
حه‌قیقه‌تی كاندید بوون … شوان مه‌مه‌ندی
هه‌ڵبژاردن یه‌كێكه له پایه سه‌ره‌كییه‌كانی سیستەمی دیموكراتی، گه‌ل له ڕێگه‌یه‌وه متمانه ئه‌به‌خشێته ئه‌و پاڵوێوڕاوانهی كه جێگه‌ی متمانه‌ی خۆیانن، ئێمه چه‌ند ڕۆژێكی كه‌ممان ماوه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ، ژماره‌یه‌ك كاندید له لیستی جیاواز، خۆیان بهربژێركردووهو هه‌ریه‌كه و له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه چانسی سه‌ركه‌وتن بۆخۆی مسۆگه‌ر بكات، ئه‌وه‌ی گه‌ره‌كمه بیخه‌مه ڕوو، كاندیدانی كورد له كوێی هاوكێشه‌ی( ده‌نگم پێبده و خزمه‌تی حه‌قیقیت ده‌كه‌م)دانه، زۆرینه‌ی كاندیدانی كورد له خوله‌كانی ڕابردوو، ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت كه بوونی خۆیان به كردار سه‌لماندووه، به‌چاوی خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن چوونه‌ته به‌غدا، بۆ خۆیان و خانه‌واده‌كه‌یان و له‌سه‌ر رووی هه‌مووشیانه‌وه بۆ حزبه‌كه‌یان، گه‌رنا سودیان بۆ خه‌ڵكه عوامهكه نه‌بووه(چینی ڕه‌ش و ڕووت)، كه به چه‌ندین به‌ڵێنی بێكردارو دوور له ڕاستی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێندراون، خۆم كاندیدی خولی پێشوو ئه‌ناسم كه تاوه‌كو نه‌بوو به ئه‌ندام په‌رله‌مان فلیپینی هاورده نه‌كرد بۆ ماڵه‌كه‌ی، ئه‌وه باسی سه‌فره‌و سیاحهو پاسه‌وانی بن دیوار هه‌ر مه‌پرسه، ئه‌وه باسی جوانكاری‌و قژلێنانهوهش له‌لایه‌كی تر، كاكی ئه‌ندام په‌رله‌مان له خۆت پرسیووه گه‌ر ده‌نگی ئه‌م خه‌ڵكه نه‌بوایه پێشتر ئه‌مه‌ت بۆ نه‌ئه‌كرا، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش بۆ زمان پاراوی عه‌ره‌بی زۆرێكییان نه‌بایان دێت نه‌باران، ئه‌مانه بۆ چی كه خه‌ڵك متمانه‌یان پێبه‌خشین خۆیان لا ئه‌بێت به‌ره‌قه‌م یه‌ك و خۆیان لێ ئه‌گۆڕدرێت، خه‌ڵك ئه‌بێت پرسیاری ئه‌وه بكات كامانه‌ن ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه شمولی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست وباشوری عێراق كراون، ئه‌مان به سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی خۆیان هێناویانن بۆ ئێره‌ش، ته‌نها له ساتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن نه بێت، ڕۆژێك نه‌مان بینی چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێك كه هه‌رێمه‌كه‌ت له سه‌ختترین دۆخی سه پێندراوی ئابووری دایه، هه‌ر هیچ نه بێت كه‌لێنك پربكه‌نه‌وه، له ڕێگه‌ی گرتنه ئه‌ستۆی چاره‌سه‌ری چه‌ند نه‌خۆشێكی درێژخایه‌ن، كۆتایی به سیسته‌می قوتابخانه‌ی ژووره 40 و قوتابی50 بهێندرێت، پڕۆژه‌یه‌كی ته‌واو نه‌كراوی ڕێگاو بان ته‌واو بكه‌ن، بێتواناییان له ڕازیكردنی ڕای گشتی شه‌قامی عێراقی كه فه‌رمانبه‌ری كورد عه‌ره‌ب هیج جیاكارێك نابێت له نێوانیاندا هه بێت له ڕووی مافه‌وه.
به‌ڵام له جیاتی شهر بكه‌ن بۆ مافی هاونیشتیمانیانی خۆیان كه چی شه‌ڕی به وه‌كاله‌تی وڵاتان ئه‌كه‌ن، خه‌ڵك به كوله‌مه‌رگی ئه‌ژیت كه چی ئه‌مان ئه‌وه‌نده ساڵه خه‌ریكی زیاد كردنی داهات بوونه بۆ گیرفانی تێرنه‌بووی حزبهكانییان، ئایا هه‌ر به ڕاست ئه‌مه‌یه كاندیدی حه‌قیقی بۆ بوون به په‌رله‌مانتار، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی فردریك نیتشه جێگه‌ی تێڕامانه كه ئه‌ڵێت( قوڕسترین جۆره‌كانی خزمه‌تكردن، خزمه‌تكردنی حه‌قیقه‌ته)، ئایا هه‌ر به‌ڕاست كاندیدی نوێش ئه‌توانن ڕووبه‌ڕووی ناخی خۆیان ببنه‌وه، كه مافی هاوڵاتییان له سه‌ر وی مافی خۆیان ببینن.