Skip to Content

عیشقی خەیاڵی و یۆتۆپیای بەیەکگەیشتن لە شیعری” چەندێکی تر دەتوانین ناوی ئەم سووتانە نەهێنین؟”ی فەرهاد شاکەلی دا

عیشقی خەیاڵی و یۆتۆپیای بەیەکگەیشتن لە شیعری” چەندێکی تر دەتوانین ناوی ئەم سووتانە نەهێنین؟”ی فەرهاد شاکەلی دا

Closed
by حوزه‌یران 23, 2022 General, Literature


نووسینی/ عەتا قەرەداخی


” چەندێکی تر دەتوانین ناوی ئەم سووتانە نەهێنین؟” ناونیشانی شیعرێکی فەرهاد شاکەلی-یە کە لە کۆمەڵە شیعری “نوختەی نوونەکەی ژیان” دا بڵاوی کردووەتەوە. فەرهاد شاکەلی یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی نەوەی حەفتاکانی شیعری کوردی و تاکو ئێستاش بەردەوامە. ئەو سەرباری ئەوەی کە شاعیرێکی دیارە، یەکێکیشە لە نووسەرە دیارو خوێندەوارو فرە بەهرەکانی کورد و هەم بەشدارییەکی دیاری لە نووسینی چیرۆکدا هەیە، هەم توێژەرێکی بەتوانایەو هەم یەکێکە لەو نووسەرانەی ئێمە کە بە کوردییەکی پاراو دەنووسێت.
لێرەدا هەوڵدەدەین خوێندنەوەیەکی رەخنەییانەی ئەم دەقە شیعرییەی ئەم شاعیرە بکەین. لەم خوێندنەوە رەخنییەدا کە کارکردنە لە شیکردنەوەی بنیادی پێکهێنەری زمانی دەقەکەدا، شۆردەبینەوە بۆ ناو بنیادی دەقەکەو لەوێڕا لە ئەنجامی شیکردنەوەو بنکۆڵکردن و توێکاری پێکهاتەی زمانیی و شیعریەتی دەقەکەدا، هەوڵدەدەین ئەو پرسیارانەی دەقەکە بەرزیان دەکاتەوەو جیهانبینی گشتی دەقەکە دیاری بکەین.
بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە میتۆدی رەخنەی پراکتیک بە رەهەندە جیاوازەکانیەوە بەکاردەهێنین کە بریتیە لە کارکردن لە چوارچێوەی دەقەکەدا، ئەویش لەسەر بنەمای شیکردنەوەی بنیادی زمانیی دەقەکەو هەوڵدان بۆ ئاشکراکردنی ئاستی شاراوەی دەقەکەو دۆزینەوەی ماناو دەلالات و پرسیاری دەقەکەو لەوێشەوە کاردەکەین بۆ ئاشکراکردنی جیهانیبینی گشتی دەقەکە. بۆ ئەو مەبەستەش مامەڵە لەگەڵ رەگەزە زمانییەکانی دەقەکەو رەگەزەکانی بەرهەمهێنانی شیعریەتی دەقەکە دەکەین لە وێنەو مۆسیقاو میتافۆرو لێکچوون و دوانەی بەرامبەرو و دژو کۆی تەکنیکەکانی تری بەرهەمهێنانی شیعریەتی دەق.
سەرەتا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەین کە ئەم دەقە شیعریە لە ساڵی ٢٠١٠ دا نووسراوە، واتە بەرهەمی نزیکەی چل ساڵ دوای دەستکردنی ئەم شاعیرەیە بە نووسین. هەروەک ئاشکرایە ئەم دەقە لە رۆژئاواو لە دەرەوەی زێدی شاعیر نووسراوە، کە نزیکەی چل و پێنج ساڵە ئەو زێدی خۆیی بەجێهێشتووە، بەڵام کۆی دەربڕین و زاراوەو زۆرینەی وێنەکانی و رەگەزو توخم و کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی ئەم دەقەو زۆربەی دەقەکانی تریشی لە زێدی خۆی و لە رەگوڕێشەی رەسەنی کەلتوری خۆی وەرگرتووە. ئەوەش خاڵێکی گەش سەبارەت بە ئەزموونی ئەم شاعیرەو زۆرینەی شاعیرانی تری نەوەکەی ئەم و نەوەی دوای ئەمانیش نیشان دەدات کە چەند پەیوەستن بە رەگوڕیشەی خۆیانەوە، لەکاتێکدا زۆرینەی شاعیران و نووسەرانی نەوەی دواتر کە زۆرێکیشیان تەنیا زمانەکەی خۆیان زیاتر نازانن و بێجگە لە کەلتوری کوردی ئاگاداری کەلتوری میللەتانی تر نین، کەچی نە زمانی کوردییان ئەرکی گەیاندن جێبەجێ دەکات، نە بیرکردنەوەیان کوردیە، هەربۆیە نووسینەکانیان چ شیعر بێت یان چیرۆک یان زمانی پەخشان، هەستناکرێت پەیوەندی بە کوردو کەلتوری کوردی و رەگوڕیشەی کوردیەوە هەیە. هەڵبەت بەرهەمەکانیشیان لەو ئاستەشدا نین بووبنە ئەدەبێکی جیهانی، یان گەردوونی، چونکە ئاشکرایە هەر ئەدەبێک شوناسی تایبەتی خۆیی نەبێت، ناشێت ببێتە خاوەنی شوناسی گشتی. لەم روانگەیەوە خاسێتێکی دیاری بەرهەمەکانی فەرهاد شاکەلی سەرباری ئەو ماوە دوورودرێژەی دوورکەوتنەوە لێرە، ئەو لەوێوە هێشتا بەتووندی رەگوڕیشەی بە قوڵایی ئێرەدا رۆچووەو بەرهەمەکانی شوناسی ئەدەبی کوردییان هەیەو لەپاڵ ئەوەشدا بێگومان بارگاویکراون بە جیهانبینی گەردوونی.
ناونیشانی ئەم دەقە شیعریە پرسیارێکی تا ئەندازەیەک درێژە. لە راستیشدا درێژی ناونیشان خاسێتێکی دیاری شیعری ئەم شاعیرەی ئێمەیە. ناونیشان رۆڵی کلیل دەبینێت بۆ کردنەوەی دەرگای دەق، یان بە واتایەکی تر ناونیشان دەکارێت وەها سەیر بکرێت کە چڕکەرەوەی جیهانبینی دەق بێت. درێژیی ناونیشان دەشێ رێگای چوونە ناو دەقەکە ئاسانتر بکات. لێرەدا وەکو ئاماژەمان بۆ کرد ناونیشانی ئەم دەقە پرسیارێکە، شاعیر بە راناوی لکاوی کەسی یەکەمی کۆ دەپرسێت ” چەندێکی تر دەتوانین ناوی ئەم سووتانە نەهێنین؟”.
رووداوێک لە رابرددودا روویداوەو ئەو رووداوەش بووەتە هۆی سووتان. دیارە هەتا ئێستا ئەو سووتانە شاردراوەتەوە، یان باس نەکراوە، یان ناونەنراوە، کە دەشێت سووتانی مەعنەوی یان عیشق بێت. پرسیارەکە سەبارەت بە مەودای ئەو کاتەیە کە ئەمان دەتوانن ناوی ئەو سووتانە نەهێنن؟ کە دەشێت بگوترێت مەبەست ئەوەیە کە ئەمان نهێنیەک لە نێوانیاندایە، کە دیارە ئەوەش عیشقە و ئەو سووتاندنەی باس دەکرێت دەرئەنجامی ئازاری ئەو عیشقەیە، بەڵام ئەمان تاکو ئێستا ئەو عیشقەیان شاردۆتەوە. ئەو شاردنەوەیەش دەشێت بە دوو جۆر لێکبدرێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە لە خەڵکی تریان شاردبێتەوە. دووەمیان دەشێت هەریەکە لەمان لای خۆیەوە لە ئازاری خۆشەویستی یان عیشقی ئەویتریاندا بژی و تاکو ئێستا ئەوەیان بۆ یەکتر نەدرکاندبێت، هەرچەندە عیشق نە زمانی دەوێت نە درکاندن، بەڵکو عیشق لە رێگای نیگاو ئاماژەو زمانی رۆحەوە هەڵدەگیرێت و تێگەیشتن دەکرێت. کەواتە ئێستا ناونیشانی ئەم دەقە شیعریە ئەوە لەخۆیدا کۆدەکاتەوە کە ئازارو سووتانێکی بەهێزو کەریگەر هەیە، بەڵام تاکو ئێستا شوناسی ئەو ئازارو سووتانە ئاشکرا نەکراوە. شاعیر لەوەش دڵنیا نییە هەتا کەی شوناسی ئەم ئازارو سووتانە بەنهێنی دەمێنێتەوە.
لە دەستپێکی دەقەکەدا هاتووە : چەند ساڵە شنەبایەک نەما لێی نەپاڕێمەوە،/ گوڵالە نەما دەستەوداوێنی نەبم،/ وشەی کوردی نەما نەیکەمە تکاکار،/ من بیابانم و تۆ تاوە بارانی،/ من غەریبایەتی و تۆ نیشتیمانی./
لەم دەستپێکەدا شاعیر خۆی لە پێگەیەکدا وێنادەکات کە لەبەرامبەر کەسی دووەمدا راوەستاوە، بەڵام راوەستانێک کە دەربڕینەکانی نیشانی دەدەن ئەم لە پێگەیەکی لاوازدایەو داواکاری بۆ ئەو بەرزدەکاتەوە، یان تکای لێ دەکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم داواکاری هەیە، بەڵام داواکارییەکەی هێشتا ئاشکرا نیە. دەشێت ئەم لای خۆیەوە عەشقی ئەو بێت و بۆی بسووتێت بەڵام وا دەردەکەوێت ئەو یان لەم بێ ئاگا بێت، یان هەستی بۆ ئەم نەجوڵێت یان خۆی لە ئاستێکی بەرزتردا ببینێت. هەر بۆیە لە هەرچی شنە بایە پاڕاوەتەوە، دەستەو داوێنی هەرچی گوڵاڵەیە بووەو هەرچی وشەی کوردی هەیە کردویەتیە تکاکار بۆ ئەوەی ناوەندگیری لە نێوان ئەم و ئەودا بکەن و بەوەش ئەو خۆشەویستی ئەم پەسەند بکات و سەرئەنجام کۆتایی بەو ئازارە بهێنرێت، کە پێدەچێت زۆر درێژەی کێشابێت، کاتێک ئەم باسی ئەوە دەکات چەند ساڵە ئەم لە هەوڵی رازیکردنی ئەودایە.
شاعیر خۆی لەبارێکدا نمایش دەکات کە لەبەرامبەر ئەودا راوەستاوە، واتە لێرەدا دووانەیەک درووست دەبێت ئەویش دوانەی من / تۆ-یە. من کە کەسی یەکەمی تاکەو قسەکەرە، دروستتر وایە بڵێین شاعیرە لەبەرامبەر کەسی دووەمدا راوەستاوەو دەیدوێنێ، کە دیارە ئەویش کەسی دووەمی تاکە. سروشتی ئەم دووانەیە وادەبینرێت کە جەمسەری یەکەم – من-ی شاعیرە یان ئەمی عاشقە، جەمسەری دووەم –تۆ – تۆی مەعشوق کە پەیوەندی نێوان ئەم دووانە بریتیە لە عیشق، واتە هێز یان رایەڵەی بەهێزی عیشق ئەمانی پێکەوە بەستووە. لە شێوەی دەربڕینی زمانی ئەم کۆپلەیەدا وادەردەکەوێت کە ئەمی شاعیر لە هەڵوێستی پاڕانەوەو تکاکردندایە، کە ئەمەش ئەگەر لە دەرەوەی چوارچێوەی عیشقدا باس بکرێت، هەڵوێستێکە لاوازی دەنوێنێت، بەڵام دیارە عیشق پەیڕەوەی ئەو رێساو نەریتە ناکات. لەبەرامبەر پێگەی لاوازی ئەمدا، وادەردەکەوێت کە پێگەی ئەوی مەعشوقە یان بە زمانی سەردەم ئەوی خۆشەویشت پێگەیەکی بەهێزتر بێت. ئەم باسی ئەوە دەکات کە چەند ساڵە ئەم پەنای بۆشنەی با-و گوڵاڵەو وشەی کوردی بردووەو لێیان پاڕاوەتەوەو کردوونی بە تکاکار لەبەرامبەر ئەودا. بەڵام دەشێ بپرسین ئەمی شاعیر ئەمانەی لە پێناوی چیدا کردووە؟ ئایا بۆ ئەوەی ئەو خۆشی بوێت، یان بۆ ئەوەی چیتر بە ئاگری عیشق نەیسوتێنێت و بە خۆشەویستیەکەی رازی بێت، یان بۆ ئەوەی عیشقەکەیان کە ئەو بە سووتان ناوی دەبات ئاشکرا بکەن و لەوە زیاتر نەیشارنەوە؟
وەکو گوتمان بنیادی دەقەکە تا ئەندازەیەک لەم دەستپێکەدا دەردەکەوێت لەسەر بنەمای دووانە بنیادنراوە کە یەکەمین دووانەش، دووانەی من / تۆ-یە. لەپاڵ ئەم دووانەیدا، دووانەی تر کە تا ئەندازەیەک خاسێتی دووانەی بەرامبەریان هەیە بەرهەم دێت وەکو دووانەی ( بیابان / باران، دووانەی غەریبایەتی / نیشتیمان). وەکو لە دەقەکەدا دەبینرێت ئەمی شاعیر نەک خۆی بە بیابان و غەریبایەتی بچوێنێت، بەڵکو خۆی بە بیابان وغەریبایەتی پێناسە دەکات، واتە جەمسەری یەکەمی ئەم دووانانە کە جێگرەوەی – من –ن هەڵگری ماناو دەلالاتی وشکی و بێ بەرهەمی و نامۆیین، واتە نەبوونی خاسێت و سیماکانی ژیان. لەکاتێکدا جەمسەری دووەمی ئەم دووانانە کە بریتین لە باران و نیشتیمان، دەلالەتی ژیان و زیندەگانی و پەیوەستبوون و وابەستەبوون هەڵدەگرن. کەواتە لە دەستپێکی دەقەکەوە راناوی من یان کەسی قسەکەر وا پێشکەش دەکرێت کە لەبارێکی ناجۆرو بێبەرهەم و وشک و نامۆییدایە. ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی داواکاری بۆ کەسی بەرامبەر، واتە بۆ ” تۆ” بەرزبکاتەوەو تەنانەت تکای لێ بکات، کە وەکو گوتمان ئەم هەڵوێستەش کەسێتی من لە پێگەیەکی لاوازدا نیشان دەدات. ئەمە لەکاتێکدا کەسی بەرامبەر، یان تۆ هەڵگری مانای ژیان و زیندەگانی و پەیوەستبوونە بەخاک و زێدەوە، لە بارو پێگەیەکی بەهێزتردایەو لە وێنەیەکدا بەرجەستە دەکرێت کە لە ئاستێکی بەهێزتر یان بەرزتردایەو داواکاری بۆ بەرزدەکرێتەوەو تکای لێ دەکرێت.
لە دەقەکەدا هاتووە:
لە دڵی ئاگردا بۆت دەگەڕێم، گڕ بەربدەیتە ئەم هەموو هەورازو نشێوە،/ ببیتە بایەک گشت جەنگەڵ و دارستانەکان بێنیتە لەرزین./ لافاوێ بۆ نایەت، دەوەنی دڕکاویی لاڕێکان راماڵیت؟/ تۆ مانگی لەو ئاسمانەوە سەرزەوی دەنەخشێنی،/ بە گڵۆڵە تیشکێک دڵم گرێ بدە!/ با بۆ هەر کوێیەک سەر هەڵگرێت و بە هەر شاخێکەوە بگیرسێت،/ بێتەوە کاسانەکەی تۆ./
ئەمی شاعیر ئەو دەدوێنێت، راستە لە دەستپێکی دەقەکەدا بە راناوی کەسی دووەمی تاک ناوی دەبات و سەرباری ئەوەی ئێمە بە گریمانە گوتمان دەشێت ئەو کەسە خۆشەویست، یان مەعشوقەکەی بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا شوناسی ئەو کەسە ئاشکرا نییە. ئەم ئێستا سەرباری ئەوەی وەکو کەسی بەرامبەر دەیدوێنێت، بەڵام لەراستیدا ئەو ونە، یان ئامادەبوونی نییە لەبەرامبەر ئەمدا. هەر بۆیە باسی ئەوە دەکات لە دڵی ئاگردا بۆی دەگەڕێت، واتە لە گەرمترین شوێندا سۆراخی دۆزینەوەی ئەو دەکات و خواست و ویستیشی هەیە کە ئەوی ناو دڵی ئاگر جێبەجێی بکات، ئەویش ئەوەیە ئاگر بەربدات لە هەموو هەورازو نشێوێک. دیسان لێرەدا ئەو وەکو خاوەن هێزو توانا وێنا دەکرێت بۆ لابردنی کۆسپ و رێگرییەکان. هەردوو وشەی ” هەورازو نشێو” کە دیسان پێچەوانەی یەکترن و وەکو دووانەی دژ سەیردەکرێن، دەلالەتی بەربەست و کۆسپ هەڵدەگرن، کە دەشێت مەبەستی ئەمی شاعیر ئەو بەربەست و کۆسپانە بێت کە بوونەتە دیوار لە نێوان ئەم و ئەودا، یان بەربەستی رێگای ناونانی سووتانەکەی ئەمانە کە مەبەست لە سووتانیش لەسەر بنەمای ئەم لێکدانەوەیە عیشقە. دیسان داوای لێ دەکات ببێتە بایەکی هێندە بەهێزهەموو دارستان و جەنگەڵەکان بێنێتە لەرزە. بێگومان کارێکی لەم جۆرەش هێزێکی نائاسایی دەوێت. هەر بە دوای ئەوەدا دەپرسێت بۆچی لافاوێ نایەت دەوەنی دڕکاوی لاڕێکان راماڵێت. لە پشتی هەموو ئەم خواستانەی ئەمی شاعیرەوە، خواست و ئارەزوویەک هەیە بۆ بوونی هێزێک کە بتوانێت شتەکان بلەرزێنێت، گڕیان بدات و رایانبماڵێت. کەواتە ئەم وەکو بەربەست سەیری ئەو شتانە دەکات بۆیە دەخوازێت وەکو خۆیان نەمێنن. وەکو گوترا ئەم داوا لە ئەو دەکات کە ئەم کارانە ئەنجام بدات، بەڵام ئەو کێیە؟ بێگومان ئەم لە رێگای ناوهێنانی ئەو یان لێکچواندنی بە توخم و رەگەزەکانی سروشت، دەیەوێت بەجۆرێک ئەو بناسێنێت. ئەو بە مانگ ناو دەبات. مانگ لە دوای خۆر دووەم سەرچاوەی رووناکیە لەم گەردوونەدا، کە زەوی رووناک دەکاتەوە. ئەم باسی ئەوە دەکات کە ئەو، ئەو مانگەیە لە ئاسمانەوە کاریگەری خۆی لەسەر زەوی دیاری دەکات و زەوی دەنەخشێنێت. واتە ناڕاستەوخۆ باسی تواناو لێهاتوویی ئەو دەکات. ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەم لە لایەک ئەو لە پێگەیەکی بەرزتردا دابنێت و لە لایەکی تریشەوە ئەم چاوەڕوانی ئەو بکات کە کۆمەڵێ شت بۆ ئەم ئەنجام بدات. بە مانایەکی تر لە پەیوەندی دووانەی من / تۆ دا، تۆ وەکو بوویەکی بە دەسەڵاتتر دەردەکەوێت، ئەوەش هێزی دەسەڵاتکردن و هەژموونکردنی پێ دەبەخشێت. لێرەدا لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت، کە سەرباری لەبەرامبەر یەکتردانانی من / تۆ وەکو دوو جەمسەری بەرامبەر، بەڵام ئەو دوو جەمسەرە لە رووی هێزو دەسەڵات و هەژموونەوە یەکسان نین. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مەرج نییە کاتێ دووانەی دژ یان بەرامبەر پێکهات لەگەڵیدا یەکسانی پێکبێت. واتە لە پێکهاتەی دووانەی بەرامبەریشدا ئەگەری یەکسانی یان هاوتابوونی تەواوەتی ئەگەرێکی لاوازە مادەم ئاستی دەسەڵاتکردن و هەژموون لە هەموو بارودۆخێکدا بە گشتی پەیوەندنی بە تواناو لێوەشاوەیی تاکەکەسیەوە هەیە.
ئەم لەم پێگەیەی خۆیەوە داوا لەو دەکات بە گڵۆڵە تیشکێک دڵی گرێ بدات. گڵۆڵە بۆ بەن یان شریت بەکار دەهێنرێت. ئەم لێرەدا وشەی گڵۆڵەی بۆ تیشک بەکارهێناوە، کەواتە گڵۆڵەی کردووە بە هاوواتای گورزە تیشکێک کە هەم لە زانستی فیزیاداو هەم لە زمانی کوردیدا بۆ تیشک گورزە بەکاردێت، کە مانای دەستەیەک یان کۆمەڵێک دەگەیەنێت. بەڵام لێرەدا گڵۆڵە مانایەکی گونجاوتر دەبەخشیت بە پێی ئەو ئامانجەی لە پێناویدا بەکارهێنراوە، چونگە گڵۆڵە مانای وایە لە یەک تاڵ درێژ پێکهاتووەو لەسەر یەک هەڵکراوەو تەنیا ئەمسەرو ئەو سەری هەیە. ئەم دەیەوێت ئەو بەم تاڵە تیشکە درێژە دڵی گرێ بدات یان ببەستێت کە دیارە سەری دووەمی ئەو تاڵە تیشکە لای ئەو دەمێنێتەوەو ئیتر ئەم بۆ هەرکوێیەک بڕوات بەوەوە بەستراوەو لەژێر دەسەڵات و هەژموونی ئەودایەو ناتوانێت لە مەودای درێژی ئەو گڵۆڵە یان تاڵە تیشکە دووربکەوێتەوە. واتە لە رێگای ئەو تیشکەوە ئەم بەستراوەتەوەو لەژێر رکێفی ئەودایە. ئەمەش لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە ئەم دەیەوێت بەستراوەو پەیوەست بێت و یەکێک رکێفی بکات و بیجوڵێنێت و ئەمیش نەتوانێت لە قەڵەمڕەو و فەرمانی ئەو دەربچێت. ئەمەش لە ئاستێکی تردا ئەو مانایە هەڵدەگرێت کە مرۆڤ بە سروشتی یان دەشێت بڵێین بە غەریزە دەخوازێت یەکێک بەرپرسیاری بێت یان لەژێر دەسەڵاتی یەکێکدا بێت و لەسەرەوەو لە دەرەوەی خۆی بڕیاری بۆ بدرێت و بەڕێوە ببرێت.
هەروەک لێرەدا وێنەو دەربڕینی ” بۆ هەر کوێیەک سەرهەڵبگرێت و بەهەر شاخێکەوە بگیرسێت، بێتەوە کاشانەکەی تۆ” داڕشتنەوەی هەمان دێڕە شیعرێکی دیاری بێخودی شاعیرە کە دەڵێت: ئاخۆ بە چ شاخێکەوە گیرساوە دڵی من”. چیرۆکی ئەم شیعرەی بێخود ئەوەیە کە برازاکەی سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەڕوات و ون دەبێت، کە دیارە بێخود زۆری خۆشویشتووە. بۆیە ئەو شیعرە پڕ لە سۆزەو بەو ئاستەبەرزە هونەرییەی بۆ نووسیووەو ونبوونی برازاکەیشی دەچوێنێت بە ونبوونی یوسفی کوڕی یەعقوب کە چۆن براکانی فڕێی دەدەنە بنی بیرەوەو کراسەکەی خوێناوی دەکەن و دەیبەنەوە بۆ باوکیان و پێی دەڵێن گوایە یوسف گورگ خواردوێتی. شاعیر لە دەربڕینێکی هونەری جواندا بۆ ئەوەی دڵی ون نەبێت کە دیارە مەبەست خۆیەتی، داوا لە ئەو دەکات دڵی بە گڵۆڵە تیشکێک گرێ بدات بۆ ئەوەی بۆ هەر کوێیەک بچێت ئەم بە راکێشانی تاڵی تیشک بتوانێت بیگێڕێتەوە لای خۆی بۆ ئەوەی نە بە شاخەوە بگیرسێتەوە، نە بەداخەوە بسووتێت، نە لەبنی بیردا بمێنێتەوەو بخنکێت.
