Skip to Content

من تەنیاییم لێدەڕژێ.. ناڵە حەسەن

من تەنیاییم لێدەڕژێ.. ناڵە حەسەن

Closed
by كانونی دووه‌م 21, 2024 General, Poems

بۆ ئەوەی چاوەکانت هەر بە گەشی بمێننەوە
ڕووناکیم لە خۆرەتاو دەدزی
تا ڕێگاکانی بەردەمت ببینی و هەر بڕۆیت و نەکەویت
بۆ ئەوەی تابلۆی جەستە و نیگاری خەونەکانت
پڕ بکەم لە ڕەنگ
قەڵەمی لێوتم لە ئەستێرە مێینەکان و
سپیاوی گۆنات لە بەفر و
مەسکارام لە ژنە مەستەکانی نێو باڕەکان و
ئاوینە بچووکە بازنەییەکە لە سەراب و
کل و کلدانیش لەو کچە قەرەجانەی
ناو لەپمیان دەخوێندەوە و
ڕەنگە شینەکەی نینۆکیش لە هەور و
تۆقە زەردەکەی قژی خاویشتم لەمانگ قەرز دەکرد
بۆ مانەوەی بزە گەرمەکەی سەر ڕوخساریشت
هەوڵمدەدا
پەیکەری مەحاڵ بە چۆک دا بدەم
هەرگیز ئاوڕ لە دواوەم نەدەمەوە
هەندێجار وەک ئیبلیسێک گەردوونم پڕ دەکرد لە تاوان
هەندێجاریش دەبووم بە فریشتە و
دەستەکانم دەکرد بە هێلانە بۆ ساقە سۆرەی پەرەسێلکەکان و
بە هەناسەم گەرمم دەکردنەوە
بۆ سەما و خاوبوونەوەی هەستە ئیرۆسییەکانت
هاژەی هەموو ڕووبارەکانم دەهێنایە نێو ژوورەکەم
تریفەکانی تاریکیم لە نێو شەوەکانت دوور دەخستەوە
گوڵی ئارەزووەکانتم ئاو دەدا و
هەر لە ئیوارەوەش بخوورم
لە سوچەکانی نێو ماڵەکەت هەڵدەکرد
شیعرم بۆ پەپووڵە و کۆترە سپییەکان دەخوێندەوە
تا بەر پەنجەرەکەت جێنەهێڵن
بە زمانی سەوزایی قسەم بۆ درەختەکان دەکرد
تا لەگەڵ بادا سەمفۆنیایەکی سێرناداییت بۆ بژەنن
ئایەتە ئاوییەکانیشم بۆ ماسییە بچکۆڵەکان دەخوێند
تا لە نێو قووڵاییەکان و لەژێر بەردەکان خۆیان نەشارنەوە
دەوری چیمەنی بەردەم ماڵەکەشتانم بە ڕەشە رەیحانە
دادەپۆشت
سمۆرەکانیشم وا ڕاهێنابوون
نەرم نەرم بەسەر لقەکاندا بازبدەن
بە چاوە ڕەشەکانیان لێت بروانن
بە ددانە تیژەکانییان گوێزت بۆ بشکێنن
بە دەم پیاسە و ڕۆیشتنی نێو دارستانەکانیش
دەبووم بە کاتژمێری دەستت
چرکە چرکە ترپەی دڵ و هەناسەتم دەخوێندەوە
هەندێجاریش لە دواوەت دەڕۆیشتم
تا هەنگاوەکانت بژمێرم
لە کاتی پشوودانیش بەدەم خواردنەوەی چای عەسرانێک
حیکایەتی ( دەنکە هەنار )م بۆ کچە گوڵفرۆشەکان دەگێڕایەوە
تاکو دەمە و ڕۆژئاوابوون نەڕۆنەوە و هەر لەلات بمێننەوە
بۆ شەوە گەرمە ئیرۆسییەکانیشت
مۆمم لەنیو لەپی دەستەکانم دادەگیرساند و
بە ماچ و وشە ناسکۆڵەکانی شیعری
قسەم لەگەڵ دەمار بە دەماری هەست و سۆزت دەکرد
بۆ گەشبوونەوەی چرای مەراق و مەبەستەکانیشت
بەسەر پشتی شەپۆلەکانی ئاگر بازمدەدا و
پە پەیژەکانی بروسکە هەڵدەگەڕام
سەرشێتانە ڕێگام بە ڕەشەبا دەگرت
چاوەکانم ئایکۆنەکانی مردنی نەدەخوێندەوە
دەچوومە نێو گەرووی نەهەنگ و
خۆم و توورەگەیەک نان دەگەرامەوە
ئەلبوومی قەسیدەکانم پڕبوون لە وێنەکانی تۆ
ناوەکەشت هێمایەکی گەورەبوو
هەمیشە دووبارە و سێبارە دەبیندرایەوە
لەنێو دەفتەری یادەوەرییەکانت
قسەی ئەو ڕۆماننوس و بیرمەندانەم
بۆت دەنووسی
کە پێیانەوە سەرسام بووی
بیرمە جارێک نووسیبووم تۆلستۆی دەڵێت
( ژیان بەبێ عەشق ئاسانە
بەڵام / مانایەکی ئەوتۆی نییە .. )
تۆش دوای خوێندنەوە گوتت
ئای چ گەوهەرێک خۆی لە پشتی
ئەم قسانە حەشارداوە
ئەوە من بووم دەمەویست
وەکو شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتی
بۆ تا ئەبەد لەنێو پەرستگە ڕووناکەکانی عەشق
بمێنمەوە
هێندە بەرزیش بفڕم
تا لەنێو تەمە سپییەکانی ئەودیو هەورەکانەوە
کەپرێک لە گەڵا و درەختە سپییەکان دروست بکەم و
تۆش هەر لە تەنیشتمەوە ڕاکشابیت
جەخار ئێستاش
بە هەورازەکانی نائومێدی هەڵدەگەڕێم
باوەڕناکەم میلۆدییە غەمگینەکانی نێو هەناسە و وڕێنەکانم
بە هیچ شمشاڵێک و کەمانجەیەک بژەندرێن
ئەوە منم بەنێو ناشوێن دا بە ئاراستەیەکی بازنەیی
ڕێدەکەم و ناگەم بە دوادێر و دوا وشەی بڕیارەکانم
ئێستاش خۆم و
چەند کتێبێکی چاو بەفرمێسک و قەڵەمێکی نارنجی
لە باکووری ڕۆژئاوابوونەکانی خەون
تەڕ تەڕم وەک باران و وەک خوداش تەنیاییم لێدەڕژێ

                                                 ڕێبەندانی ٢٠٢٤

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish