پێشنیارێک/ پێویستیی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
٢٠٢٤ – ٢٠٢٦() تەمەنی بزاڤی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق خۆی لە نیو سەدە دەدات. نیو سەدەی پڕ لە هەڵکشان و داکشان، پڕ لە قوربانیدان و سەروەری، پڕ لە هەوڵ و تێکۆشان، پڕ لە ئەزموون و قاڵبوونەوە. ئەم بزاڤە زۆری برد تا توانی لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت و ڕاوەستێت. ئێستاش پشت ئەستوور بەو مێژووەی کە هەیەتی، تەکان و هەنگاوی چاک و بوێرانە دەنێت. ئەم بزووتنەوەیە ئێستا نەک هیچی کەمتر نییە لە بزاڤە ڕۆژنامەگەرییە ئایینی و ناسیونال – لیبڕاڵەکانی بۆرژوازی، بگرە لە هەندێ بواردا پێشڕەوترە لە بزاڤی ڕۆژنامەگەری بزووتنەوە بۆرژوازییەکانی عێراق و تەنانەت ناوچەکەش. بۆیە جێی خۆیەتی وەکچۆن لە خەمی ئەوەداین مێژووی ئەم بزاڤە وەکخۆی وێنا بکەین و سەروەرییەکانی تۆمار بکەین، ئاواش لە خەمی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری ئەو بزاڤەین. ڕۆژنامە و بڵاوبوونەوەی لەنێو هەر کۆمەڵگەیەدا هەمیشە لە سەرەتایەکەوە دەست پێ دەکات کەڕەنگە لە پڕۆسەی گەشەکردن و بەرەوپێچوونی خۆیدا بتوانێت ئاڵوگۆڕی چۆنایەتی لە ناوڕۆک و پەیام و شێوە و فۆرمی ڕۆژنامەکەپێک بێنێت. زۆر پێش مێژووی هاوچەرخ بەتایبەتی لە ساڵی ٥٩ ی پێش زایین یەکەمین بڵاوکراوە بەناوی ( Acta Diurna) هاتۆتە بڵاوکرانەوە کە ڕووداوەکانی ڕۆژی تیا باس کراوە. پاشان لەسەدەی پازدەهەمین بازرگانان لە شارەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا ڕووداوە گرنگەکانیان لەتۆمارە نووسراوەکان بە دەست و خەت دەنووسییەوە و لەنێو هاوکارەکانیان و لە شوێنی کارەکانیان دەستا و دەستیان پێدەکردن. بۆ یەکەمینجاریش بیرۆکەی بەکارهێنانی چاپخانە لە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٦٠٥ زاینیدا هاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئیتر لەو مێژووە بەدواوە بیرۆکەی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە گەشەی کرد و لە سەدەی هەژدە بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکان برەویان پەیدا کرد و سەدەی نۆزدە گۆڤارەکان هاتنە بڵاوکردنەوە و سەدەی بیستیش رادیۆ و تەلەفیزیۆن و سەدەی بیست و یەکەمینیش ئەنتەرنێت خۆی کرد بە هەموو ماڵێکی سەر ئەم هەسارەیە. یەکەمین هەفتەنامە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بە ناوی ( The Relation) بووە و بەزمانی ئەڵمانی لە ستارسبۆرگ چاپ و بڵاوکراوتەوە. بڵاوبوونەوەی یەکەمین بڵاوکراوە لەهەر سەرزەمینێکدا و لە هەر قۆناغ و لە هەناوی هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا بایەخی مێژوویی خۆی هەیە و بۆیەش مێژووی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکەش کراوەتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری. هەروها ئەو کەس و لایەنەی بڵاوی کردۆتەوە وەکو ڕابەر و پێشەنگی ڕۆژنامەگەری ئەو سەردەم و قۆناغ و وڵاتە هاتۆتە ئەژمار. یەکەمین ڕۆژنامە بەزمانی عەرەبی بەناوی (التنبیە) لە میسر دەرچووە، کە ناپلیۆن بۆناپۆرت لە ساڵی ١٨٠٠ دەری کرد. لە عێراقیش یەکەمین ڕۆژنامە (جورنال العراق) بوو کە لە ساڵی ١٨١٦ ی زایینی بڵاو کراوەتەوە ، بەڵام هیچ نوسخەیەکی نەماوە. دوواتر ڕۆژنامەی ( الزوراء) لە پانزەی حوزەیرانی ١٨٦٩ بڵاو دەبێتەوە و ئیتر پانزەی حوزەیران دەبێتە رۆژی ڕۆژنامەگەری عێراقی. لە رۆژنامەگەری کوردیشدا ڕۆژنامەی کوردستان کە جەلالەت بەدرخان لە میسر لە بیست و دووی نیسانی ١٨٩٨ بڵاوی کردۆتەوە، بۆتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی. حیزبی شیوعی عێراقیش وەک یەکێک لە حیزبە بەناو شیوعییەکان مێژوویەکی هەیە لەگەڵ ڕۆژنامەگەریدا و ڕۆژێکی تەرخان کردووە بە ناوی (ڕۆژی ڕۆژنامەگەری شیوعی عێراقی). لێرەدا جێی خۆیەتی لەکاتێکدا کە خەریکی ساغکردنەوە و بە دۆکیومێنتکردنی بزاوتی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێم لە عێراق، ئەم پرسە بووروژێنم و دوو قسەی لەسەر بکەم. یەک : بۆ بیرکردنەوە لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق، دەبێت جەغد بکرێتە سەر ئەو بڵاوکراوانەی کە بۆ یەکەمجار هاتوونەتە وەشاندن. واتە کام ڕۆژنامە و گۆڤار بەشێوەی نۆرماڵ و بەفۆرمی هاوچەرخانە لە چاپخانە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. دوو : کۆنترین بڵاوکراوە لە مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی هاوچەرخدا کە بە تایپکراوی بە شێوەی هاوچەرخانە لە چاپخانە چاپ و بڵاوبووبێتەوە، دیاری بکرێت.
سێ : سەرنووسەر و دەستەی بەڕێوەبردن و ئەو کەس و لایەنەی کە بڵاوکراوەکەی بڵاوی کردۆتەوە، دەستنیشان بکرێن.
سێ : ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ساغ بکرێتەوە و بکرێتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی لە عێراق.
چوار : تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم، ڕۆژنامەی ( بۆ پێشەوە) کە ڕۆژنامەیەکی سیاسی – تەحریضی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بوو بەو مواسەفاتانە چاپ بووە و بڵاوکراوەتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە ژمارە پانزەی بەشێوەی ئەی فۆر بە تابیعە تایپ کراوە و ژمارە ١٦ش لە نیوەی دووەمی ئازاری ساڵی ١٩٩٣ لە چاپخانە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ژمارە شانزەی ساڵی دووەمی ڕۆژنامەی بۆ پێشەوە، یەکەمین ڕۆژنامەیە لەمێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق و کوردستان کە بەشێوەی نۆرماڵ و هاوچەرخانە چاپ کراوە و بڵاوکراوەتەوە. خاوەنی ڕۆژنامەکە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بوو.
پێنج : بەم پێیە دەتوانرێت ڕۆژی یەکەم لە نیوەی دووەمی مانگی ئازار واتە شانزەی ئازاری ساڵی ١٩٩٣، بکرێتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق. واتە شانزەی ئازاری هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی نوێ دیاری بکرێت.
لەم ڕێگەیەوە دەتوانین ساڵانە لەو ڕۆژەدا یادی خەباتی چینایەتی ئەم بزاڤە کۆمۆنیستییە بکەینەوە. لێرەوە دەتوانین بزاڤی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی نوێ لەو بێ ڕۆژییەیدا قورتار بکەین و بە دیاریکردنی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی نوێ ساڵانە یادی بزاڤەکە و هەڵسوڕاوەکانی و گیانبەختکردووانی بکەینەوە و ئەو ڕۆژە پیرۆز ڕابگرین.
(*)ئەم پێشنیارەم لە ساڵی ٢٠٢٤ نووسی و ئێستا بە هەندێک دەستکارییەوە دەیخەمە بەر دیدەی خوێنەران.
تێبینی: هەندێک زانیاری سەبارەت بە مێژووی بڵاوکراوەکان لە ئاستی جیهان و وڵاتانی عەرەبی و عێراق لەم نووسینانەی خوارەوەم وەرگرتوون :
(١)ویکیپیدیا ؛ الموسوعة الحرة تاریخ الصحافة https://ar.wikipedia.org/wiki
(٢)شبکة النبآ المعلوماتیة بدایات الصحافة العربیة و تطورها بقلم کمال عبید https://annabaa.org/arabic/iraqipress/2071
(٣)تاریخ الصحافة العراقیة بقلم محمد الوندي موقع الحوار المتمدن https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=137885
(٤)الواح السومریة المعاصرة http://www.somerian-slates.com/mss_old/p159.htm
