وێرانەکانی جیهان.. ڕوشدی جەعفەر
لە ئەوروپای سەدەی هەژدەدا، لە لایەکەوە “گەشبینیی لایبنیزی” و لە لایەکی ترەوە “ڕەشبینیی ڤۆڵتێری” هەیە. هەرکام لەم گەشبینی و ڕەشبینییەش بەستراونەتەوە بە دوو تێڕوانینی جیاواز لەمەڕ خراپە، ئازار و جیهانی ڕێتێچوو. لایبنیز پێی وابوو ئەو ڕاستییەی کە ئەم جیهانەی ئێمە لێی دەژین پڕە لە خراپە و ئازار، عەدالەتی خودا تووشی گرفت ناکات. خراپە بەشێکە لە سووڕی عەدالەتی خودا خۆی. لایبنیز لە ئەرگۆمێنتێکی پێنج هەنگاودا، دەگاتە سەر ئەو بۆچوونە ناودار (و بەدناو)ەی کە ئەم جیهانەی ئێستا “باشترین جیهانی مومکین و ڕێتێچووە (the best of all possible worlds)”: “یەکەم، خودا کائینێکی هەمەتوانا و هەمووشتزان و سەراپا چاکە؛ دووەم، خودا ئەو جیهانەی درووستکردووە کە ئێستا ئێمە لێی دەژین؛ سێیەم، خودا دەیتوانی جیهانێکی جیاوازتریش درووست بکات، یان هەر هیچ جیهانێک درووست نەکات (با بڵێین، کۆمەڵێک جیهانی مومکین و ڕێتێچووی دیکەش هەن)؛ چوارەم، چونکە خودا هەمەتوانا و هەمووشتزانە، ئەوا دەیزانی کامە جیهان باشترینە و دەشیتوانی بیئافرێنێت، چونکە سەراپا چاکەیشە بڕیاری دا ئەم جیهانەی ئێستا بئافرێنێت؛ پێنجەم، هەربۆیە، ئەم جیهانەی ئێستا، واتە ئەو جیهانەی خودا ئەفراندوویەتی، باشترین جیهانی مومکین و ڕێتێچووە”. (کورتەی ئەم ئەرگۆمێنتە لە ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا وەرگیراوە). بەم جۆرە، لەم تێڕوانینە تیۆلۆژییەدا، خراپە شتێکی ناچاری و زەروورە. ئەو شەڕ و ئازار و خراپەیەی لەسەر ئەم دونیایەدا هەن گومان ناخەنە سەر توانا، زانین، بەخشندەیی و چاکەکاریی خودا. تەنانەت ئەگەر بوترێت خۆ دەکرێت وێنای جیهانێک بکەین خراپەی کەمتر تێدا بێت، ئەوا لەم ڕوانگە لایبنیزییەوە، بانگەشەیەکی هەڵەیە، چونکە مادام ئێمە ئەو جیهانە وێنانەکراوەمان تاقینەکردۆتەوە، دەشێت لەم جیهانەی ئێستاش خراپتر بێت.
چل و شتێک ساڵ دوای داکۆکییەکەی لایبنیز لە خودا، واتە لە ساڵی 1755دا، بوومەلەرزەیەکی گەورە شاری لیشبۆنە، پایتەختی پرتوگالی هەژاند، و بووە هۆی مردنی دەیان هەزار کەس و تەختبوونی شارەکە. هەندێ لە مێژوونووسانی فیکر، بە بوومەلەرزەیەکی تیۆلۆژی-فەلسەفیش دایدەنێن. بوومەلەرزەیەک کە وادەکات بە مانای “گەشبینی”، “عەدالەتی خودا”، “خراپە”، “ئازار” و هتد بچنەوە (هەڵبەت بە پلەی یەک لەناو بازنە فەلسەفییەکاندا، نەک ئەوەی هەموو کونج و کەلەبەرەکانی ژیانی گشتی گرتبێتەوە.) بوومەلەرزەکەی لیشبۆنە لە سیاقێکدا ڕوویدا کە تازە خەریک بوو دەوڵەت-نەتەوەکان درووست بن، مۆدێرنە و ترادیسیۆن هەر لە سەرەتای ململانێدا بوون. وێڕای ئەوەی کە بوومەلەرزەکە لە پایتەختێکی ئەوروپای مەسیحینشین ڕوویدا (چونکە بۆ نموونە ئەگەر ئەم بوومەلەرزەیە هی شارێکی نا-ئەورووپی و نا-مەسیحی بووایە، نەدەبووە مایەی “بوومەلەرزەیەکی فیکری”ش، بەڵکو یان نادیدەدەگیرا یان بە سزای خوا بۆ بێباوەڕان دەبەسترایەوە).
هەر لەو ساڵەی بوومەلەرزەکە ڕوویدا، ڤۆڵتێر شیعرێکی درێژی دەربارەی نووسی، بە ناونیشانی “شیعرێک دەربارەی بوومەلەرزەکەی لیشبۆنە”. ڕەنگە لەبەر ئەوە تێڕوانینەکەشی بە شیعر خستبێتەڕوو، چونکە شیعر هاوخەمییەکی پڕخرۆشتری تێدایە، لە فۆرم و ناوەڕۆکیشدا، بە پێچەوانەی ئەو فەلسەفەیەی کە ڤۆڵتێر بە خەمسارد و بێباک و “هەڵە” دەیزانی (وەکو فەلسەفەی لایبنیز). چەند ساڵێک دواتریش ڕۆمانی “کاندید”ی بڵاوکردەوە کە تەوسێک بوو لەم “گەشبینییە” تیۆلۆژییە. ڕەخنەی فەیلەسووفانی ڕۆشنگەری لە تیۆلۆژیای مەسیحی لە ڕەخنە لەم گەشبینییە جیانابێتەوە.
ڤۆڵتێر تێڕوانینێکی ڕەشبینانەتری دەرهەق بە ژیان هەیە. دۆخی ئاسایی ژیان، بەدەر لە کارەساتەکانیش، پڕە لە ئازار و چارەڕەشی، بەڵام کە کارەساتێک ڕوودەدات ئەم ئازارە چەند قات دەبێتەوە.
لە یەکەم دێڕی شیعرەکەدا ڤۆڵتێر وشەی “فانی (mortal)” بەکاردێنێت: هەر ئەوەی کە ئێمە بوونەوەرێکی کۆتادار و فانین سەرچاوەی ڕەشبینییە فەلسەفییەکەی ڤۆڵتێرە. مادام ئێمە بوونەوەرێکی ڕووەو مەرگ و لەناوچوونین، ئەوا لە کۆتا لێکدانەوەدا تێکڕای ئەو ئازارەی دەیچێژین بێهودە و بێسوودە. بەڵام ئەم ڕاستییە وا لە ڤۆڵتێر ناکات بانگەشە بۆ بێباکی و دەستهەڵگرتن بکات. بەڵکو لە هەناوی ئەم ڕەشبینییەوە، هیوایەک دێتەدەر: ڤۆڵتێر وای دەبینێت ئەگەر بڵێین لە ئێستادا، واتە لەو ڕۆژگارەی ڤۆڵتێر تێیدا دەژیا، هەموو شت باشە، خۆمان فریوداوە و کەوتووینەتە تەڵەی وەهمەوە، بەڵام ئەگەر بڵێین ڕەنگە لە داهاتوودا، لە ڕۆژگارێکی تر هەموو شت باش بێت، ئەوا هێندە بەهەڵەدا نەچووین. ئەم داهاتووە، هەمان باوەڕی ناسراوی ڕۆشنگەرەکانە بە بەرەوپێشچوون- و دواجار دەرکەوت ئەم باوەڕەش هەر بەلاڕێدابەرە، گەرچی حەتمی و خۆلێلانەدراویشە.
دۆخی چارەڕەشی مرۆڤ وا لە ڤۆڵتێر دەکات لەو گوزارشتە تیۆلۆژییە بپێچێتەوە کە دەڵێت “هەموو شت باشە” (All is well) یان “هەر شتێک بوونی هەبێت، حەقە” (whatever is, is right). بەپێی ئەم ئەکسیۆمە، هەر شتێک، هەر خراپەیەک، هەر هەڵەوپەڵەیەک لەم جیهانەدا هەبێت پاساوی خۆی هەیە، تەنانەت کارەساتەکانیش لەسەر ئیرادەی خودا ڕوودەدەن، مەرامێکی شاراوەیان لەپشتە، بەشێکن لە عەدالەتی خودایی، سزای گوناحی مرۆڤەکانە و هتد. ڤۆڵتێر دەپرسێت، ئەگەر بڵێین خودا سزای گوناحباران دەدات، ئەی خۆ مناڵانی شیرەخۆرەش لەم کارەساتانەدا دەمرن؟ مەگەر ئەوان چ گوناحێکیان هەیە تا بکەونە بەر غەزەبی خودا؟ یان ئەگەر بڵێین خوا ئەم یان ئەو شار لەبەر خراپەکاری سزا دەدات و ئافاتیان بەسەر دەبارێنێت، ئەی چی بڵێین دەربارەی ئەوەی شارگەلێکی خراپەکارتر لە شارە نەفرەتلێکراوەکان هەن و کەچی هەر بەپێوەن؟ لە شیعرەکەدا ڤۆڵتێر دەڵێت خۆ پاریس و لەندەن لە لیشبۆنە باشتر نین، بگرە ئەوان زیاتریش لە چێژە دونیاییەکان نوقمن، ئەی بۆچی خوا بەتەنیا لیشبۆنەی تەفروتوناکرد و لە پاریسدا خەڵک هەر خەریکی سەما و هەڵپەڕینن؟ کارەسات، پرسی خراپە زەقدەکاتەوە و تێڕوانینی تیۆلۆژی تووشی قەیران دەکات. واتە لەم شیعرەدا ڤۆڵتێر داکۆکییەکەی لایبنیز دەخاتە ژێر پرسیارەوە: بیرۆکەی ئەوەی کارەساتەکان شتێکی ناچارین لەڕاستیدا ناکۆکە لەگەڵ ئایدیای خودای هەمەتوانا، چونکە ئەم ناچارییە دژە لەگەڵ قودرەتی خودا؛ گەر باوەڕدارێک بڵێت ئەم کارەساتە هەر دەبووایە ڕووبدات، ڤۆڵتێر واتەنی “سنوور”ی بۆ توانای خودا داناوە. بەڵام بەهەمانشێوە گەر بوترێت کارەساتەکان بە ئیرادەی خوا ڕوودەدەن، دیسانەوە ناکۆکە لەگەڵ بیرۆکەی بەزەیی و میهرەبانی و عەدالەتی خودا، چونکە ئەوە چۆنە لەمیانی ئەم کارەساتەدا بێتاوان و مناڵانیش دەمرن؟ ئەم گومانە لەم وێنایەی خودا گومانێکی مۆدێرن و ڕۆشنگەرانەیە.
ئەو شتەی ڤۆڵتێر و کەسانی دیکەش لەمیانی کارەساتەکاندا دەهەژێنێت نەک تەنیا مردنی بێشوماری مرۆڤەکان بەڵکو شێوازی کارەساتاوی مردن و ئازارچەشتنیشە: هەلاهەلابوون، لێبوونەوەی ئەندامەکانی جەستە، گیرخواردن لەبن داروپەردووی کەلاوەکان تا گیان دەرچوون. بەدەر لە بیرۆکەی عەدالەتی خودا و باشترین جیهانی مومکین، ئەم جۆرە مردنە لێدانە لەو فەنتازیایەی دەربارەی مەرگی ئارامیش هەیە: مردنێکی بەکاوەخۆ و تۆقێنەر. مردووانی چنگی کارەساتەکان نەک تەنیا ژیان بەڵکو مردنێکی ئارامیش لەدەستدەدەن. لە کارەساتدا، کەوڵە هارمۆنیەکەی سرووشت دەکەوێت، و لەجیاتییەکەیدا وەک بێگانەیەک، وەک “ڕیاڵ”ێک هەڵدەکوتێتە سەرمان. کارەسات، پەلاماری ڕیاڵە بۆ سەر پانتایی ڕەمزیی مرۆڤەکان.
“ئارامیی تەماشاکاران” ئەو شتەیە کە ڤۆڵتێر بە خەمساردییەکی نامرۆیی دایدەنێت، و دەیداتەپاڵ فەیلەسووفێکی وەک لایبنیز و میراتگرانی. بەڵام لێرەدا دەبێ ئێستێک بکەین: ئاخۆ ئەو کەسانەی وا ئەرز لەبن پێیان دەهەژێت، ئامادەن هێندە بەسانایی وێنای ناو سەریشیان بهەژێنن؟ ئەم “ئارامییە” میکانیزمێکی دەروونییە تاکو بەر بە بوومەلەرزەی فیکری بگیرێت. بۆ نموونە کەسێکی باوەڕدار کە شایەتحاڵی کارەساتێکە ڕەنگە لەباتی ئەوەی چیتر لە مانای خودا بکەوێتە گومان، خودی ئەم کارەساتە بە تاقیکردنەوە و ئیرادەی خودا ببەستێتەوە. ترسی باوەڕدار لە لەدەستچوونی ئاسمان کەمتر نییە لە ترسەکەی لە لەدەستچوونی زەوی.