
نیشتیمان له لێواری ده‌سه‌ڵاتی حزبدا … به‌ختیار محه‌مه‌د
هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك (وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێمه) هێنده نادادپه‌روه‌ر بێ، ناكرێ خه‌ڵك بۆ هیچ شتێك متمانه و باوه‌ڕی پێی هه‌بێ؛ ئه‌مه سه‌رچاوه‌ی نائومێدیی زۆری ئێمه‌یه له سیاسه‌ته‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته؛ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی، كه سه‌ركرده و حزب به هیچ شتێك ناگۆڕێته‌وه؛ ئه‌مه‌ش به مانای وشه تراژیدیای ژیانی سیاسی هاوچه‌رخی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی كورده.
تا ئه‌م عه‌قڵییه‌ته هه‌بێ، ئه‌سته‌میشه ده‌وڵه‌ت بۆ كورد دامه‌زرێ: ده‌وڵه‌ت نیشتیمانپه‌روه‌ران ده‌توانن دایمه‌زرێنن، نه‌ك حزبپهرست و سهركردهپهرستان؛ ده‌وڵه‌ت ئیراده‌یه‌كی سیاسی به‌هێزی مێژوویی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی ده‌وێ، نه‌ك ئیراده‌ی سیاسی حزبگه‌رایی و ناوچه‌گه‌رایی؛ ده‌وڵه‌ت واقیعێكی سیاسی نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌وێ، كه دۆخی سیاسی دابه‌شكراوی ناهه‌مواری ئێستای كوردستان (له نێوان ده‌ڤه‌ر و حزبدا) تێپه‌ڕێنێ (واته دۆخه زاتییه‌كه‌ی ئیراده‌ی سیاسی ئێستای ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی كورد)؛ ئه‌و ئیراده‌یه‌ی، كه ئاماده‌یه سازش له‌سه‌ر هه‌موو شتێكی كورد بكا له به‌رانبه‌ر داگیركه‌رانی، به‌ڵام ئاماده نییه هه‌رگیز هیچ سازشێك (بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی خه‌ڵكی كوردستان) له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته حزبیی و پێگه حزبییهكهیدا بكا. به‌داخه‌وه ئه‌م عه‌قڵییه‌ت و ئه‌م ئیراده سیاسییه هیچ گه‌شبینییه‌ك به ئێستا و به داهاتووی ئێمه نابه‌خشێ.
وه‌ك ده‌بینین، ئه‌م عه‌قڵییه‌ته له پێناو پێگه و نفووزی حزبییدا سته‌مێكی زۆریش له كه‌مینه‌یه‌كی ئایینیی كوردی وه‌ك ئێزیدی ده‌كا. ئه‌م عه‌قڵییه‌ته ئه‌م كهمینهیهشی به شێوه‌یه‌كی ترسناك به‌ش به‌ش و پارچه پارچه كردووه (هه‌ر حزبه و ئه‌م كه‌مینه‌یه وه‌ك یاری په‌ت په‌تێن بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێ)… ڕاستییه‌كه‌ی نه‌ته‌وه به یه‌كگرتوویی سه‌رده‌كه‌وێ، نه‌ك به‌م دابه‌شبوونه حزبیی و ناوچه‌گه‌ریی و خێڵه‌كییه، كه ئێستا به شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار له باشووری كوردستاندا ده‌گوزه‌رێ.