Skip to Content

بەکورتی23: درۆ.. ئێستایەکمان هەیە بێ درۆ ناچێتەڕێوە.. ئازاد حەمە

بەکورتی23: درۆ.. ئێستایەکمان هەیە بێ درۆ ناچێتەڕێوە.. ئازاد حەمە

Closed
by ئاب 2, 2025 General, Opinion

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

————————————-

زۆرێک چەمک هەن، لەوانە درۆ Lying ، کە لە فەلسەفەدا لەجۆشدان بۆ تێفکرین و دەرفەت ڕەخسێنەریشن بۆ ڕاڤەکاریی. بەدواداچوون و پەیگیریش بە جۆری درۆکانی مرۆڤی ئێستا ئەوەمان پێدەڵێن، کە لە ئێستاماندا درۆ پتر لە گشت کاتێکی دیکە لەناو کردەکانماندا خۆی بەرجەستەکردووە و سەمەرەیی درۆکانی ئێستاشمان لەوەدایە، کە شکۆی راستییان لەکەدارکردووە و وایانیش لە راستی کردووە لە هەناوی خۆیدا درۆ حەشاردات.
راستە لە ڕووی مێژووییەوە پێویستیی بۆ درۆ ڕیشەیەکی سیاسیی هەیە، لێ شاری ئێمە خەریکە نووقمی درۆدەبێت، درۆکانی ترسناک و ماندووکەرن و بەناو پێچاوپێچی و خواری ئاکارییشا دەمانبەن. درۆکان هێندە نوێ و ناسک خۆیان دەخەنەروو زۆرجار فریای ئەوە ناکەوین، لە کام گۆشە نیگاوە لە درۆکانی شار بڕوانین.
لێرەوە دەپرسیین: کەی درۆ درۆیە؟ زڤرین و گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵەکی درۆی مرۆڤ بەچییمان دەگەیێنێت؟ درۆ ئەو کاتە درۆیە کە ویستمان بۆ درۆ هەیە؟کێ دیرۆکی درۆی کوردییمان بۆ بگێڕێتەوە؟درۆکانی ئێمە سەرچاوەکانی تەنها سیاسیین؟ ڕوناکبیری کورد داهێنانی لە درۆدا نەکردووە؟ چاخی زیرەکیی دەستکرد درۆی نوێی بۆدانەهێناویین؟ حەزی ئێمەی کورد بۆ درۆ لە حەزی کولتوورەکانی دیکەوە نزیکە؟ ئێمەی مرۆڤ ئەو کاتە درۆزنیین، کە ڕاستییمان بەوانی تر نەگوتووە؟
درۆ چ کردەیەکە؟ درۆ کردەیەکی عەقڵییە. واتە شێت ناتوانێت درۆبکات. کردەی درۆ خەڵەتاندنی ئەوی دیکەیە، فێڵێکە بۆ نەگوتنی ئەوەی ڕاستە. گەر ئەوە مەبەست بێت، کە ئێمە راستیی نەڵێین، کەواتە هەرچیمان گوتبێت لەبەرئەوەی ئامانج نەگوتنی ڕاستیی بووە دەبێت بە درۆ. کەوابێت، گەر درۆ بەجێنەگەیاندنی بەڵێنی وتنی ڕاستیی بێت، ئەوا زۆرینەی ئێمە درۆزنیین.
سەرئەنجام، لەبەرئەوەی چەمکی درۆ لەناو ژیانی ئێساتاماندا وێنەی زۆری وەرگرتووە تا بڵێیت پێناسەکردنەکەی دژوارە. ئەمە وادەکات “”درۆ بکەوێتە ناوچەیەکی تاریکی ناو ژیانی ئەم مرۆڤانەوە و درۆ بە نادرۆ، درۆ بە خەڵەتاندن، درۆ بە وتنی ساختە، درۆ بە نەزانین تێکەڵ ببێت””.هەر بەوپێیە، “”بۆئەوەی واتای درۆ لە ڕاستی، درۆ لە وتنی درۆیەکی مەبەستدار جیابکرێتەوە پێویستمان بەوەیە، کە ئەم واتایە، کە لەناو ڕیزێک دێڕی دژبەیەکدا جێکراوەتەوە، لێکجودابکرێتەوە””.
جێی داخ و ئەسەفە، کە ئێستامان پێماندەڵێت، درۆ لە ئاویلکە و سەرەمەرگدا نییە. لێرە یان لەوێ ئێستایەکمان هەیە، درۆیاوییە، بێ درۆ ناچێتەڕێوە. ئێستامان توڕدراوەتە ناو گەرووی درۆوە. ئەمەش بۆ ئەوانەی نایانەوێ ئێستاییبن رەشبینیی و ئازاربەخشیان بۆدێنێت. تەنها بە هەڵدانەوەی قەتماغەی کردە گوتنییەکانی ئێستامان لەوە تێدەگەیین چەند لێوان ڕێژیین لە درۆ. ئەڵبەتە درۆی ناوازە و دانسقەی کۆمەڵگەی ئێمەش خەریکە دەبێت بە پیشەی کاتیگۆریە ناسکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە(شێوەکار، شاعیر، موزیسیان، شانۆکار، نۆفێلیست، مامۆستای زانکۆ و….). چەند مەترسیدارە کۆمەڵگەی تازەی ئێمە، کە درۆزنەکانی ئەم کاتیگۆرییانە بن.
بە دڵێکی پڕ کەیلەوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەین، کە ئەوەندەی مرۆڤە سادە و بێ سەوادەکان درۆدەکەن، دوو ئەوەندە و زیاتر ئەو جۆرە لە کاتیگۆرییانەی کۆمەڵگەی ئێمەی کوردی درۆدەکەن، کە لایسەرەوە هێمایپێکرا، کە درۆکانیان بەدبینی و خەمناکی دەخەنە ژیانمانەوە. جا ئەم چەشنە لە مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی ئێمە تا دڵبخوازێت دەمبەگازندە، دەرۆزەکاری مادیی و مەعنەویشن. ئەمانە جگەلەوەی سواڵی سۆزمانلێدەکەن، چەندین دەگەی تری رۆحی و دەروونیش لە کۆمەڵگە دەدەن.
درۆی ئەم چەشنەی کۆمەڵگەی ئێمە درۆی ئەندێشەیین، ئەمەش ئەو جۆرە درۆیەیە، کە ئێستا زۆرباوە. درۆکە شیعرگەراییانە خۆی هەڵدەداتە ناوژیانمان و دیدگاش بەرهەمدێنێت. بەڵام دەبێت دانبەوەدابێنین کە درۆ و شیعرگەرایی ناسازگارن و پەژمەرین و سیسبوونی درۆی لەو جۆرە(ئەندێشەیی، شیعرگەرایی) لە کۆمەڵگەی تازەی کوردی پشوودرێژی زۆر زۆری دەوێت.
ئەگەرچی لە ڕووی مێژووییەوە درۆی ئێمەی کورد لە درۆی ئەوانی دیکە کەمتر بووە، بەڵام مرۆڤبوونەکەمان توانای درۆکردنی سەیری تیاڕسکانووین. درۆی ئێمە درۆی مرۆڤی ژێردەستەبووە، لەمیانەی ئەو ژێردەستییەوە فێری درۆی جۆراوجۆربووینە(فێری درۆکراین).
سەرباری ئەوە، درۆی ئێستای ئێمە ڕچەشكێنانە تر و ئاگامەندانەتر دەکرێت. زۆرێک سەرسامت دەکەن بە سەلیقەییان لە درۆکردن، بەو زێده‌ڕه‌وییەی لە درۆکردندا دەیکەن. بڕێکیش لە درۆکانی جڤاکی کوردی لێرە و لەوێ لەژێر فشاری پەروەردەی نالەباری سیاسیماندان.
دەکرێت ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین، کە ماف بۆ درۆکردن، ویست بۆ درۆکردن زیاددەکات و رێگاش بۆ مانەوەی درۆخۆشدەکات، بوونی درۆ دەکات بە شتێکی نەمر. درکاندنی درۆ وەک درکاندنی نهێنی وردەکاری خۆی هەیە و وەک نهێنیش نزیکبوونەوە لە درۆ ترسناکە. بۆیە ڕوانین‌ و بیرکردنەوە لە درۆی ئێستای کۆمەڵگەی ئێمە تێگەیشتنی قووڵ و ووردی دەوێت. ئەمەش بەهۆکاریئەوەی، کە ڕەوانبێژی درۆکان ڕۆژانە بەناو پێچاوپێچی و خوارییەکی زۆردا دەڕۆن. وێڕای ئەوە،درۆکان خەریکە خەسڵەتگەلێکی ئەوتۆ لەخۆدەگرن، کە درۆ پێویست و ئازیزە. وەکیتر، هەموو شەیدای گوتنی راستیین، بەڵام تا ئێمە درۆ نەخەینە “ده‌ره‌وه‌ی رەوشت”ەوە ناتوانیین لە ڕەچەڵەکی درۆ حاڵیبیین و درۆ بە نادرۆ بگۆڕیین.
گۆتا دیتنمان لەمەڕ چەمکی درۆ ئەوەیە، کە درۆ، وەک دیاردەیەکی مرۆییی ئاوەزەیی بەردەوامە و زیرەکیی دەستکردیش گۆڕانکاریی هێناوەتە سەر دۆخی درۆکردن. نەک هەر ئەوە، زیرەکی دەستکرد بلیمەتانە دەکارێت مەبەستەکانی خۆی بشارێتەوە و دەستکاری نهێنییەکانی ئێمە بکات و کار لەسەر فریودانیشمانبکات. هەر زیرەکی دەستکرد دەکارێت هەڵمانداتە ناو درۆی سەردەمییانەوە، کە درۆگەلێکی سیاسیین. کەوابێت زیرەکی دەستکرد نەک گورزێکی سامناک نییە لە درۆ، بەڵکو درۆ ژیرانەتر و لۆگۆسانە تر دەکرێت. بۆیە، بوونی درۆ و بەوجۆرەی لە هەنووکەدا هەیە، ئاماژەیە لەسەر ئەوەی مرۆڤایەتی زۆری ماوە بە ڕاستییەکی باوەڕپێکراو بگات. دۆزینەوەی ڕێگاش لەبەردەم دروستبوونی ڕاستی، لەگەڵ هاتنی زیرەکیی دەستکرد دا ئاسان نییە.

mm

دکتۆر ئازاد حەمە وانەبێژ بە بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفە( فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی مێژوویی)، وانەوتنەوە لە قوتابخانەی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سلێمانی.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress