Skip to Content

ئافرەتان هەتاکەی دەبێ بێدەنگی هەڵبژێرن؟.. شوانە حەسەن ئەبوبەکر

ئافرەتان هەتاکەی دەبێ بێدەنگی هەڵبژێرن؟.. شوانە حەسەن ئەبوبەکر

Closed

توندوتیژی، بێ‌باوەڕی و زەوتکردنی مافە ئینسانییەکانی ژنە لە لایەن بنەماڵە و کۆمەڵگاوە. توندوتیژی کاتێک ڕوودەدا کە کچێک ناچارە بۆ درێژەدان بە خوێندن، بۆ کارکردن ، بۆ چوونەدەرەوە لەماڵ و بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک ئیجازەی باوک و برا، تەنانەت برای چکۆلەتر لە خۆی وەرگرێت و ئەگەریش ژیانی هاوبەشی پێک هێنا ئیجازەی مێردەکەی! کاتێک ڕوودەدا کە لە کۆمەڵگادا کچێک کە نایەوێ یان بۆی نەڕەخساوە ژیانی هاوبەش پێکبێنێ سووک چاوی لێدەکرێ و بە قەیرە ناودەبرێ. توندوتیژی ئەو نێونیتکە و قسە ناشایستانەیە کە لە شەقام و کۆڵان بە ژنان دەکوترێ! ئەو نیگاهە هەرزانەیە کە وادەکا ژن نەتوانێ بە ئاسوودەیی هاتووچۆ بکات! ئەو بڕیارە تاک لایانەی کۆمەڵگەیە کە بێ ‌لەبەرچاو گرتنی ویست و تواناییەکانی ژن بۆ ئەنجامدانی زۆر کار بە شیاوی نازانێ و ڕێی لێدەگرێ! ئەو کاتەی وێڕای زۆرتر بوونی ژمارەی ژنانی خوێندەوار لە دام و دەستگا ئیداریی و حکومییەکان کەمتر لە پیاوان وەردەگیرێن و موچەی مانگانەشیان لە پیاوان کەمترە! توندوتیژی کەڵک وەرگرتنی ئەبزاری لە ڕوخسار و ئەندامی ژنانە بۆ پەرەپێدان بە فرۆش و زۆر بوونی کڕیار! توندوتیژی ئەو قەفەسە تەنەگەیە کە بە نێوی سروشت و داب و نەریت و پشتیوانیی ئایین و دەسەڵات ژنانی تێدا یەخسیر کراون و ناچاری دەکەن بەو کارانەی کە بەدڵ پێی خۆش نییە بیکات: ئەوەی کە نەهێڵن دەرس بخوێنێت، نەهێڵن کار بکات، لە تەمەنی خوار ۱۸ ساڵ بە شووی بدەن، نەهێڵن بە دڵی خۆی پێبکەنێت، بگەڕێ، بیر بکاتەوە و بژی. توندوتیژی ئەو بێ باوەڕی و سنوور دانانە بۆ ژنانە کە وا دەکا خۆشیان خۆیان پێ کەم بێت! کاتێک ژنێک شکی هەیە بە خۆی و مرۆڤ بوون و تواناییەکانی و پێی وایە ئەگەر کوڕی نەبێ، مێردی نەبێ یان برای نەبێ بێهێز و زوڵم لێچووە و دەبێ بەزەییت پێیدابێت! کاتێک ژنێکی کورتەباڵا پێی وایە بۆ وەبەرچاو هاتن، پێویستە کەوشی ڕق و تەقی پاشنەبەرز لەپێ کات، یان بۆ جوانتر وەبەر چاو هاتن پێویستە ڕوخسار و لەشی خۆی بخاتە ژێر چەقۆی نەشتەرگەری! کاتێک ژنێک پێی وایە تەنیا خاڵی گرینگی ئەو وەک مرۆڤ ڕوخسار و لەش و لاریەتی و بۆ فڕێدانی زبڵیش دەبێ بچێتە بەر ئاوێنە و دەستێک بە ڕوخساری دابێنێ! کاتێک کچێک بۆ بە دەست هێنانی دڵی کەسی بەرانبەری، پشت لە کەسایەتی خۆی دەکا و هەمووی وجوود و بیروباوەڕەکانی خۆی دەگۆڕێت! توندوتیژی وەک پەتا وایە و لە کۆمەڵگە دا بڵاو دەبێتەوە، واتا بوونی توندوتیژی لە کۆمەڵگە و دەسەڵات دژ بە هاووڵاتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی بە گشتی لە کۆمەڵگادا .

بەداخەوە لەهەمو جۆرەکانی توندوتیژیدا ژنان لە زۆربەی حاڵتدا بێدەنگی وەک چارەسەرێک لەبەرانبەر توندوتیژی هەڵدەبژێرن! زۆربەی ژنان، تووڕەیی و توندوتیژی پیاوەکەیان وەک ڕەفتارێکی ئاسایی پیاو لەبەر چاو دەگرن و لە بەرانبەری دا بێدەنگ دەبن، لە حاڵێک دا ئەو ڕەفتارانە بە هیچ شێوە ئاسایی نین و دەبێ بە هاوکاری دەروونناس ڕێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە ئەگینا ئەو هەڵسوکەوتە نابەجێیانە لە درێژخایەن دا کاریگەری خراب لە سەر باری دەروونی هەمووی تاکەکانی ئەو بنەماڵەیە دادەنێت.

لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە ئەو پیاوانەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەکار دەبەن کێشەی دەروونیان هەیە. ئەو پیاوانەی بە منداڵی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنانی بنەماڵەکەیان کراوە، پیاوانی بێ مەسئولیەت و بێ‌تاقەتن و ئەو پیاوانەی هەست بە پووچی دەکەن، زۆرتر توندوتیژی دژ بە ژنان بەکار دەبەن. زۆربەی ژنان بەتایبەت له وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بێکار و بێ داهاتن و ژیانیان لەباری ئابوورییەوە بە پیاوانی خانەوادەکەیانەوە بەستراوەتەوە و ڕاوەستان لە بەرانبەر زوڵم و توندوتیژیی پیاوان مەترسیی بێبژیوی و ئاوارە بوونیان دەخاتەسەر. لە لایەکی دیکەشەوە زۆریەک لە بنەماڵەکان لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگای بە کولتوری کۆن تەنراودا جیابوونەوە لە هاوسەر بۆ کچان عەیب و ناشیرینە، کچەکانیان ناچاردەکەن درێژە بە ژیانێکی هاوبەشی نەخوازراو و پڕ لە زوڵم و توندوتیژی بدەن.توندوتیژی دژی ژنان بێ سنوورە، کات و شوێن ناناسێ و هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک و لەلایان هەمووکەسەوە تەنانەت خودی ژنانیش ڕوو دەدات
ئافرەت لەنێو کۆمەڵگه‌ هەڵسوکەتی نادروستی له‌گه‌ڵ دەکرێت، لەبواری کۆمەڵایەتیدا ئافرەت هەندێک جار بەپلە دوو و سێ، هەندێکجاریش وەکو کۆیلەیەک سەیر دەکرێت. لە کۆمەڵگه‌ی کۆن و نوێشدا ئافرەت نەک تەنها لەکوردستان، بەڵکو لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و لەسەرتاسەری جیهانیشدا لەژێر هەژمون و زوڵمێکی زاڵمانەی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و کەلتوری پیاوسالاریدا دەژی.
دەوروبەری کۆمەڵایەتی کە تەنراوە بە دیاردە و نەریت و کەلتوری هەمەجۆری دواکەتوو، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئافرەت بەشێواز و ڕێگا و مەبەستی جیاواز بچەوسێنرێتەوە.

لەکۆمەڵگه‌ی کوردستاندا، تاکو سەدەیەک، یان نیو سه‌ده‌ پێش ئێستاش، ئافرەتی کورد لەڕووی کۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنانه‌وه‌ بەشداری کارای هەبووه‌، ئافرەت نەک هەر منداڵی پەروەردە وبەخێو دەکرد، نەخێر ئەو وەکو خاوەن ماڵ و دەسەڵاتدارێکی کۆمەڵایەتی پێشوازی لەمیوان و بڕیاردان و بەرهەمهێنان و دەستکەوتی دارایی دەکرد. ئافرەتانی سەربەرستی کوردستان نموونەیەکی بەرز و جوانی قسە و بۆچوونی هەموو گەڕیدە ڕۆژئاواییەکان بوو، کە پێشتر روویان لەکوردستان کردبوو.
دەوروبەری کۆمەڵایەتی کە بریتییە لە (ئاین ، نەریت، کەلتور، دەسەلاتی دارایی، پەیوەندی کۆمەلایەتی و دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگه‌) کاریگەریان لەسەر دەرکەوتنی بیرۆکەی چەوسانەوەی ئافرەت و لەقاڵبدان و پتر کۆیلەکردنی ئافرەت هەیە. بێگومان دەوروبەری کۆمەڵایەتیش پەیوەندیی بەدەوربەری ئابوری و کاریگەرییە ئابوورییەکانەوە هەیە.

بێگومان باشکردنی دۆخی ژیان و بەدیهێنانی مافەکانی ئافرەتان لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەستووری و مەدەنییەوە، پەیوەستە بەخودی ئافرەتان و ئەو شۆڕش و بزاڤانەی بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان دەیکەن. لە ئەمەریکا ئافرەتان جەنگێکی درێژخایەنیان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان و بەشداری لە ژیانی سیاسی و ئابووری کردووە، لە روسیاش دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئافرەتان توانیان لەڕێگەی بەشداری لەشۆڕش، مافەکانیان باشتر بکەن. لەئەوروپاش ئافرەتان لەم جەنگە بەردەوامە بەردەوامن، ئافرەت لە ئاسیا و ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هێشتا لەپێناو دابینکردنی دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتی گونجاوی ئارام و دڵنیاکەر دەجەنگن، دروشمەکان بزاڤی ئافرەتان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان بەپێی دەوروبەرە کۆمەلایەتییەکان دەگۆڕێت، لەئەوروپای پێشکەوتوو، ئافرەتان داوای دەست حەقی یەکسان لەگەڵ پیاوان و مافی دایکایەتی و یەکسانی لە کاری و چی وچی دەکەن، لە سعودییەدا ئافرەتان داوای مافی بەدەستهێنانی دەنگدان و مافی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەشداری لەئیدارەی دەوڵەت دەکەن.

لەهەمان کاتدا ئافرەت بەپێی دەوروبەری گروپە توندرەوە دینییەکان، کەرەستەیەکی هەرزانی کۆیلەکراوە، بۆ پاراستن و بەدیهێنانی خواستە کۆمەڵایەتییەکانی پیاوان و بەهێز هێشتنەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاری و بەکارهێنیان بۆ ئەنجامدانی کاری توندتیژی و تەقینەوە و تۆقاندن.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر

Previous
Next