Skip to Content

رەهەندەکانی نیشتمانسازیی  لای شاعیرانی سەرەتای سەدەی بیستەم …. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رەهەندەکانی نیشتمانسازیی لای شاعیرانی سەرەتای سەدەی بیستەم …. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 23, 2020 General, Literature

بە وتەیەکی فەیلەسووفی ئەڵمانی مارتین هایدگەر دەست پێدەکەم لە بارەی بەهای شیعرەوە: “ئەوەی من لە رێی فەلسەفەوە وتوومە، دەمێکە مالارمێ بە شیعر گوتوویەتی”. بە پێچەوانەی ئەفلاتۆنیشەوە، کە شاعیرانی لە “کۆمار”ەکەی خانەبەدەر کرد، ئەرستۆ بایەخی بە شیعر و شاعیریی دا و کتێبێکی لە بارەی شیعرەوە نووسی “پۆیەتیکا”. لەم چرکەساتەوە شیعر پەیوەندییەکی بەتین لەگەڵ فەلسەفە و فەیلەسووفان پەیدا دەکات، هەروەک جارێک ژنە فێمینستی سوێدیی “نینا بیۆرک” لە دیمانەیەکدا وتی “فەیلەسووفە مەزنەکان شاعیریشن”، ئەم تێزە زیاد لە هەر کەس هەردوو فەیلەسووفی مەزن کارڵ مارکس و فریدریک نیتچە دەگرێتەوە.
من لێرەدا گەرەکم نییە باسی پەیوەندیی شیعر و فەلسەفە بکەم، تەنیا ویستم سەرنجی خوێنەر بۆ گرنگیی شیعر رابکێشم، چوون بۆچوونێکی زاڵ باڵی کێشاوە بەسەر بیرکردنەوەی زۆرینەدا، شیعر وەزیفەیەکی ئەوتۆی نەماوە، یان هەر لە بنەوانەوە بڕوایان بە رۆڵی گرنگی شیعر نەبووە و نییە. ئێمە لێرەدا نموونەی سێ شاعیری بە نامێی کورد دەخەینە بەرچاو کە بە شیعر بەرهەمهێنانی تریان کردووە و شیعریان کردۆتە ئامڕازی نیشتمانسازیی. لێ ئەو سێ شاعیرەی ئێمە لەم دەرفەتەدا بەسەرمان کردوونەتەوە، ناوبانگیان زۆرە، بەڵام هێشتاش بە پێی پێویست زۆر شت لەسەر ژیانیان نازانرێت، جگە لە دڵدار لە رێگەی “موزاکەرەت”ەکەیەوە کارئاسانی زۆری بۆ کردووین، لەو بڕوایەشدام بایەخی ئەو موزەکراتە گەر لە شیعرەکانی زیاتر نەبێت هیچی کەمتر نییە. هەر لەم دەرفەتەدا وتووێژ دانامەزرێنین لە بارەی زمان و فۆرمی شیعریی ئەم سێ شاعیرەوە، ئێمە بە دوای پرسێکی ترەوەین، ئەویش چۆنێتی مامەڵەیانە لەگەڵ نیشتمان و رۆڵیان لە پرۆسەی نیشتمانسازیدا.

پیرەمێرد پیرێکی نامراد

لە راستیدا پیرەمێرد “حاجی تۆفیق 1867- 1950” لەسەر کەلەپووری ئەحمەدی خانی و بە درێژەپێدانی رێچکەی حاجی قادری کۆیی، ئیلهام وەگرتن لە گەوهەری سۆفیزمی نەقشبەندی مەولانا خالید و کولتووری شۆڕشگێڕیی شێخ عوبەیدوڵای شەمزینی، یەکێک لە تاقانەترین رۆشنبیری سەدەی بیستەمی کورد بوو لە باشوور، کۆی پڕۆژە رووناکبیریی و رۆژنامەوانییەکەی خۆی لە بواری نەتەوەسازییدا خستە گەڕ. لە شیعر و کارە ئەدەبیی و ژورنالیستییەکانی ئەودا بە روونی دیسکۆرسێک بەرچاو دەکەوێت کە بیناکردنی نەتەوەیەکە بە گرێدانی مێژوو و میتۆلۆژیا و هەلومەرجی بابەتی و سیاسیی سەرەتای سەدەی بیستەم. لەم رەهەندەوە زیندووکردنەوەی نەورۆز لە قاڵبێکی تەواو کوردانەدا و بە تێکەڵاوییە ئەفسانەییەکەیەوە تەقەلایەکی پڕ دیقەتە لە راستای دروستکردنی نەتەوەیەکدا لەسەر پاشەڕۆکی خێڵ، بەو پێیەی هەبوونی هەر نەتەوەیەک بنیادێکی ئەفسانەیی هەیە، لەم رووەوە ئەفسانە کۆنەکانی ژێرمانەییەکان فاکتێکی روونە.
پیرەمێرد بە هۆشمەندییەوە کاری لەسەر سیمبول و هێماکان دەکرد، لە سۆنگەی ئەوەی هێما جۆر بەجۆرەکان توخمێکی بنەڕەتیی پێکهاتن و فۆرمگرتنی نەتەوەن. هەر لە سیمبولە کەسییەکانەوە بیگرە تا هێماکانی دڵداریی و ئازایەتی و قارەمانیی. لە داستانی وەلی دێوانە و مامەیارەدا، پیرەمێرد بە چڕیی سەرقاڵی کڵێشەسازیی سیمبولەکانە. لە شیعری “عەشرەت هاوارە”دا کە بۆ مستەفا بارزانی هۆنیوەتەوە لە کاتی پەڕینەوە بە رووباری ئاراسدا، هەوڵی داوە قارەمانە کلاسیکییەکان و قارەمانە هاوچەرخەکان پێکەوە گرێ بداتەوە. بەڵام پاش پیرەمێرد بەتایبەت دوای ئەوەی رۆژنامەی ژین کەوتە دەست کۆمۆنیستەکان تا بە ئەمڕۆ دەگات جگە لە مەسعود محەمەد کۆی رۆشنبیرانی ئێمە تووشی نەخۆشی کۆسمۆپۆلۆتیزم بوون، جیا لەوەی ئەو روئیایە هارمۆنی نەبوو لەگەڵ رۆحی بەرەنگاریی نەتەوەیەکی بندەستدا، لە هەمان کاتدا ئەو دیدە چەپڕەوە کوێرانە ماشێنی پڕۆژەی نەتەوەسازیی لە وێستگەیەکی سەرەتادا راگرت. لە جێی ئەوەدا رۆشنبیرییەکی ساختە بەسەر بیرکردنەوەی گشتییدا سەپێنرا و لە دواجاردا کرا بە شەقڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان. لە کۆتایشدا بە سەردارێتی جاویدانیی نەتەوە سەردەستەکان و ژێردەست مانەوەی کورد تەواو بوو. شکستی پڕۆژەکەی پیرەمێرد دەتوانم بە شکستی نەتەوەیەک هەژماری بکەم کە چاوی لە ئازادیی خۆی بڕی بوو.
لە نیگای یەکەمدا پیرەمێرد وەک شاعیرێکی تاراددەیەک کلاسیک دەبینرێت، دواتر رۆژنامەنووسێک، بەڵام لە دیدی مندا ئەو لە شاعیر و رۆژنامەنووسێک زیاترە، رووناکبیرێک و تیۆریسیۆنێکی سەرەتایی نەتەوەییە بە پێی کۆنتکێستەکەی خۆی. هەرچەند هەڵەیەکی کوشندەیە وەک زۆرێک بە فەیلەسووف ناودێری دەکەن، چون هیچ سەروکارییەکی وەهای لەگەڵ فەلسەفەدا نەبووە، لەگەڵ ئەمەشدا کەم رووناکبیری کورد لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هەڵکەوتووە، هێندەی پیرەمێرد بەسەر رشتە ئەدەبی و رووناکبیرییەکاندا کرابێتەوە. وا دەهزرێم لە دوا وێستگەدا دەتوانین پیرەمێرد وەک شاعیرێک ببینین، راستتر وایە بڵێم شیعر میکانیزمێک بووە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە نەتەوەییەی بیری لێ دەکردەوە، لەبەرئەوەی شیعر تاکە زمانی رۆشنبیریی ئەو سەردەمە و سەردەمێکی درێژتری دوای ئەویش بووە. وەک چۆن ئەرستۆ لە پێناساندنی ئیمپادۆکلیسدا دەڵێت ئەو شیعری لەسەر سروشت نوسیوە. بە زانایەکی سروشتناسی لە قەڵەم دەدات نەک شاعیر.
پیرەمێرد وەک نیمچە مەلا و شاعیرێکی سەرەتایی و گەنج “لە تەمەنی 31 ساڵیدا” روو دەکاتە ئەستەمبۆڵ. لەو دەمەدا ئەستەمبۆڵ جیاواز لەوەی پایتەختی عوسمانلی بوو، هاوکات مەڵبەندی بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوەیی تورکی و کوردیش بوو، ئەمە یەکەمین وەرچەخانی هزریی لە ژیانیدا دروستکرد، بەوەی دەرفەتی دەبێت یاسا بخوێنێت و ببێتە پارێزەر، لەگەڵیدا بە باشی فێری زمانی تورکی بێت، بەرەو سیاسەت و رۆژنامەوانی بکشێت، لە بواری ئیداریشەوە پلە بەپلە سەربکەوێتە سەرەوە، دوا وەزیفەی بەڕێوەبردنیشی پارێزگاری ئەماسیە بووە. هەر لە ماوەی ژیانی ئەستەمبۆڵیدا و لە ساڵی 1907 دەبێتە ئەندامی دامەزرێنەری “کۆمەڵەی کورد” بە سەرکردایەتی شێخ عەبدولقادری شەمزینی. ئەمانە ئەزموونێکیان بۆ دروستکرد، زۆرتر لە شاعیرێک بێت، لە دوای 27 ساڵ لە ژیانی تاراوگە، لە ساڵی 1925 کە بۆ سلێمانی دەگەڕێتەوە، بە پاشخانێکی زۆری سیاسیی و رۆشنبیریی و رۆژنامەوانییەوە دێتەوە، ئیدی لەو رۆژەوە تا مردنی “25 ساڵ” خۆی تەرخان دەکات بۆ پرۆسەی نیشتمانسازیی. ئەگەر وردبینەوە 25 ساڵ کارکردن لە هەردوو رۆژنامەی “ژین” و “ژیان” و ئەو بەرهەمانەی لەو ماوەیەدا چاپی کردوون، شیعر رووبەرێکی بچووکتری لە ژیانی رووناکبیریی پیرەمێرددا داگیر کردووە، ئەو سەرقاڵە بە شتێکی گەورەترەوە بێ ئەوەی گەورەیی شیعر لە بیر بکات. لە داستانە چیرۆکەکانی “دوانزە سوارەی مەیوان – 1935” و “مەحمودی ئاغای شیوەکەڵ – 1942″دا، سەرقاڵی دروستکردنی وێنایەکی تری قارەمانە، قارەمانەکان لە قارەمانی خێڵ و ئەمارەتەکانەوە دەگۆڕێت بۆ پاڵەوانە نیشتمانییەکان، هەروەک هەمان مامەڵەشی لەگەڵ مامەیارە کردووە.
لە کتێبەکانی تریدا “گاڵتەوگەپ -1947” و “پەندەکانی پیرەمێرد” کە 6448 پەندە و پیرەمێرد لە قاڵبی شیعردا دایڕشتوونەتەوە. کارێکی نەکراو لە ژێرخانی رۆشنبیرییدا دەکات، بەوەی هەموو حیکمەتەکانی پێشینانی کورد تەنانەت گاڵتەوگەپەکانیشیان ئەرشیف دەکات. دواتر عەلادین سەجادی لە “رشتەی مرواری”دا کارێکی نایابتری پێشکەش کردین. لە داستانی “مەم و زین”دا سەقاڵی دووبارە زیندووکردنەوەی ئەحمەدی خانی و شاکارەکەیەتی، کە بە بۆنەی گێڕانەوەی حکایەتی عەشقێکی ناکامەوە، “شەرحی دڵ”ی خۆی دەکات و غەمە قووڵەکەشی بریتییە لە ئازاری گەلێک. لە بواری وەرگێڕانیشدا بۆ سەر زمانی کوردیی “کەمانچەژەن”ی لە تورکییەوە وەرگێڕاوە. لە بواری ساغکردنەوەی ئەدەبیشدا دیوانی “مەولەوی تاوەگۆزی” لە دوو بەرگدا چاپ کردووە، یەکەمیان کۆپی رەسەنی شیعرەکانە بە شێوەزاری هۆرامی، بەرگی دووەمیان وەرگێڕانی شیعرەکان بوون بۆ سۆرانی. هەروەک بە زنجیرە دیوانی “مەولانا خالیدی نەقشبەندی” لە رۆژنامەی “ژین”دا بڵاوکردەوە، ئەم جگە لە ساغکردنەوەی دیوانی “بێسارانی” و “وەلی دێوانە”. کە من بڕوایەکی تایبەتیم هەیە لە بارەی وەلی دێوانە، ئەگەر شیعرەکانی وەلی ئافرێندراوی خەیاڵی پیرەمێرد خۆیشی نەبن، گوومان هەڵناگرێت پیرەمێرد دەستکارییەکی ئیستاتیکییانەی زۆری تێدا کردوون، چوونکە پیرەمێرد تاکە رۆشنبیری سەردەمەکەی خۆیەتی دەسەڵاتێکی فراوانی شکاوە بەسەر شێوەزارەکانی زمانی کوردییدا.
لە هەمووی گرنگتر بۆ من، ئەو نامیلکەیەیە لە ساڵی 1940، لە سەروەختی جەنگی دووەمی جیهانییدا و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خێرای دیدی چەپڕەویی لە کوردستاندا نووسیوویەتی، بە تایبەت لەو دەمەدا شەش ساڵ بوو پارتی کۆمۆنیستی عێراق دامەزرابوو، هیچ حزبێکی کوردیی و عێراقیش نەبوو، هێندەی حزبی شیوعی بەو خێراییە لەسەر ئاستی جەماوەریی روو لە گەشەکردن بێت. هەر ئەو دەمەشە “فەهد”ی سکرتێری پارتی کۆمۆنیست، ئامۆژگاریی کورد دەکات لە رێی وتارێکەوە کە “پێویستی بە حیزبی عەمەلە نەک ئەمەل”. نامیلکەکەی پیرەمێرد ناوی “ئاوەڕەشەی روسی سوور”ە. ناونیشانێکی قورسە لەو سیاقە مێژووییەدا، لەگەڵ ئەوەی نامیلکەکە هەشت لاپەڕەیە، بەڵام پیرەمێرد بەم نامیلکەیە دەبێتە سەرقافڵەی ئەو رۆشنبیرە کوردانەی بیرۆکەی چەپ رەت دەکەنەوە و لایەنگریی خۆیان بۆ سەرمایەداریی نیشان دەدەن. بە هەموو شێوەیەک دژی روسیای سووری ستالینی دەنگی هەڵبریوە!!. ئەگەرچی بۆ من ئەو نامیلکەیە قسەی جیاتر هەڵدەگرێت، بەڵام ئەمە بە سەرەتای راچەنین و هۆشیاریی نوخبەی ناسیۆنالیستی کورد دادەنرێت لە راستای رەتکردنەوەی بیری ئوممەیەتی کۆمۆنیزم.
پیرەمێرد بوارێکی زۆر فراوانە بۆ قسە لەسەرکردن و ئەنالیز، هەر بە ئەنقەست خۆم لە شیعرەکانی بوارد، چون ئەوەی تا ئێستا باوە قسەکردن بووە لەسەر پێگەی شیعریی ئەو، ئەمە پێشکەشکردنی سەرەتایەکە بۆ کەشفی دیوی هەرە سەرەکی بیری ئەو شاعیرەی دەمێک بوو وازی لە شیعری هێنابوو، تەنیا کردبوویە بەهانایەک بۆ دەربڕینی بۆچوونە نەتەوەیی و سیاسییەکانی. ئەم چەند دێڕەی ئێمە لێرەدا یادداشتمان کردووە پێشەکییەکی کورتە بۆ توێژینەوەیەکی درێژ کە وا بڕیارە لە داهاتوو دەست بە نووسینی بکەم.

