Skip to Content

چوارینه‌كانی شاعیری پورتووگالی ناسراو.. فێرناندۆ پێسوو..- :نه‌ژاد عزیز سورمێ

چوارینه‌كانی شاعیری پورتووگالی ناسراو.. فێرناندۆ پێسوو..- :نه‌ژاد عزیز سورمێ

Closed
by August 15, 2021 General, Poems

  • فێرناندۆ پێسووا –(*)

و : نه‌ژاد عزیز سورمێ
-1-
وه‌ك چه‌ند قایه‌خێك به‌سه‌ر ده‌ریاوه‌یه‌
سترانی پورتووگالییان
له‌ ڕۆحێكه‌وه‌ بۆ ئه‌ویدی ده‌چێ .
به‌ره‌نگاری نقووم بوون ده‌بنه‌وه‌ .

-2-
مروارییه‌كانی ئه‌م گه‌ردانه‌یه‌م داڕشتن
پێشكێشی تۆی بكه‌م
مروارییه‌كان دڵی منن
ده‌زوویه‌كه‌یش خه‌مه‌كانمه‌ .

-3-
خاك ‌بێ گیانه‌‌
شتێكی دی بێجگه‌ له‌ دڵ ناژی
زه‌وی ساردوسڕ‌ ده‌تخوولێنێته‌وه‌
نه‌ك سۆزی من .

-4-
بۆ ساتۆكه‌یه‌ك لێمگه‌ڕێ
بڕوام به‌وه‌ بێ تۆ هێشتا لێم نزیكی
خه‌مباره‌ ئه‌وه‌ی پێی وایه‌
پێویستی به‌وه‌یه‌ خۆی خۆی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێ .

-5-
به‌ مردووی له‌ ته‌كتدا ده‌مێنمه‌وه‌
بێ ئه‌وه‌ی شتێ بزانم ، یا هه‌ست به‌ شتێ بكه‌م
ئه‌وه‌ به‌سه‌
تا مه‌رگ چاكه‌ی به‌سه‌رمانه‌وه‌ بێ .

-6-
نازانم داخۆ ڕۆح له‌و دیو سرووشتدا ده‌مێنێ
ئه‌گه‌ر مردم مردم ، یا ئاره‌زووی مه‌رگم كرد
ئه‌گه‌ر زیندوو بام ، ئاره‌زووم ده‌كرد بتبینم
چونكه‌ به‌ مردن نه‌بێ ناتوانم له‌بیرت بكه‌م .

-7-
به‌ڵێ ، كه‌شی دوێنێ به‌دتر بوو
به‌به‌ر ده‌رگه‌ی تۆشدا ڕابرد
گوێی لێ بگره‌ : هه‌ناسه‌یه‌كی پێیه‌
باش ده‌زانی كێ بۆی ناردی .

-8-
دڵی خۆمم پێ دای
سه‌یری چۆنت ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ كرد
تا ئێستا بۆت نه‌گه‌ڕاندوومه‌ته‌وه‌
له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێكشكابێ .

-9-
ئه‌و قووتوویه‌ی سه‌رپۆشی نییه‌
هه‌میشه‌ كراوه‌یه‌
ته‌نێ بزه‌یه‌كتم پێ بده‌
هیوا بۆ چیدی ناخوازم .

-10-
دوو سه‌عاتانت چاوه‌ڕێ بووم
دوو ساڵانیشت چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م
چیتر چاوه‌ڕێ بم ؟ وا دێته‌ به‌ر چاو نه‌یه‌ی
چوون ڕۆژ هێشتا پڕشنگان ده‌دا ؟

-11-
به‌ درێژایی شه‌وێ گوێم له‌ ئاوێ بوو له‌ ئه‌ستێركێ
دڵۆپ دڵۆپ دێته‌ خوار
به‌ درێژایی شه‌وێ ، له‌ ڕۆحمدا بیستم :
تۆ ناتوانی خۆشت بوێم .

-12-
ڕۆژ ڕۆژه‌ و شه‌و شه‌و
هه‌رگیز نانووم
چونكه‌ به‌ ڕۆژێ ناتبینم و
شه‌ویش بیر له‌ تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌ .

-13-
گوڵێت له‌ ده‌ست گرتووه‌
له‌ بێئاگاییدا چنیوته‌
به‌ڵام وا دیاره‌ دڵمت
به‌ ئاگادارییه‌وه‌ .
-14-
چاوه‌كانت خه‌مبار ، وێڵ
پشتیان به‌ هیچ شتێكه‌وه‌ نه‌داوه‌
ئای خۆشه‌ویستم ، خۆشه‌ویستم
بریا لانی كه‌م من ئه‌و هیچ شته‌ بام .

-15-
شه‌و دوای ڕۆژ دێ
ڕۆژ دوای شه‌و
پاش سۆزیش
ئه‌و سۆزه‌ دێ سته‌ممان لێ ده‌كا .

-16-
داخۆ ئه‌وه‌نده‌ ده‌هێنێ سه‌نگین بم ؟
نازانم گه‌ر ئه‌و هه‌موو هیلاكییه‌ بهێنێ
چاكتر وایه‌ به‌ خامۆشی بمێنمه‌وه‌
له‌وه‌ی ته‌ماشای سیمایه‌كی دڵنیا بكه‌م .

-17-
سۆلێكت له‌ پێیه‌
بنیان له‌ زه‌وی ده‌كوتن
مردن بۆ من خۆشتره‌
له‌وه‌ی یه‌ك چركه‌ له‌ بیستنیان بوه‌ستم .

-18-
سه‌رت ده‌سوڕێنیه‌وه‌ پرسیار بكه‌ی
گواره‌كانت وه‌ك دوو په‌ڕه‌سێلكه‌ی وه‌ڕس
كه‌ هێشتا فڕین نازانن
ده‌ست به‌ سه‌ما ده‌كه‌ن .

-19-
گوڵێكت به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌
نازانم ده‌مده‌یتێ یان نا .
به‌ڵام ئه‌و گوڵانه‌ی سه‌ر ڕووت
‌ئه‌وا ده‌زانی چۆنیان بپارێزی .

-20-
ئای خانمه‌ كه‌ژاڵه‌كه‌م
ئه‌ی كه‌ژاڵه‌ گه‌نجه‌كه‌
به‌وه‌ بڵێ كه‌ لێره‌وه‌‌ ده‌تبینێ
‌ تۆ هێشتا زۆر بچووكی .

-21-
كتێبێكت هه‌یه‌ نایخوێنیته‌وه‌
گوڵێكت هه‌یه‌ په‌لك په‌لكی ده‌كه‌ی
دڵێكت به‌ پێیه‌كانته‌وه‌یه‌
هه‌رگیز چاوی لێ ناكه‌ی .

-22-
شتێكت قه‌ت نه‌وتووه‌ خۆشت ویستووه‌
ئه‌گه‌ر من پێم نه‌گوتبی
ده‌زانم پێشبینی ئه‌وه‌ت كردووه‌
لێ نازانم بیرت له‌چی ده‌كرده‌وه‌ .

-23-
گوڵێكم هه‌بوو بیكه‌مه‌ دیاری
بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو پێی بڵێم :
پێم خۆشه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م
هه‌ر ئێستا گوڵه‌كه‌ سیس بوو .

-24-
كه‌ ئاوڕ ده‌ده‌یه‌وه‌
باوه‌ڕ ناكه‌م بۆ من بێ
به‌ڵام تۆ ته‌ماشا ده‌كه‌ی ، ته‌ماشا ده‌كه‌ی
ئه‌مه‌شیان باشتره‌ .

-25-
هه‌موو ڕۆژێ
بیر له‌و بزاوته‌ ئازایانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ :
ملپێچی‌ فه‌رامۆشكراو
له‌ نزیك ئێره‌دا هه‌ڵده‌گرییه‌وه‌ .

-26-
گوێم لێته‌ ڕۆژان گۆرانی ده‌ڵێی
شه‌وانیش گوێم لێته‌ گۆرانی ده‌ڵێی
داخ له‌ من ، ئه‌گه‌ر ‌ له‌ خۆشیان بێ
داخ له‌ من ، ئه‌گه‌ر له‌ خه‌مان بێ .

-27-
ڕیحانه‌ كێویله‌ی ده‌كڕدرێ
باشتر نییه‌ له‌وه‌ی ده‌یدزین
له‌ ڕیحانه‌ كێویله‌ گه‌ڕێ
دڵتم بدێ .

-28-
ئه‌و گوڵه‌ی ده‌ڕندرێ
زۆر ناژی
كه‌س سه‌یری تۆ ناكا
كه‌س نایه‌وێ بتڕنێ .

-29-
ئه‌ی ئه‌و په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌ی تێده‌په‌ڕی
كێ چاوه‌ڕوانته‌ ؟
ته‌نیایه‌ ئه‌وه‌ی ده‌تبینێ تێده‌په‌ڕی
متمانه‌ی به‌ سبه‌ی نوێ ده‌كاته‌وه‌ .

-30-
شانه‌یه‌كی ئیسپانیاییت
بۆ قژه‌ پورتوگالیایه‌كه‌ت هه‌یه‌
كاتێ خۆریش ده‌تپێچێته‌وه‌
ده‌چیته‌ ئه‌و باره‌ی خوا خه‌ڵقی كردووی .

-31-
دوو جارانم تكا لێ كردی
ئه‌مه‌م دوو جاران زانی
دوا جار وه‌ڵامی ئه‌وه‌ت دامه‌وه‌
‌ لێم نه‌پرسیبووی .

-32-
كه‌‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ئاخڤێی
نازانم بیر له‌ چی ده‌كه‌یه‌وه‌
ڕه‌نگه‌ به‌و ڕیسواكردنانه‌ بێ
به‌ بێده‌نگیت دروستی ده‌كه‌ی .

-33-
نه‌وره‌سه‌كان دووباره‌ و دووباره‌
له‌ ڕووباره‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ریا ده‌فڕن
بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستت بێ ، ئه‌فسووناوی ده‌رده‌كه‌وی
چوون ئه‌وه‌نده‌ پێویست نییه‌ بفڕی .

-34-
له‌ گۆزه‌یه‌كی گڵین
ئاوێكی سازگارتر ده‌خۆینه‌وه‌
خه‌مگین ، نانوێ
بێدار ده‌بێ تا به‌ شادیێ ڕا ده‌گا .

-35-
چه‌ند ڕاستییه‌ك هه‌ن ده‌گوترێن
هه‌ندێكیش كه‌س نایانڵێ
شتێكم هه‌یه‌ پێتی ده‌ڵێم
به‌ڵام ونم كرد .

-36-
هه‌ورێك له‌ ئاسمانه‌
به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌چێ خۆشمان ده‌وێن
گه‌ر تۆ لانی كه‌م ئه‌وه‌م بده‌یتێ
ئه‌وه‌ی پێدانی ، به‌ربه‌ستی تێ ناكه‌وێ .

-37-
ئه‌و هه‌وره‌ی تیده‌په‌ڕێ
به‌رز ده‌ڕوا
بیری منیش دیلی ئومێده‌كانته‌ به‌رز ده‌ڕوا
وه‌ك هه‌ور كه‌ دیلی بایه‌ .

-38-
مه‌ریه‌م ، كه‌ بانگت ده‌كه‌م وه‌ره‌ ئێره‌
مه‌ریه‌م بڵێ كه‌ تۆ ناتوانی بێی
ئا به‌و شێوه‌یه‌
ده‌توانم بتبینم .

-39-
مۆمێكم له‌به‌ر ئه‌و سۆزه‌ی
خوداوه‌ند پێی دای داگیرسان
شه‌و به‌سه‌ر گوند و
ئاسمانانیشدا نه‌ما .

-40-
كتێبێكی بچكۆله‌م پێیه‌
كه‌ تۆم له‌بیر ده‌چێته‌وه‌ لێی ده‌نووسم
كتێبێكی به‌رگ ڕه‌شه‌
هێشتا وشه‌یه‌كم تیا نه‌نووسیوه‌ .

-41 –
هه‌ندێ جار ژیان چه‌ند شتێكی كه‌مه‌
خۆشه‌ویستی ، ژیانێكه‌ هه‌ڵیده‌گرین
به‌ هه‌ردوو لایا‌ندا بڕوانه‌
كه‌س نایێ له‌گه‌ڵم بئاخڤێ .

-42-
به‌ ئاسپایی ، به‌ ئاسپایی بۆشایی ده‌گوزه‌رێ
یاخی ده‌بێ تاكو بنوێ
به‌ كورتی ، بۆشایی ده‌گوزه‌رێ ،
به‌ كورتی فێری له‌بیركردنمان ده‌كا .

-43-
ئه‌ی هه‌وری بڵیند ، ئه‌ی هه‌ور
بۆچی ئه‌وه‌نده‌ دوور ده‌ڕۆی ؟
ئه‌گه‌ر تۆ خێوی خۆشه‌ویستی كه‌ من نیمه‌‌
كه‌مێك دابه‌زه‌ ، كه‌مێك .
-44-
ئه‌و هه‌وره‌ی به‌ ئاسماندا تێده‌په‌ڕێ
له‌وه‌ی ده‌پرسێ كه‌ چ پرسیاران ناكا
گه‌ر به‌ سوود بێ بڵێین بیده‌ین به‌ كێ ؟
( ئه‌وه‌ی داومه‌ ، نایده‌م به‌ تۆ ) .

-45-
ئه‌ی جۆێباری بچووك ، جۆێباری بچووك
ئه‌وه‌ی ئاسان ڕا ده‌كا
به‌ ته‌نیا ڕا ده‌كه‌ی
، وه‌كو من ، ئه‌ی جۆگه‌ی بچووك

-46-
له‌ كۆتاییدا
ئاخاوتنه‌ درۆینه‌كانت
به‌خته‌وه‌رم ناكه‌ن
لێ به‌خته‌وری له‌ مندا ئه‌وه‌یه‌ قسه‌ بكه‌ی .

–47-
بۆم بخه‌نده‌ ، خه‌نده‌ی یه‌كشه‌مموان
تا دووشه‌مم به‌بیرم بێته‌وه‌
تۆ ده‌زانی ‌ من هه‌میشه‌ له‌ پشتته‌وه‌م
زۆر پێویست نییه‌ بڕۆی .

-48-
جلی جوان ده‌پۆشم
پێڵاوه‌كانم له‌ پێ ده‌كه‌م
ده‌چمه‌ ناو خه‌ڵكی
تا به‌ دوای ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێم نایدۆزمه‌وه‌ .

-49-
له‌ پشت چیا كه‌سكه‌كانه‌وه‌ دێ
برووسكه‌ كه من ‌ نایبیسم
زایه‌ڵه‌یه‌كی جوان ، بزر
كه‌ ده‌یدوێنێ .

-50-
مسكێن ، دڵی بچكۆلانه‌یه‌
به‌ تین و تاوه‌وه‌ كار ده‌كا
ڕۆژێ ده‌گری و
ئێوارانیش واوه‌یلا . ‌

*(- فێرناندۆ پێسووا – : شاعیری ناسراوی پورتوگالیایی
كه‌‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر و وه‌رگێڕ و فه‌یله‌سووفیش بووه‌ .
13ی 6 ی1888 له‌ شاری له‌شبوون له‌ دایك بووه‌ ، پێنج ساڵان بووه‌
كه‌ باوكی مردووه‌ ، پاشان به‌ خێزانه‌وه‌ ده‌چنه‌ باشووری ئه‌فریقا ، له‌وێ له‌ قوتابخانه‌یه‌كی ئینگلیزی ده‌خوێنێ .
له‌ 13 ساڵیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ پورتوگال ، ماوه‌یه‌ك له‌ زانكۆی له‌شبونه‌ ده‌خوێنێ .
ساڵی 1914 یه‌كه‌مین قه‌سیده‌ی بڵاو ده‌كاته‌وه‌ .
30ی نۆڤێمبه‌ری 1935 به‌ نه‌خۆشی كۆچی دوای ده‌كا .
پێسووا نزیكه‌ی 25000 ڕه‌شنووسی له‌ دوای خۆی به‌جێ
هێشتووه‌ له‌ شیعر و فه‌لسه‌فه‌ و ڕه‌خنه‌ و وه‌رگێڕان وشانۆیی
له‌ كتێبخانه‌ی نیشتمانی له‌شبونه‌ به‌ ناوی ئارشیڤی پێسووا پارێزراون .
هه‌ندێ له‌و ڕه‌شنووسانه‌ لێیان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ، له‌وانه‌ :
• كتێبی نادڵنیایی
• سرووده‌كانی ڕیكاردۆ دو ڕییس
• ده‌رگا و چیرۆكی تر
• قه‌سیده‌كانی ئالبارۆ دی كامبۆس
• شوانی مێگه‌ل و قه‌سیده‌ی تر
• چوارینه‌كان و … هی دی . )
** ئه‌م 50 چوارینه‌یه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی (القصیده‌ كوم) كراون به‌ كوردی
بڕوانه‌ : https://www.alqasidah.com/epoem.php?ie=2630

Previous
Next