Skip to Content

تۆم لێ دووری دەنا؟ … شوان حەسەن

تۆم لێ دووری دەنا؟ … شوان حەسەن

Closed
by ئه‌یلول 10, 2017 General, Poems

دیسان دەچمەوە ناو دارستان
لەوێ کراسێکی ڕەنگاوڕەنگ بۆ خەیاڵم دەچنمەوە
دێرە شیعرەکانم لە درەختەکان موتربەدەکەم و
تا تۆ دێی سەربردەکانم بۆ ڕێگا دەگێڕمەوە
حەزمدەکرد لەگەڵم بویتایە و
وشەکانمت لەگەڵ گوڵەکان، لەزەمبیلەکەی دەستت کۆبکردبایەوە
ئای کە ناخۆشە نایێی
دەزانی کەشکۆلەکەم پڕکردوە، لە کتێبەکانی( تاگوور)
نیازم وایە
خانوێکی بچکۆلانە لە دێرە شیعرەکانی ئەو دروستبکەم و
تنۆک، تنۆک
شارستانیەت لە دارستان بتوێنمەوە
ئەگەر پەشیمانبویەوە، مەترسە
شیعرەکان گەورەش بن تۆ دەناسنەوە
ئیستا سپێدەیە و سێبەر نەرم نەرم قاچەکانم بە تیشکی ڕۆژ دەشێلێت و
چۆلەکەکانیش بە لارمی جریوەکانیان، بە شێنەیی بەئاگامدێنن
ببورە خانوی کوتری نامەبەرەکان تێکچووە
دەنا بەوان نامەم بۆ دەناردی
تا شوێنەکەمان ئاشکرانەبوە، شوێن پێی هەستت هەڵگرە و وەرە
دەترسم
بەتاوانی مرۆڤێکی خۆپەرست، خەڵکی شار بەردبارانم کەن !

Shwanhassan@hotmail.com

Previous
Next
Kurdish