لە دەقەکەدا هاتووە:
وێنەی گوڵی خاشخاشی تۆ، گەر دەتەوێ هۆش و هەستم لێ بسێنەوە،/ مەستم کە،/ با هەموو رازێکت بۆ هەڵڕێژم./ بە تەنیام جێ مەهێڵە! وا ئاسان مەڕۆ! هەموو ئەستێرەکان بە دووتدا دێن. وا زوو مەڕۆ!/ خۆ من هێشتا پەڵەهەورێکم نەناسیووە./ با تاوەبارانێکی شین بدا لەم تەمەنە ژەنگاوییەم./ مەڕۆ با کانیکەی دڵ وشک نەکات!/ مەڕۆ با ئەم شۆڕەبییانەیش لێم نەتۆرێن!/
جارێکی تر ئەمی شاعیر ئەو لە رێگای رەگەزێکی سروشتەوە دەناسێنێت، کە ئەویش گوڵی خاشخاشە. گوڵی خاشخاش زیاتر بۆ جوانی دەڕوێنرێت، بەڵام لە پزیشکیی کۆندا وەکو دەرمان بۆ حەوانەوەو خەوتن بەکارهێنراوە. دواتریش وەکو سەرچاوەیەکی دیاری مادەی هۆشبەر بەکار‌هێنراوە. ئەمی قسەکەر ئەو بەم گوڵە ناودەبات و هەمان ئەرکیشی پێدەسپێرێت، یان داوای ئەوەی لێ دەکات کە گوڵی خاشخاش ئەنجامی دەدات کە لێسەندنەوەی هۆش و هەستەو گەیاندنێتی بە لوتکەی بێهۆشی، یان وەکو ئەو دەڵێت گەیشتن بە ئەوپەڕی مەستی. هەروەک ئەم داواکارییەش بۆیە لەو دەکات بەڵکو ئەم بگاتە ئەوپەڕی مەستی و رازو نیازی دڵی خۆی بۆ ئەو ئاشکرا بکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم لەباری ئاسایی خۆیدا ناتوانێت، یان پڕکێشی ئەوە ناکات ناوەوەی خۆی بۆ ئەو ئاشکرا بکات.
ئەم لە تەنیایی دەترسێت، بۆیە داوا لەو دەکات کە بەجێینەهێڵێت و نەڕوات چونکە ئەگەر ئەو بڕوات هەموو ئەستێرەکان بەدوایدا دەڕۆن و ئەم بەتەنیا دەمێنێتەوە. کەواتە لێرەدا ئەم وێنای ئەو وەکو هەسارەیەکی گەورە یان بەهێز دەکات، کە ئەستێرەکان لە مەداری ئەودان و بەدوای ئەودا کێش دەبن. لەبەرامبەردا خۆی وا وێنا دەکات کە بەتەنیایەو نەک هیچ ئەستیرەو شتێک لە مەداری ئەمدا نین بەڵکو رایشی دەگەیەنێت کە ئەم هێشتا پەڵە هەورێکیشی نەناسیووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم بوویەکی تەنیایە، دەشێت هەر ئەوەش هۆکاری سەرکی بێت بۆ ئەوەی لە پێگەیەکی نزم و بێهێزدا لەبەرامبەر پێگەی بەرزو بەهێزی ئەودا دەربکەوێت.
ئەم لە ئێستادا لە بارێکدایە پێویستی بە ئەو هەیە، بە تایبەتی لەکاتێکدا کە هێشتا پەڵە هەورێکی نەناسیووە. واتە ئەگەر دوای ئەوەی ئەم پەڵە هەورێکی بناسییایە ئەو بڕۆیشتایە، رەنگە ئەوەندە هەستی بە تەنیایی نەکردایە، چونکە ئەم باسی تەمەنی ژەنگاوی خۆی دەکات و داوا دەکات تاوە بارانێکی شین بەسەریدا دابارێت و ژەنگی تەمەنی بشواتەوە. بێگومان ” تەمەنی ژەنگاوی” هەڵگری دەلالەتی ژیانێکی پر لە ئازارو ژان و خەم و دواکەوتوویی و سەرەتاییبوون و گۆشەگیری و دوور لە مانای راستەقینەی ژیانە. ئەگەر ئەم پەڵە هەورێک بناسێت ئەوا ئومیدی ئەوە هەیە تاوە بارانێکی شین دابارێنێت بەسەریداو ئەو رووپۆشە ناشیرینە بشواتەوەو گەوهەرو راستی ژیانی دەربخات. واتە باران دەوری هەڵماڵینی رووپۆش و ئاشکراکردن و نمایشکردنی رووی راستەقینەی شتەکانی هەیە. ئەمە بێجگە لەوەی باران هێمای ژیان و زیندەگانیەو ئەم پێشتر ئەوی بە باران ناوبرد. ئەم دەترسێت رۆیشتنی ئەو ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی هەموو دیمەنێکی ژیان و ژیانویستی لای ئەم. لە ئاکامدا بەتەواوەتی لە هەموو سیماو خاسێتێکی زیندویتی و ژیان و جوانیەکانی ژیان رووتی بکەنەوەو هەموو رەگەزە زیندووەکانی ئەم سرووشتە پشتی تێبکەن و لە تەنیاییەکی خنکێنەردا بمێنێتەوە. لێرەدا ئەم تا ئەندازەیەکی ئاشکرا مانەوەو بوونی خۆی بە زیندوویی پەیوەست دەکاتە بەوەی تا چ ئاستێک ئەو وەڵامی داواکارییەکانی دەداتەوە.
لە دەقەکەدا هاتووە:
چەند ساڵە کەشتیەکی سپیی گەوهەربار / لەناو شەپۆلی زەریادا شەو و رۆژ دەکاتەوەو/ رووناکاتە ئەم بەندەرە چۆڵ و خەمبار و تۆزاوییە../ چرایەکی گەش لە دوورەوە دەگڕێت،/ دەڵێی مۆمێکە بە یادی کڵپەی ئاگرێ هەناسە دەدات./ پڕیشکێک ناگاتە ئەم مەیخانەیە، رۆحم تاوێ داگیرسێنێ./.
لێرەدا شاعیر دووانەیەک لە نێوان ئەوێ / ئیرە-دا دروست دەکات. کە لەوێ کەشتیەک هەیەو لێرە ئەم خۆی هەیە، واتە کەشتی لەوێیەو ئەم لێرەیە. ئەو کەشتیە لەناو شەپۆلی زەریادا دێت و دەچێت و بەردەوامەو رەنگی سپیەو بارێکی بەنرخیشی هەڵگرتووە، کە ئەو بە گەوهەر ناوی دەبات. رەنگی سپی کە هێمای ئاشتیەو گەوهەر کە باری کەشتیەکەیە هێمای بەهاداریە، هەردووکیان گرنگی کەشتیەکە نیشان دەدەن. لە رووی راستیەوە کەشتی لە دەریادا بەرەو بەندەر رێگا دەکات، واتە ئامانجی کەشتیەکە دەبێت گەیشتن بێت بە بەندەر. لێرە بەندەرێک هەیە بەڵام ئەم کەشتیە رووناکاتە ئەم بەندەرە چونکە بەندەرەکە وا وەسف دەکریت کە چۆڵ و خەمبارو تۆزاوییە. ئەم سێ ئاوەڵناوەی کە بۆ وەسفکردنی بەندەرەکە بەکارهێنراون، هەرسێکیان دەریدەخەن کە رەنگە ئەم بەندەرە بۆ لەنگەرگرتنی کەشتیەکی لەمجۆرە شیاو نەبێت. هەربۆیە کەشتیەکە پێی باشترە لەناو شەپۆلی زەریادا شەو و رۆژ بکاتەوە، کە دیارە ئەوەش جێگای مەترسیە، بەڵام لە بەندەرێکی لەم شێوەیەدا لەنگەر نەگرێت. ئێستا لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا، یان لە پشتی زمانی بینراوی دەقەکەوە ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە کەشتیەکە لە روانگەی ئەمەوە بریتیە لە کەسی دووەم واتە ” ئەو” ئەوی بەرامبەرو بەندەریش ئەمە، کە ئەم هەر لە دەستپێکی دەقەکەوە داوا لە ئەو دەکات ئاوڕی لێ بداتەوە، یان بە واتەیەکی تر لە ئامێزی ئەمدا لەنگەر بگرێت. لە کاتێکدا ئەوێ وەکو شوێن بەرجەستەی زەریا دەکات، ئێرە لە هەمان ئەم دووانەیەدا کە دووانەی ئەوێ / ئێرە- یە وەکو شوێن بەرجەستەی بەندەر دەکات. لەم هاوکێشەیەدا ئەوێ شوینی کەسی بەرامبەرە واتە تۆ، ئێرە شوێنی کەسی یەکەمە واتە من، کە دیسان لەم دووانەیەشدا هەم ماوەی نێوان ئەوێ / ئێرە، هەم دیواری نێوان تۆ / من وەکو خۆی بە دووری و بە پتەوی دەمێننەوە.
چرایەک لە دوورەوە دەگڕێت ئەوە چرای کەشیەکەیە بە تایبەتی لە شەودا دادەگیرسێنرێت، هەرچەندە لە کۆندا کە روانگەو رێنیشاندەر نەبووە بۆ بەندەرەکان، لە شەودا لەسەر شوێنێکی بەندەر ئاگرێکی گەورە کراوەتەوە بۆ ئەوەی کەشتی لە قوڵایی دەریاوە ئەو ئاگرە ببینێت و بەو ئاراستەیە بجوڵێت، هەروەک لە رۆژیشدا لەبەرزترین شوێنی بەندەر ئاوێنەیەک دانراوە بۆ ئەوەی تیشکی رۆژ بشکێنێتەوەو کەشتیەکانی ناو دەریا لە دوورەوە بیبینن و بەو ئاراستەیە رێگا بکەن. بەڵام ئەم کەشتیەی لە دەقەکەدا باس دەکرێت نایەوێت بە ئاراستەی ئەم بەندەرە چۆڵ و خەمبارو تۆزاویە بجوڵێت. هەربۆیە تیشکێک لەو چرا گەشەی لای ئەوەوە دەگڕێت، پریشکێکی ناگاتە لای ئەم و هەر هیچ نەبێت بۆ تاوێک رۆحی ئەم داگیرسێنێت. ئەم لای خۆی بە مەیخانە وەسف دەکات، کە ئەوەش مانای مەستی و خامۆشی و بێ ئاگایی دەگەیەنێت. منی شاعیر وەکو بەندەرێکی چۆڵ و وەکو مەیخانە باسی خۆی، یان شوێنی خۆی دەکات، کە ئەوەش بەو مەبەستەیە بڵێت دیمەنی ژیان لای ئەم و لەو شوێنەی ئەمی تێدایە زۆر لاوازە، بۆیە چاوەڕوانی تیشکێک دەکات کە لای ئەوەوە بێت و چرای خامۆشی رۆحی داگیرسێنێت.
لە دەقەکەدا هاتووە:
هەموو ئێوارانم دەسووتێنی و/ هەموو بەیانییەکم بە تەمی خەونێکی سپی دادەپۆشی./ بایەک دەپێچم بە خۆمەوە، بای ئەو چۆڵەوانی و بیابانە،/ بەشکەم / لەم وەرزە رچیوانە بمپارێزێ، لە زستانی دووریتا / گەرمییەک ببەخشێتە ئەسکەڵە خەواڵووەکانی ناو ئەم کوانووە./
ئەمی شاعیر روودەکاتە ئەو و راستەوخۆ وەکو ئەوەی لەبەردەمیدا ئامادەبێت، واتە وەکو کەسی دووەم لەگەڵی دەدوێت. بەڵام ئاشکرایە کە تەنیا بە خەیاڵ ئەو لەبەرامبەر خۆیدا ئامادە دەکات، کە ئەمەش بارێکی ئاساییە لە شیعردا کە شاعیر زۆربەی کات کەسی سێیەم کە دوورە لێیەوە، یان هەندێجار ئەو کەسە هەر بوونیشی نیەو لە خەیاڵدا دروست دەکرێت، بە راناوی کەسی دووەمی تاک دەدوێنرێت. ئەمەش بەو مەبەستەی دەریبخات کە پەیوەندی بەهێزو نهێنی لە نێوانیاندا هەیە، یان دەشێ بەکاریگەری خەیاڵ ماوەی نێوانیان نزیک بکاتەوە بەو مەبەستەی نیشانی بدات کە زۆر لەیەکتر نزیکن و پەیوەندی پتەو و بەتین لە نێوانیاندا هەیە.
ئەم ئێستا روودەکاتە ئەو و گلەیی و گازەندەی لێ دەکات لەبەرئەوەی کە کاتەکانی ئەمی تێکداوە بەوەی هەموو ئێوارانی دەسووتێنێ و هەموو بەیانیانیشی بە تەم دادەپۆشێت، بەڵام تەمی دوای باران نا، بەڵکو تەمی خەونێکی سپی. لە راستیدا ” تەمی خەونێکی سپی” وەکو وێنەیەکی جوان بۆ ئامانجێکی پێچەوانەی وێنەکە بەکارهاتووە، کە داپۆشینی بەیانیانە. لە رووی سروشتیەوە بەیانیان کاتی هەڵاتنی ئاسۆو دەرکەوتنی پرشنگی بەیان و سەرەتای رۆژێکی نوێ و دەشێ دەستپێکێکی نوێ بێت، بەڵام ئەم سەرەتاو دەستپێکە بە تەم دادەپۆشرێت. هەرچەندە لە دانانێکی پێچەوانەدا دەشێت خەونی سپی بە مانایەکی ئەرێنی لێکبدرێتەوەو مەبەست خەونی جوان و ئومێدی روون و ئاشکرا بێت بۆ ئایندە، بەڵام لەراستیدا لە چوارچێوەی دەقەکەداو پەیوەست بە کەسێتی – من- لەبەرامبەر –تۆ-دا، یان ئەم بەرامبەر بە ئەو، زیاتر ئاراستەی لێکدانەوە بە رووی نەرێنیدا دەکەوێتەوەو ئەوە دەگەیەنێت کە منی شاعیر بە کەسی بەرامبەری بڵێت لە ئەنجامی وەڵام نەدانەوەی خواست و داواکانی ئەمدا ئەو هەموو کاتەکانی ئەمی وێران کردووە.
ئەم لەم بارە ناجۆرەدا کە بێ وەڵامی و پشت تێکردنی ئەو بۆی دروستکردووە، نایەوێت خۆی بدات بەدەستەوەو دەستبەرداری خۆی و ژیان نابێت. هەربۆیە باسی ئەوە دەکات کە هەوڵی خۆپاراستن و خۆ دەربازکردن لە فشارو کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو بارودۆخە دەدات. بۆ ئەو مەبەستەش جارێکی تر بۆ خۆپاراستن پەنا دەباتە بەر توخم و رەگەزەکانی سروشت. بایەک لە خۆیەوە دەپێچێت، بەڵام بایەکی ناسراو کە بای چۆڵەوانی و بیابانە. ئەویش بەو ئومێدەی لە سەرمای وەرزی زستان و رچینی دوور لە ئەو بیپارێزێت. لێرەدا لە لێکچواندنێکی ناتەواودا با وەکو رەگەزێکی سروشت کە رەگەزێکی نەبینراوە دەچوێنینێت بە جل و بەرگ و وەکو پێداویستی مرۆڤ بۆ پۆشین و خۆپاراستن لە سەرماو گەرما بەکاری دەهێنێت. ئاشکرایە جل و بەرگ لە دروستکردنی مرۆڤ خۆیەتی. واتە لێرەدا خاسێتی دروستکراوی دەستی مرۆڤ دەدات بە یەکێک لەچوار توخمە سەرکیەکەی پێکهێنەری گەردوون کە ئەو توخمەش با-یەو دەیپێچێت لە خۆیەوە. واتە خاسێتی بینراو و دەست لێدراو یان خاسیتی بەرجەستەی جل و بەرگ دەبەخشێت بە با.
ئەم ئومێدی ئەوەی بەو با-یە هەیە لە سەرمای وەرزی رچیو بیپارێزێت، کە مەبەستی لە وەرزی ڕچیو هەموو ئەو کاتانەیە کە دوورە لەوەوەو ئەو لای لێ ناکاتەوە. تەنانەت ئەم بەهیوای ئەوەیە ئەو با-یەی لەخۆیەوە دەپێچێت گەرمی ببەخشێت بە جەستەی ساردو سڕی، کە ئەو وەکو خەڵوزو پاشماوەی ساردبووەوەی ناو ئاگردانێکی دوای سووتان وەسفی دەکات. واتە جەستەی دەچوێنێت بە کوانوو، یان ئاگردان و ئێسک و پروسکیشی دەچوێنێت بە خەڵوزو سووت و خۆڵەمێشی ناو ئەو ئاگردانە. بەڵام سەرباری بەرجەستەکردنی ئەم وێنەیە کە دیمەنی مەرگ و کۆتاییهاتن دەنوێنێت، ئەم هێشتا بێ ئومێد نەبووەو بەهیوایە ئەو با-یەی لەخۆیەوە دەپێچێت گەرمی بەو خەڵوزو خۆڵەمێشەی ناو کوانووی جەستەی ببەخشێت و جارێکی تر ئاگر لەناو ئەو کوانووەدا بگڕێت و بگەشێتەوە، کە ئەوەش رابوونەوەو دووبارە دەستکردنەوەیە بە ژیان. کەواتە ئەم سەرباری بێزاری و ئازارو سووتانی، بەڵام هێشتا دەستبەرداری ژیان نابێت.
لە دەقەکەدا هاتووە:
گوێم لە ترپەی پێتە / بە ڕێگاوەی بەرەو مێژووی دڵم،/ بەرەو جوگرافیای لەشێکی تاسەبار، نازانم،/ منم لە ئاوەدانی و مەخلووقەوە دوورم؟ یا تۆیت،/ بە رۆحی شەپۆلاساتەوە ئەم گڕو بڵێسەیەیش دەبینیت و/ پێ هەڵناگری و نایەی بە هاوارمەوە؟/
لەم کۆپلەیەدا چەند دووانەیەک دەبینرێن، کە بنیادی ئەم بەشەیان لەسەر هەڵچنراوەو درێژکراوەی هەمان دووانە بەرامبەرەکانی پێشترن، کە ئاماژەمان بۆ کردن. دووانەی یەکەم ئەوێ / ئێرە-یە. ئەم لێرەوە گوێی لە ترپەی پێی ئەوە لە ئەوێ-وە بەرەو لای ئەم دێت. بەڵام لە راستیدا ماوەی نێوان ئەوێ و ئێرە ناسڕێتەوەو ئەو نایەت بۆ لای ئەم، یان بەیەکتر ناگەن، واتە ئەوێ و ئێرە هەریەکە بە بوون و خاسێتی خۆیەوە دەمێنێتەوە. ئەوەی لە ئەوێ-وە بەرەو ئێرە دێت کەسی بەرامبەرە واتە ئەو، کە بەرەو لای ئەمی قسەکەر دێت، واتە لێرەدا دووانەی تۆ / من وەکو خۆی ماوەو ئەمان نەگەیشتوون بە یەک هەتا دیواری نێوان تۆ / من، بسڕێتەوە. ئەمەش دیسان نیشانی دەدات کە پێکگەیشتن نەک لەسەر زەمینەی واقیع بەڵکو لە خەیاڵیشدا هێشتا نەگەیشتووەتە ئەنجام.
ئەم رایدەگەیەنێت کە گوێی لە ترپەی پێی ئەوە بەرەو مێژووی دڵی ئەم دێت و دەیەوێت لەوێوە، واتە لە قوڵایی مێژووی دڵیەوە بگات بە جوگرافیای لەشی. لێرەدا دوو زاراوەی جوگرافیاو مێژوو هاتوونەتە ناو بنیادی زمانی دەقەکەوە. کەواتە بەم پێیە دەبێ رۆڵیان هەبێت لە بەرهەمهێنانی شیعریەتی دەقەکەو لەبەرهەمهێنانی دەلالەت و جیهانبینیدا. مێژووی دڵ واتە درێژەی رابردووی دڵ. لە راستیدا لە رووی دەلالیەوە دڵ و لاشە هاوشێوەن یان هەڵگری هەمان ماناو دەلالاتن کە پەیوەستە بە حەزو ئارەزووە دنیاییەکانەوە، کە لەبەرامبەریاندا رۆح و عەقڵ هەیە. لێرەشدا دڵ و لاشە هەروەکو هاوواتا بەکارهێنراون. بەڵام مێژوو درێژەی ژیان و بەسەرهاتی دڵ و ئەو رووداوانە دەگێڕێتەوە کە بەسەریدا هاتوون. جوگرافیای لەش، سروشت و دیمەن و تۆپۆگرافیای لەش یان جەستە نیشان دەدات. کە لێرەدا بە لەشێکی تاسەبار ناودەبرێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەم لەشەی کە ئەو بەرەو جوگرافیاکەی دێت لەشێکی نائاسودەو سەرکوتکراو و ئازادی لێ زەوتکراو و بێ بەشکراوە لە چێژو خۆشی ژیان. ئاشکرایە مێژوو لەسەر جوگرافیا دروست دەبێت. مێژووی دڵ واتە میژووی هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە دڵەوە هەیە واتە حەزو ئارەزوو خۆشی و چێژی دنیایی، کە بەدیهاتنی ئەوانەش پەیوەستە بە لەشەوە، یان لەسەر رووبەری جوگرافیای لەش فەراهەم دەکرێن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مێژووی دڵ و جوگرافیای لەش لێکتر جیاناکرێنەوە. ئەم باسی لەشێکی تاسەبار دەکات، واتە لەشێکی دابڕراو و بێبەش کراو لە هەموو چێژو خۆشیەک. لەم روانگەیەوە جوگرافیای لەش جۆرێکە لە وێرانەو بەوپێیەش مێژووی دڵ نووسینەوەی وردەکارییەکانی ئەو وێرانەیە.
ئەمی شاعیر لە بارێکی تا ئەندازەیەک تێڕاماندایە لەبەرامبەر شوێن و پێگەی خۆیی و شوێن و پێگەو دەوری ئەو. ئەم پرسیارێک بەرامبەر بە خۆی و پەیوەندی خۆی بە ئاوەدانی و ئەفرێندراوانەوە بەرزدەکاتەوە، کە داخۆ ئەم لە ئاوەدانی و زیندەوەرانەوە دوورە کە دەشێت مەبەستی لە ئەفرێندراو تەنیا مرۆڤ بێت. هەروەک دووری لە مرۆڤەوە گۆشەگیری ئەو نیشان بدات، بۆیە ئەم هەر هەوڵێک دەدات بۆ رازیکردنی ئەو بێ ئەنجام دەردەچێت. یان هۆکارەکە ئەم نییە، بەڵکو دەشێت ئەو بێت کە خاوەنی رۆحێکی ناجێگیرە، کە ئەم بە رۆحێکی شەپۆلاسا ناوی دەبات. شەپۆل هەڵگری خاسێتی ناجێگیری و پشێوی و هەڵچوون و داچوون و کورت تەمەنی و بێ شوێنەواریە، چونکە هەر شەپۆلێک لە خاڵێکەوە دەست پێدەکات و بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبێت، کاتێک کۆتایی دێت هیچ لە دوای خۆیەوە بەجێناهێڵێت. ئێستا ئەم ئەفریدەیەکی تاک و تەنیاو گۆشەگیری دوور لە ئاوادانی و مرۆڤایەتیەو دەسووتێت و وەکو ئاگرێکی بەهێز بڵێسە دەدات کە هۆکارەکەیشی تەنیاییە، ئەو تەنیاییەش زیاتر بەهۆی بێ وەڵامی ئەوی بەرامبەرەوەیە، کە ئەم وەکو مەعشوقە، یان خۆسەویست باسی دەکات. ئەو بەم بارودۆخەوە دەیبینێت کە ئەم لەسەر سووتانە کەچی نە سەرنجی لی دەدات و نەبایەخی پێدەدات و تەنانەت هەنگاوێکیش نانێت بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی دەیسووتێنێت. بەڵکو واینیشان دەدات کە بوون و سووتانی ئەم هیچ بایەخ و گرنگیەکی لای ئەو نییە.
لە دەقەکەدا هاتووە:
لە پشت پەردەی زمانەوە بیر لە هەبوونت دەکەمەوەو/ سەرنجی لەشولارت دەدەم؛ پڕووشەی ئاوەڵناوەکان / دەبارێنم بەسەر ناوەکەتدا / تا هەموو بیرەوەرییەکانت بێدار دەبنەوە./ لەناو پەرژینی ئارەزوودا بەیەک دەگەین، تاریکایی/ دەبێتە کەپرێک رازی تاسەی ساڵان و رازی بێدەنگیمان دەشارێتەوە./ پەنجەرەکانی رابردوو دادەخەین. شەو و رۆژەکانمان / لەسەر تەنافێک هەڵدەخەین، بە بای وەرزێکی گوڵڕەنگ،/ وەرزی پێنجەم کزر ببێتەوە./ مەلی دڵم قەفەسی تەنیایی بەجێ دەهێڵێ، مەلی دڵت لە قەفەسی نیگەرانی / دەردەچێت، دەبن بە دوو چرۆ، بە دوو چڵ، / بە دوو گوڵ بە دارهەناری رۆژگارەوە./
لە دەستپێکی دەقەکەوە هەتا سەرەتای ئەم کۆپلەیە، دووانەی من / تۆ، وەکو دوو جەمسەری بەرامبەر بەیەک وەستاون و ماوەی نێوانیان زیاتر فراوان دەبێت و سەرئەنجام لە رووی شوێنەوە وەکو ئێرە / ئەوێ باس دەکرێن، واتە هەریەکەیان لە جەمسەرێکە. کاتێک جەمسەرەکانی دووانەی ئێرە/ ئەوێ لەبەرامبەر یەکتردا دەردەکەون، یان خاسێتی دووانە وەردەگرن، مانای وایە گەیشتنی ئەم دوو جەمسەرە بەیەکتر چاوەڕوان نەکراوە. ئەمەش لە بنیادی دەقەکەدا باری دابڕان درووست دەکات. وەکو دەبینرێت لە سەرەتای دەقەکەوە تا ئێرە دابڕان بارێکی دیارو ئاشکرایە لە نێوان من / تۆ-دا، بەجۆرێک کە دەشێت من بڵێت: سەباری داواو تکای زۆری من، بەڵام تۆ نەک هەوڵنادەیت ماوەی نێوانمان کورتتر بکەیتەوە، بەڵکو بە ئاراستەی دوورکەوتنەوەی زیاتر هەنگاو دەنێیت و ئەو ماوەیە زیاتر فراوان دەکەیت. بەڵام بە بێ بوونی بنەمایەکی دیارو رێگاخۆشکەر بۆ نزیکبوونەوەو کۆتاییهێنان بە باری دابڕان، لە شێوەی جوڵەیەکی میکانیکیدا، یان لە هەڵچوونێکی بەپەلەی بێ بەرنامەدا، ئاماژەی کۆتاییهاتنی باری دابڕان دەکات و باسی دەستپێکردنی باری لێکتر نزیکبوونەوەو بەیەکگەیشتن دەبینرێت.
ئێستا ئەم لە پشت پەردەی زمانەوە بیر لە بوونی ئەو دەکاتەوەو بە خەیاڵ سەرنجی لەشولاری دەدات. واتە ئەم لە رێگای زمانەوە یان بە قسە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ناکات، بەڵکو بە بێدەنگی بیر لە بوون یان هەبوونی ئەو دەکاتەوە. بێگومان ئەو وەکو مرۆڤێک ئەم بیری لێ بکاتەوە یان نا، ئەو بوونی خۆیی هەیەو بیرکردنەوەی ئەم هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەبوونی ئەو نییە. واتە ئەم بۆ خۆی بیر لە هەبوونی ئەو دەکاتەوەو ئەم بەجۆرێک بێ ئەوەی هیچ وەڵامدانەوەیەکی ئەوی بەرامبەری پێگەیشتبێت، بۆ خۆی بیر لەو دەکاتەوە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئەم لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی کەوتووەتە ژێر کاریگەری و هەژموونی ئەوەوە، هەرچۆن بڕوادارێک دەکەوێتە ژێر کاریگەری و هەژموونی خوداوەو ناتوانێت لە سایەو پەیوەستبوونی ئەو دەربچێت. هەرچۆن دەروێشێک، سۆفیەک، موریدێک کەمەنکێشی شێخەکەی بووەو ناتوانێت لێی دووەبکەوێتەوە، هەرچۆن کەسی عاشق ناتوانێت رایەڵەی بەهێزی عەشق بپچڕێنێت و لە مەعشوقەکەی دووربکەوێتەوە. کەواتە ئێستا ئەو لە بارێکی بەهێزدایەو ئەمی خستووەتە ژێر هەژموونی خۆیەوە، واتە ئەو بەجۆرێک بوونی هەیە بۆیە ئەم بیری لێ دەکاتەوە، بەڵام واپێدەچێت کە ئەو بیر لەم نەکاتەوە. ئەمەش بەجۆرێک ئەوە نیشان دەدات کە لە روانینی ئەوەوە ئەم بوونی نییە. ئەم ئێستا لەم بارە لاوازەدایە، بۆیە لە رووی دەروونیەوە دەیەوێت بە جۆرێک بوونی خۆی نیشان بدات، ئەوەش وای لێ دەکات لە خەیاڵدا لای خۆیەوە کۆتایی بە هەڵوێستی بێ وەڵامیی ئەو بهێنێت. پێشتر بەئاشکرا باسی ئەوەی دەکرد کە ئەو نەبایەخ بە ئەم دەدات و نە لای لێ دەکاتەوەو نە لە ئەوپەڕی کارەساتدا بەهانایەوە دێت. بەڵام ئێستا واینیشان دەدات کە بارودۆخەکە بە گوێرەی ئەو گۆڕاوە. بەڵام لە راستیدا پەیوەستبوونی ئەم بە ئەوەوە زیاتر هاوشێوەی پەیوەستبوونێکی سۆفیانەیە بە شێخەوە. واتە هەرچۆن سۆفی یان دەروێش بۆ شێخەکەی دەسووتێت و شێخیش ئاگای لەو نییە. ئەمیش بۆ ئەو دەسووتیت و پێدەچێت ئەو ئاگای لە ئەم نەبێت.
ئەم کاتێک بە بێ دەنگی، بیر لە هەبوونی ئەو دەکاتەوە، لە خەیاڵدا وێنای ئەو دەکات و سەرنجی لێ دەدات، بەڵام لەبری ئەوەی سەرنج لە لایەنە رۆحی و مەعنەویەکانی ئەو بدات، سەرنجی لەشولاری دەدات. ئەم دەربڕینە دەلالەتێکی ئاشکرای سێکسی هەڵدەگرێت، واتە روانینی ئەم بۆ ئەو کاتێ بیر لە هەبوونی ئەو دەکاتەوە روانین نییە بۆ رووبەری رۆح، بەڵکو روانینە بۆ رووبەری جەستە. ئەم باسی ئەوە دەکات لە کاتێکدا بیر لە هەبوونی ئەو دەکاتەوە، ئاوەڵناو دەخاتە پاڵ ناوەکەی. ئاشکرایە ئاوەڵناو ئەرکی وەسفکردنی ناو دەبینێت، کە دەشێت لایەنی ئەرێنی و جوانی ناوەکە دەربخات، یان بەپێچەوانەوە، بەڵام ئەم ئەرکێکی تر بە ئاوەڵناوەکان دەسپێرێت، ئەرکێک لە دەرەوەی ئەرکی زمانیی ئاوەڵناوە. ئەم دەیەوێت لە رێگای دانەپاڵی ئاوەڵناوەکانەوە، بیرەوەرییەکانی ئەو بێدارببنەوە. واتە ئەم بیرەوەرییەکان وەکو بوویەکی زیندوو تەنانەت هوشیاریش نیشان دەدات، چونکە بێداربوونەوە زیاتر خاسێتی مرۆڤە، مرۆڤ بێداردەبێتەوە، هەروەک بیرەوەرییەکانیش خاسێتی مرۆڤن یان باشتر وایە بڵێین بیرەوەری مرۆڤن و مرۆڤ ئەوانی یاد دەکەوێتەوە. نەک بیرەوەرییەکان خۆیان بێدارببنەوە. بیرەوەری بریتیە لە تۆماری رووداوەکانی ژیان لە ئاستی ئاگایی و نائاگایداو تەنیا خودی ئەو مرۆڤە، یان ئەو کۆمەڵگایە دەتوانێت بیرەوەرییەکانی یاد بکەوێتەوە کە خاوەنیانە. ئایا ئەم دەیەوێت ئەو کام بیرەوەرییانەی یاد بکەوێتەوە؟ لە جوگرافیای دەقەکەدا بێجگە لە ئازارو ژان و سووتان و دڵشکاندن و تەنیایی و بێ وەڵامی ئەوی بەرامبەر تاکو ئێستا شتێکی تری ئەوتۆمان نەبینووە. ئایا هیچ یادەوەرییەکی خۆش لە نێوانیاندا هەیە، هەتا ئێستا ئەم هەوڵبدات لە ڕێگای بەیادهێنانەوەی ئەو یادەوەرییانەوە سەرنجی ئەو بۆ لای خۆی رابکێشیت و بەدەم داواکاری و تکا و هاوارکردنەکانیەوە بێت؟
ئەم لای خۆیەوە لە دەرەوەی واقیع و لە دنیای فراوانی خەیاڵدا جیهانێکی تایبەتی درووست دەکات، جیهانێک کە پێدەچێت جۆرێک بێت لە یۆتۆپیا. لەم جیهانە خەیاڵیەدا ئەم کۆتایی بە رابردووی دابڕان و نکوڵی کردنی ئەو لە ئاوڕدانەوە بۆ ئەم دەهێنێت. هەر لە جوگرافیای ئەم یۆتۆپیایەدا، باسی ئەوە دەکات کە لەناو پەرژینی ئارەزوودا بەیەکتر دەگەن و تاریکی تاسەو ئارەزووی ساڵانی بەسەرچوو، نهێنی بێدەنگییان دەشارێتەوە. لێرەشدا جارێکی تر پێداگری ئەم لەسەر حەزو ئارەزووە جەستەیی و دنیاییەکان دەبینرێت و وادەردەکەوێت ئەم تەنیا بە چاوی جەستەو لە روانگەی حەزە دنیاییەکانەوە سەیری ئەو بکات. کاتێک ئەو وەڵامدانەوەیەکی ئەوتۆی بۆ داواو تکای ئەم نییە، ئەم بەخەیاڵ لەناو پەرژینی ئارەزوودا دەگات بە ئەو. تەنانەت پێدەچێت ئەم ئەو جیهانەی بەخەیاڵ دروستی کردووەو بەخەیاڵ تیایدا پێکەوەن، لێی ببێت بە واقیع و وەکو ئەوە دەدوێت کە دابڕان قۆناغێک بووبێت و کۆتایی هاتبێت و ئێستا بە واقیعی لە قۆناغی بەیکگەیشتن و یەکبووندا بن، بۆیە راناوەکانی من / تۆ دەبن بە راناوی ئێمە، یان راناوی لکاوی ( ین، ان )، کاتێ دەڵێت:” پەنجەرەکانی رابردوو دادەخەین. شەو و رۆژەکانمان لەسەر تەنافێك هەڵدخەین”. داخستنی پەنجەرەکانی رابردوو مانای پشتکردن لەو رابردووەی کە تیایدا ئەو نە بایەخی بە ئازارو ژان و سووتانی ئەم داوە، نە گوێی لە تکاو هاوارکردنی گرتووە. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە دەفتەری ئەو رابردووە دادەخەن و جارێکی تر ناگەڕێنەوە بۆ ئەو ساتە تاریکانە، بۆ ئەو شەو و رۆژانەی کە بێجگە لە ناسۆر شتێکی تریان تێدا تۆمار نەکراوە. ئەم لای خۆیەوەو بەناوی هەردووکیانەوە باسی بەجێهێشتنی ئەو رابردووەو دەستپێکردنی وەرزێکی نوێ یان وەرزێکی تر دەکات کە بە وەرزی پێنجەم ناوی دەبات. بەڵام ئەم پاڵنەرێکی تر بۆ ناوهێنانی ئەو وەرزە باس دەکات کە بای وەرزێکی گوڵڕەنگە.
وەرزی گوڵڕەنگ بە مانای وەرزێکی جوان و رەنگاو رەنگ دێت کە ئەوەش نوێبوون و جوانی و خۆشی دەنوێنێت. لە دەقەکەدا ئەم فرمانی “کزردەبێتەوە” دەداتە پال ئەم وەرزی پێنجەمە. فرمانی ” کزردەبێتەوە” بە مانای وشکبوونەوە دێت بۆ زەوی دوای باران، یان بۆ جل و بەرگی تەڕ بەکاردێت کاتێک کەمێک وشک دەبێتەوە، هەروەها بە مانای گەورەبوونیش دێت بۆ منداڵ و تەنانەت بۆ بێچووی ئاژەڵ و باڵندەش بەکاردێت. بەڵام لێرەدا خراوەتە پاڵ وەرزی پێنجەم. بێگومان ساڵ لە چوار وەرز پێکدێت. وەرزی پێنجەم دەشێ بەلای شاعیرەوە ئەو کاتە بێت کە ئەم و ئەو بەیەک دەگەن. کە لەم بارەشدا دەشێت کزربوونەوە بە مانای هاتنی ئەو کاتە بەکارهێنرابێت.
ئەم لای خۆیەوە لەو یۆتۆپیایەی کە دروستی کردووە، هەموو شتێک بە پێی خواستی دڵی خۆی رێکدەخات و لە خەیاڵدا بەرنامەی بۆ دادەنێت و هەر بە خەیاڵیش ئەوەی دڵی دەیخوازێت جێبەجێی دەکات. ئەم گەیشتن بە ئەو وەکو راستیەک باس دەکات و دەربڕین و وێنەکانی دوای بە راستی زانینی ئەو خەیاڵە، ئاسایی لای ئەم وەکو راستی نیشان دەدرێن. هەر بۆیە ئەم وێنەیەکی پەیوەست بە رابردوو نیشان دەدات کە دڵی وەکو مەلێک لە قەفەسی تەنیایدا بووە، بەڵام ئێستا قەفەس بەجێدەهێڵیت، واتە کۆتای بە تەنیایی دێت، ئەویش بەوهۆیەوە کە لەگەڵ ئەودا بەیەک دەگەن. بەڵام لە کاتێکدا کە ئەم دڵی خۆی وەکو مەلی ناو قەفەسی تەنیایی نیشان دەدات، دڵی ئەو وەکو مەلێک وێنا دەکات کە لە قەفەسی نیگەرانی دەرباز دەبێت. ئەگەر لە روانگەی ئەمی شاعیرەوە سەیر بکەین ئەوا دەبینین کە ئەم و ئەو پێش بەیەک گەیشتن هەردووکیان لە باری نائاسایدابوون و دڵی هەردووکیان لە قەفەسدا بووە، واتە دیل بوون. دڵی ئەم دیلی نێو قەفەسی تەنیایی و دڵی ئەویش دیلی نێو قەفەسی نیگەرانی بووە. بەیەکگەیشتن لە روانگەی ئەمەوە تەنانەت ئەگەر لە خەیاڵیشدا بێت، دەبێتە هۆی ئازادبوونی هەردوو دڵ، هەریەکە لەو قەفەسەی کە تیایدا دیل بووە. بەیەکگەیشتن بە مانای سەرەتاو دەستپێکێکی نوێی ژیان دێت، کە ئەم وای نیشان دەدات هەردوو دڵی ئازادبوو لە سنووری ئەو یۆتۆپیای بەیەکگەیشتنەدا کە ئەو دروستی کردووە دەبن بە دوو نموونەی نوێ و جوانی سەردەم.
بە یەکگەیشتن لە خەیاڵداو پێکەوەبوون لەو یۆتۆپیایەی کە دروستی کردووە، زەمینەخۆشکەرن بۆ ئەوەی ئەم باسی ئەو و خۆی وەکو دوو عاشق بکات کە پێکەوە یەک جیهانیان هەیەو بێ یەکتر نابن. هەرچەندە لە جوگرافیای دەقەکەدا هیچ وەڵام یان هەڵوێستێکی راستەوخۆی ئەوی بەرامبەر نابینرێت، بەڵکو تەنیا لە رێگای دەربڕین و وەسفەکانی ئەمەوە دەزانرێت کە ئەو بوونی هەیەو لەگەڵ ئەمدا لەباری دابڕاندا بوون و سەرباری چەندین داواکاری و تکاکردنی ئەم، ئەو هیچ وەڵامێکی ئەمی نەداوەتەوە، بەڵام لە ناکاوێکدا ئەم کۆتاییهاتنی دابڕان رادەگەیەنێت و باسی قۆناغی بەیکگەیشتن دەکات. هەرچەندە لەم قۆناغەشدا دیسان هیچ کاردانەوەیەک یان هیچ وەڵامێکی ئەو نابینرێت. هەربۆیە پێمانوایە ئەو یەکگرتن و بەیەکگەیشتنەی ئەم باسی دەکات و رووبەرێکی فراوانی دەقەکەی لەسەر بنیادنراوە، دروستکردنە لە چوارچێوەی خەیاڵدا، کە ئەمەش تا ئەندازەیەکی لەبەرچاو بارێکی ئاشکرایە لە شیعردا. شیعر خۆی بەرهەمی خەیاڵەو دروستکردنی جیهانێکی جیاوازە لەو جیهانەی لە واقیعدا هەیە.
لێرەدا شاعیر دەڵێت:
چەند ساڵە ئێمە، تۆ و من، من و تۆ، هەردووکمان / لەگەڵ هەموو گوڵێکدا / دڕکێکیش دەچێنین / لەگەڵ هەموو بەربەیانێکدا ئاوابوونیش دەبینین،/ لەگەڵ هەموو هەڵفڕینێکدا / ئاسمانێکی هەورین دێتە رێمان./ لە کوێ، لە کامە باغچە گوڵێک پەیدا بکەین / ئەم دوو دڵەی من و تۆ بڕەنگێنێ؟ بۆن و بەرامەیەک بدا بە رۆحمان؟/ تۆ نازانیت ئەم ئێشە لە کەیەوە دەستی پێ کردووە؟/ ئەم گیایە چۆن وا زوو زەرد هەڵگەڕا و/ دەنگی باڵندە بۆچی وا بریندارە؟ کە هاتینە بەر دەروازەی شار،/ شارێکمان بینی چۆڵ و هۆڵ؛/ کە روومان کردە دەشت و مێرگ و لێڕەواری نیشتیمان،/ بیابانێکمان هاتە ڕێ نە سەرەتای هەبوو نە کۆتایی./
ئەمی شاعیر جارێکی تر وەکو ئەوەی لە یادی بچێت کە پێشتر ئەم لە خەیاڵدا لەگەڵ ئەودا بەیەکگەیشتوون و بەوپێیەش دەبێت لە بری هەردوو راناوی من / تۆ وەکو دووانەیەکی بەرامبەر، راناوی کەسی یەکەمی کۆ واتە ئێمە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە بەراستی و لە واقیعدا بوونەتە یەک، بەڵام سەرباری فراوانی رایەڵەو داوەکانی ئەو خەیاڵەو بەرهەمهێنانی جۆرێک لە یۆتۆپیا، هێشتا نەست نەکەوتووەتە ژێر هەژموونی ئەوەی خەیاڵ دروستیکردووەو ئەو بوونی شتەکان وەکو ئەوەی هەن نمایش دەکات و لە بری ئەوەی دانبنێت بەو بەیەکگەیشتنەی لە خەیاڵدا روویداوەو لە بری راناوەکانی من / تۆ، راناوی ئێمە بەکاربهێنێت، ئەو واتە نەست بەردەوام دەبێت لەسەر هێشتنەوە من / تۆ وەکو دوو کەسی سەربەخۆ کە هێشتا دیواری نێوانیان وەکو خۆی ماوە. لەبەر ئەوە هەرچەندە من دەڵێت ” چەند ساڵە ئێمە” بەڵام بەکارهێنانی راناوی ئیمە بەردەوام نابێت و راستەوخۆ بە دوایدا دەڵێت ” تۆ و من، من و تۆ، هەردوومان” کە هەر سێ دەربڕینەکە ئەوە نیشان دەدەن کە من / تۆ هێشتا هەریەکەیان لە جەمسەرێکەو باری دابڕان وەکو خۆی بەردەوامە. دووبارەکردنەوەی راناوەکانی من/ تۆ و پاش و پێش کردنیان هەرچەندە دەشێت بەو ئامانجە بێت کە گوایە جۆرێک لە یەکسانی هەیە لە نێوانیاندا، بەڵام بەزەقی بەیەکنەگەیشتنی ئەو دوو جەمسەرە نیشان دەدات و بەدوای ئەوەشدا وشەی “هەردوومان” جەخت لەوە دەکاتەوە کە شتێک نییە بە ناوی ئێمە، ئەوەش واتای ئەوەیە بەیەکگەیشتن دروست نەبووەو قۆناغی دابڕان کۆتایی نەهاتووە. هەربۆیە ئێمە نە وەکو راناوی کەسی یەکەمی کۆ و نە وەکو چەمک کە مەبەست لێی یەکبوونە، دروست نەبووە.
ئەمی شاعیر سەرباری ئەوەی باسی بەیەکگەیشتن دەکات، بەڵام دووانەی من / تۆ خاسێتی دووانەیی خۆیی لەدەستنەداوە، واتە ئەمان نەبوونەتە یەک گیان، بەڵکو هێشتا دوو گیانن لە دوو جەستەدا. لەپاڵ ئەم دووانەیەدا چەند دووانەیەکی تر لە بنیادی زمانی دەقەکەدا دەبینرێن وەکو دووانەی ( گوڵ/ دڕک، بەربەیان / ئاوابوون، هەڵفڕین / نیشتنەوە – ئاسمانێکی هەورین کە ئەمەش مانای وایە هەور رێگای فڕین نادات و نیشتنەوە کۆتایی بە فڕین دینێت-، دڵ / رۆح، شار / چۆڵەوانی، دەشت، مێرگ، لێڕەوار/ بیابان، سەرەتا / کۆتایی).
ئاشکرایە دووانەی بەرامبەر، یان دووانەی دژ یەكێکە لەو بنەما سەرەکیانەی کە گەردوونی لەسەر ئەفرێندراوەو لەسەر ئەو بنەمایەش هاوسەنگی و هارمۆنیای گەردوون بەرهەمهاتووەو هەرچی بوون و جوڵەو کردارێکی نێو ئەم گەردوونەیە بەرهەمی بوونی دووانەی بەرامبەر، یان دووانەی دژە. بۆ نموونە لەبەرامبەر ژیاندا، مردن هەیە، لەبەرامبەر رووناکیدا تاریکی هەیەو…تاد. هەر یەکێک لە جەمسەرەکانی ئەم دووانە بەرامبەر یان دژانە لەم گەردوونەدا بسڕێتەوە، ئەوا ناهاوسەنگی دروست دەبێت و هارمۆنیای سروشت یان گەردوون تێکدەچێت و شتەکان ناهاوسەنگ دەبن. لە بارێکی لەوجۆرەشدا هەموو جوڵەیەک رادەوەستێت چونکە هەموو جوڵەو پەرەسەندنێکی هەر توخم و رەگەزێک پەیوەندی بە ئەویتری بەرامبەرییەوە هەیە. هیچ رەگەزێک بەتەنیا و دوور لە ململانێ و کێبڕکێ گەشەناکات، کە ئەمەش خاسێتی دووانەی بەرامبەر یان دژەکانە، هەر لێرەوە ئەو چەمکە فەلسەفیەی کە دەڵێت:” تەنانەت دژەکانیش تەواوکەری یەکترن” دەرکەوتووە.
ئەم باسی ئەوە دەکات کە دوای بەیەکگەیشتنییان ئەمان پێکەوە لەگەڵ گوڵدا دڕک دەچێنن. گوڵ هێمای جوانی و بۆنی خۆشە، دڕکیش هێمای بەربەست و ئازارو ناشیرینیە. لە راستیدا ئەگەر هەموو سروشت گوڵ بێت، یان بە دەربڕینێکی تر ئەگەر هەموو سروشت بریتی بێت لە جوانی و بۆنی خۆش، دەشێت بەهایەکی ئەوتۆی نەبێت. واتە لە بارێکی وەهادا، مرۆڤ وەکو ژیرترین ئەفریدەبووی ئەم گەردوونە، دەشیا نە هەستی چێژی جوانی پەرستی هەبێت، نە هەست بە جوانی بکات، نە هەستی بۆنکردنی هەست بەو بۆنە خۆشە بکات. بەڵکو بوونی ناشیرینیە وا لە مرۆڤ دەکات هەست بە جوانی بکات و چێژ لە جوانی وەربگرێت. بۆنی ناخۆش و نادڵگیرو هەستکردن بە ئازاری دڕک، هەستی بۆنکردنی خۆش و دڵگیری گوڵ دروست دەکات و هەستی حەوانەوەو ئارامگرتن لای مرۆڤ برەو پێدەدات. ئایا بۆچی ئەمان لەگەڵ ناشتنی هەر گوڵێکدا دڕکێکیش دەنێژن؟ ئایا لە هوشیارییەوە ئەوە دەکەن، یان لە راستیدا ئەوە یاساکانی سروشتە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی وادەکات لە هەر شوێنێک گوڵێکی جوان بڕوێت نەک دڕکێک رەنگە چەندین دڕک دەوری بدات؟
ئەم ناڕاستەوخۆ باسی ئەوە دەکات کە ئەم دووانە بەرامبەرانە هەمیشە لەبەرامبەر یەکدا بوونیان هەیە، ئەگەرچی راستەوخۆ بەئاشکرا لە ئاستی ئەم دەقەدا ببینرین یان نا، ئەوا لە سروشتدا هەن و لەبەرامبەر یەکتردا پێناسەیان هەیە. ئەم باسی ئەوە دەکات کە ئەم و کەسی بەرامبەر هەمیشە لەگەڵ بەربەیاندا، ئاوابوون دەبینین. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت مادەم بەربەیان هەیە، دەبێت ئاوابوونیش هەبێت، کە ئەم دووانەیەش هاوواتای دووانەی لەدایکبوون / مردنە، کە هیچ کام لەم دوو جەمسەرە بێ بوونی ئەویتریان هیچ مانایەکی نییە. هەر بۆیە کاتێ یەک لە دوو جەمسەری هەر کام لەم دووانە بەرامبەرانە، یان دووانە دژەکانی نێو ئەم گەردوونە ببینرێت، جەمسەری دووەمیش وەک بینراو یان نادیار ئامادەبوونی دەبێت.
ئەم بەیەکگەیشتن وەکو راستیەکی رەتنەکراوە باس دەکات و لەوە دەدوێت کە ئەم و ئەو پێکەوە دەفڕن، واتە وەکو یەک هەبوو باسی خۆیان دەکات، کە لە هەموو جوڵەیەکدا پێکەوەن و هەر کاتێکیش بجوڵێن بەربەست لەبەردەمیاندا ئامادەیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لەبەرامبەر هەر جوڵەیەکدا وەستان هەیە، هەرچۆن لەبەرامبەر هەر فڕینێکدا نیشتنەوە هەیە. رێکخستنی یاساکانی گەردوون لەسەر بنەمای ئەم دووانە بەرامبەرانە بنچینەی سەقامگیری و هارمۆنیای سروشتە. کە هەرچی رێکخستن و سەقامگیری و سازانە کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات، دووبارەکردنەوە یان لاساییکردنەوەی ئەوەی گەردوونە.
ئەم رایدەگەیەنێت کە پێویستیان بە گوڵێکە دڵی هەردووکیان بڕەنگێنێت و بۆن و بەرامە بە رۆحیان ببەخشێت. بەڵام نازانێت لە کام باخچە ئەو گوڵە دەدۆزنەوە. ئەم سەرباری ئەوەی جارێکی تر لەبری ئێمە راناوەکانی من/ تۆ بەکاردەهێنێت و لەبری دڵی ئێمە دەربڕینی ” ئەم دوو دڵەی من و تۆ” بەکاردەهێنێت، کە وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد ئەوەش مانای بەیەکنەگەیشتنەو مانەوەیە لە باری دابڕاندا. لە لایەکی ترەوە ئەم دەیەوێت دڵی هەردووکیان بە گوڵێک بڕەنگێنێت، بێگومان ئەمەش لەگەڵ گەوهەری عیشقدا ناگونجێت، چونکە دڵی عاشق لە هەموو دڵێك ناسکترو رەنگی دڵی عاشق لە هەموو رەنگێکی تر جوانتر و پاکژترەو ئەو ناسکی و جوانی و رەنگینی و پاکژیە خاسێتی دڵی عاشقە، واتە رەنگدانەوەی راستەقینەی ئەو دڵەیە. بەڵام ئەم دەیەوێت دڵ بە گوڵ رەنگین بکات، واتە بە توخمێکی دەرەکی دڵ بڕەنگێنێت، کە ئەوەش خاسێتی بۆیاخکردنی هەیە، واتە رووپۆشکردن، هەموو رووپۆشکردنێکیش جۆرێکە لە شاردنەوەی رووی راستەقینەی شتەکان. هەڵبەت ئەو رووپۆشکردن و شاردنەوەیە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ چەمکی عیشقدا ناگونجێت. هەروەک بۆن و بەرامەی دڵ دەبێ رەنگدانەوەی راستەقینەی دڵ خۆی بێت نەک بە رووپۆشکردن پێیبدرێت. دڵی عاشق عیشقی لێدەڕژێ، بۆنی عیشق خۆشترین بۆنە، هەر بەم پێیەش دڵی عاشق سەرچاوەی بەرهەمهێنانی خۆشترین بۆن و بەرامەیە.
ئەم لە ئەو دەپرسێت داخۆ نازانێت ئەم ئێشە لە کەیەوە دەستی پێکردووە؟ رەنگە خوێنەر بپرسێت کام ئێش، یان ئەم مەبەستی لە ئێش چییە؟ بێگومان ئەو مەبەستی لە ئێشی سووتانی عیشقە. هەروەک ئەو دیسان پرسیار لە خێرایی زەردبوونی گیایەکی تایبەت و هۆکاری برینداربوونی دەنگی باڵندە دەکات. ئێش و زەردبوونی گیا بەخێرایی و برینداربوونی دەنگی باڵندە، پێکەوە کەشێکی نائاسایی ئامادەدەکەن بۆ ئازارچەشتن، کە ئەویش کەشی عیشقە، بەڵام ئازاری عیشق لەناخدایەو تەنیا عاشق و مەعشوق هەستی پێدەکەن و تەنیاش ئەوان دەسووتێنێت و دەشێت عاشقی راستەقینە بۆ سووککردنی ئازارەکانی بە وشە، یان بە ئاماژە گرانی و سەختی ئازارەکەی بۆ دەرەوەی خۆی دەرببڕێت. دەشێ ئەمیش لێرەدا بە هەمان ئامانج باسی ئازارەکانی خۆی بکات و لە رێگای باسکردنی بەیەکگەیشتنەوە ئەویش وەکو هاوبەشی ئازارەکانی خۆی وێنا بکات.
ئەم بەناوی خۆی و ئەوەوە قسەدەکات و واینیشان دەدات کە پێکەوە هەندێ هەنگاویان ناوە، بەڵام لەو کەشەدا کە ئەو لە دەربڕینەکانیدا وەکو کەشێکی ناجۆرو ناهەموار وێنای دەکات بۆ ئەوەیە کە ئەوسەری شتەکان نیشان بدات و بڵێت سەرباری ئەوەی بەیەکگەیشتووین، بەڵام شتەکان لەم گەردوونەدا هەموویان ناجۆرن. ئەو ناجۆرییەش دەشێت پەیوەندی بە ناکارایی ئەمانەوە هەبێت بۆ دەرخستتنی شتەکان وەکو ئەوەی لە راستیدا هەن و وەکو ئەوەی لە راستیدا روویانداوە، یان روودەدەن. ئەمان دێنە بەر دەروازەی شار، بەڵام لەبری خەڵک و ژیان و قەرەباڵغی، ئەمان شارێکی چۆڵ دەبینن. چۆڵ ئاوەڵناوێکە بۆ وەسفی بیابان یان شوێنێک بەکاردێت کە ژیانی تێدا نەبێت. کاتێ ئەو شار، کە دیارە شارێکی ناسراوە بەچۆڵ باس دەکات، مەبەستی ئەوەیە ئەو شارە ژیانی تێدا نییە. یان کاتێ روو دەکەنە دەشت و مێرگ و لێڕەواری نیشتیمان بیابانێک دەبینن. دەشت و مێرگ و لەوەڕگا دەلالەتی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان و پێداویستیەکانی ژیان هەڵدەگرن، بەڵام دەشت و مێرگ و لەوەڕگای نیشتیمان بیابانێکی فراوان و بێ کۆتایین، واتە ژیان و زیندەگانیان تێدا نییە. ئەم لە خەیاڵدا یۆتۆپیای بەیەکگەیشتن دروست دەکات و پێکەوە لەگەڵ ئەودا گوڵ دەچێنن، بەرەبەیان دەبینن، دەفڕن، بەڵام دڕک و ئاوابوون و نیشتنەوەش دێتە بەردەمیان. بە دوای گوڵێکدا دەگەڕێن دڵی هەردووکیانی پێ رەنگ بکەن و بۆن و بەرامە بدات بە رۆحیان، بەڵام لەوە ناچێت گوڵێکی لەوجۆرەیان دەستبکەوێت. بۆیە ئازارەکان بەردەوام دەبن و شار چۆڵەوانی و دەشت و مێرگ و لەوەڕگاش بیابانێکی فراون دەبێت. هەموو ئەمانەش لە ئاستی قوڵتری دەقەکەدا دەلالەتی ئازارو ناکارایی و وشکی و بێ بەرهەمی و ئاوابوون، واتە مردن یان لەناوچوون هەڵدەگرن. لە کاتێکدا ئەگەر ئەم / ئەو بەیەکبگەیشتناتە مانای کۆتاییهاتنی ئازارو وشکی و بێبەرهەمی دەبوو ، ئاوابوون رووینەدەداو گوڵ بەسەر دڕکدا زاڵ دەبوو، گەردوون بۆ هەمیشە لەبارو کاتی بەربەیاندا دەمایەوە، کە مانای لە دایکبوون و بەردەوامی ژیانە.
ئەم باسی زەردبوونی گیا دەکات. ئەگەر ئەمان بەیەکبگەیشتنایە، گیا کە نموونەی زیندەگانی و ژیانە زەرد هەڵنەدەگەڕا، شار ئاوەدان دەبوو، دەشت و مێرگ و لەوەڕگا شین و پاراو و پۆشتەو پڕ بەرهەم دەبوون. ئەو کاتەش ئازار کە توخمی مەرگ و مەرگدۆستیە بوونی نەدەما و ئاسودەیی و بەختەوەری کە توخمی ژیان و ژیاندۆستین هەژموونی دەکرد. هەر ئەمەش کەشی بەیەکگەیشتن و پێکەوەبوونە، چونکە بەیەکگەیشتن لەگەڵ خۆیدا و لە هەناوی خۆیدا ماکی بەرهەمهێنان و لەدایکبوون هەڵدەگرێت، نەک ئاوابوون و کۆتاییهاتن. کەواتە سەرباری ئەفراندنی یۆتۆپیای بەیەکگەیشتن لە لایەن ئەمی قسەکەر، یان شاعیرەوە ، بەڵام تەنانەت لە سنووری خەیاڵ و لە جوگرافیای ئەو یۆتۆپیای بەیەکگەیشتنەشدا کە دروستی کردووە ئاراستە ژیان و عیشق و ئەوین نابینرێت، بەڵکو کەشی قەڵەمڕەوی ئەو یۆتۆپیای بەیەکگەیشتنە کەشی دابڕان و پەرتبوونە کە کەشێکی تراژیدی و مەرگەساتیە.
لە دەقەکەدا هاتووە:
ئەمە وەرزی بیست و چەندەمینە من و تۆ،/ هاژەی رووبارەکەی ناو دڵمان دەشارینەوە،/ لووتکە بەفرینەکانی خەیاڵ دەشارینەوە،/ زەریا شینەکانی خەون پەنهان دەکەین،/ ناهێڵین کەسێک / چاوی بە برینەکانی رۆحمان بکەوێت و ناهێڵین / کەس گوێی لە گریانی تەمەنمان بێت؟/ تا کەی بە دەم شنەبای ئێوارانەوە پێ بکەنین؟/ تا کەی رووی خۆش پیشانی دارو دەوەن بدەین؟/ چەندێکی تر دەتوانین ناوی ئەم سووتانە نەهێنین؟/ چەندێکی تر دەتوانین ناوێک لەم سووتانە نەنێین؟/
ئەمی شاعیر یان قسەکەری دەقەکە بەردەوامە لەسەر وانیشاندانی ئەوەی کە ئەم و ئەو کۆتاییان بە سەردەمی دابڕانی نێوانیان هێناوە، بەڵام هێشتا لە رووی بنیادی زمانەوە لە دەقەکەدا راناوی ئێمە جێگای راناوەکانی من / تۆ-ی نەگرتووەتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی ” تۆ” تەنیا وەکو راناوی کەسی دووەمی تاک ئامادەبوونی هەیە، کە لەسەر زمانی ئەمەوە ناودەبرێت، ئەگینا لە رووی وەڵامدانەوەوە، یان لە رێگای دەربڕینی وەڵامێکەوە ئەو ئامادەبوونە ناسەلمێندرێت و بوونی نییە. هەربۆیە لە جوگرافیای دەقەکەدا ئەم قسە دەکات، لەکاتی دابڕاندا بەناوی خۆیەوەو لەو کاتەشەوە کە بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک لە بنیادی زمانی دەقەکەدا پەیوەست بە کەسی بەرامبەر، ئەم لە چوارچێوەی خەیاڵدا کۆتایی بە قۆناغی دابڕان دەهێنێت و لێرە بەدواوە بە ناوی هەردووکیانەوە قسە دەکات، بەڵام لە بنیادی زمانی دەقەکەدا وەکو گوتمان ئێمە شوێنی من/ تۆ ناگرێتەوە. لەم چەند دێڕەی سەرەوەدا، سەرباری ئەوەی پێشتر باسی بەیەکگەیشتن دەکات، بەڵام لێرەدا بەناوی هەردووکیانەوە لە چەند وێنەیەکی جواندا کە لێکچوون بەرهەمی هێناون باسی ئەوە دەکات کە ئەمان ماوەیەکی دوورودرێژە شتەکانی ناخیان دەشارنەوە. کە لەم وێنانەدا بەرجەستە دەبن ( هاژەی رووباری ناو دڵ، لوتکە بەفرینەکانی خەیاڵ، زەریا شینەکانی خەون )، هەموو ئەم وێنە جوانانە بەمەبەستی ئەوە داڕێژراون کە شاردنەوەی ئەوەی لە ناخدایە لە حەزو ئارەزوو، لە خواست و ویست، لە خەیاڵ و خەون بگەیەننە ئەنجام. لەبەرامبەر ئەم شاردنەوانەدا، کە ئەم وای نیشان دەدات ئەمان عیشقەکەیان لە دەرەوەی خۆیان دەشارنەوە، بەڵام لە ئاستی قوڵتردا ئەوە دەبینرێت ئەمان حەزو ئارەزوو، خەیاڵ و خەونیان بۆ یەکتری لەیەکتری دەشارنەوە. دەشێت لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات: ئایا ئەگەر ئەمان عیشقی یەکترن، بۆچی عیشقەکەیان، حەزو ئارەزووەکانیان، خەون و خەیاڵەکانیان لەیەکتر دەشارنەوە؟
هەروەها ئەمان بواری ئەوە نادەن کەسێک ئاگاداری خەم و ئازار و ژانەکانیان بێت. ئەمان نواندن دەکەن، لە کاتێکدا ئازار ناخیان دەخوات، رۆحیان پڕە لە برین، ژیانیان پڕە لە گریان، پێکەنین و ئاسودەیی و بەختەوەری بۆ دەرەوەی خۆیان نمایش دەکەن. ئایا ئەمە تەنیا گرفتی ئەمانە وەکو دوو کەس کە نەدەتوانن نهێنیەکانیان بۆ یەکتر ئاشکرا بکەن، نەدەتوانن رووی راستەقینەی خۆیان بۆ دەرەوەی خۆیان نیشان بدەن؟ لە کاتێکدا لە پانتایی دەقەکەدا ئەمی قسەکەر وەکو دوو عاشق نمایشی خۆیان دەکات، بەڵام وەکو دەردەکەوێت هەریەکەیان لە جەمسەرێکن.
بێگومان مرۆڤ بە هۆی ئەو سنووربەندییانەی دەوری داوە وەکو سنووربەندی رەفتاری و نەریتی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و بەهۆی سەرکوتکردن و لاوازی کەسێتی و باڵادەستی من- ئیگۆ- بەسەر تۆ- ئید-دا یان باڵادەستی رووبەری ئاگایی بەسەر رووبەری بێ ئاگایدا لە پێکهاتەی مێشک یان عەقڵی مرۆڤدا، شتەکان حەشار دەدرێن و مرۆڤ بوویەکی خۆپارێزەو پەیڕەوی سنووربەندی و یاساو رێساکان دەکات و ئەوەش هۆکارێکی سەرەکیە بۆ ئەوەی سەرباری برین و ئازارو روخانی ناوەوە، لە دەرەوەڕا نمایش بکات و خۆی وانیشان بدات کە ئاسودوە بەختەوەر و بێ کێشەیە. هەر ئەوەش وای لێدەکات شتەکان بشارێتەوە. ئەم دوای باسکردنی حەزو ئارەزوو، خەون و خەیاڵ و ئازارو ژانەکانیان، دوای باسکردنی رووی ناڕاستی ئەوەی هەیە، دەپرسێت، ئایا تاکەی دەتوانن باسی ئازارەکانیان نەکەن، تاکەی دەتوانن ناوێک لەو سووتانە نەنێن کە مەبەستی عیشقەکەیانە. بێگومان لێرەدا ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ هەیە بۆ نەبوونی ئیرادەو توانا بۆ نیشاندان و درکاندنی شتەکان وەکو ئەوەی لە راستی و لە واقیعدا هەن. ئەمەش دیسان خاسێتێکی باو و باڵادەستی مرۆڤە و بەشێکی هەرە فراوانی ژیانی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای ئەم شاردنەوەو پەردە لەسەرنانە بنیادنراوە. کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئەو یۆتۆپیایەی کە ئەم لە دەقەکەدا بۆ کۆتاییهێنان بە دابڕان و بۆ نیشاندانی بەیەکگەیشتن لەگەڵ ئەودا دروستی دەکات.
ئەمی شاعیر دوای ئەوەی هیوا دەخوازێت کە بتوانن ناوێک لەو سووتانە بنێن، پێدەچێت لەو رووەوە ئومێدێکی ئەوتۆی نەبێت. ئەو بێئومێدیەش لەخۆیدا گومان دەخاتە سەر شوناس و هۆکاری ئەو سووتانە، کە دیارە وەکو ئەو دەیەوێت و پێداگری لەسەر دەکات هۆکاری ئەو سووتانە عیشقە، بەڵام لە راستیدا پەیوەندی دوو عاشق وەکو ئەوەی دەبێت و پێویستیشە لە بنیادی زمانی دەقەکەدا بەرجەستە ناکرێت و تەنیا لە رێگای خەیاڵ و دروستکردنی یۆتۆپیای بەیەکگەیشتنەوە هەوڵدەدرێت بوونی عیشقێکی لەوجۆرە بسەلمێنرێت. کۆتایی دەقەکە زیاتر رووناکی دەخاتە سەر بێئومێدبوونی ئەم لە ناونانی ئەو سووتانە. وەکو لە دوا بەشی دەقەکەدا دەبینرێت:
لە پەنجەرەی چاوەڕوانییەوە / دەڕوانینە ئەو رووبارانەی بە لاماندا تێدەپەڕن،/ ئاوڕێکمان لێ نادەنەوە و گوێلێ خۆشی ناپرژێنن / بەسەر گوڵی ژاکاوی روومانا؛/ لەو باڵندانە ورد دەبینەوە،/ سەرهەڵدەگرن، روو دەکەنە چۆڵایی ئاسمان و/ جریوەیەکیش نابەخشنە چۆڵەوانیی خەیاڵمان./ چ بایەک دەتوانێ / ئەم دەسماڵە رەنگڕەنگانەی بیرەوەریمان / بێنێتە لەرینەوە؟/ چ وەرزێک باخی تاسەو چاوەڕوانیمان دێنێتە بەر؟/ چ مۆمێک / تاریکیی حەوتساڵەی رێگای نێوانمان دەڕەوێنێتەوە؟/
ئیستا منی قسەکەر بە ناوی خۆیی و ئەوی بەرامبەریەوە قسەدەکات و بەردەوامە لەسەر وانیشاندانی ئەوەی کە بەیەکگەیشتوون و بوونەتە ئێمە. ئەوەش لە رێگای بەکارهێنانی راناوی لکاوی کەسی یەکەمی کۆ-وە نیشان دەدات کە بریتیە لە ( ن، ان، م-ان). بەڵام لەم بەشەدا کە دوابەش و کۆتایی دەقەکەیە، ئەم بە بێئومێدیەوە دەڕوانێتە هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەریاندان، لە هەموو ئەو جوڵانەی لە دەوروبەریاندا روودەدەن. هیچیان نە جوڵەیەک دەکەن لەبەرژەوەندی ئەمان بێت، نە هیچ بایەخێک بە ئەمان دەدەن. نەهیوایەک لەو شتانەدا دەدۆزنەوە، نە تروسکەیەک بەدیدەکەن تاریکایی رێگایان رووناک بکاتەوەو ئومێدێکی گەیشتن بە ئایندەیان پێبدات. ئەمان بە ئومێدو چاوەڕوانیەوە دەڕواننە رێگاکردنی رووبارەکان، بەڵام رووبارەکان رێگای خۆیان دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ بایەخێک بە ئەمان بدەن. تەنانەت ئەو باڵندانەشی کە بەرەو قوڵایی ئاسمان سەری خۆیان هەڵدەگرن بە جریوەیەکیش شتێک لە چۆڵەوانی خەیاڵی ئەماندا تۆمار ناکەن.
سەرئەنجام ئەم لە بێئومێدیەکی قوڵەوە پرسیار دەکات، جۆرە پرسیارێک کە بە وشەی پرسیاری ” چ” دەپرسرێت. بێگومان لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدا کە بە وشەی پرس دەکرێن وەکو وشەکانی” کێ، کەی، لە کوێ، چون، چ، چی،..” لە وەڵامدا چاوەڕوانی پێدانی زانیاری نوێ لەبەرەی پرسیار لەبارەوە کراو دەکرێت. بەڵام لە پرسیارەکانی ئەمدا سەرباری ئەوەی بە وشەی پرسی ” چ” کراون، چاوەڕوانی زانیاری نوێ ناکرێت، چونکە ئەو پێشخانەی پێش بەرزکردنەوەی پرسیارەکان ئامادەی کردووە، دڵنیایی لە وەڵامی نەرێی پرسیارەکان دەکاتەوە. ئەو دەپرسێت: چ بایەک دەتوانێ ئەم دەسماڵە رەنگڕەنگانەی بیرەوەریمان بێنێتە لەرینەوە؟ وەڵامی چاوەڕوانکراو ئەوەیە کە هیچ بایەک ئەو توانایەی نییە. چ وەرزێک باخی تاسە و چاوەڕوانیمان دێنێتە بەر؟ وەڵامی چاوەڕوانکراو ئەوەیە کە هیچ وەرزێک ئەوە ناکات. چ مۆمێک تاریکیی حەوتساڵەی رێگای نێوانمان دەڕەوێنێتەوە؟ وەڵامی چاوەڕوانکراو ئەوەیە کە هیچ مۆمێک نییە ئەوە بکات.
ئەم باسی ئەوە دەکات کە جوڵەی هیچ کام لەو رەگەزانەی سروشت ئەو ناویان دەهێنێت لە بەرژەوەندی ئەمان نییەو هیچ شتێکی ئەم سروشتە لەگەڵ خواست و ویست و خەون و خەیاڵەکانی ئەماندا رێک و سازاو و هاوهەڵوێست نییە. ئەوەش ئەمانی خستووەتە گۆشەی تەنیایی و دابڕانەوە، ئەویش ئەو دابڕان و تەنیاییەیە کە ئەم خۆی لە دەستپێکی دەقەکەدا باسی دەکات، بەڵام دواتر تۆڕی خەیاڵی فراوان دەکات و یۆتۆپیایەک دروست دەکات کە یۆتۆپیای کۆتاییهاتنی دابڕان و بەیەکگەیشتنی ئەمانە، کە تا ئەو کاتەو دواتریش لە بری ئێمە بە من / تۆ باسی خۆی و ئەوی بەرامبەر دەکات و وەکو ئاماژەمان بۆ کرد ئەوەش مانای نەگەیشتنە بە قۆناغی بەیەکگەیشتن. راستە ئەم لە جوگرافیای یۆتۆپیاکەیدا باس لە بەیەکگەیشتنێکی تەواو دەکات، بەڵام مانەوە لە چوارچێوەی ئەو یۆتۆپیای بەیەکگەیشتنەدا بۆ هەتاهەتایە بەردەوام نابێت. هەر بۆیە لە کۆتایی دەقەکەدا تەمی ئەو خەیاڵەی سنووری یۆتۆپیای بەیەکگەیشتنی چنیبوو، پەرش دەبێتەوەو ئەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارە راستەقینەو واقیعیەی کە تیایدایە، ئەویش باری تەنیای و دابرانە. پێدەچێت ئەم لە خەیاڵدا بۆ دەربازبوون لە باری تەنیایی و دابڕان ئەوی دروستکردبێت و دیسان لە خەیاڵدا پەیوەندی عیشقی بنیادنابێت و بۆ ئەو عیشقە خەیاڵیەش سووتا بێت. دەشێت نەتوانینی ناونانی ئەو سووتانە کەدەرئەنجامی ئەو عیشقە خەیاڵی یان وەهمیەیە، بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئەو عیشقە لە سەر زەمینەی واقیع. بێگومان ئەگەر ئەو عیشقە لە راستیدا هەبێت، هیچ پێویستی بە شاردنەوەو بەوە نییە لەناوهێنانی بترسن، چونکە عیشق راستیە، هەموو راستیەکیش رووتەو رووپۆشکراو نییەو بە رووپۆش و دەمامک ناشارێتەوە.
کەواتە لێرەدا دەگەین بەو ئەنجامەی کە ئەوەی لەم دەقەدا ناتوانرێت ناوبهێنرێت، یان ناوی لێ بنرێت سووتانیک نییە کە دەرئەنجامی عێشقێکی راستەقینە بێت، بەڵکو سووتانێکە دەرئەنجامی تەنیایی و گۆشەگیری و رووپۆشکردنی ئەو تەنیایی و گۆشەگیرییەیە بە عیشقێکی لە خەیالدا دروستکراو بە مەعشوقێکی وەهمی. ئەوەی دەسووتێت ئەمی قسەکەرە، کە لە تەنیایی و دابڕاندا دەژی. ئەوەی دەیسووتێنێت نەتوانینی داننانە بە راستی تەنیایی خۆیداو هەوڵدانە بۆ شاردنەوەی ئەو تەنیاییە لە ژێر دەمامکی عەشقێکی لە خەیاڵدا دروستکراو.

Previous
Next
Kurdish