فایەق بێکەس و سۆفت پاوەر

شاعیرانی کوردی سەرەتای سەدەمی بیستەم، بە تەنیا شیعریان وەک گەمەیەکی زمانەوانی رووت چاو لێ نەکردووە، بەڵکو مینا ئامڕازێکی کاریگەری سیاسیش تەماشایان کردووە لە راستای پرۆسەی نەتەوەسازیی و پوختکردنەوەی دیسکۆرسێکی نیشتمانیدا. لێرەدا ناچینە ناو گیروگازی پەیوەندیی نێوان شیعر و سیاسەت و ئەو گفتوگۆ بێزەنتینییەی لەم بارەوە هەیە. بەڵکو دەمانەوێت بە خێرایی بچینە سەر ئەو خەمەی شاعیرانی ئێمە لە سەرەتای چەرخی بیستدا لە کۆڵیان نابوو، کە بەپێی زۆرترین لێکدانەوە بە سەدەی ناسیۆنالیزم لە تەواوی جیهاندا دەناسرێت. شاعیرانی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ دەستەیەک منەوەری نوێگەر جیا لە بژارکردن و دەوڵەمەندترکردنی زمانی کوردیی و خەباتکردنیان بۆ بینای کۆمەڵگەیەکی شارستانی و رووبەڕووبوونەوەی دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی، لە هەمان کاتدا شانیان نابووە بەر پرۆسەی دروستکردنی نەسلێکی نوێ کە خودانی هۆشیارییەکی تۆکمەی نەتەوەیی و نیشتمانیی بێت، نەوەیەک لە توانایدا هەبێت بەمیکانیزمی جۆراوجۆر ئەرکی چێکردنی وڵاتێکی سەربەخۆ و ئاوەدان لە ئەستۆ بگرێت.
ئەحمەد موختار جاف 1898-1935 ئەگەرچی خاوەنی کۆمەڵێک غەزەل و شیعری ئەویندارانەیە، وەک ئەوەی جادووی لێکرابێت، هەڵگەڕانەوەیەک بەسەر خۆی و شیعرەکانیدا دەهێنێت. ئەو لە رێی شیعرێکەوە رووی دەمی کردۆتە شاعیرانی هاوزەمانی خۆی، بەدەنگی بڵند هاواریان لێ دەکات چیتر باسی زوڵف و چاو و پەرچەم و کاکۆڵی ئاڵۆزاو نەکەن. لە بری ئەمە ئەڵتەرناتیڤێکی دیکە دەخاتە روو، “ئێوە تەدبیرێکی حاڵی قەومی دڵسووتاو بکەن”. وەزیفەی شیعر لە غەزەل و عیشقی خودایی و مرۆییەوە، دەگۆڕێت بۆ عیشقی نیشتمان و “تەدبیر”ی “قەومی دڵسووتاو”. ئەمە راچەنینێکی نوێی شیعرییە و سەرەتای کۆتایی پێهێنانە بەو ستایلە شیعرییەی ئێمە لە شیعری کوردیدا ناومان لێناوە کلاسیکی عیرفانی. دواتر ئەم “تەدبیر”ە هەر تەنیا بە شۆڕش و یاخیبوونەوە گرێ نادات، بەڵکو پێشنیازی خوێندن “خوێندەواریی” دەکات، چون وەک قەڵغانێک لە دوژمن پارێزگارییمان لێ دەکات، هەربۆیە لە دێڕە شیعرێکیدا دەڵێت:
بخوێنن چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوشمنتان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە

لەکن ئەحمەد موختار، خوێندەواریی قەڵغانی هەموو سەردەمەکانە، ئەو وا بیری کردۆتەوە میللەتی خوێندەوار ئاسان فریو نادرێت و ناشێ زەفەری پێ ببردرێت، هەروەک ئەو رووداوەی بەسەر ماڵباتی خۆیاندا هات، چۆن نۆکەرەکەیان “غوڵام حسێنی شیرازی” دەناسنەوە، بەوەی جاسوسێکی ئینگلیزە و هەر ئەم سیخوڕەش “مێجەر سۆن” لە ساڵانی داهاتووتردا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت و دەبێتە فەرمانڕەوایەکی دڵڕەقی ئینگلیز بەسەر “قەومی دڵسووتاو”ەوە. من لێرە نامەوێت زۆرتر لەسەر ئەحمەد مختار بدوێم، ئەوە هەڵدەگرم بۆ کاتێکی گونجاوتر و بە وردیی لەسەر “مەسەلەی ویژدان”ەکەی دەوەستم، چون ئەمە لە دوای “لەخەوما”ی جەمیل سائیب سەرەتاکانی چیرۆکی هونەریی کوردییە، باوەڕم وایە “مەسەلەی ویژدان” فۆرمی نۆڤلێتی هەیە، ئەوەش پێمان دەڵێت ئەحمەد موختار نەک هەر شاعیرێکی پێشڕەوە، بەڵکو چیرۆکنووسێکی پێشەنگیشە.
دەتوانین جگە لە ئەحمەد موختار جاف لە شاعیرانی نیوەی یەکەمی سەدەی رابردوو، دروست ئەو سەردەمەی نەوشیروان مستەفا بە “سەردەمی قەڵەم و مراجەعات” ناودێری دەکات، لەسەر هەمان هێڵی “حاجی قادری کۆیی” نموونەی “فایەق بێکەس 1905-1948” وەربگرین. ئەگەر بێکەس لە شیعری “بیست و حەوت ساڵە” و “ئەی وەتەن”دا بەگیانێکی شۆڕشگێڕیی هاتبێتە دوان و بووبێتە سیمبۆلێکی نەمری ئەدەبی بەرگریی، ئەوا لە هەندێک شیعری تردا بە تەنها ئەو کەفوکوڵە شۆڕشگێڕییە بە کافی نازانێت بۆ هاتنە ئارای ئەو کوردستانەی دڵخوازی ئەوە، بەڵکو ئەو خوازیارە لە تەک گیانی بەرخودان و هێزی رەقەوە، نەوەکانی داهاتوو لە لیتاوی خورافە دەربهێنێت و هانیان بدات بە نەرمە هێز وڵات پێش بخەن و بەهێزی بکەن.
فایەق بێکەس، وەک پیشە مامۆستایە، وەک ژیان زۆرترین کاتەکانی لەناو زیندان بەسەربردووە، لای خۆیەوە دوو وەزیفەی بۆ شیعر دەستنیشانکردبوو، یەکەمیان بەوەی شیعر گەرووی زوڵاڵی نەتەوەیە و دەربڕی ئێش و ئازارەکانی گەلە. دووەمیان ئەرکی شیعرە پەیامی کۆمەڵایەتی خۆی بگەیەنێت و ببێتە مەکۆ و رووبەرێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ترادیسیۆنە باوەکان. هەروەک جارێک “جەبار جەمال غەریب” نووسیبووی “من بێکەسم زیاتر وەک رەخنەگرێکی کۆمەڵایەتی بەلاوە گرنگە. ئەو لایەنەی بەلای منەوە پرشنگدارترین لایەنی فکر و ژیانی بێکەسە. رەخنەی توندی لە هەموو دیاردە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان هەبووە، بەوپەڕی بوێریی و راشکاوییەوە دەنگی بەرز کردووەتەوە، بە جۆرێک کە تا ئەمڕۆ نموونەی کەمە”. ئەگەر لایەنە پرشنگدارەکەی فیکری بێکەس بریتی بووبێت لە رەخنەگرتن ئەوە لەوە پرشنگدارتر ئەمەیە کەسێکی پووچگەرا و بێهودە نەبووە، ئەو هەمیشە ئەڵتەرناتیڤی پێَشکەش کردووە بەرامبەر ئەو داڕزانە کولتوورییەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەبووە، ئەو قاڵبووەیەکی بواری رەخنەسازیی بوو، بەهەمان ئەندازە و بگرە زیاتریش بە پەروەردەکردنی کۆمەڵگەوە خەریکبووە.
گرنگی بێکەس هەر لەوەدا نییە، شاعیرێکی زمان پاراو و نیشتماندۆستە. بەڵکو لە روانینی ئەوەوە خەبات بۆ نیشتمان لە رەگەزایەتی دەرباز دەبێت. رەنگبێ لە یەکەمین ئەو شاعیرانە بێت باسی بەشداریی سیاسیی ژن دەکەن و بە پێشمەرجی سەرکەوتنی دەناسێنن، هەروەک چۆن ئەمە لەلای “قانع”یش بە ئەندازەیەکی زۆر بوونی هەیە. بیهێننە بەرچاوتان بۆ سی و چلەکان ئەم تەرح و تێرمی بیرکردنەوەیە چەند سەخت بووبێت. ئاخر خۆ هەر لە سی و چلەکانی سەدەی پێشوودا بوو، شاعیرێکی وەک “ئەسیری” جگە لە تیر و تانەلێدان وەک شێتێکی کوردیی “نەک شێتێکی فۆکۆیی” بەردەبارانیان دەکرد، تەنانەت لە ئەنجامی یەکێک لەو بەردبارانکردنەدا سەری لە چەند لایەکەوە شکێنرا و هێندەی نەمابوو هۆشی لە دەست بدات. ئاخۆ لەبەرچی؟ تاکە تاوانی ئەسیری ئەوە بوو بە زمانی کوردیی شیعری دەنووسی!. بیهێننە پێش چاوتان لەم ساتەوەختانەدا بێکەس نەک بە کوردییەکی رەوان دەنووسێت، بەڵکو ترادیسیۆن و باوەڕە خورافییەکانی کۆمەڵگە دەداتە بەر نەشتەری رەقترین رەخنە، لەوە زیاتریش ئەڵتەرناتیڤی خۆی پێشکەش دەکات.
شتێک کە من هەستم پێیکردووە، مافم هەیە بڵێم ناوکۆیی تێکڕای شاعیر و منەوەرانی سەرەتای سەدەی بیستەمە، ئەویش هاندانە بۆ خوێندن و خوێندەواریی. ئایا خوێندەواریی مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی شارستانی یان بەهێزی دەکات؟. ئەمە تاراددەیەک دەمانباتەوە لای “نیتچە” چوون ئەو بڕوای بەوە هەیە پێویستە مرۆڤ بەهێز بێت نەک خاوەن رەوشت. “هەڵبەتە رەوشت بەمانا باوەکەی نایەت”. روونە لە شیعری شاعیرانی کورددا خوێندن نەتەوە بەهێز دەکات، هێزیش تەنیا هارد پاوەر نییە، بەڵکو لای زۆرینە بیر لە سۆفت پاوەر کراوەتەوە بێ ئەوەی ناو لێ بنێن. بێکەس لە پێشەنگی ئەو شاعیرانەیە، تەنانەت لەو شیعرانەشی بۆ منداڵان نوسیوونی، جەخت لەسەر ئەم پێویستییە دەکاتەوە. “ئەوەش خۆی لە خۆیدا رۆشنبیرییە بەرزەکەی بێکەس دەردەخات، لەو دەمەی شیعر هی مەلا و پیاوە مەزنەکان بوو، ئەم منداڵان بەسەر دەکاتەوە”. لێرەدا دەتوانین شیعری “ئەی تۆپەکە” وەک شیعرێکی ساکار بۆ منداڵان بکەینە سەمپڵ، ئەوەی لە شیعرەکەدا بەکەڵکی مەبەستی ئێمە دێت کۆتا بڕگەیەتی، وەختێک دەنووسێت:
خۆش بێ وەتەن، خۆش بێ وەتەن
بەرز بێت وەتەن، بە عیلم و فەن

ئەگەر بە چاویلکەی بیریاری ئەمەریکی “جۆزیف نای” وەک تیۆریسیۆنی “سۆفت پاوەر” سەیری دوا بڕگەی ئەم شیعرە بکەین، ئەوا ئەم تێکستە داوایەکە بۆ بەهێزکردنی و پێشخستنی وڵات لە رێگەی هێزی نەرمەوە. زانست و هونەر “عیلم و فەن” دوو شتن، بێکەس بەرزیی وەتەنی پێوە گرێداون، ئەمە کاری رێکەوت و شتێکی هەروا سادە نییە، مۆتیڤی بیرکردنەوەی منەوەرانی ئەو سەردەمەش دەخاتەڕوو، تەنانەت لەو زەمەنەشدا کە دوا قسە لای تفەنگەکان بوو، ئەم شاعیرە کوردە رێگەیەکی تریش شک دەبات بەوەی دەشێ زانست و هونەر ببنە بەهێز و بەرزتربوونی نیشتمانەکەی، کە ئەو دوو بوارە نەرمە هێزی هەر کۆمەڵگەیەکن. هەر ئەمەشە فایەق بێکەس بەرز دەکاتەوە وەک شاعیرێکی پێشەنگ و یەکێک لەوانەی دەستیان گەیشتە گیای نەمریی. ئەم بابەتە سەرەتایەکی کورتە و دەکرێت زۆرتر ورد بکرێتەوە.

دڵدار ترۆپکی ئەدەبی بەرگریی

ئەزموونی دڵدار 1918-1948ئەزموونێکی زۆر گرینگ و هەستەوەرە. ئەزموونەکەش بە تەنیا تێپەڕاندنی پاشخانی تولانی شیعری عیرفان نییە لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، بەڵکو بە ئاگاهاتنەوەی مرۆڤی کوردە وەک “کورد” نەک موسڵمان یان هەر شوناسێکی تر. ئەمە پێشتر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە حاجی قادری کۆیی نوێنەرایەتی دەکرد، لەگەڵ هەبوونی ژمارەیەک شاعیری هاوزەمانی یونس دڵدار، بەڵام دڵدار ئەم بەئاگاهاتنەوەیە لە شیعری “ئەی رەقیب”دا دەگەیەنێتە دوا ترۆپک. دڵدار لە ئەی رەقیبدا کە خۆڕسکانە بووە بە سروودی نیشتمانیی کورد، مێژوو و زمان و ئێستا و داهاتووی کورد پێکەوە گرێدەدا و دەیکاتە هێمای مانەوە و بەرەو رووی “رەقیب”ی دەکاتەوە. ئەی رەقیب پەیامێکی ئۆنتۆلۆژیی قووڵی کوردانەی لە پشتەوەیە، ئەگەر دیقەت بدەین ئەو شیعرە هەڵقوڵاوی دۆخێکە شۆڕشەکانی کوردی تێدا سەرکوتکراون، تا ئەو ئەندازەیەی لە ئەیلولی 1930دا رۆژنامەی “میللیەت”ی تورکی وێنەی گۆڕێکی بە کاریکاتۆریی لەسەر چیای ئاگری بڵاودەکاتەوە و لەسەری دەنووسن “ئا لێرەدا خەونی دەوڵەتی کوردستان نێژراوە”. دواتریش کۆمەڵکوژییەکی دەرسیم هەست و مێشکی دڵدار داگیر دەکەن، لەم کۆنتکێستەدا کە بوونی کورد چۆتە ژێر هەڕەشەی توانەوە و لەنێوچوون، دڵداری بیست ساڵان بە “ئەی رەقیب” وەڵامی هەموو ئەوانیتری چەوسێنەر دەداتەوە و باس لە زیندووێتی نەتەوە و نەوی نەبوونی ئاڵای گەلەکەی دەکات.
بە دیتنی من شیعری ئەی رەقیب شیاوی زیاتر لە خوێندنەوەیەکە، نەک تەنیا لەو رەهەندەی ئەو شیعرە بەشێکە لە ئەدەبی بەرگریی و “گووتاری مانەوە” بەڵکو بە وردبوونەوەیەکی هیرمنیۆتیکی دەقەکە، زۆر رەهەندی تری دیکەش خۆیان مانیفێست دەکەن، بەوەی سەردەمێکی تازە لە شیعری کوردیی دێتە سەرهەڵدان، راستەوخۆ بەگژ ستەمی نەتەوەیی نەتەوە سەردەستەکاندا دەچێتەوە، ئەمەش لە مێژووی شیعری کوردیدا نەبووە تا حاجی قادری کۆیی دێت، رێکەوتێکی سەیرە هەر کوڕە کۆییەکی تر “دڵدار” دێت، ئەم ئەدەبە شۆڕشگێڕییە بە لوتکە دەگەیەنێت، تا ئەو ئاستەی کۆی شاعیرە گەورەکانی پاشین بەخودی “شێرکۆ بێکەس”یشەوە لە گیرفانی پاڵتۆکەی دڵدارەوە هاتوون، وا دەهزرێم شێرکۆ ئەو رەوتەی درێژە پێدا دڵدار پێش تەمەنی سی ساڵی لە شیعری کوردیدا گەڵاڵەی کردبوو، رەنگە زێدەڕۆیی نەبێت بڵێم بێکەسی کوڕ هێندەی بەردەوامی بە ریتمی دڵدار داوە چارەگی ئەوە بەردەوامی بە ستایلی بێکەسی باوک نەداوە.
جێگەی داخە، بەراوورد بە شاعیرانی تر، ئاوڕی پێویست لە شیعری دڵدار نەدراوەتەوە، ئەمەش دوو فاکتۆری هەیە، یەکەمیان لە سەردەمی رژێمەکانی پێشوو بەتایبەت لە عێراق، ئاسان نەبوو ئاوڕ لە پڕۆژە ناسیۆنالیستیەکەی ئەم شاعیرە بدرێتەوە، دووەمیان بۆ زاڵبوونی مۆدیلێکی شیعریی دەگەڕێتەوە دوای راپەڕینی ساڵی 1991، کە کەمتر رووبەر مایەوە بۆ ئاوڕدانەوە لە نەوەی یەکەمی شاعیرانی سەدەی بیست. من ئەرکمە ئەنالیزی رەهەندی نادیار و بەهەند وەرنەگیراوی پەیامی شیعریی دڵدار بکەم، بۆیە ناخوازم خوێندنەوە بۆ زمان و فۆرم و ئیستاتیکیای شیعرەکانی بکەم، ئەمەیان جێدەهێڵم بۆ رەخنەگرانی ئەدەبی.
حاجی قادر و دڵدار، کودێتایان بەسەر ناوەڕۆکی شیعری کوردیدا کرد، شیعریان کوردیان لە زیکری خوداوە گۆڕی بۆ فیکر. بۆ بیرکردنەوە لە نیشتمان. هەروەک چۆن ماناکانی خۆشەویستیشیان هەڵگێڕایەوە، بە سەراوژێرکردنی عەشقی خودایی بۆ خۆشەویستی نیشتمان. ئەمەش سەردەمێکی تازەی هێنایە ئارا بە تایبەت لە سەرەتای سەدەی بیستەم. حاجی و دڵدار و گروپێک لەو شاعیرانە نیشتمانیان کردە چەقی شیعریی، توانیان لە ریشەوە فۆرم و ناوەڕۆکی شیعری کوردیی بگۆڕن و عەرشی ئەو کلاسیزمە عیرفانییە بهەژێنن کاری لەسەر بابەتە خودیییەکان و پاکژیی دەروون و زوهد دەکرد. ئیدی لەگەڵ ئەمەدا نەک هەر وەزیفەی شیعر دەگۆڕن بگرە شیعر بە کۆمەڵایەتی دەکەنەوە و لە حوجرە تەسکەکانی عیرفانەوە دەیهێننە ناو شەقام و مەیدانی شەڕی دەستەویەخەی گەلێک. ئەی رەقیب سەرەتایەکی تر بوو کە تێیدا شیعر دەبێتە بەشێک لە گووتاری نەتەوەیی و راسانی نیشتمانی و بەرگریکردن لە میللەتێک لەبەردەم گەردەلوولی سڕینەوەدا. دڵدار شیعری کردە میکانیزمی خەبات و حەماسەتدان بە شۆڕشگێڕان، ئەم چاپە شۆڕشگێڕییەی شیعری کورد تاکو سەدەیەک زیاتر تەمەنی کرد، لێ دەنگی سروشتپەروەری وەک گۆران و سۆسیالیستی وەک قانع لەم قۆناغەدا هەن، بەڵام ئەمانیش بەشێوەیەکی تر دەچنەوە ژێر رکێفی هەمان رەوت و سەبک.
گرنگی دڵدار لەوەدایە، توانی بەشێوەیەکی چڕ ئەو ریتمە درێژە پێبدا لە حاجی قادرەوە شکۆفەی کردبوو، ئەویش هەمان ئەو رەوتە فەرامۆشکراوە بوو لە ئەحمەدی خانییەوە چەکەرەی کردبوو. ئەگەرچی زەمەنی خانی و چەند سەدە پاشتریش تەنانەت نووسین بە زمانی کوردیی جۆرێک لە شورەیی بوو، کلاس ئەوەبوو بە عەرەبی شیعر بنووسرێت. لەم دەمەدا شاعیرانی فارس و تورکیش هەر بە عەرەبی دەیاننوسی. ئەگەرچی نالی بە شیعری خۆی دەڵێت “خۆکردیە خۆ کوردیە”، بەڵام پێیوابوو هەرچی شاعیرانی دوای ئەون دەنگدانەوەی سەدای ئەون، وەک لە دێڕە شیعرێکیدا دەڵێت:
نالی حەریفی کەس نییە، ئیلف و ئەلیفی کەس نییە
بەیتی رەدیفی کەس نییە، هەرزە نویسە گەپ دەکا

ئەم غرورەشی لە شاعیری عەرەب “موتەنەبی”یەوە ئیقتباس کردبوو، بەڵام حاجی قادر هات شۆڕشی یەکەمی بەسەر ئەو شێوازەدا کرد کە نالی پێیوابوو کەس توانای تێپەڕاندنی نییە، ئەو مەشخەڵی یەکەمی داگیرسان، دواتر دڵدار ئەم مەشخەڵە لە دەستی حاجی وەردەگرێت. ئەگەر حاجی نیشتمانی کردبێتە سەنتەر، ئەوا لەسەر دەستی دڵدار ئەو نیشتمان سەنتەرییە دەگاتە دوا پلەی خۆی، ئەوەش تەواو پێچەوانەی شیعری باوی کوردیی بوو، چون تا ئەو چرکەساتەش شیعری کوردیی عەشقی کردبووە سەنتەر، عەشقیش بە تایپە سۆفیگەرییەکەی و بە واتای توانەوە و حلول لە خودی خودادا، تەنانەت ئەزموونکردنی عەشقی مرۆیی لە عەشقی خوداییدا، لە رووی چەمک و زاراوەسازییشەوە سەردەمی عیرفان لە شیعری کوردیدا سەردەمی سووتان و فیغان و ئەو مازۆخیەتە روونەیە لە رۆحی سۆفیزمەوە هەڵهێنجرابوو. دڵدار قەبزەیەک بوو، دابڕانەکەی حاجی کردە، دابڕانێکی ریشەیی و ئیتر نیشتمان و عەشقی وڵات جێی هەر جۆرە عەشقێکی تر دەگرێتەوە. لێ دەزانین ریتمی عیرفانی وەک دەنگی پەرش و بڵاو بە باڵای سەدەی بیستەمیشدا هەڵگەڕاوە، تەنانەت دیوانەکانی نالی و مەولەوی و مەحوی وەک سیمبۆلەکانی ئەو تەریقەتە شیعرییە لە نیوەی دووەمی سەدەکەدا بە چاپی رێکوپێک کەوتوونەتە بەر دیدی خوێنەران، لەگەڵ ئەمەشدا ناتوانین نکۆڵی لە تێپەڕینی قۆناغەکەیان بکەین.
دڵدار نیشتمان دەهێنێتە ئاستی ئاین، یان ئاینی خۆی “لێرە دڵدار بەشێوەی کۆ قسە دەکات” بە نیشتمانەکەی ناوزەد دەکات. لەمەشدا شیعری “ئەی رەقیب” لانیکەم دە ساڵێک پێش هەردوو شیعری “داری ئازادی” و “بیست و حەوت ساڵە”ی بێکەسی باوک کەوتووە. کەچی رەنگە سەیر بێتە بەرچاو ئەم دوو دەنگە نیشتمانی و ناسیۆنالیستییەی شیعری کوردیی لە یەک ساڵدا دەمرن و هەردووکیان بە گەنجی سەردەنێنەوە. دڵدار بۆ ماوەیەکی درێژ وەک سەرمەشقی گووتارێکی شیعریی دەمێنێتەوە کە چاوی ئێمە بۆ ئازادیی دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا ستایلێکی شیعریی دادەمەزرێنێت، تێپەڕاندنی هەروا ئاسان نەبێت. تا ئەو کاتەی محەمەد عومەر عوسمان “ژەنەراڵی پایز” دێت و فۆرمێکی نوێتر بە شیعری کوردیی دەبەخشێت. شیعر لە سیاسەت و بەرگریی پاک دەکاتەوە و دەیبەستێتەوە بە ئەکتە کەسییەکان و وروژاندنی پرسیارە وجودییەکانەوە. دواتریش لە ژێر پاڵتۆکەی ژەنەراڵەوە ژمارەیەک شاعیر دێن لە ژێر کاریگەریی قوتابخانەی بونیادگەرایی شیعر وەک پێدراوێکی زمانەوانی دەبینن و دەنووسن، یان بە مانایەکی دیکە شیعر بە ئیشکردن لە بواری زماندا پێناسە دەکەن، شانبەشانی ئەمانیش بێکەسی کوڕ و پەشێو وەک سیمبولەکانی ئەدەبی بەرگریی دەنگی زاڵی شیعری کوردین.
دەگەڕێمەوە سەر دڵدار، ئەوەی دەمەوێت لە کۆتاییدا بیڵێم ئەمەیە، دڵدار خۆی لە “موزەکەرات”ەکەیدا نووسیوویەتی “شیعرە جوانەکانی نالی لەگەڵ شیعرە ئاگرینەکانی حاجی قادر لە مێشکمدا لەسەر زەعامەتی ئەدەبی شەڕیان بوو..”. کۆتایی ئەو شەڕەش سەرکەوتنی حاجی بوو بەسەر نالی دا. لەو ماوە کورتەی ژیانیدا دڵدار توانی وەک شاعیرێک کە پلەیەکی باشی خوێندنی بەدەستهێنابوو، لەپەناشیدا توانی گووتارێکی شیعریی بخاتە سەر پێ، نیشتمانی کردە سەنتەر و شیعری “ئەی رەقیب”یش لەم رەهەندەوە لوتکەی داهێنانێتی. بڕیارم داوە جارێکی تر بگەڕێمەوە سەر دڵدار و دووبارە ئۆتۆبیۆگرافیاکەی بخوێنمەوە و بە ورد و چڕتر لە بارەیەوە بنووسم، چون کاتی ئەوە هاتووە بگرە درەنگیشە دڵدار لە بەندیخانەی مێژووی ئەدەبیمان دەربهێنێن و بیخەینە بەر هەتاوی خوێندنەوەی هەمەلایەن و هیرمنیۆتێکیی.
ماوەتەوە بڵێم تێکست هەمیشە لە نووسەر زیاتر دەژی، بە دیوێکی تردا قسەکە ئەمەیە تێکستەکان توانای تێپەڕبوونیان هەیە بە زەمەنەکاندا، بەڵام نووسەر خۆی وەک فیزیک کوڕی ساتەوەختێکە لە ساتەوەختەکانی ژیان. ئەوەی پێی دەوترێت نووسەری نەمر یان شاعیری جاویدانی، داهێنەری فۆرمێک و ئافرێنەری دەقێکە مێژووبڕ و زۆرجار کیشوەربڕیشە. ئەگەرچی تێکستی ئەی رەقیبی دڵدار ناکرێت ببێتە دەقێکی یونیڤرساڵ چون حکایەتی نەتەوەیەکی دیاریکراوە لە ماوەیەکی مێژووییدا، بەڵام بەو ئاستەش لۆکاڵی نییە سنوورەکان نەبڕێت و دەنگدانەوەی نەبێت لە هەست و یادەوەریی هەر کوردێکدا. راستترین تێزیش ئەو تێزەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەر دەقێکی بە جیهانیبوو بە راددەی پێویست لۆکاڵی بووە. تۆ کاتێک کۆ چیرۆکی “دبلنییەکان”ی جیمس جوێس دەخوێنیتەوە رووداوەکانی ئەو شارە هەر بۆ دبلنییەکان خۆیان نییە، بەڵکو هەر خوێنەرێک پەلکێش دەکات بۆ رۆچوون بەناوی ژیانی رۆژانەی دبلنییەکان و ئەوەی لەو پایتەختە دەگوزەرێت. بە هەمان شێوە دڵدار بە شیعرێک مێژووی کورد بە کورتی نیشانی هەموومان دەدا. بۆ نا، گەر ئەم شیعرە بکرێتە جیهانی؟.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم

1-4-2020
سويد

Previous
Next
Kurdish