Skip to Content

لەبارەی نۆڤلێتی(کچەی خوێنەر) کەمێ دەدوێم-3.. نووسینی: تەلار تاهیر

لەبارەی نۆڤلێتی(کچەی خوێنەر) کەمێ دەدوێم-3.. نووسینی: تەلار تاهیر

Closed
by شوبات 11, 2023 General, Literature

  • بەشی سێیەم


    ئەو ڕۆشنبیرانەی کە زەفەریان بە کچەی خوێنەر برد ، جۆرێکی تری قوربانین ، چونکە چەند ڕۆشنبیر بیت ، ئەگەر لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتووە گەمارۆ بدرێیت کاریگەری نەرێنی لەسەر بیروباوەڕت هەر بەجێدەهێڵن ، ( فیۆدۆر دۆستۆڤسکی ) لە ڕۆمانی ( شەیتانەکان ) ئاماژە بەوە دەکات ( بیروباوەڕیش وەك ڤایرۆس واهایە، ڤایرۆس بەتەنیا توشی جەستە نەبێت، بەڵکو دەکرێت توشی عەقڵیش بێت ) .
    یاخۆ لە کیمیابارانی هەڵەبجە باسی ئەو کەسانە ناکەم کە شەهید بوون ، بەڵکو باسی ئەو کەسانە دەکەم کە ڕزگاریان بوو لەو کارەساتە ، ئەگەرچی ڕزگاریان بوو بەڵام ، بە ئێستەیشەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر دڵ و دەروونیان جێهشتووە، واتە دەتوانین بڵێین عەقڵێتی پیاوسالاریش جەنگێکە دەبێت هەمیشە لە ڕوو بەڕوو بوونەوەیە بیت.
    لە مێژووی کتێب و مەعریفەیە نەمبینیووە کەسێك بوبێتە قوربانی هاوشێوەی کچەی خوێنەر، مەگەر کەسێکی وەك جاحز کاتێك کتێبخانەکە دەڕوخێت بەسەریدا، بەڵام ئەمە لەدوو حاڵەتی جیاوازن، بەڵام ئەمە هەرچۆنێك بێت لەکۆتادا عەشقە، عەشقیش بەبێ قوربانیدان بوونی نییە.
    تاوانی کتێب چیە؟ئەگەر قوتابیەکە بەهۆی گەمژەیی مامۆستایەکەوە دڵی لە قوتابخانە و ڕێگای بەرزی مەعریفە بتۆڕێت.
    تاوانی قورئان چییە ؟ ئەگەر کەسێك هاوشێوەی نوسەری گەورە تەها حوسێن بەهۆی چەند مەلایەکی نەزانەوە دڵی لە پاکی و جوانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بتۆرێت.
    یەکێك لەهەڵە دیارەکانی کچەی خوێنەر ئەوە بوو ویستی لە ڕێی جەستەوە مانەوەی هەمیشەی خۆی لە دنیای مەعریفەیە بۆ خۆی مسۆگەر بکات ، بێئاگا لەوەی دنیای ڕۆشبیری لەگەڵ دنیای سۆز و عاتفیەتدا بۆ هەمیشە یەك ناگرێتەوە، چونکە لە دنیای ڕۆشنگەری هەمیشە عەقڵ باڵادەستە، هەر بۆیە بە کچێکی خراپ لە قەڵەم درا، هەرچەندە ڕۆشنبیر ئەو کەسە نییە کە هەڵە نەکات، بەڵکو ئەو کەسەیە هەمیشە وانە لەهەڵەکانی خۆییەوە فێر بێت.
    لە خوڕەم سوڵتانیان دەپرسن: چۆن پیربوویتە لەکاتێکدا سوڵتان سلێمان هەر خۆشیدەوێی؟
    ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: ( جوانی ڕوخسار هەر ماوەیەك دەتوانێت حوکم بکات، بەڵام جوانی عەقڵ بۆ هەمیشە، ئەگەر بتەوێت جێگات لە دڵی بەرانبەرەکانت بهێڵیتەوە دەبێت عەقڵ هەمیشە سەنتەر بێت ) .
    کاتێك هەر جارەو ڕۆشنبیرێك بۆ حەزێکی کاتی خوی بەڵێنی درۆ بە کچەی خوێنەر دەدا، ئەم جۆرە ڕەفتارە جۆرە حاڵەتێکی دەروونی ناخۆش و بەئازاری لەلای کچەی خوێنەر دروست کرد تا دەگاتە ئاستێك دەستی دەچێتە خوێنی مەولوود ئەحمەدی چیرۆکنوس و دەیکوژێت، لە چیرۆکی ئەو مەڕەی بوو بە گورگی عەزیز نەسین، باسی مەرێك دەکات کە خاوەنەکەی هەمیشە ئازاری دەدات، لە ئەنجامی ئەو ئازارانە مەڕەکە دەبێت بە گورگ و دڕەندە، لە دوایدا دەڵێت: تکایە شتێك مەکەن مەڕەکان ببن بە گورگ.
