Skip to Content

ئایا لەسەر کوردبوون، دوژمنایەتیی کورد ئەکرێت؟.. کامیار سابیر

ئایا لەسەر کوردبوون، دوژمنایەتیی کورد ئەکرێت؟.. کامیار سابیر

Closed
by September 8, 2022 General, Opinion


چۆن تێزەکەی ئارێنت، فاشیزمی کوردیی بەرهەم ئەهێنێت؟

ئارێنت، تا تەمەنی ٣٥ ساڵیی کە لە فڕانسەوە رۆیشتووە بۆ ئەمێریکا، ١٨ ساڵی لە بێدەوڵەتییدا بەسەر بردووە، دۆکیومێنتێکی رەسمیی دەست نەکەوتووە کە سەفەری پێبکات تا بە قاچاغ دەریکردووە، ئەم هەست بە زەبوونییکردنە ئەوەندە کارییگەرییان لەسەر بییرکردنەوە و روئییەی سیاسیی ئەو داناوە کە زایۆنییانە بییر بکاتەوە، پێشئەوەی وەکو ئینسانێکی ئازادییخوازی جوولەکە بییر بکاتەوە، تەنانەت لەگەڵ رێخکراوی زایۆنیی( عالیات هانوعار-Youth Aliyah ) کاری کردووە.

لەو ماوەیەدا کە نازیزم و فاشیزمی ئاڵمانیی، دژی جوولەکە و دژە-سامییبوون antisemitism لە ترۆپکدا بوو، شێوازی بییرکردنەوەی هانا ئارێنت شکڵی گرتووە و وەکو زایۆنیستێک لە دونیای رووانییوە. بە قەولی خۆی، سەرەتای منداڵیی گوێی بە جوولەکەبوونەکەیشی نەداوە، لە بیستەکانی صەدەی رابردوودا، ئەنتی سێمیتیزم کاری تێکردووە و فیکری سیاسیی لەسەر پەرچەکردار و تۆڵەئەستاندنەوە، گەڵاڵە بووە. ئەو کاتێک لە سەرەتای چلەکانی چەرخی رابردوو، لە کامپەکانی فڕانسەوە بە خاکی ئیسپانیادا و لە پۆرتوگالەوە، دەرفەتی هەڵهاتنی بۆ هەڵکەوت، رووی لە ئەمێریکا کرد.

ئارێنت، بەهۆی بییرکردنەوە پارادۆکسەکانیەوە، زۆرجار ئەکەوتە بەر رەخنەی توندی جووەکان و حەرەکەی زایۆنیی، بە تایبەتیی کاتێ هەڵسوکەوتەکانی تاوانباری جەنگ “ئایخمان” ی بە هەڵسوکەوتی ئاسایی= Banal( مەعمولیی) چواندووە! لە کاتێکدا دواتر ئەکەوێتەوە داکۆکییکردن لە خۆی و مەبەستەکەی زیاتر روون ئەکاتەوە، گوایە وەصفێکی پۆزەتیڤی ئایخمانی نەکردووە، بەڵکو، وەکو بەشێک لە دەسگای سەرکوتکاریی و فاشییەتی هیتلەر، سەیری کردووە. ئەوەی لێرەدا مەبەستە، جوولەکەبوونەکەی ئەو، لەسەر بناغەی نەژاد و دیین، بەو کوردبوونەوە ببەستینەوە کە هەندێ لە نووسەرە نەتەوەیی و نەژادییەکانی کورد، بە تایبەتییش هەندێ لە رەهەندییەکانی ساڵانی نەوەدەکان، کوردایەتیی و کوردبوون، کوردایەتیی و کوردەواریی، وەکو دۆودۆشاو، تێکەڵ ئەکەن، پێشئەوەی سەر لە خەڵک بشێوێنن، خۆیان تێیدا چەقییون و بە ئارگیومێنتەکانی ئارێنت، باری خواری خۆیان راست ئەکەنەوە.

ئارێنت، لە” دواهەمیین چاوپێکەوتن و گفتوگۆکانی تر-The Last Interview and Other Conversations) )دا، ئاماژە بەو رۆحییەتە سیاسییەی خۆی ئەدا کە لە یەک کاتدا قوربانیی و شەڕانگێزییشە، ئەو ئەڵێ” دەرکم پێیکردووە و زۆرجار ئەو تەعبییرەم دووبارە و چەند بارە کردووەتەوە: ئەگەر کەسێک وەکو جوو هێرشکرایە سەری، پێویستە وەکو جوو دیفاع لە خۆی بکات، نەک وەکو ئاڵمانیی، یان هاووڵاتییەکی یونیڤێرساڵ، یاخود وەکو لایەنگری مافی مرۆڤ و هەر شتێکی تر”. هەندێ کەس لە نوخبە، سیاسیی و “رۆشنبییر”ی مەعاشخۆر و رەیعخۆری کورد، یان بە زمانی شەعبیی، ” بندیوار” و تەقاعودی میلیشیای شاخ ( ئەویش ئەگەر چەکداری تەرکی رژێمی بەعث نەبووبێت)، زۆر موهەڕیجانە و نەرجسییانە بە ئیگۆیەکی پڕ لە مەعریفەی بەتاڵییەوە، ئەم جوولەکەبوونەی ئارێنت، تەوظیفی کردووە، دێن لەگەڵ ئەو چەمکی”کوردبوون”ەی ئۆجەلان تەوظیفی سیاسیی کردووە، نەک هەر تێکەڵوپێکەڵ ئەکەن، بەڵکو فێڵبازانە ، رەهەندە نەتەوەیی و نەژادییەکەی خۆیان، واتە کوردایەتییە موقییتەکەی خۆیان لە ژێر چەمکی “کوردبوون”دا، تەوظیف و فۆرمەڵە ئەکەنەوە.

گومانی تێدا نییە، ئەم دوو چەمکە، زۆرجار بە نەزانیی و بە زانایی( بە ئەنقەست)، تێکەڵ ئەکرێن. کوردبوون کە بۆ یەکەم جار لە ئەدەبی کوردیی( لە تورکییەوە بۆ کرمانجیی سەروو، لە نووسیینەکانی ئۆجەلاندا)، بە تەحلیلی، کولتووریی، زمانیی، ئایدیۆلۆژیی و فیکریی، شرۆڤە و لێکدانەوەی سیاسیی و فیکریی بۆ کرا، هاوزەمان لەگەڵ چەمکی ئایدیۆلۆژیی و نەتەوەپەرستیی و بگرە نەژادپەرستیی “کوردایەتیی”دا، لە لایەن وەرگێڕەکانەوە{ بە تایبەتیی لە کاتی وەرگێڕانیدا بۆ کرمانجیی ناوەڕاست( سۆرانیی)}، بەهۆی جەهلی سیاسیی و کەمی مەعریفەی سیاسیی و غوبنی نەژادییەوە، ئەم دوو تێرمە، تیكەڵوپێکەڵ ئەکران، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە کاتێ عەوامی نەتەوەیی، ئەمانە تێکەڵ ئەکەن، رۆشنبییرە رەهەندییە کلاسیکەکان و هەندێ ئەکادیمیستی نەرجسیی و شەهادەداری بێفیکر و خۆهەڵکێشی کەم مەعریفە، هەمان جەهلی عەوام ئەکوتنەوە و غەڵیظتری ئەکەن.

ئۆجەلان، بە مەبەستەوە، بە مەبەستی سیاسیی، فیکریی، کولتووریی و سۆسیۆسیاسییەوە جودای کردوونەتەوە. خاکبەسەرییەکە لەوێوە پەڕییوەتە ناو ئەدەبی کوردیی ناوەڕاستەوە( کرمانجیی ناوەڕاست)، ئەوانەی ئەدەبییاتی پەکە-کەیان تەرجەمە کردووە ( لە تورکیی یان کرمانجیی سەرووەوە)، بۆ کرمانجیی ناوەڕاست، بە ئەنقەست یان بە جەهل، چەمکی کوردبوون و کوردایەتییان تێکەڵ کردووە. ئەها، چەند سەختە کە ئەگوترێ تەرجەمەیان کردووە، چونکە بە واقیعیی و بە ستاندەردی لینگویستیی بێت، کوردیی ناوەڕاست و سەروو، بوونە بە دوو زمانی سەربەخۆ، تەنیا ئەوەیە کە هەردووکیان باگکراوندی نەژادییەکەیان کوردە.

ئەو پک-ک ەییە سۆرانییئاخێوەرانەی کە خۆشیان بائەدەن، یان لە سۆشیاڵ مێدیادا حەماسەت نیشان ئەدەن، نوقەیان لێوە نایەت؟ کاتێ لەسەر ناسیۆنالیزمە تیجاڕیی و پرۆکسییەکەی ماڵی بارزانیی، دوران کاڵکان ئەڵێ “نێچیروان هیچ لە کوردبوون تێنەگەیشتووە”، ئەو دەربڕیینەی کالکان، ویقاری سیاسیی و فیکریی و مەعریفیی هەیە، نەک وەکو نوخبەی موتەفەڕیغی کورد، دۆ و دۆشاوی کوردایەتیی و کوردبوون، تێکەڵ ئەکەن! تەماشای تورکییەکە بکەن (کورتلوک Kürtlük= کوردبوون) مێدیای کوردیی لە بێسەروبەرییدا، (کورتلوک Kürtlük)ی کردووەتە کوردایەتیی، لە کاتێکدا، کوردایەتیی بە تورکیی پێیئەڵێن kürtçülük کورتچولوک، وەکو تۆرانیزم و عوروبە، مانای نەتەوەپەرستیی کورد ئەگەیەنێت کە لە روانگەی ئۆجەلان و پ-کک ەوە، هەموو نەتەوەپەرستییەک بە کوردایەتییشەوە، سەرێکی لە داڵانەکانی فاشیزم و راسیزمەوە دەرئەچێت. لەبەرامبەردا، کورتلوک، کە بە مانای کوردبوون دێت، مەغزا سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، مێژوویی، کولتووریی و ئەنثرۆپۆڵۆجییەکەی، بە تەواویی لە توراث و مێژوو و بزوتنەوە و دۆکترینی کوردایەتیی، جودایە.

درێژەی هەیە..
کامیار سابیر

Previous
Next