Skip to Content

دەقی تەمەن -22- ناڵە حەسەن

دەقی تەمەن -22- ناڵە حەسەن

Closed
by كانونی دووه‌م 15, 2021 General, Poems

  • بەشی ( بیست و دوو )

١

قەسیدەیەکی درێژە
لەسەر دیوارە کۆنەکانی مێژوو
بە ڕێنووسە گیاییەکان / نووسراوەتەوە
منیش / هەموو شەوێک دەیخوێنمەوە
پڕاوپڕە
لە بەرائەت و جوانی و مرۆڤبوون
دڵم لەلاتە هەولێری من …!
٢
گوڵە گیانم
من لێرەوە
لەدووری دوورەوە دەبینم
کە خۆرەتاو لە ڕوخسارت دەدا
هەموو ڕەنگەکانت دەدرەوشێنەوە
ناخت / زەردێکی تۆخ
نیگاکانت / زەردێکی کاڵ
زەردەخەنەکانت / زەردێکی زێڕینی
هەر دەڵێی مانگ
ڕەنگەکانی خۆی لەتۆ دزیوە
شاجوانە ئیرۆسییە ڤینۆسییەکانیش
لەبەرامبەر ئەفسانەی جوانییەکانی تۆ
هەموو تێکڕا / نقەیان لەخۆیان بڕیوە
٣
تۆ
بە قژی خەنەیی و
نیگا ئاوییەکەتەوە
بە برژانگی قەترانی و
بە گۆنا سوورەکەتەوە
بە لێوی پەمەیی و
بە ددانە سپییەکەتەوە
بە ملوانکەی شین و
بە گەردنە گەنمییەکەتەوە
بە ستیانی زەرد و
بە ژێرکراسە سەوزەکەتەوە
بە بازنی بڕونزی و
بە نینۆکە نارنجییەکەتەوە
بە مۆبایلی بەرگ مۆر و
بە جانتا ڕەشە ڕەیحانیەکەتەوە
لە پەپوولەیەکی ڕەنگاڵەی ڕەنگین دەچیت
بەڵام داخەکەم
چاوەکانت پڕن
لە تاریکییەکی ڕووناک
کە کتێبە شیعرییەکانمی پڕکردووە
لە هەستەکانی بێهوودەیی و
لە وشە بریندارەکانی نائومێدی …!
٤
من ڕۆحی
گەردەلوولێکی سەرشێتم
کە هەڵدەکەم
لەتاو ئازارەکانی دووری تۆ
هەرچییەک بێتە بەردەمم
ڕایدەماڵم و
لەنێو خۆمدا لوولی دەدەم
یان لەتاو
نەزیفبوونی دەمارەکانی ئارامگرتنم
دوورمەبینە لە چاونوقانێکدا
بە تەکان و هاوارێکم
هەموو گەردوون ژێرەوژوورکەم …!
٥
لە نێوان خەونەکانی
من و تۆدا
قەسیدەیەکی درێژ هەیە
بە وشەی
چاوبەفرمێسک و خەمناک / نووسراوەتە
بە زمانەکانی هەموو دنیاش / دەخوێندرێتەوە
لە نێوان دڵی من و دڵی تۆدا
گوڵێکی سووری گەش هەیە
بە پایزی هەموو سەدەکان
نە سیس دەبێ و نەهەڵدەوەرێ و
نەکاڵ دەبێتەوە
٦
گوڵەباغی نێو دۆزەخی عەشق
بۆ ئەوەی
خەمەکانی تەنیایی خۆمم بیرچیتەوە
دەبێ تۆ لەیادکەم
بۆئەوەی
خەمی دوورییەکانی تۆشم بیرچیتەوە
دەبێ خۆم لەیادکەم
٧
تۆ ئەو شکۆفە شینە شلێرییەی
کە لەنێو باخچەکانی
خەون و خەیاڵەکانم بۆ ئەبەد / دەدرەوشێیەوە
یان ئەو کەسەی
هەمیشە / هێزی ئەوەم پێدەبەخشی
تابتوانم /
تەنیاییم لەگەڵ کچێنیت
تاریکی لەگەڵ ڕووناکی
تۆ لەگەڵ ژیان
دواجار /
شیعریش لەگەڵ نیشتیمان ئاشتکەمەوە
٨
بم خوێننەوە
بەزمانی باران و تریفە
مەرج نییە / وەکو من بیربکەنەوە و
بەو ڕێگایەدا بڕۆن کە من پیایا دەڕۆم
یان وەکو من
تەنیایی بکەنە پەرستگە و ماڵی خۆتان
هەر بەتەنیاش بمێننەوە
بەس بمخوێننەوە و هیچیتر
٩
هەموو ژیانم کۆکەیتەوە
جگە لە تۆ
هیچ شتێکیتری تیا نادۆزیتەوە
تۆش هەر لە ئەزەلەوە
لە قەسیدەیەکی درێژی خەمناک دەچووی
بۆیە منیش وا ( سی ) ساڵە بەبێدەنگی دەتنووسمەوە
١٠
ناوەڕاستی دیسەمبەرە و
پەنجەکانی غەریبیم سڕ و شینومۆر هەڵگەڕاون
گەڵاوەریوەکانی خەیاڵم بۆ کۆناکرێنەوە
دڵم لەلای ( مناڵە ورتکەی ) سەر شەقامەکانی نیشتیمانە
دەمەوێت بەڕووناکی چاوەکانی ئەوان
خۆرەتاوی ئومێدەکانم ڕەنگ بکەمەوە
بە کۆد و هێمای هاوارەکانی ئەوان
هاوکێشەی بوون و نەبوونم شیبکەمەوە
لەنێو خەونە گەورەکانی ئەوانیشدا
مانایەکی نوێ
بۆ ( شیعر و عەشق و ژیان ) دابڕێژمەوە
١١
وردە ئەستێرەکان
لەنێو دیوە ڕووناکەکەی خۆرەتاو و
لەنێو قیژەی تەمە سپییەکان و بروسکە لەدایکبوون
جارجارە دێن و دەبنە میوانی زەوی
لەنێو چاوە سپییەکەی تاریکی دەمێننەوە
منیش هەموو شەوێ
چیڕۆکە بەرئاگردانییەکانی عەشقییان بۆ دەخوێنمەوە
١٢
بەنێو زەمەنێکدا ڕەت دەبم
تیایدا کات مردووە
خەون بە نیشتیمانێکەوە دەبینم
هەموو ڕۆژێ بە نوێژی نیوەڕۆوە دەکوژرێ
لەنێو خاکی خەونەکانم
لەهەرکوێیەک قۆرتێک هەڵبکەنی
ئێسک و پرووسک دەردەکەوێ
نازانم چ مانایەک بەبوونم ببەخشم / ئەی خودا
١٣
من لە کۆڵانەکانی بێدەنگییەوە هاتووم
ئێستاش لە گەڕەکێکی دۆزەخ
بە قەڵەمی ڕەژوویی
لەنێو دەفتەری ئاگر
چیڕۆکە ترسناکەکانی تەنیایی خۆم دەنووسمەوە
١٤
چاوەکان و خەونەکانم
پڕبوون لە بەفر
خۆشم بووم بە پەیکەرێکی شەختەیی
چاوەروانم
کچێکی پاییزی لە جنسی ئاگر
لەنێو تیشکەکانی خۆرەتاوا دەربکەوێ و
بە هەناسە گەرمەکانی / بمتوێنێتەوە
قوفلە ژەنگاوییەکەی دەرگای دڵم بشکێنێ و
لەگەڵ عەشق ئاشتمکاتەوە
١٥
دەتوانن یەکبەیەک
نینۆکەکانم دەربهێنن
لەبەردەم قەڵا
ئاگر لە جەستەم بەربدەن
هەرچیم هەیە بیسووتێنن
بەس / کتێبەکان و شیعرەکانم نا
دوای مردنیش
کە هاتنە سەرگۆڕم
لە جامخانە بچکۆڵانەکەی پشت سەرم
کتێبێک دەربهێنن و بە دەنگێکی نەرم
شیعرێکم بۆ بخوێننەوە و هیچیتر …!

    هەولێر                                          
  دیسەمبەری ٢٠٢٠

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish