 
	کۆمەڵگای بە بەرد بووەکان … نەوزاد بەندی
میللەتێکین ئەوەندەی موویەک لە ھەست و بۆچووندا پێش نەکەوتووین .. ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕوویان داوە ، تەنھا لە ڕووکەش و ڕوخسارماندایە ئەویش لە ژێر کاریگەری و لاساییکردنەوەی ڕووکەش و ڕوخساری گەلانی تردا ڕوویانداوە نەک داھێنانی خۆمان بوو بێ ..
ئەو کوڕە گەنجە ئەو پیاوە پیرەی  کەدەیانبینی بە  پانتۆڵی جینز و چاکەت و پانتۆڵەوە .. بە قژ و مۆدێلی ڕیشی وەک فڵان یاریزانی  جیھانی یان فڵان ئەکتەری ھۆلیودەوە ، ھەر ھەڵگری عەقڵیەتی ھەمان جوتیاری نەخوێبدەوار و ڕەنجەڕۆن کە ئاغا و بەگەکان ساڵ چوار وەرزە ئیش و بێگارییان پێ دەکردن و لە ژێر داردا دایاندەڕزاندن و  بەری ڕەنجیان دەبردن و چەندین  باجی وەک سەرانە  و  پوشانەیان لەسەر دەکردن بە ماڵ و .. نقەیشیان لێوە نەدەھات و ..شەرعیەتیان بەو زوڵم و زۆرە دەدا و دەیانووت  تێڵا لە بەھەشتەوە ھاتووە و .. ئەم ئاغا و بەگانە  خەلیفە و سێبەری خوان لەسەر زەوی و ..ڕەچەڵەک و ئەسڵ و فەسڵیان تایبەتە و خوا گیان سەر و ماڵ و ڕەنج و ڕزق و ڕۆزی ئێمەی  پێ حەڵاڵ کردوون ..ئەم  کوڕ و پیاو و پیرەمێردەی ئەمڕۆ کە بە جوڵە و پۆشاک و عەتر  و ھەڵس و کەوت ڕێک مرۆڤێکی ھاوچەرخی ئەوروپیت بۆ بەرجەستە دەکەن  بە موو لەو  پاڵە و ئەڵقە لەگوێیەی ھەزار  ساڵ پێش ئێستا لایان نەداوە و ھەرچی جۆری زوڵم و زۆر و بێگاری وبێ مافی وبرسێتی و بێکارییە قبوڵیانە و ..زۆر جاریش شانازییان پێوە دەکەن و جۆرەھا بڕ و بیانوو دێننەوە بۆ  جوانکردنی دەستەمۆیی و ڕەنجەڕۆیی و زەلیل بوون و برسێتی و وێرانبوونەکەیان..ھەتا  داماو و برسیتر بکرێن ، ژیانیان  زیاتر لا شیرین دەبێ  و زیاتر زاوزێ دەکەن و کۆیلەی زیاتر ئەخەنەوە ، ڕێک  وەک جوتیارەکەی پێش ھەزار ساڵ کە تاکە چالاکی لە  ژیانیدا کۆیلە خستنەوە و برسی خستنەوە و خزمەتکار و کارەکەر خستنەوە بوو، بە  جۆرێک  کە لە ڕەگەزی وەچەکەی دەپرسیت ، ئەگەر کوڕ بێ  ئەڵێ خزمەتکارێکی تۆمان بووە و  ئەگور کچیشی بووبێ ئەڵێ  کارەکەرێکی تۆمان بووە ، ئەمە  ھەر فەلسەفەی پوچی  جوتیارەکەی پێش ھەزار ساڵە کە لەگەڵ لەدایکبوونی کۆیلەیەکیدا یەکسەر بەرگی کارەکەری و خزمەتکاری بە بەردا دەبڕی ..
بە ھەمان شێوە ئەو کچ و ژنەی کە  ئەمڕۆ بە جل و بەرگ و بۆتۆکس وەک  ئەکتەرەکانی ھۆلیود وایە، ھەر ھەمان عەقڵی نەخۆشی  ژنە جوتیارەکەی ھەزار ساڵ پێش ئێستا بەڕێوەی دەبات  و خەون بە کوڕە ئاغایەک یان بەگلەرێکەوە دەبینێ داوای  دەستی بکات و لە زێڕی ھەڵکێشێ ..ھەر ھەمان ڕۆحیەتی ژنە جوتیارە مەکر و حیلە بازەکەی ھەزار ساڵ پێش  ئێستای تێدایە کە  زەبری کاریگەری لە ڕێی دۆعا و نوشتەوە دەوەشاند ، بڕۆ  دوکانی فاڵچی و  ساحیرەکان سیخناخن لەو کچ و   ژنانەی کە بە  مۆرفۆلۆجی ئەوروپین و بە سایکۆلۆجیش ھەرژنە فێڵبازە درۆزنە نوشتەبازەکەی ھەزار ساڵ پێش ئێستان..
لە وەھا بارودۆخێکدا ئاغاکانی ھەزار ساڵ پێش ئێستا بە بەرگ و ناو وپۆستی تازەوە دێنەوە و ..تەڕ و وشکی کۆمەڵگا دواکەوتووەکە بۆ خۆیان دەبەن و ..ڕێک وەک ڕانە مەڕ و مێگەل لێیان دەخوڕن ..
کەواتە ھەتا گۆڕانکاری لە کەسایەتیماندا نەکەین و ..واز لە کولتوری جوتیارەکەی ھەزار ساڵ پێش ئێستا نەھێنین ، سبەینێ لە ئەمڕۆ خراپتر ئەبێ..
— نەوزاد بەندی—


 
			 
			 
			