Skip to Content

شیعر و واتا یان شیعر و قسە؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

شیعر و واتا یان شیعر و قسە؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 3, 2021 General, Literature

گرفتی بەشێکی زۆری ئەوانەی لە شیعر دەدوێن، بە تایبەتیش نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین لەوەدایە، کە ئاگایەکی قووڵ و وردیان لە بارەی قۆناغەکان و ڕەوتی شیعری کوردی، لە ڕابردوودا و بە تایبەتیش زەمەنی پێش ڕاپەڕین نییە. بۆیەشە کاتێ لە بارەی ئەزموونی شاعیرێکەوە دەدوێن، دەکەونە هەڵەوە و پارادۆکسی گەورە، کە خۆشیان هەستی پێ ناکەن. بەشێک لە وانەی لە شیعر دەدەوێن، لە کاتێکدا شاعیرن بە تێگەیشتنی خۆیان و سەروکاریان لەگەڵ دنیای شیعر هەیە، بەڵام ڕۆشنبیریی شیعرییان نییە، کە ڕەگەکانی دەچنەوە نێو مێژوو، زمان، هەڵومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی قۆناغەکانی شیعری کوردی. تاکو بەرمەبنای ئەو مێژووە، لە بارەی شیعر و ئەزموونی جیاوازی شیعری بدوێن. لە ڕاستیدا، لە نێو نەوەی پێش ڕاپەڕین و نەوەی دوای ڕاپەڕین و بە تایبەتیش نەوەی ساڵانی دوو هەزارەکان، گەلێک خەسڵەتی جیاکەرەوەی فەرهەنگی هەن، بەڵام دیارترین ئەو خەسڵەتە ئەوەیە، کە نەوەی پێش ڕاپەڕین، لە نێو پاشخانێکی گەورەی کولتووری و ڕۆشنبیریی و خوێندنەوەی کتێبەوە، دێنە نێو دنیای نووسین و ئەدەب بە گشتی. بە پێچەوانەوەی نەوەی نوێوە، کە دەنووسێت، پاشان دێتە نێو دنیای خوێنەوە. لێرەوەش گەر سەرنج بدەین دەبینین، هیچ شاعیرێکی نەوەی پێش ڕاپەڕین نییە، ئاگایەکی لە مێژوو و ڕەوتی شیعری کوردی، ئەگەر کەمیش بێت نەبێت. نەوەی پێش ڕاپەڕین، بوونەوەری ڕاستەقینەی نێو کتێب و خوێنەوە بوون، دوای پەیوەندییەکی درێژ و قووڵ لەگەڵ کتێب و دنیای خوێنەوە، دەست بە نووسین دەکەن، بۆیە ئێستاش کاتێ سەرنج لە نووسینەکانییان دەدەین، زۆر بە ڕوونی هەست بەوە دەکەین کە نەوەیەکن، ئاگایەکی گەورەیان لە ئەزموونی شیعری کوردی و ڕابردوو بە گشتی هەیە. بەڵام نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین، ئاگایەکی کەمی لەو مێژووەو ئەو قۆناغانە هەیە، بۆیە کاتێ لە شیعر بە گشتی و ئەزموونی شاعیرێک بە تایبەتی دەدوێت، چونکە ئاگاداری ڕابردوو نییە، ئیدی پێی وایە ئەزموونی ئەم شاعیرە، جیاواز و تایبەتە و لە مێژووی شیعری کوردیدا، داهێنانێکی تازەیە. بە بێ ئەوەی لە زۆر کاتدا، لە چەمکی داهێنان و ئەزموونی جیاوازی شیعریی و شیعری داهێنەرانە گەیشتبن. لەو ڕوانگەیەوە، دەمەوێت وەک خوێنەرێکی شیعر، قسە لە سەر وتارێکی (شاڵاو حەبیبە) بکەم، کە لە پێشەکی کۆمەڵە شیعرێکی تازە چاپکراوی (سامی هادی) بە ناوی (بەلەمی نادیار) نووسیویەتی. شاڵاو لەو پێشەکییەدا، کە لە ڕاستییدا ستاییشنامەیەکە و بەرمەبنای ئەو پەیوەندییە هاوڕێیەتیەیە کە ئەو بە شاعیر دەبەستێتەوە، بە گشتی دەیەوێت لە بارەی شیعر و شیعرەکانی نێو ئەو کۆمەڵە شیعرەش بدوێت. نووسەر ئەو شیعرانە، وەک نموونەی ئەزموونێکی تازەی شیعری دەناسێنێت و پیشانی خوێنەری دەدات.
بە بڕوای ئەو (سامی هادی) لەو کۆمەڵە شیعرەدا، دابڕانێکی گەورەی لە ئەزموونەکانی پێشووی هێناوەتە ئاراوە و خوێنەر بەر ئەزموونێکی دیکەی تازە و جیاوازی کەشفنەکراوی ئەو شاعیرە بە قسەی ئەو دەکەوێت. بە بێ ئەوەی بتوانێت ڕوونی بکاتەوە، کە ئەو شیعرانە، چۆن و بە چی لە شیعرەکانی ڕابردووی ئەو شاعیرە جبا دەکرێنەوە و ئەزموونێکی تازەی تاقیکراوەیە؟ بە دەربڕینێکی تر، کاتێ باس لە دوو ئەزموونی جیاوازی شیعری شاعیرێک دەکەین، دەبێ ئەدگارە هونەرییەکان و جیاوازییەکانی نێو هەردوو ئەزموونەکە ئەنالیزە بکەین و دواتر لە پەراوێزی ئەو بەراوردکردنەوە، دەری بخەین کە ئەزموونەکە نوێ و جیاوازە. دەنا قسەکردن لە بارەی ئەزموونی نوێ، چەمکێکە و خوێنەر دەتوانێت بیداتە پاڵ دەیان شاعیر، بەبێ ئەوەی لە بنەڕەتدا ئەزموونەکە نوێ بێت. بەر لەوەی لە سەر ئەو بۆچوونە بووەستین، دەمەوێت بە کورتی لە بارەی ئەزموونی جیاوازی شیعری بدوێم. بێگومان یەکێک لەو دەستەواژە لاستیکییانەی، بەردەوام لە پەراوێزی خوێنەوەی نووسینی نووسەران دەکەوێتە بەرچاوم، چەمکی ( ئەزموونی نوێ و داهێنەرانەی شیعرییە) لە کاتێکدا ئەگەر بە وردی سەرنج لە شیعرەکان بدەین، دەبینین لە ڕووی دنیابینی و ناوەڕۆک و زمانەوە، هەمان ئەزموونە بە وێناکردنی جیاواز. لە ڕاستیدا، هیچ ئەزموونێکی شیعری جیاواز نییە، ئەگەر لە بەراییدا زمانێکی جیاواز، فۆڕمێکی جیاواز، دنیابینییەکی جیاوازیی شیعری نەبێت. لە مێژووی شیعری کوردیدا، ئەزموونی شاعیرانی ئێمە هێندە هاوشێوە و لە یەک چووە، کە لە زۆر کاتدا بچووکترین خاسیەتی جیاکەرەوەی نێوان شیعری ئەو شاعیرانە نابینینەوە. سەرنح لە ئەزموونی شیعری کوردی نیوەی دووەمی هەفتاکان و قۆناغی دوای هەرەسی شۆِرشی کورد بدەن، شیعرەکانی ئەو قۆناغە، لە ڕووی گوتار و دنیابینییەوە هێندە لە یەکترییەوە نزیکن، وەک ئەوەی ئەزموونێکە بۆ کۆیە و هی یەک شاعیرە نەک جیاواز. بۆیە ئەزموونی شیعری، دابڕانێکی بنەڕەتییە لە ئەزموونەکانی هاوشێوە و هاو قۆناغ و هاوسەردەمەکە. بۆچی دەگوترێت ئەزموونی نوێی گۆران؟ چونکە هیچی لە شیعری کلاسیک نەدەچوو. شتێک نییە بە ناوی ئەزموونی جیاواز، ئەگەر ڕوانگەی جیاواز و زمانی جیاواز و دەقی جیاواز نەبێت. کاتێ ئەزموونی شاعیرێک، لە ڕووی دەربڕین و زمان وگوتارە و لە ئەزموونی شاعیرێکی تر دەچێت، ئیدی شتێک نامێنێتەوە بە نێوی ئەزموونی جیاواز. ئەزموونی جیاواز، واتا حیاواز کەوتنەوە لە نووسینی دەقی شیعریی. ئایا بچووکترین هاوشێوەبوون و هاوچوونی زمانی، لە نێوان شیعرەکانی (سەباح ڕەنجدەر) و( کەریم دەشتی) و(جەمال غەمبار)بە نموونە هەیە؟ ئایا سەباح ڕەنجدەر، وەک فەرهاد شاکەلی و گۆران و شێرکۆ بێکەس دەنووسێت؟ وەک شاعیرانی هەفتا و هەشتاکان و ئێستای هەولێر دەنووسێت؟ مەگەر کاتێ بەر ئەزموونی ئەو شاعیرە دەکەوین، بەر شتێک دەکەوین کە لە شیعری شاعیرانی پێشووتر بینیبێتمان؟ کەواتە ئەو ئەزموونە جیا و تایبەتە، دەرەنجامی دنیابینی تایبەت و زمانی تایبەتی شیعرییە. شاعیرێک ناتوانێت ئەزموونێکی تازەی شیعری تاقیبکاتەوە، ئەگەر زمانێکی تازەی شیعری و دنیابینییەکی تازەی شیعری تاقینەکاتەوە. ئەزموونی جیاواز، دابڕانێکی گەورەیە لە ئەزموونی ڕابردوو. جیاواز کەوتنەوەی شیعری، جیاواز کەوتنەوەیە لە سەر هەموو ئاستە هونەرییەکانی دەقێکی شیعری، کە دواجار وەک ئەزموونێکی تایبەت دەردەکەوێت. بۆیە کاتێ، شالاو حەبیبە دەنووسێت (سامی هادی) ئەزموونێکی تازەی شیعری تاقیدەکاتەوە، بێگومان دەبێ خوێنەر ئەو جیاواز کەوتنەوەیە لە ئەزموونی پێشووتر ببینێت. نووسەر لە پێشەکی ئەو کۆمەڵە شیعرەدا دەنووسێت:(بە گەڕانەوە بۆ شیعرە کۆنەکانی شاعیر کە لە کۆتایی ئەم کۆمەڵە شیعرە، یەک دوو نموونە دانراون، هەست بە گۆڕان و شێوازێکی تازەی شیعری ئەو شاعیرە دەکەین و شاعیر جیهانی نوێی کەشف کردووە) مەبەستی شاڵاو ئەوەیە، کە لە کۆتاییەکانی ئەو کۆمەڵە شیعرە، چەند نموونەیەک لە شیعرە کۆنەکانی ئەو شاعیرە هەن و جیاوازن لە شیعرەکانی نێو ئەو کۆمەڵە شیعرەی. بەڵام هەر خوێنەرێک ئەو بەراوردکارییە بکات، بێگومان دەزانێت کە ئەو بۆچوونەی نووسەری پێشەکییەکە، لە قسەیەکی ئاسایی و ستاییشی بەو لاوە، هیچی تر نییە. ئەگەر بەراوردی ئەو شیعرانە بە یەکتری بکەین، زۆر بە ڕوونی هەمان دەنگی ئەو شاعیرە و هەمان هەناسەی شیعریی و هەمان موفرەداتی شیعری دەبینین. لە شیعرەکانی (سامی هادی)دا، بە گشتی خوێنەر بەر گەلێک چەمکی وەک ( پاییز، تەنیایی، ڕەشبینی، تەمتومان، وەرز ، سرووشت ، مەرگ، شەڕاب،پەنجەرە، مانگ) و گەلێک دەربڕینی دیکەی شیعریش دەکەوێت. لە شیعرەکانی ئەو شاعیرەدا ( کە من پێشتر لە بارەیەوە نووسیومە) هەست بە تەنهایی و ڕەشبینییەکی گەورە دەکەین، کە بەردەوام لە دنیابینی شاعیردا، بە تایبەتیش دوای مەرگی (زیلانی) کچە جوانە مەرگەکەی، ئامادەیی هەیە. شاعیر لە بەلەمی نادیاریشدا، هەمان دنیابینی هەیە و هەمان ئەو ئەدگارە زمانی و هونەرییانە دەبینین، کە بە گشتی لە شیعری ئەو شاعیرەدا هەن و دەبینرێن، بەتایبەتیش نائومێدی و ڕوانگە ڕەشبینییەکە بۆ ژیان. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، زمانی شیعرەکان، لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و وێنەی شیعرییەوە، هەمان ئەو زمانەیە، کە ساڵانێکە شاعیر شیعری پێ دەنووسێت. ئیدی نازانم کامانەن ئەو گۆڕانە شیعرییانەی لە ڕووی شێواز و ناوەڕۆکەوە، لەو شیعرانەدا تازە و جیاوازن لە شیعرەکانی پێشووتری ئەم شاعیرە؟ کامەیە ئەو جیهانە نوێیەی کە شاعیر کەشفی کردووە؟ بۆچی شاڵاو لە وتارەکەیدا نەیخستۆتە ڕوو؟ دەکرێ خوێنەران بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر، بەراوردی ئەو نموونە شیعرییانە بە یەکترییەوە بکەن، کە لە ڕوانەگەی نووسەرەوە، جیاوز و دابڕاون لە یەکتری. نووسەر بەردەوام دەبێت و دەنووسێت:(من هەمیشە ئەو شاعیرم خۆشویستووە، کە دەتوانین سێبەرەکانی ژیانی لە پەناو پەسیوی شیعرەکانی بدۆزینەوە) بەردەوام دەبێت و ئەمجارەیان دەنووسێت:( خۆشبەختانە دەتوانم لە شیعرەکانی سامی هادی تێبگەم) نووسەر، کە خۆی وەک دەنگێکی گەورە و جیاوازی شیعریی نەوەی دوای ڕاپەڕین دەبینێت و ئارەزووش دەکات هەمووان وای ببینن، بە ڕوونی و بێ پێچ و پەنا، پێمان دەڵێت کە من سەرو کارم لەگەڵ بایۆگرافیای شاعیرە نەک شیعرەکانی. پێمان دەڵێت، من دەمەوێ بزانم، ئەو شاعیرە چی دەکات؟ لە کوێ دەخەوێت؟ منداڵی چۆن بووە؟ نەک ئەوەی لە شیعرەکانیدا چیمان پێ دەڵێت و گوتار و ناوەڕۆکی شیعرەکانی چین؟ ڕوونتر بدوێین، ئەو لە جۆری ئەو خوێنەرە هەمووەکییانەیە (عەوام) کە گەرەکییانە شیعر سادە و بێ فیکر و بێ قووڵایی بێت. گەرەکییانە، زۆر بە ئاسانی لە شیعر بگەن، وەک چۆن بە ئاسانی لە دەربڕینێکی میللی، لە پانتاییە کۆمەڵایەتییەکە دەگەن. ئەم بەڕێزە، کە شاعیرە و شاعیرانیش دەبێ پاشخانێکی گەورەی شیعرییان هەبێت، وا لە شیعری سەرکەوتوو و داهێنەرانە گەیشتووە، کە سادە و ڕەوان بێت و زۆرترین کەس و خوێنەر لەو شیعرە بگەن، وەک ئەوەی زۆر جاری تر وتوومانە، کە ئەوانە شیعر بە (تۆپانی) دەزانن، بۆیە لایان وایە، کە چ شیعرێک زۆرترین جەماوەری هەبوو، ئەوەیان داهێنەرانەترین شیعرە. سەیرم پێ دێت کەسێک خۆی شیعر بنووسێت، کەچی هێندە سادە لە شیعر و قووڵایی شیعریی گەیشتبێت و پێی وابێت دەبێ شاعیر، بایۆگرافیای خۆی بکاتە شیعر. ئەگەر وایە، بۆچی یادەوەری ناخوێنێتەوە نەک شیعر؟ کەسێک بەو شێوەیە لە شیعری سەرکەوتوو و داهێنەرانە و جیاواز گەیشتبێت، نازانم چۆن بوێری ئەوە دەکات، ئەزموونی تازە و کەشفکردنی جیهانی نوێ، بداتە پاڵ شاعیرێک؟ مەگەر جیهانی شاراوە و کەشف نەکراو، جیهانێکی واقیعی، ڕۆژانەیی و گشتییە؟ جیهانی کەشفنەکراو، جیهانێکی داخراو و ئاڵۆزە، یان سادە و ساکار کە هەمووان پەی پێ دەبەن؟ چۆن دەبێت کەسێک شاعیر بێت، کەچی بە بێ سڵەمینەوە باس لەوە بکات، کە شیعر دەبێ سادە و ڕەوان بێت و هەمووان وەک یەک تێی بگەن، وەک ئەوەی شیعر (مەتەڵ) و (قسەی نەستەق) بێت. بە تایبەتیش لە ڕۆژگارێکدا، کە شیعری کوردی، وەک ڕابردوو، چیتر هەڵگری پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە و شیعر چیتر ڕۆڵی هوشیارکردنەوە و ڕیفۆرمکردنی تاکەکان و کۆمەڵگە بە گشتی نابینێت. بێگومان ئاساییە دەقێکی شیعری سادە و ڕەوان بێت و هەمووان بە ئاسانی تێی بگەن. سادەیی زمان و دەربڕین، ڕووبەرێکی گەورەی شیعری کوردی لە ڕابردوودا پێکهێناوە، قسە لەسەر ئەوە نییە، بەڵکو ئەوەی دەبێت ڕەخنە بکرێت و ڕەتبکرێتەوە ئەوەیە، کە تۆ بێیت، ئەو دیدگا سادە و بێ قووڵاییەی خۆت، وەک تیۆرێک و میتۆدێک بۆ خوێنەوەی شیعر ببینێت و پێت وابێت، داهێنەترین و سەرکەوتووترین دەقی شیعری شاعیران، ئەو شیعرانەن کە هەمووان، لە نەخوێنەوارێکەوە بۆ پڕۆفیسۆرێک، لە کاسبەوە بۆ خوێنەرێکی وردی شیعری بێ جیاوازی تێی بگەن. ئەم نەوەیە، بەشێکی زۆریان بەو شێوەیە، لە زمانی شیعر گەیشتوون، بۆیە هەموو دیاردە و کردە ڕۆژانەییەکانی ژیانی خۆیان دەکەنە شیعر و بە ناوی شیعر بڵاویدەکەنەوە. تا ئەو ڕادەیەی زۆر بە دەگمەن، لە پشت ئەو زمانە سادەو ڕۆژانەییەوە، شیعرێکی جوان و بە چێژ دەبینین. نووسەر لە وتارەکەیدا، لە کاتێکدا باس لەوە دەکات کە شاعیر، جیهانێکی تازە کەشفنەکراوی دۆزیوەتەوە و ئەم شیعرانەی گۆڕانێکی گەورە و بنەڕەتین، لە ئەزموون و شێوازی شیعری بەراورد بە شیعرەکانی ڕابردووی، بەڵام هەر خۆی بۆچوونەکانی خۆی ڕەت دەکاتەوە و دەکەوێتە هاودژییەکی زۆرەوە لە نووسینەکەی. با بزانین، نووسەر کە باس لەو جیهانە کەشفنەکراوەی شاعیر دەکات، دواتر چی دەڵێت. ئەمجارەیان لە درێژەی وتارەکەیدا، دەنووسێت.(لە کۆی ئەو کتێبەدا واتا بەلەمی نادیار و بەتایبەتیش لە ڕووی بابەتەوە، هەمان ئەو سامی هادیە دەبینم کە لە ساڵی 2012 ناسیم) بێگومان ئەگەر بەو پێوەرە بێت کە ئەو دەستنیشانی کردووە، ئەوا نە شیعری جیاواز، نە گۆڕانی شێوازی شیعری، نە جیهانێکی کەشف نەکراویش بوونییان هەن. چونکە ئەگەر شاعیرێک، بەهەمان وێنەی یانزە ساڵ پێش ئێستا، لە ڕووی بابەتەوە شیعر بنووسێت، مانای وایە هیچ لەو چەمکانە بوونییان نییە و بەڵکو زادەی خەیاڵکردنی شاڵاون، کە ئەو خەیاڵکردنەوش، دەرەنجامی ئەو پەیوەندییە برادەرایەتیەیە، کە ئەو بە شاعیر دەبەستێتەوە. نووسەر لەو شیعرانەدا، وێنەی هەمان ئەو شاعیرە و شیعرەکانی دەبینێت کە دەیەیەک لەمەوبەر( کە زەمەنێکی زۆرە بۆنوێ کردنەوەی شیعری) ناسیویەتی و شیعرەکانی خوێندۆتەوە. ئەمەش ڕەتکردنەوەی ئەو بۆچوونەی خۆیەتی، کە پێشتر بانگەشەی بۆ دەکات. بۆیەشە نەیتوانیوە، بە پراکتیکی و لە پەراوێزی خوێنەوەی شیعرەکانییەوە، ئەو دابڕانە شیعرییە باس بکات، کە ئەو پێی وایە، لەگەڵ شیعرەکانی ڕابردوودا هاتۆتە ئاراوە. نووسەر لە درێژەی وتارەکەیدا، ئەمجارەیان باس لە (شیعری گەورە) دەکات. با بزانین ئەو لەو بارەیەوە چی نووسیوە؟ نووسەر دەنووسێت:_(شاعیرێک ئەگەر بیەوێت، شیعری گەورە و فەلسەفەی گەورەو جیهانبینی گەورەی هەبێت، دەبێ بە شێوەی سامی هادی بنووسێت، دەبێ ژیان و دنیایی ڕاستەقینەی خۆی بنووسێتەوە و بکاتە شیعر) لە ڕوانگەی ئەم بەڕێزە، شاعیرێک ئەگەر بیەوێت شیعری گەورە بنووسێت و داهێنان بکات، ئەوا دەبێ بە شێوەیەک بنووسێت، کە هەمووان لە شیعرەکەی بگەن، نەک نوشتە ئاسا شتێکمان بۆ بنووسێت، کەس تێی نەگات. هەڵبەتە بەوەدا دیارە کە دیدگای ئەم بەڕێزە بۆ شیعر، چەند هەژار و لااوازە، کە نایەوێت شیعر ئاڵۆز و قووڵ و پڕ واتا بێت، بەڵکو دەبێ زمانێکی ئاسایی و ڕۆژانەیی هەبێت و هەموو خەڵک تێی بگات. نووسەر، نایەوێت ڕامان و بیرکردنەوەی شیعری هەبێت، بەڵکو تا بە ئاسانی لە شیعرێک بگەی، بە چێژتر و هونەریترو داهێنەرانەترە. بێگومان هیچ دەقێکی شیعریی نییە، بەو دەقانەی نووسەر وەک (نوشتەش) ئەیانبینێت، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان، هەڵگریی واتایەکی قووڵی شیعرییانە نەبن، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە، ئەم جۆرە دەقانە، خوێنەوە و ڕامان و هەڵوەستە کردنیان دەوێت. بیرکردنەوە و تێڕامان و گەڕان بە دوای پرسیارە شاراوەکانی دەقەکەیان دەوێت، ئەمش پرۆسەیەکە لە توانای هەموو خوێنەرێک نییە و هەموو خوێنەرێکیش ئەو توانستە زمانی و هزریی و شیعرییەی نییە لە هەموو دەقێک بگات.

من بە پێچەوانەی ئەو، هەمیشە ئارەزووی خوێنەوەی ئەو دەقانەمە کە تێیان ناگەم، چونکە ئەم شیعرانە، ناچار بە بیرکردنەوە و هەڵوەستە و ڕامانم دەکەن، بە بڕوای من هەر ئەمەشە خوێنەرێکی بیرکەرەوە لە خوێنەرێکی ڕاگوزەر و بیرنەکەرەوە و فەیسبووکی جیا دەکاتەوە. ئەمە لەلایەک ، لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر(جیهانبینی گەورە) و(شیعری گەورە) و(فەلسەفەی گەورە)، بە نووسینەوەی ژیانی ڕاستەقینەی کەسەکان بێت، ئەوا دەبوو نووسەر بزانێت ئێستا نیوەی مرۆڤایەتی و کوردیش، شاعیری گەورە و فەیلە سوفی گەورە و داهێنەر دەبوون. چونکە کەس نییە، ڕووداوێک لە ژیانی ڕاستەقینەی نەبێت و بشێ بیکاتە تیمەی نووسینین دەقێک. بۆیە ئەم قسەیەی نووسەر، قسەیەکی بێ ئەرزش و بێ ناوەڕۆکە و لە بێ ئاگاییە و لە شیعرو جیهانبینی شیعری هاتووە. دواجار دەڵێم، هیچ پێویستی بەوە نەدەکرد (سامی هادی) ئەو پێشەکییە بۆ کۆمەڵە شیعرەکەی دابنێت، چونکە ئەو خۆی شاعیرێکی ناسراوە و من وەک خوێنەرێک شیعرەکانی دەخوێنمەوە و پێشتر لە بارەی شیعرە کانییەوە نووسیومە. ئیدی چ پێویست بەوە دەکات، شیعرەکانی لە ڕێی کەسێکی دیکەوە بناسین.

سەدیق سەعید ڕواندزی

———————-

*خوێنەران دەتوانن بگەڕێنەوە سەر پێشەکی کۆمەڵە شیعری (بەلەمی نادیار) کە چەند ڕۆژێک لەمەو بەر، لەلایەن (وەشانخانەی باڵندە) چاپ و بڵاو کرایەوە.
** دەربڕینی نێو کەوانەکان، لە وتارەکەی نووسەر وەرگیراون. تکا دەکەم خوێنەران بۆ دڵنیایی، بگەڕێنەوە سەر وتارەکەی نووسەر، لە پێشەکی کۆمەڵە شیعرەکە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish