Skip to Content

دیکتاتۆرییەت لە ئێران.. سڵاوێک لە کۆتایی!… عەبدولڕەحمان گەورکی

دیکتاتۆرییەت لە ئێران.. سڵاوێک لە کۆتایی!… عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by حوزه‌یران 23, 2022 General, Opinion



ئێران شوێنی دیکتاتۆرییتە نییە و خەڵکی ئێران خوازیاری حکوومەتێکی نیشتمانی و جەماوەرین. ئەمە بنەمای خەبات بووە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا و بەردی بناغەی حکومەتی داهاتووی ئێرانە. بناغەیەک کە هەموو چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵکی ئێران، بە ئاڕاستەی نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسییەوە، لە ژێر چەترێک کۆدەکاتەوە.
ئه‌م بنەمایە هه‌رچه‌نده‌ خەڵکی ئێرانی له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی یه‌کخستووه‌، به‌ڵام له‌ به‌ره‌ی به‌رامبه‌ردا، دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت و پاشماوه‌کانی دیکتاتۆرییەتی پێشوویشی له‌ یه‌کتر نزیک کردۆته‌وه‌. ئەوان لەبەردەم خەڵکی ئێراندا ڕیزیان بەستووە و هەریەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان، بەدوای مانەوەی سیستەمێکی دیکتاتۆری دا دەگەڕێن! یەکەمیان بە سەرکوت و لە سێدارەدان و کوشتن و تۆقاندن و تیرۆر و تاوان و تاڵانکردن و ئەویتریان بۆ پشتیوانیکردنی ئەوەی یەکەمیان و لە ژێر درووشمی ئۆپۆزیسیۆن و دژایەتیکردنی درۆزنانەی ئەوەی یەکەمیان! دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە!
بێگومان هۆکاری دیکەش هەن کە دۆخەکەیان ئاڵۆزتر کردووە. بەڵام ئەمە زەمینەی ڕاستەقینەی ئەو پێشهاتانەیە کە لە ئێستادا لە پێوەند لەگەڵ ئێراندا ڕوودەدەن. لە ریزی پێشەوەی خەباتی خەڵکی ئێراندا، ڕێکخراوێکی پێشەنگ هەیە کە لە مێژە لە لایەن خەڵکەوە پاڵپشتی کراوە و ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە داڕشتنی خۆڕاگرییان و هەروەها پێکهێنانی تاکە هێزی ڕکابەری ڕژێمی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی، واتا ئەنجوومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران.
هەنگاوێکی مێژوویی و گرنگ
ئەم ئه‌نجوومه‌نە له‌ هه‌نگاوێكی مێژوویی و بێوێنه‌ و لەم دواییانەدا، ناوی زیاتر له‌ (33000) كارمه‌ندی گرتووخانه‌كانی ڕژێمی ئێران و له‌وان سه‌رۆك و ئەشکەنجەدەر(بازجو) و مەئموورانی ئیتلاعات و جێبەجێکارانی سزای ئیعدام، له‌گه‌ڵ (22000) وێنه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ کاربەدەستانی ڕژێمی ئێرانی تووڕه‌ كرد. بێگومان ئەم کارە، یەکەم هەنگاوی موقاومەتی ئێران نەبووە بۆ ئاشکراکردنی زانیارییەکانی رژێمی ئێران و پێشتریش، موقاومەتی ئێران پرۆژە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی لە سەرانسەری جیهان لە قاودا، کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتە زلهێزەکانی جیهانەوە پشتڕاست کرایەوە و ئەگەر ئەو کارەی نەکردبا، ئەوە ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دۆخێکی زۆر بە ئازاردا دەبوو.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران لە هەنگاوەی ئەم دواییەیدا ڕایگەیاند: “ڕێکخراوی زیندانەکان، یەکێکە لە ترسناکترین و تاوانبارترین ئۆرگانەکانی فاشیزمی ئایینیی دەسەڵاتدار لە ئێران تایبەت بە سەرکوت و ئەشکەنجە و ئێعدام”. دوابەدوای نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (٦٨)هەمین بڕیارنامەی خۆیدا، کە لە ٢٥ی سەرماوەزی رابردوودا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێرانی شەرمەزار کردبوو، “بەرپرسی ئەنجوومەن داوای لە لێژنەی ئاسایش و دژەتیرۆر کرد تا راستییەکانی تایبەت بە دادوەریی رژێم لە ئێران و بە تایبەت ئەوەی لە ناو زیندانەکانی رژێم لە ئاڕادایە، کۆبکرێنەوە و بخرێنە بەردەستی خەڵک و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی جیهان بزانێت لە ئێران چ ڕوودەدات”.
لەم ئاشکراکردنەکەدا، ناوی (١١٦٩) کەس لە ئەندامان و بەرپرسانی ڕێکخراوی دادوەریی ویلایەتی فەقیهی و لەوانە لیستی ناوی (223) بەرپرس و سەرکردە، پیاوکوژانی ئیتلاعات و جێبەجێکاری سزاکان، وەک کارناس، ئەندامانی بارەگای ناوەندی و ژمارە تەلەفونەکانیان و ژمارەی تەلەفۆنی ناوخۆیی و ژمارەی فاکس و (100) وێنەیەکی دەزگای دادوەری ڕژێم لە (23) پارێزگای ئێران و هەروەها ناوی (2273) زیندانیی سیاسی و عەقیدەتی لە دەزگای دادوەریی رژێم، لە قاو دراوە.
نموونەیەک لە لیستێکی “زۆر نهێنی”، کە ناوی زیندانیانی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران دژ بە حکوومەتی لە خۆ گرتووە، بەشێکە لەو هەنگاوە و بەو پێیە، جگە لەو (267) زیندان و گرتووخانە و ئوردوگا و ناوەندی چاکسازیی سەر بە رێکخراوی زیندانەکانی رژێم لە مانگی پووشپەڕی ساڵی 2020 (1399)، هێزی ئینتیزامی (159) گرتووخانە و وەزارەتی ئیتلاعات (147) ناوەندی دەستبەسەرکردنی جیای هەبووە.
بەپێی ئاماری نووسینگەی زیندانەکان، (5197) کەس لە ژێر سزای لەسێدارەداندان. لە ساڵی ١٣٩٩دا (107) کەس سزای بڕینەوەی ئەندام و (51) کەس سزای بەردبارانکردنیان بۆ دەرکراوە و (60) کەسیان، کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵیدایە.(5370) کەس کە سزای ئیعدامیان بۆ دەرکراوە کەسانێکن کە بابەتی سیاسی تێکەڵ بە پێڕستی تاوانی ئاسایی کراوە.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەت لە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانەدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا زیاتر لە (48000) زیندانی هەن کە بریاریان بۆ دەرنەکراوە و(بلاتکلیف)”ن و (5398) کەسی بیانیش زیندانی کراون کە شارومەندی وڵاتانیترن.
لەم ئاشکراکردنەدا لیستی (12) ملیۆن زیندانی هاتووە لە ئاپۆرەی (85) کەسی ئێرانیدا. (لە 30ی خەرمانانی ١٩٨١ ەوە تا 16ی بانەمەڕی 2022) کە (٥٧٩٠١٥) کەسیان لە ژنان پێکهاتوون. تاوانی دەستنیشانکراوی (8762) زیندانی لە مانگی بەفرانباری 2017 بەدواوە، بریتی بووە لە: سووکایەتیکردن بە وەلی فەقێ، بەشداریکردن لە ئاڵۆزییەکان، سووتاندن و لەناوبردنی لافیتە (بەنێر) و تابلۆی (بیلبێرد) دەزگاکانی حکومەت و وێنەی ڕێبەرانی ڕێژیم.
بەپێی “ڕاپۆرتێکی نهێنی و بڵاونەکراوە” کە لە مانگی خەرمانانی 2015 تەنیا بۆ ئەندامانی کابینەی “حەسەن ڕوحانی” ئامادەکراوە، “ساڵانە نزیکەی (600) هەزار کەس دەخرێنە بەندیخانەکانەوە” و “(2) ملیۆن و (400) هەزار خانەوادە تووشی کێشەی زۆری دەبنەوە”. لەم ئاشکراکردنەدا دوایین خشتەی کۆدکراوی (325) زیندان و گرتووخانەی سەر بە ڕێکخراوی زیندانەکان لە دەسەڵاتی دادوەریی رژێم لە 31 پارێزگادا ڕاگەیەندراوە.
وەرزی هەڵمەتی خەڵک بۆ سەر دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت!
لە وەرزی هەڵمەت بۆ سەر دیکتاتۆرییەتی ئایینیی دەسەڵاتداری ئێران و دەنگدانەوەی دروشمی ڕووخاندن لە ئێران و دەستبەسەرداگرتنی کەش و هەوای شارەکان و هاوکات لەگەڵ ئەمەیش، ئاشکراکردنەکانی موقاوەمەتی ئێران، ڕۆژ نییە یەکینەکانی شۆڕش و لایەنگرانی موقاومەت لە سەرتاسەری ئێراندا دەست بەسەر تۆڕ و و کامێراکانی کۆنتڕۆڵکردندا نەگرن.
لە رۆژی 12ی خەرمانانی ئەمساڵ و لە سەروبەندی ساڵیادنی مردنی (خومەینی)دا، شانەکانی شۆڕش لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا، دەستیان گرت بە سەر کامێراکانی چاودێریکردن لە شارەوانیی تاران و دەزگای “تارانی من” و کامێراکانی چاودێریکردن بەسەر گۆڕی (خومەینی)ەوە و هەروەها بارەگای ئیبراهیم رەئیسی (ناسراو بە جەلادی67)، وەزارەتی ئیتلاعات، سوپای پاسداران و هێزی سەرکوتکەری ئینتزامی و گۆڕستانی(بەهەشتی زەهرا) کە بە گشتی (5138) کامێرای چاودێریکردنن.
ئەگەرچی ئەم کامێرایانە لەژێر کۆنترۆڵی شارەوانی تاراندا بوون، بەڵام لە راستیدا لە خزمەت (بیتولعەنکەبوت)ی وەلی فەقیهی، واتا عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی (سەرکۆماری رژێم) و سوپای پاسداران و دەزگای سەرەکیی سەرکوتکردنن لە ئێران.
ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی ئێران لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دەستی پێکرد و بە ڕووخانی بینای مێترپۆل لە ئابادان، و ئاشکرابوونی ڕۆڵی سوپای پاسدارانی خامنەیی لەم تاوانەدا گەیشتە لوتکە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە لە گەرماوگەرمی ئەم ڕاپەڕینانەدا رووی دا و هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی مەرگی (خومەینی) و هەروەها ئامادەباشیی هێزەکانی حکومەت، کە لە ڕاستیدا گورزێکی قورسە بۆ سەر پەیکەری سانسۆر و سەرکوتی دەسەڵاتی ئاخوندی.
خەڵکی ئێران بەسەر دیکتاتۆریەدا سەردەکەوێت!
لە دۆخێکی وەها گرینگ و چارەنووسسازدایە کە پاشماوەکانی ڕژێمی (محەممەدڕەزا شای پەهلەوی) لەگەڵ ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێراندا هاودەنگن و بە وتەی ڕێبەری شۆڕشی ئێران، بەڕێز مەسعود ڕەجەوی “شا و ئاخوند دەیانەوێت بەسەر خەڵکدا فەڕز بکەن کە ئێوە غەڵەتتان کرد شۆڕشتان کرد دژ بە رژێمی شا!”. بیرۆکەی شۆڕش و رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و وابەستەیی لە مێشکدا بسڕنەوە!.. ڕابردوو رۆیشت و پەند لەم کارەتان وەربگرن و بە عەلی خامنەیی و رژێمی ستەمکاری رازی بن. دوور بکەونەوە لە شۆڕش و بیری لەناوبردنی دەسەڵاتی ئاخوندی و سووتاندنی هێماکانی بخەنە لاوە. لە حەسرەتی ڕابردوودا بسووتێن و لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستادا بسازێن، بەڵام سەیری داهاتوو مەکەن.” بەڕێز مەسعود ڕەجەوی وتیشی کە نەوەی ئێمە “لەژێر ئاڵای نە شێخ (واتا ئاخوند) و نە شا بۆ ئازادی خرۆشا و دەستی بۆ چەک برد و چەکی هەڵگرت و بەرخۆدانی هەڵبژارد” و وتیشی: “هیچ هێزێک لە جیهاندا ناتوانێت پێش بە ڕاپەڕین و سەرکەوتنی خەڵکی ئێراندا بگرێت”. .”
بە ئاوڕدانەوە لە رووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوودا، ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە لە نێوان دوو بەرەی دژ بەیەکدا، شەڕێکی قورس لە ئێران لە ئاڕادایە. لە لایەک، هێزەکانی دوو دیکتاتۆری شا و ئاخوندان و پشتیوانانی کۆلۆنیالیستیان، کە رووی ئاشکرایان، دوژمنایەتیکردنە بەرانبەر بە سەروەری نەتەوەیی و جەماوەری و، لە لایەکی دیکەوە، موقاومەت و خەڵکی ئێران، کە بە درووشمی “نا بۆ شا و نا بۆ شێخ” بڕیاریان داوە ئەم دیکتاتۆرییەتەی ئێستایش فڕی بدەنە زبڵدانی مێژووەوە و خواست و ویست خۆیان بخەنە سەر کورسی، و ئێران بخەنەوە سەر جیگەی راستەقینەی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. وەک دیمەنێک کە مانگی جۆزەردانی ئەمسالدا بینیمان کە گەیشتە لووتکەی خۆی!
کۆتایی

عەبدولڕەحمان گەورکی
نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish