Skip to Content

نامەی ساموێڵ بیکێت، بۆ وەرگێڕە ئیتاڵیاییەکەی شانۆنامەی “کۆتایی یاری”:… و: دادیار ئازاد

نامەی ساموێڵ بیکێت، بۆ وەرگێڕە ئیتاڵیاییەکەی شانۆنامەی “کۆتایی یاری”:… و: دادیار ئازاد

Closed
by ته‌مموز 29, 2020 General

  • کاکی وەرگێڕ، من بیرم لە یەکەیەکەی وشەکانم کردۆتەوە، کەوایە پیاوێکی باش بە و، ترش و خوێیان پێوە مەکە.
    وای ئەگەر ڕۆژێک دەزانم وشەیێک لە دەقەکەدا کەمبووەتەوە؛ دەستبەجێ بریکارم دەنێرمە سەر سەرت.
  • بەرلەوەی دەست بە وەرگێڕانی شانۆنامەکە بکەیت، دوو دانە تووری کێوی بخۆ؛ دواتر چەند کاژمێرێک دەنێو فرێزەردا ڕاکشێ؛ تا باشتر پەی بە هەست و کوڵی دەرونی ئێمە ببەیت.
  • لێم مەبە بە شاعێر. وشەکان خودان هەست و سۆزی خۆیانن، بۆیە هەستی تەڕەماشانە و کەترەت؛ بە دەقەکەی منەوە هەڵمەواسە.
    جارێکیان “ت. س. ئەلیۆت”ـی کۆلکەخوێندەوار؛ شانۆنامەی “دواین نەواری کراپ”ـی منی بە شێوەی هۆنراوە هۆنیبووەوە! وام لێ هاتبوو بچم عەرش و قورشی بسوتێنم.
  • هیچ سەروکارم لەگەڵ زمانی ئیتاڵیدا نییە، بەڵـام گەر بێت و ببینم ڕستەکانت لە هیی من درێژتر؛ یان کورتترن، ئەوا بەرۆکی وەشانخانەکە دەگرم. جا هەموو دەم ئەوەت لەبیربێت؛ من نووسەرم و تۆش وەرگێڕ.
  • پێش نووسینی هەر وشەیێک، (٥) خوولەک تێی ڕابمێنە.
    بە قسەی من دەکەیت “کاتپێوی زیرەک” دەکڕیت و لـای خۆت دایدەنێیت.
  • بەدیقەت وشەکان هەڵبژێرە. ئەوە بزانە کە هیچ وشەیێک هاوواتای وشەیێکی دیکە نییە. شانۆنامەی “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا”ـم؛ بە سێسەدوپەنجا وشە نووسیوە.
    “کۆتایی یاری”ـیشم دووسەد وشە زێتر نییە.
    ئێمەی ئێرلەندایی لە ڕۆژگاری ئۆسکار وایڵددا، زمانپاراویمان توڕهەڵداوە، ئێستا سەردەمی زمانگرانییە.
  • هەر ڕۆژێک وەرگێڕانەکەت چاپکرا، تکات لێ دەکەم نامەکەم بسوتێنیت. ڕقم لەوەیە کونجی خەیاڵم بکەوێتە بن دەستی هەندێک خوێنەری هێڕ و گێژەوە.

وەرگێڕان: دادیار ئازاد

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish