەی قوڕبەسەرتر کرد و چارەسەری مەسەلەکانی بۆ ئایندەی تر برد.

ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە لایەک و سعودیە و ئیران و تورکیە و حکومەتی سوریا لەلایەکی تر کێشەی سوونە و شیعە لەلایەک و کێشەی ناسیونالیستی و مەزهەبی عەرەب و ئیسرائیلیەکان و مەسەلەی کورد ( ئەگەر مەسەلەی کورد هێشتا لەم فازە نیە ببێتە مەسەلەیەکی ناوچەیی و کێشمەکێشی زلهێزەکان وەک مەسەلەی عەرەب و ئیسرائیل) لەلایەکی تر هەروا جیۆپۆلتیک ومەسەلەکانی سەرچاوەکانی سروشتی و کەرەستەخاوەکانی هەرزان نموونەی دیاری ئەم کێشمەکێشانەن. ئێران و تورکیە لە لایەک دژی بەیەکن لەگەل ڕووسیە یان هەموویان بەیەکەوەش کاردەکەن وە لە عەفرین کردیان و یەکیان گرت لە دژی کورد. یان قەتەر و سعودیە و ئیمارات و تورکیە دژی ئێرانیەکان و حزب اللە و ئیخوانەکان کاردەکان.

کورد لەم نێوەدا جگە لە ڕۆڵی ئەلتەرناتیڤی لە هیچ حساباتێکی ئەقلیمی دا نیە و سفری پاش فاریزەش نیە لە هاوکێشە دیپلۆماسیەکاندا. لە هیچ بۆنە و مناسەباتێکی جدی کێشەی زلهێزەکاندا ئامادەگی نیە و تەنها لە دواوە و لە پەراوێزەکاندا ڕۆڵی لابەلایی هەیە. هەموو ئەم کێشانە هیچیان لەبەرچاوی سەوز و ڕەشی گەلانی سوریا نیە و نەبووە بە بەشار ئەسەدیشەوە جگە لە ماڵوێرانی و سەرگەردانی و کوشت وکوشتار هیچ قازانجێکی تریان لەم هێزە دەرەکیانە نەکردووەو ناکەن. پەرتەوازەیی و هەژاری گەلی کورد یەکێ لە گرفتەکانی گەلی ئێمەیە و نەخۆشی موزمنمانە.

بەنموونە عەفرین شارێکی ئارام و فرەکەلتووری بوو نە شەڕی تیابوو نە کێشە. تورکیا بە بەرچاوی هەموو ئەم هێزانە لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی و جینوسایدی دا هەمووی کاولکرد و هێزی هەڵبژێردراو و ڕێکخراوی و فرە کەڵتووری دەرەبەدەر کرد و ئاڵای تورکیای لەسەر کانتۆنی عەفرین دا هەڵدا، ئەمە بوو مرۆڤ دۆستی ئەمریکا و ڕووسیە و ڕۆژئاوای مافی مرۆڤ و دیموکراسی و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکان.

دوای هێرشەکانی سەر دوما بە چەکی کیمیاوی ئەمریکا وەک هەنجەتێک بۆ پاراستنی خەڵک و سەرکوتی هەموو هێزەکانی تر هەستا بە مووشەک باران کردنی چەند ئامانجێکی سەربازی و لێکۆڵینەوەی زانستی سەربازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەد و ڕووسیە وئێران دا. هیچ پێویست بە بەڵگە و سەلماندنی ئەوەوە نیە بڵێن ئەم ئۆپراسیۆنانەی لە سوریە ڕۆژانە ڕوودەدەن هیچ پەیوەندیان بە ئازادی و یەکسانی ژیانی گەلانی سووریە نیە و هەموو ئەجیندای دەرەکی پاڵ بەمەسەلەکانەوەدەنێن و خەڵکی ئەم ووڵاتە جگە لە بوون بە قەسابخانەیەکی والا بۆ یەکلاکردنەوەی حساباتە سیاسیەکانی زلهێزەکان و ئەقلیمیەکان و قوربانی شتێکی تر نین.

کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمە لایەنەن؛ مەسەلە مێژوویەکان وەک کێشەی عەرەب و ئیسرائیل، کێشەی سوونە و شیعە، مەسەلە ئابووریەکان و هەژموونی سیاسی وەک کێشەی کانزا و سامانە سروشتیەکان و مەسەلە ئابووریەکانی ناوچەکە، مەسەلەی کورد وەک دوا ئەلقە لە کێشمەکێشەکانی ئیران و سوریا و تورکیا و عێراق، هەموو ئەمانە لە چوارمێخە کێشراون و ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە لایەک و ڕوسیە و ووڵاتانی سەر بە ڕووسیە لەلایەکی تر. هەموو ئەمانە هەردەم لە گۆڕان دان و هەرجارناجارە پروشکی ئاگر ووڵاتێ دەگرێتەوە. ماوەیەک فەلەستین و لوبنان یان عیراق و سوریە و لە خوارەوەش سەردەمێ زەفار و لەم دوایانەش یەمەن و سۆماڵ و لیبیا و تونسیشی هاتە سەر واشۆڕ دەبێتەوە بۆ نێجیریا و جیبۆتی و سودان و ئەسیوبیا.

خەیاڵی ئەردۆغان لە خەوی زیندووکردنەوەی ئیمراتۆریەتی عوسمانی و خەیاڵی ئیرانیەکان بە هیلالی شیعی لە بەرکەوتن دان لە هەمان کات سعودیەکان وەک نوێنەری وەهابی دەیانەوێ دووبارە فتوحاتی ئیسلامی (لە واقع کوشتارگای ئیسلامی) لە ناوچەکە بۆ مانەوەی خێزانی ئال سعود زیندوو بکەنەوە. بۆ ئەمریکا گرنگترین مەسەلە هەژموونی لەسەر جیۆپۆلتیک ناوچەکە و ئەمن و ئاسایشی ئیسرائیل و کانزاکان و کەرەستەی هەرزانە ئەوەی تر هیچ مانایەکی نیە و ئەخلاقی سیاسی و ئینساندۆستی جگە لە ووشە ی نێو پەرتوک و ڕۆژنامەکان هیچ مانای تری نیە.

کورد لەبەر ئەوەی توانای پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی نیە و وەک نەتەوە ئەجیندەی خۆی بەیان نەکردووە بەڵکو وەک حزب و تاقم و دەستەیە، ئەوە جگە لە قوربانی و سەرکوت هیچی بۆ نامینێتەوە. جا هەموو کات دووبارەی دەکەنەوە ئەوە خیانەتە چۆن لە کەرکوک و عەفرین هەموو خەڵکی سادە گریان و ڕۆڕۆی بوو بەڵام بۆ سیاسیەکی هۆشیار ڕۆشنە کە ئەمانە هەمووی ئەنجامی کارەکانی پراکتیکی بەڕێوەبردن و دیپلۆماسی و سیاسیەکانی سەرکردە سیاسیە کوردەکان خۆیەتی لە بنەڕەتدا.
لێدانی دوما دووبارە دەبێتەوە چۆن لە ناوچەی تردا ڕوویدا، ئەم بازنەیەی شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند دەورانی تریش بەردەوام دەبێ چونکە مەسەلەکان هەموویان بە شێوەی خۆی دەمێننەوەو تەنها لە ڕوواڵەتدا گۆڕانی بەسەر دێ بەڵام لە ناوەرۆکدا هەمان مەسەلەنن. نە نەوەکانی داعش و بەعس ڕەزالەتیەکان لە بیر دەکەن نە نەوەکانی کەرکوک و کۆبانی وعەفرین نە نەوەکانی تەلئەبیب و خەلیل و کەناری ڕۆژئاواو نە تەعز و سەنعا و شوێنەکانی تر. هەر لەکاتی تەقینەوەیەکی ئاوادا بورسەکان و نرخی نەوت وکالاکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردێ.هەروا سیستەمی هەژار هەژارتر دەبێ و دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر دەبێ زیاتر دەچەسپێ وقوربەسەریەکانی گەلی بەرهەم هێن کە چینی کرێکارە زیاتر دەبن.

لاوازی هێزی ئینتەرناسیوناڵی چەپ و کرێکاری لە جیهاندا ئەم دەست واڵاییەی بەم هەموو هێزانە داوە بکەونە گیانی گەلانی هەژار. ئەگەر کاروابڕوا هەروا کۆمابوونی سەرمایەش لەدەست کەسانی کەم زیاتر دەبێت و یاساکانیش پێچەوانە دەبنەوە ئینجا چینی کرێکار پێویستی بە سەرمایەداریە تا کارێکی مناسبی دەستکەوێ نەک لە ووڵاتانی دواکەوتوودا بەڵکو لە ووڵاتانی ئەوروپایی و ئوسترالیا و ئەمریکای باکووردا.

ئاسۆ حامدی

Previous
Next
Kurdish