    کچەی خوێنەریش لە ئەنجامی ئازارێکی زۆرەوە دەبێت بە مرۆڤکوژ ، لێرەیشدا مەبەستم ئەوە نییە ئافرەت بیشوبێنم بە مەڕ ، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە بوونی ئەو ئازارە سەختانەیە کە مرۆڤ و بوونەوەرەکان لە پەڕی سادەیی و میهرەبانیەوە دەیانکاتە بە دەڕندە.
    مەرجیش نییە هەموو نوسەرێك ڕۆشنبیر بێت، بەڵام ڕەنگە زۆرینەی تاکەکان کۆمەڵگە ناتوانن قەناعەت بەوە بکەن، کە ناکرێت نوسەرو شانۆکار هتد..
    ڕۆشنبیر نەبن، هەر بۆیە کچەی خوێنەریش دەکەوێتە ناو ئەو هەڵەیەوە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕۆشنبیریش بن شێوازی پەیوەندی و جۆری نزیکبوونەوەی ناهۆشیارانە لەبەرزی و شکۆمەندی مرۆڤ دەخات.
    ئەم نۆڤلێتە هەر ڕەخنە لە دنیای مەعریفە ناگرێت، بەڵکو ئاماژەییە بۆ ئەو ناخۆشی و نەهامەتیی ئافرەتان لە کۆمەڵگایەکی دواکەتوودا.
    وەك لە بەشی دووەمی کچەی خوێنەر ئاماژەم بەوە کرد، کە دەکرا بڕێکی تر درێژەیی بابەتەکە بکردایە، بەڵام هەندێجار نووسەران دەیانەوێت هەندێ بابەتی نووسینەکانیان بۆ خوێنەری بەجێبەهێڵن، واتە خوێنەر ئاوێتەو تەواوکەری دنیای نوسینەکانی خۆیانیان بکەن، بەڵام ئەمە هەرچۆنێك بێت نیهاد جامی ڕەچکەشکێنە، بەوەی ئەو بابەتانەی نەوتراوە تا ئێستە ئەم ئاماژەیی بۆ دەکات، کورد گوتەنی: ئەوەی لە ژێر بەڕەیە، دەیخاتەسەر بەڕە .
    ئەو کەسەی یارمەتی کچەی خوێنەری دا لە فیلمە دۆکۆمێنتارەکە لەکۆتادا حەز لە کچەی خوێنەر دەکات، بەهەموو خاڵە نەرێنیەکانەوە کچەی خوێنەر قەبووڵ دەکات، بۆ نموونە لە شوێنکدا دەڵێت:
    ئێستە لە دوا گرتەی فیلمەکە من پێی دەڵێم(( من عاشقی تۆم، دەمەوێت ببیتە هاوسەرم ..تا کچێکمان هەبێت بە ناوی باران ))
    باران، ڕەنگە مەبەستی بارانی ئەو بەختەوەرییە بێت، کە لە ژێر سایەی تێگەیشتن و خۆشەویستیەکی ژیرانە هاوشێوەی چیرۆکی گوڵی بەربارانی هێمن بەرزنجی کۆیان دەکاتەوە، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، ئەگەرچی نوسەر لەم نۆڤلێتە ڕەخنە لە پیاو دەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتە دەیەوێت بڵێت مەرج نییە هەموو پیاوێکی ڕۆشنبیر ئاستی تێگەیشتنیان بۆ ژن و ژیان وەك یەك بێت، لەلایەکی ترەوە فیلمە دیکومینتارەکە ئاماژەیە بۆ شۆرش دژی عەقلێتی پیاوسالاری، چونکە شۆرش هەر ئەوە نییە بڕژێتە سەر شەقام، بەڵکو بەپێی ڕەخساندنی باردۆخەکەیە کە چۆن لەو ڕوانگەیەوە بۆت دەگونجێت ئەسپی خۆت تاو بدەیت، وەك چۆن شەهرزاد لە ڕۆمانی هەزار و یەكشەوەیە لەناو کۆشکێدا شۆرشی کرد.
    بە بۆچوونی منیش ئەگەر بریار بێت لە داهاتووە شۆرشێکی عەقڵانی بکرێت، لە پێناوی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، دەبێت ئافرەت پێشڕەوی ئەو شۆڕشە بێت، چونکە مادام ئافرەت توانای ئەوەی هەبێت ببێت بەدایك و لە پێناوی ڕۆڵەکانی باکی نەبێت بە سەختی ژیان، ئەوە دەتوانێت گەورەترین گۆڕانکاری بکات، چونکە هیچ هێز و توانایەك ناگاتە هێزی ئەو میهرەبانیەی کە لە ناخی دایكە وەك ئاگرێك بڵێسە دەدەت، مەگەر ئاگرەکەی باوەگوڕگوڕ هێندەی ناخی دایك بڵێسەدار بێت.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish