
لۆڕێنس کۆلبێرگ و تیۆری گەشەپێدانی مۆڕاڵ.. جوتیار
پێشەکی
توانای حوکمدانی ئەخلاقی و تێگەیشتن لە بنەما ئەخلاقییەکان تایبەتمەندییەکی سێنترالی ئیسدلالکردنی مرۆڤە. بۆ باشتر تێگەیشتن لە پرۆسەی گەشەسەندنی ئەم ئیستدلالە ئەخلاقییە، دەروونناسەکان تیۆری جۆراوجۆریان پەرەپێداوە. یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین ڕێبازەکان لە (لۆڕێنس کۆلبێرگ)ەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو تیۆرە، باس لەوە دەکات کە چۆن حوکمدانی ئەخلاقی لە قۆناغە یەک لە دوا یەکەکاندا بە درێژایی ژیان گەشە دەکات، مۆدێلی کۆلبێرگ نەک هەر تێڕوانینێکی قووڵ لە پێگەیشتنی مەعریفی مرۆڤ پێشکەش دەکات بەڵکو کاریگەریی پراکتیکی لەسەر پەروەردە و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانیش هەیە.ئەو ئەوە نیشان دەدات کە مۆڕاڵ دۆخێکی ئیستاتیک نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دینامیکییە کە ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەسەندنی مەعریفی لێیەوە فۆڕم دەگرێت.
پرسیاری چۆنیەتی حوکمدانی مۆڕاڵی مرۆڤەکان و پەرەپێدانی بیروباوەڕی مۆڕاڵی خۆیان، بۆ چەندین سەدە، فەیلەسوف و دەروونناس و پەروەردەکارانی سەرقاڵ کردووە. لۆڕێنس کۆلبێرگ بەشدارییەکی بەرچاوی لە دەروونناسی مۆدێرن کرد بە تیۆری گەشەسەندنی مؤڕاڵی بە دابەشکردنی پرۆسەی گەشەکردن بەسەر قۆناغە ڕوون و پێکهاتەدارەکاندا. کارەکانی لەسەر تیۆرییە مەعریفیەکانی( ژان پیاژێت) بنیات دەنرێت، بەڵام بە پشکنینی وردی پێکهاتنی حوکمدانی ئەخلاقی لە ماوەی ڕەوتی ژیانیدا فراوانیان دەکات. تێگەیشتن لەم تیۆرییە نەک تەنها بۆ زانست بەڵکو بۆ داڕشتنی مێتۆدە پەروەردەییەکان و شێواز و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانیش پەیوەندیدارە.
پاشخان و کەسێتی
لۆڕێنس کۆلبێرگ (١٩٢٧-١٩٨٧) دەروونناسێکی ئەمریکی بوو کە لە زانکۆی هارڤارد توێژینەوەکانی ئەنجامدا و دواتر لە زانکۆی شیکاگۆ وەکوو وانەبێژ لە ئەرکدا بوو. بەرژەوەندی و خولیای سەرەکی ئەو پەیوەندی نێوان گەشەسەندنی مەعریفی و حوکمدانی مۆڕاڵی بوو. کۆلبێرگ لەسەر بنەمای کارەکانی (ژان پیاژێت)، بەتایبەتی تیۆری گەشەکردنی مەعریفی لە منداڵاندا، تیۆری تایبەتی خۆی پەرەپێدا کە پرۆسەی ئیستدلالکردنی مۆڕاڵ (ئەخلاق) بەسەر قۆناغەکاندا دابەش دەکات.
میتۆدۆلۆژیای کۆڵبێرگ بریتی بوو لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ هەرزەکار و گەورەکان کە تێیدا داوایان لێکرابوو دیلێماکانی (دووڕیانەکانی ) دووفاقیەتی بیرکردنەوەی ئەخلاقی چارەسەر بکەن، کە ناسراوترینیان ئەو نمونەیە کە پێی دەوترێت (دووڕیانی هاینز)* کە پەیوەندی بەو پرسیارەوە هەیە کە ئایا (مرۆڤێک دەکرێت دەرمانێک لە دەرمانخانەیەک بدزێت کە ژیانی کەسێک لە مەرگ ڕزگار دەکات)؟ . بە شیکردنەوەی هۆکارو ئەو دەرئەنجامانەی کە لە ڕێگای گفتوگۆو چاوپێکەوتنەکاندا بە دەستی هێنان ، کۆلبێرگ توانی دەرەنجامەکان سەبارەت بە قۆناغەکانی گەشەکردنی هەریەکەیان دەستبهێنێت.
گریمانە بنەڕەتییەکانی تیۆری مۆڕاڵ
مۆدێلی کۆلبێرگ لەسەر چەند گریمانەیەکی سێنتڕاڵ دامەزراوە کە بریتین لەوانە:
بنەمای پێکهاتەی قۆناغەکان: ئیستدلالکردنی ئەخلاقی لە قۆناغە جیاوازەکاندا گەشە دەکات، هەر قۆناغێک لە ڕووی چۆنایەتییەوە جیاوازە لە قۆناغی پێشووتری.
ڕەوایەتی گشتگیر: قۆناغەکان لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە بەبێ گوێدانە کولتوور یان پاشخانی کۆمەڵایەتی.
گەشەسەندنی پێشکەوتنخوازانە: مرۆڤەکان بە ڕیزبەندییەکی جێگیردا بە قۆناغەکاندا دەڕۆن؛ پاشەکشە تێیایدا دەگمەنە.
گۆڕانکارییە پاڵنەرەکان: پاڵنەرەکانی پشت کردەوەی ئەخلاقی لەگەڵ زیادبوونی پێگەیشتن دەگۆڕێت، لە بەرژەوەندی خۆتەوە بۆ بنەما گشتگیرەکان.
ئاست و قۆناغەکانی گەشەکردنی مۆڕاڵ لە دیدگای کؤڵبێرگەوە
ئاستی بەر لە نەریتەکان (قۆناغەکانی 1 و 2) -Pre-conventional Level .1
ئەم ئاستە تایبەتە بۆ منداڵان تا تەمەنی نزیکەی ٩ ساڵ، بەڵام دەتوانێت لە گەورەکانیشدا لە هەندێک بارودۆخدا ڕووبدات.
قۆناغی یەکەم: گوێڕایەڵی و سزادان
ڕەفتار لە ترسی سزادان خۆی دەنوێنێت، منداڵ دان بە هەڵسوکەوتەکانیدا دەگرێت و وا بەرخورد دەکات بۆ ئەوەی سزا نەدرێت. حوکمدانی ئەخلاقی لەسەر بنەمای دەرئەنجامە دەستبەجێیەکان دامەزراوە.( من دزی ناکەم، چونکە دەزانم ئاکامەکەی سزادانە)
قۆناغی دووەم: بەرژەوەندی خود
لێرەدا بەدواداچوون یان بیرکردنەوە بۆ سوودی کەسی لە پێش هەموو شتێکەوەیە، بڕیارەکان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی کەسی “چی تێدایە بۆ من؟”). هێشتا تێگەیشتنێک لە ڕێسا کۆمەڵایەتی و دادپەروەرییەکاندا نییە.
ئاستی ئاسایی (قۆناغەکانی 3 و 4) -Conventional Level .2
ئەم ئاستە زۆرجار لە هەرزەکاراندا ڕوودەدات بەڵام دەتوانێت لە گەورەکانیشدا بەردەوام بێت.
قۆناغی سێیەم: ناساندنی کۆمەڵایەتی
ڕەفتاری ئەخلاقی بەهۆی ئارەزووی حەزکردن یان ڕێزگرتن لەلایەن کەسانی دیکەوە پاڵنەرە (“قۆناغی کوڕی باش/کچی باش”). گرنگی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خواستی قبوڵکردن دەدرێت.
قۆناغی چوارەم: یاسا و ڕێسا
مرۆڤەکان ئاشنان بە گرنگیی نەزمە کۆمەڵایەتیەکان. ڕەفتاری ئەخلاقی پێکدێت لە پابەندبوون بە یاساکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان. لێرەدا سیستەمی یاسایی وەک بناغەی دادپەروەری سەیر دەکرێت
ئاستی دوای نەریتەکان (قۆناغەکانی 5 و 6) -Post-conventional Level .3
ئەم ئاستە بە شێوە گشتیەکەی هەموو کەسێک ناتوانێت پیی بگات؛ پێویستی بە ئاستێکی بەرزی پێگەیشتنی مەعریفی هەیە.
قۆناغی پێنجەم: گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان
لێرەوە دەستپێدەکات کە تێگەیشتن لەوەی یاساکان بنیاتێکی کۆمەڵایەتین کە دەتوانرێت بگۆڕدرێن. ئەخلاق لەسەر بنەماکانی وەک دادپەروەری و یەکسانی دامەزراوە؛ مافەکانی تاک لە پێش یاسا توندو دژوارەکانەوەن .
قۆناغی شەشەم: بنەما ئەخلاقییە گشتگیرەکان
ڕەفتاری ئەخلاقی بە بنەما ئەبستراکتەکانی وەک کەرامەتی مرۆڤ، دادپەروەری و یەکسانی ڕێنمایی دەکرێت. ئەم بنەمایانە دەتوانن یاساکان تێپەڕێنن؛ بڕیارەکان لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ناوەوە و بەها گشتگیرەکانن.
مۆدێلی کۆلبێرگو کاریگەریە دوورمەوداکانی لەسەر پەروەردەو کۆمەڵگا:
جەخت لەسەر گرنگی پێگەیشتنی مەعریفی دەکاتەوە بۆ فێربوونی مۆڕاڵ و ئەوە پیشان دەدات کە دەتوانرێت پەروەردەی ئەخلاقی لە ڕێگەی گفتوگۆکردن سەبارەت بە دیلێماکان (دووڕیانەکان)ەوە بەرەوپێش بچێت و کاریگەری لەسەر چەمکە پێداگۆژییەکانی وەک “فێربوونی بونیادی” لە وانەکانی مۆڕاڵدا هەبێت.
مۆدێلی گەشەسەندنی ئەخلاقی کۆلبێرگ کاریگەرییەکی دوور مەودای لەسەر پراکتیکی پەروەردەیی و تێگەیشتنی کۆمەڵگا لە مۆڕاڵ هەیە. جەخت لەسەر ڕۆڵی ناوەندی پێگەیشتنی مەعریفی لە حوکمدانی مۆڕاڵیدا دەکاتەوە و پێشنیاری ئەوە دەکات کە فێربوونی ئەخلاقی دەتوانرێت لە ڕێگەی گفتوگۆی بەمەبەست سەبارەت بە دیلێماکان (دووڕیانەکان)وە بەرەوپێش بچێت. ئەم تێڕوانینە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەرەپێدانی وانەکانی پەیوەست بە مۆڕاڵ هەبووە، بەتایبەتی لەناو ڕێبازی فێربوونی بونیادگەراییدا، کە هانی خوێندکاران دەدات لە ڕێگەی بەشداریکردنی چالاکانە لەگەڵ پرسیارە ئەخلاقییەکان پەرە بە حوکمدانەکانیان بدەن.
ئەمەش بە کردەوە بەو مانایەیە کە چەمکە پەروەردەییەکان دەبێ ئامانجیان بەرەوپێشبردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و ڕەنگدانەوەی ئەخلاقی بێت. باسکردنی دیلێماکان ( دووڕیانەکان ) ڕێگە بە فێرخوازان دەدات فێری دیدگای جیاواز بن و بەهاکانی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە، جگە لەوەش ڕێبازی کۆلبێرگ گرنگی پەروەردەی ئەخلاقی لە دامەزراوەکانی وەک خوێندنگاو و زانکۆ و پەروەردەی گەورەساڵاندا خستۆتە ڕوو.
لایەنی ڕەخنەیی و مشتومڕەکان
سەرەڕای بەشدارییە بەرچاوەکانی، بەڵام تیۆری کۆلبێرگ بێ ڕەخنە نەبووە، ناڕەزایەتییە سەرەکییەکان پەیوەندییان بە لایەنگری کولتووری، تایبەتمەندی ڕەگەزی و پشتگوێخستنی هۆکارە سۆزدارییەکانەوە هەیە.
لایەنگری کولتووری
ڕەخنەگران دەڵێن مۆدێلی کۆلبێرگ بە پلەی یەکەم ڕەنگدانەوەی بەها ڕۆژئاواییەکان و(ئیندیڤدوالیزم) تاکگەراییە. لەسەرگریمانەیەکی گشتگیر دامەزراوە کە هەموو مرۆڤەکان لە قۆناغەکانی گەشەکردنی مۆڕاڵیدا بە شێوەیەکی هاوشێوە پێشدەکەون. بەڵام ئەو کولتوورانەی کە بەهای بەکۆمەڵگەرایییان هەیە، بۆ نموونە لە ئاسیا یان ئەفریقا، ڕەنگە ڕێڕەوی گەشەسەندنی جیاواز پیشان بدەن، کە تێیدا هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی کۆمەڵایەتی بەهێزتر لە بنەما تاکەکەسییەکانی دادپەروەری جەختیان لەسەر دەکرێتەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لەم جۆرە کولتوورانەدا زۆرجار حوکمەکانی مۆڕاڵ زیاتر لەسەر بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کەمتر لەسەر بنەمای ئەبستراکت دامەزراون.
تایبەتمەندی ڕەگەز
کارۆل گیلیان دەروونناس و پەروەردەکاری ئەمریکی بە توندی ڕەخنەی لە مۆدێلی کۆلبێرگ گرت کە لایەنگری دیدگای پیاوسالاریە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ژنان مەیلیان هەیە ئاراستەیەکی زیندووی پەروەردەکردن پیشان بدەن، لە کاتێکدا گرنگیدانی کۆلبێرگ لەسەر دادپەروەریە کەچی بنەماکانی دادپەروەری لەگەڵ چەمکە ئەخلاقییەکانی مێینەدا نایەکانگیرە. گیلیان جەختی لەسەر گرنگی پەروەردەکردن و پەیوەندییە کەسییەکان کردەوە وەک توخمە سێنتڕاڵیەکانی گەشەسەندنی ئەخلاقی، لایەنگەلێک کە لە تیۆری قۆناغی کۆلبێرگدا بە شێوەیەکی ناتەواو باسیان لێدەکرێت.
جەختکردنەوە لەسەر لایەنە مەعریفیەکان
دیدگایەکی دیکەی ڕەخنەیی پەیوەندی بە گرنگیدانی بەهێزی پرۆسەی مەعریفی لە گەشەسەندنی ئەخلاقیدا هەیە. زۆرێک لە زانایان پێیان وایە کە هۆکارە سۆزدارییەکانی وەک هاوسۆزی، بەزەیی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕەفتاری ئەخلاقیدا. ئەم پێکهاتە سۆزداریانە لە مۆدێلی کۆلبێرگدا بەزەحمەت لەبەرچاو دەگیرێن؛ بەڵکو وا گریمان دەکرێت کە حوکمدانی ئەخلاقی بە پلەی یەکەم بەهۆی ڕەچاوکردنی عەقڵانییەوە لە قاڵب دەدرێت.
پاشەکشە و قۆناغە هاوکاتەکان
هەرچەندە مۆدێلەکە پێشکەوتووانە دەردەکەوێت، بەڵام بەڵگە ئەزموونییەکان نیشان دەدەن کە مرۆڤەکان دەتوانن لە هەندێک بارودۆخدا پاشەکشە بکەن یان لە یەک کاتدا قۆناغی جیاواز پیشان بدەن. بۆ نموونە، کەسێک دەتوانێت لە ئاستێکی بەرزدا حوکم بدات بەڵام لە ئاستێکی نزمتردا لە بارودۆخە تایبەتەکاندا مامەڵە بکات، ڕەنگە لە ترسی دەرئەنجامەکان یان بەهۆی کاریگەرییەکانی بارودۆخەکەوە بێت.
گەشە و پێشهاتە درێژمەوداکان
توێژینەوە مۆدێرنەکان تەواوکەری ڕێبازی کۆلبێرگن بە تێکەڵکردنی پرۆسەی سۆزداری وەک هاوسۆزی، هەروەها جیاوازییە کولتوورییەکان و کاریگەری بارودۆخە ژینگەیی وسروشتیەکان، بۆ نموونە مۆدێلەکانی ئەم دواییە جەخت لەسەر گرنگی هەستە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە بۆ گەشەپێدان و بەکارهێنان و هەڵسوکەوتی مۆڕاڵی. هەروەها ململانێ فەرهەنگیەکان بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە ئیستدلالکردنی ئەخلاقی بە توندی لە ژێر کاریگەری کۆنتێکستی کولتووریدایە.
هەروەها بەشێکی ئەو ڕێبازانە پەرەیان پێدراوە بۆ دەستنیشانکردنی کاریگەری و هۆکارە بارودۆخییەکان، ڕەفتاری ئەخلاقی تەنیا دەرئەنجامی پرۆسەیەکی گەشەسەندنی هەنگاو بەهەنگاو نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بارودۆخە تایبەتەکانی وەک فشارو هۆکاری دەرهاوێشتە جیاوازیەکانی کۆمەڵگاو نۆرمە کۆمەڵایەتیەکان.
پڕاکتیزەکردنی تیۆری مۆراڵ لە ناو چەمکە جیاوازەکاندا:
پەروەردەی ئەخلاقی: پێشخستنی ڕەنگدانەوەی ڕەخنەگرانە لەسەر دیلێماکان( دووڕیانەکان)ی ئەخلاقی لە پۆل و خوێندنگاکاندا.
ئاگایی و تێگەیشتن: تێگەیشتن لەوەی بۆچی خەڵک بە شێوەیەکی جیاواز حوکم دەدەن، بۆ نموونە لە ڕێوشوێنی دادگادا.
کاری کۆمەڵایەتی: پشتگیریکردن لە پەرەپێدانی لێهاتووییی و توانا مۆڕاڵیەکان لە چوارچێوەی فرە کولتوریدا.
ئەو چەمکانە بەهای تیۆرەکەی کۆڵبێرگ بۆ پرسە پراکتیکییەکانی کۆمەڵگا و سیستەمی پەروەردەیی نیشان دەدەن.
تیۆری گەشەسەندنی ئەخلاقی کۆلبێرگ بە چەمکسازیکردنی پێشکەوتنی ئەخلاقی وەک پرۆسەیەکی مەعریفی هانگاو بە هانگاو، بڕگەیەکی بەرچاو لە تێگەیشتن لە ئەخلاقی مرۆڤدا دیاری دەکات. ئەوە پیشان دەدات کە حوکمدانی ئەخلاقی تەنیا کاردانەوەیەکی ناهۆشمەندانەی مرۆیی یان سۆزداری نییە، بەڵکو دەرئەنجامی بەڵگەدارکردنێکی عەقڵانی و گەشەسەندووە سەبارەت بە بنەما و دادپەروەری. بەم مانایە، تیۆرەکە ڕەنگدانەوەی وەشانێکی مۆدێرنە لە بەرزبوونەوەی نەریت لە “دۆخی سروشت”ەوە بۆ “کایەی باڵاتر”ی هۆشیاری ئەخلاقی، بیرۆکەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە نەریتی فەلسەفیدا هەیە.
بەڵام هەر جەختکردنەوە لەسەر عەقڵانیەت گرژییەکی فەلسەفی سێنتڕاڵ ئاشکرا دەکات، ئایا مۆڕاڵ تەنیا لە ڕێگەی پێگەیشتنی مەعریفیەوە بەدەست دێت؟ یان لایەنە سۆزداری و پەیوەندیە کەسییەکان بە شیوەیەکی یەکسان و دادگەری بنەڕەتین بۆ کردەی مۆڕاڵی مرۆڤ؟ لێرەدایە کە ڕەخنە لە مۆدێلەکەی کۆلبێرگ دێتە پێشەوە، ئەو مەیلی ئەوەی هەیە مرۆڤەکان لە توانای حوکمدانی عەقڵانیدا بچووک بکاتەوە، گرنگی هاوسۆزی و خەمخۆری و هۆشیاری سۆزداری پشتگوێ دەخات. ئەو ڕەخنەیە جیاوازی نێوان ئەخلاقی کانتی – لەسەر بنەمای ئیمپەراتیڤی کاتگۆری (پێویستی قۆناغ) و ئەخلاقی فەزیلەتێکی زیاتر ئەرستۆییانەی بیردەخاتەوە کە کۆی مرۆڤەکان لەبەرچاو دەگرێت.
لە ڕوانگەیەکی فەلسەفیەوە ئەمە پرسیارێک لەبارەی سروشتی ژیانی شایستەوە دەوروژێنێت، ئایا تەنها لە ڕێگەی پابەندبوون بە بنەما گشتگیرەکانەوە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت یان باشتر بڵێین لە ڕێگەی پەرەپێدانی هەڵوێستێکی هاوسۆزی بەرامبەر بە ئەوانی دیکە؟ دەتوانرێت ڕێبازی کۆلبێرگ وەک هەوڵێک بۆ یاوەریکردنی مرۆڤەکان لە ڕێگای خۆیان بۆ ئۆتۆنۆمی مۆڕاڵی سەیر بکرێت، ئۆتۆنۆمییەک (سەربەخۆیی)کە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی عەقڵانییە. بەڵام ئەم ڕوانگەیە شکست دەهێنێت لەوەی کە ئەخلاقی ڕاستەقینە لە پرۆسەیەکی دیالۆگیشەوە سەرهەڵدەدات کە تێیدا پەیوەندی سۆزداری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی سێنتڕاڵ دەگێڕن.
لە کۆمەڵگای فرەیی ئەمڕۆدا ئەم باسە تەحەدامان دەکات، چۆن دەتوانین پەروەردەیەکی مۆڕاڵی دابڕێژین کە هەم پێگەیشتنی مەعریفی بەرەوپێش ببات و هەم هەستیاری سۆزداری بەهێزتر بکات؟ پەرەسەندنی زیاتری تیۆرییە مۆدێرنەکان ئەوە نیشان دەدات کە تێگەیشتنێکی گشتگیر لە مۆڕاڵ تەنیا کاتێک دەکرێت کە هەردوو ڕەهەندەکە، قەناعەتی عەقڵانی و پەیوەندی سۆزداری تێکەڵ بکەین. ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەخلاق دۆخێکی ئیستاتیک نییە یان تەنیا دەرئەنجامی گەشەسەندنی مەعریفی نییە؛ بەڵکو پرۆسەیەکی زیندووە لە فێربوون و گەشەکردنی بەردەوام لە گفتوگۆ لەگەڵ خود و ئەوانی تردا.
لە کۆتاییدا، لە کاتێکدا مۆدێلەکەی کۆلبێرگ زانیارییەکی بەنرخ بۆ پراکتیکی پەروەردەیی دابین دەکات و تێگەیشتنمان لە گەشەسەندنی ئەخلاقی دەوڵەمەندتر کردووە، بەڵام لە ژێر ڕۆشنایی ڕەنگدانەوەی فەلسەفیدا پێویستە زیاتر پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی دادپەروەری لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەخلاقی مرۆڤدا بنیاد بنێین. لە کۆتاییدا ئەخلاق تەنیا بابەتی پێشکەوتن یان لێکدانەوە عەقڵانیەکان نییە؛ دەربڕینی مرۆڤایەتی ئێمەیە بە هەموو هەمەچەشنییەکەیەوە، کە بەهۆی عەقڵ و هەست و پەیوەندییەکانەوە لە فۆڕم دراوە.
نووسینی: جوتیار
————————————–
*(دووڕیانی هاینز) باس لە پیاوێک دەکات بە ناوی هاینز کە هەوڵ دەدات دەرمانێک لە پێناو رزگارکردنی ژیانی هاوسەرە نەخۆشەکەی بدزێت کە لەسەرە مەرگە، چونکە دەرمانەکە زۆر گرانەو توانای دارایی نییە بۆی دابین بکات. دووڕیانەکە مرۆڤ دەخاتە بەردەم بیرکردنەوەو دەپرسێت، ئایا لە ڕووی ئەخلاقییەوە دزینی دەرمانەکە کارێکی دروستە یان هەڵەیە؟ ئەو دووڕیانە خزمەت بە شیکردنەوەی حوکمدان و قۆناغەکانی پێگەیشتنی ئەخلاقی لە مرۆڤەکاندا دەکات.
من سودم لە سەرچاوەکان بە زمانی ئاڵمانی وەرگرتوە لە رێگای لێکسیۆنەکانی خوێندنەوە، بەڵام ئەوانەی خوارەوە سەرچاوە ئۆرجیناڵەکانن بە زمانی ئینگلیزی.
– Kohlberg, L. (1981). Essays on Moral Development. Harper & Row.
– Turiel, E. (2002). The Development of Social Knowledge: Morality. Cambridge University Press.
– Gilligan, C. (1982). In a Different Voice : Psychological Theory and Women’s Development. Harvard University Press.
– Rest J.R., & Narvaez D. (1998). Moral Development in the Professions. Psychology Press.
– Crain W.C. (2011). Theories of Development: Concepts and Applications. Pearson Education.
– Walker L.J., & Frimer J.A., et al., (2012). “Moral development and education.” In Handbook of Moral Behavior and Development, Volume I.