Skip to Content

فەشەلی فیکری سیاسیی نوخبەی رۆشنبییریی کورد .. ئاسۆ جەوهەر

فەشەلی فیکری سیاسیی نوخبەی رۆشنبییریی کورد .. ئاسۆ جەوهەر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 5, 2020 General, Opinion


ئاراس فەتاح و مەریوان وریا قانع لەو وتارە هاوبەشەیاندا (عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل) کە نووسییویانە زیاتر بۆ نەقیزە تێوەژەنیینە لە ناسیۆنالیزمی کوردیی و شۆوبڕیینە بۆ ئەوەی کوردایەتیی بڕشت و پێزی زیاتر بێت. بەتایبەتیی بۆ ئاراس، ئەمە بۆ فیکری سیاسیی ئەو نایاتەوە کە خۆی بخاتە سیوسیوەی ناسیۆنالیزمێک(کوردایەتیی)ەوە کە ٨٠ ساڵە کێم و زووخاوی فاشیزمە سیاسییەکەی دەخاتە گوڵبێنەی بزوتنەوەی “رزگارییخواز”ی کوردەوە.
ئەو دوو نووسەرە، ئاماژە بەوە دەکەن کە گرووپەکان لە عێراقدا متمانەیان بە دەوڵەت نییە و بە پێجەوانەشەوە دەوڵەتیش متمانەی بە گرووپەکان نییە و گرووپەکانیش متمانەیان بە یەکتر نییە، بەڵام ئەوە ناخەنەروو، بۆچی لە مێژووی عێراقدا ئەم متمانەیە دروست نەبووە؟ هۆکارەکەی چییە، دەوڵەتێکی وەک عێراق متمانەی بە گرووپ و بزوتنەوە چەکدارییە ناسیۆنالیزمە کوردییەکە نەبووە؟ لە کاتێدا بە درێژایی مێژووی عێراقی هاوچەرخ، ئەو بزوتتنەوە چەکدارییەی کورد، کرێگرتە و جێبەجێکاری ئەجێندای موخابەراتی ئێرانیی، ئیسرائیلیی، ئەمێریکیی و تورکیی، هتد.. بوون و هەن، ئەمە چۆن متمانەی پێدەکرێت؟
بۆچی ئەوان، لەسەر ئەو بابەتە قوڵنابنەوە(لەسەر ئەو بابەتە قسەیانکردووە و وتارەی ئەم هەفتەیەیان دەربارەی هەرێمی کوردستان بوو)، ئەوەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ “پیشەسازیی بەرهەمهێنانی ترس”ی لە هەرێمی کوردستان گەشەپێداوە ناسیۆنالیزمی کوردیی بووە. بەڵێ حکومەتی هەرێم و ماشێنە ئایدۆلۆژییەکەی(کوردایەتیی) بووە، نەک دەوڵەتی عێراق، ئەو حکومەتەی کە هەولێر و بادینانی کردووە بە کایەی خەساندن و تۆقاندنی ئەو مرۆڤانەی کە داوای بچووکتریین مافی ژیانی خۆیان دەکەن کە بژێوی ژیان و ئازادیی بییروڕایە؟ ئەمە ئەگەر نەزۆکی فیکری سیاسیی و لەبەر خاتری کوردەنامووسیی نەبێت چییە کە چاو لە بە تاڵان بردنی سامانی نیشتمانیی و بوونی دەیان بنکەی سەربازیی و موخابەراتیی فاشیزمی تورکیی بپۆشیت و فزەت لێوەنەیت کە بە قانون و دەستور و فاکتە ئەکادیمییەکان ئێمە وەک مرۆڤی کورد نزیک بە حەوت میلیۆن لە جیۆگرافیای سیاسیی عێراقدا دەژیەین کە بوونی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا داگیرکارییە، بەڵام بۆ دەوڵەتەکەی خۆمان کە عێراقە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی ترس؟ لە رێگەی نوخبەکانمانەوە، بەرهەم دەهێنینەوە. ئەو نوخبانەی بەردەوام رەخنەی سەطحیی لە پارتیی و یەکێتیی دەگرن، بەڵام لە باری فیکرییەوە، خزمەتی گەورە بەم عەمالەتە ئیقلیمییەی کوردایەتیی بەگشتیی و بە پارتییش بە تایبەتیی دەکەن.
بە هەمان دەربڕینی خۆیان کە دەوڵەتی عێراق “لە شەستەكانیشەوە توندوتیژیی‌و سوپاو ئەمن‌و موخابەرات‌و بەكارهێنانێكی نابوتی ئابوری نەوت، دەیپارێزێت”، هەمان بۆچوون بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان-عێراق دروستە و بەسەریدا جێکەوت دەبێت، ئەوا نزیک بە ٣٠ ساڵە بەم دەستورە لەلایەن کاڵفامتریین سیاسییەکانی دونیا و دونیای کوردایەتییەوە داگییرکراوە و بەڕێوەی دەبەن. ئەوەی ئەم هەرێمە دەپارێزێت گاردەکانی کوردایەتیی نییە، بەڵکو هەڵتەکاندنی ژێرخانی وڵاتەکەیە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان و ئەو چەتەگەرییەیە کە بە نەوت و گازی نەوەکانی ئێستا و داهاتووەی هەرێمی کوردستان-عێراقەوە دەکرێت. لە هەمووی مەسخەرەتر، نووسەران، باسی توندوتیژیی و سوپا و ئەمن و موخابەرات دەکەن کە کۆڵەکەی سەرەکیی عێراقە، بەڵام خۆیان لە عەمالەتە ئیقلیمییەکەی ئەیلول نادەن کە بە دەستوری موخابەراتی ئێران، ئیسرائیل و ئەمێریکا، شەڕیان بە عێراق فرۆشت! هۆکارەکەی ئەوەیە کوردەنامووسیی و سیلەی رەحمی ناسیۆنالیستانەی ئەم دوو برادەرە، نەک هەر تەجاوزی کوردایەتییەکەی مەلا موصطەفا و ئیبراهیم ئەحمەدی نەکردووە، بەڵکو لە ساڵی ٢٠٢٠ دەمەزەردی دەکەنەوە و بە زمانی نوخبەوە، بۆ دزەکانی ئێستای کوردایەتیی، ثیۆرایزی دەکەن.
ئەوان، ئەوە دەخەنە روو کە عێراق سێ پێکهاتەی جودای بێمتمانە بەیەکی هەیە، دەیانەوێت بە کەڕک-ی ناسیۆنالیزمی کوردیی ئەوە حەشار بدەن کە دەوڵەتی کوردییان دەوێت و دەیانەوێت عێراق پارچە ببێت و لای ئەوان ئەو پێکهاتانەیشی کەهەیە نا ساز و ناکۆکن. لێرەیشەوە بە ناڕاستەوخۆ، حەماسی کوردایەتیی و تەعەصوبی ناسیۆنالیستانەیان، بەرامبەر عەرەب، عێراق و شیعە هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە، بە مێژووی دروسبوونی عێراق، عەرەب و کورد لە ئاستی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و تەنانەت بایۆلۆژیی-یشدا هێندەی ئێستا تێکەڵاوی یەک نەبوونە و لە راستییشدا لە شەستەکانەوە تا ئێستا، ئەوە سیاسییەکانی کوردایەتیین، گێچەڵ بە دەوڵەتی عێراق، دەکەن.
ئەوەی ئەو دووانە لێدەدوێن، هەر ناسیۆنالیزمە مەدەنییەکەیانە، بەڵام لە ژێر ناوی رەخنە گرتن لە عێراق دەری دەربڕن و گێچەڵی ناسیۆنالیزمی مەزهەبیی(سوننیی) کوردییە، گێچەڵی ناسیۆنالیزمی طائیفیی طەریقەتیی کوردایەتییە بە شیعەی عێراقی دەکەن. پێشتر، باوەڕم وابوو لە هەموو مێژووی ئەم کوردایەتییە فاشیل و عەمیلەدا، ئەگەر مونەظیرێکی هەبێت ئەوە مەریوان وریا قانعە، بەڵام بەداخەوە، ئاراس فەتاحیش بووە مونەظیری دووەم بەم وتارەیاندا. لە کاتێکدا ئەوەی ئاگای لە فیکری سیاسییان، بێت و ئەدەبییاتی ئەم دوو نووسەرەی بە جیا خوێندبێتەوە، هەست دەکات روئییەی سیاسیی ناو ئەو وتارە، بۆچوونەکانی مەریوانە و ئیملائاتەکەی بەسەر ناوی ئاراسیشدا تەطبیق بووە.
وێڕای ئەوەی هەلومەرجی سیاسیی بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی عێراقدا، دوا بزماری لێدرا لە لایەن رائیدەکانی کوردایەتییەوە لە ریفراندۆمدا، ئەوەی منیش بزانم ئەم دوو نووسەرە، جورئەتیان نەکرد رەخنەی جدیی لە ریفراندۆم بگرن، بەڵکو تکایان لە پارتیی و لە بارزانیی دەکرد کە دەبێ حکومەتێکی نیشتمانیی و سوپای نیشتمانیی و رازییکردنی خەڵکمان لە پشت بێ ئەوکات، باسی سەربەخۆیی بکەین. لای کەم لەم سەردەم و قۆناغەدا، عەقڵی سیاسیی، توانا مرۆیی، ئابووریی، نێودەوڵەتییەکان بەشی ئەوە ناکات و یان هێز و بڕستی ئەوە نییە گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان-عێراق دا جیۆگرافیای سیاسیی خۆی جودا بکاتەوە و دەوڵەت بوونی خۆی رابگەیەنێت، ئەمە لە ئەرزی واقیعدا و لە زانستی سیاسیی و فیکرییشدا سەختە و باجی گەورەی مەترسییداری بە زیانی کورد لە پارچەکانی تری کوردستانیشدا دەبێت.
مرۆڤ ئەگەر رۆشنبییر بێت، هێندەی یەک مەیمونی–شەمپانزیی- ئەخلاقی سیاسیی و مەعریفەی سیاسیی لە بوونیدا هەبێت ئەو دزییەی چەتەکانی کوردایەتیی لە گەلی کوردی دەکەن و ئەجێنداکانی فاشیزمی تورکیی بەسەر ئێزیدخاندا جێکەوت دەکەن قەپ و قڕی لێناکات! نەک چەلەحانێی سیاسیی بکەیت و کوانوو لە عێراق و شیعە قانبدەیت و کینەی نەژادیی بە ناوی رەخنەوە بڕێژیت. شتێک کە زۆر باڵکێشە، نووسەران، ئەوە ساغ دەکەنەوە کە کۆنتراکتێکیان لەگەڵ “درەو مێدیا”دا هەیە و ئەم نووسیینانە بۆ عەرەبیی وەردەگێڕن. بەدەر لەوەی بۆ دوو نووسەری ناسراوی کورد، عارێکی گەورەی رۆشنبییریی و ئەدەبییشە بە کوردیی بۆ گەلی عێراق بنووسن و بە کۆنتراکت بۆیان وەرگێڕن. راستیی ئەگەر ئەو وتارەیان بۆ عەرەبیی وەکو خۆی وەربگێڕدرێت، ئەوە گەنجانی عێراق، گەنجانی بەغداد و بەصرە و شارەکانی تری عێراق، چۆن نەفرەتیان بۆ دزەکانی کوردایەتیی دەنارد، نەفرەتیش بۆ ئەم دوو نووسەرە و نوخبەی نەتەوەپەرست و نەژادپەرستی کورد دەنێرن.

ئێستا لە دوای ئەوەی حەماسی بارزانیی و پارتیی و حیزبە نەتەوەییەکانی تر نیشتووەتەوە، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و بەتایبەت گەنجان بە دەست بێکاریی، هەژاریی و نەبوونیی و بێ پارەییەوە دەناڵێنن. ئەم دوو نووسەرە تاراوگەنشیینە، حەماسی کوردایەتییان رەپ بووە و دەستیان کردووە بە ئەهریمەنکردنی عێراق و عەرەب و پێکهاتەکانی عێڕاق، ئەمانەیش راستەخۆ و ناڕاستەوخۆ، خزمەتێکی بێ بەرامبەرە بەو چەتەگەریی و عەمالەتە ئیقلیمییەی کوردایەتیی…

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish