ژیاننامه بیۆگرافیا (Biography) … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
(وریا بن، تف به‌ڕووی بادا مه‌كه‌ن)
“نیتشه”
ژیاننامه گێڕانه‌وه‌ی تاكه، یان به‌شێك له ژیانی تاكه به قه‌ڵه‌می خۆی. بیۆگرافیا خود ده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شفی جوله دیار و نادیاره‌كانی ژیان و ده‌روون بكات و ئاستی مه‌عریفه و ئاگامه‌ندی تاك بگه‌یه‌نێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌چنه توێی ئه‌ده‌بی خودگه‌راییه‌وه، له پشت ئه‌ده‌بی خودگه‌راییدا بڕوایه‌ك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه خود سه‌ربه‌خۆیه و له به‌رانبه‌ر خۆی تیوار و شه‌فافه… نووسینه‌وه‌ی خود كۆمه‌ڵێك ده‌رئه‌نجام ده‌خاته روو، له‌وانه‌ش كۆتوبه‌ندی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگا و كپكراوه‌كانی نه‌ست و هه‌ڵوێست و ئازادی و چالاكی و بوێری تاك… ژیاننامه شێوه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه و به‌و شێوه‌یه دابه‌ش ده‌بێت: سه‌ربرده، یاده‌وه‌ری، یاداشتی كه‌سی، یاداشتنامه‌ی رۆژانه، یاداشتی رۆژانه‌ی سۆزداری، نامه‌ی ئه‌ده‌بی، سه‌فه‌رنامه‌ی ئه‌ده‌بی… هه‌موو ئه‌و جۆرانه‌ش له نێو خۆیاندا جیاوازییان هه‌یه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ جه‌ختی لێبكه‌مه‌وه ئه‌وه‌یه بیۆگرافیا له زمانی كوردیدا به (ژیاننامه) ناو به‌رین، كه له زمانی عه‌ره‌بی به (السیره) ناو ده‌برێت… چه‌مكی ژیاننامه ده‌چێته خانه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه… وه‌ك چۆن ده‌شێ له زمانی كوردیدا یاده‌وه‌ری، بیره‌وه‌ری، میمۆری (memoirs) بكه‌وێته به‌رانبه‌ر (مژكرات)ی زمانی عه‌ره‌بی. چه‌مكی یاده‌وه‌ری له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به یادگه‌وه هه‌یه، وه‌ك جۆرێك له گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌تی ژیاننامه له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك په‌سنی ئه‌و رووداوانه ده‌كات و ئه‌و هه‌ڵوێست و سه‌رهاتانه ده‌گێڕێته‌وه و شی ده‌كاته‌وه كه راسته‌وخۆ (منی نووسه‌ر)ی تێیدا ژیاوه و بینوویه‌تی و رۆڵی تێدا گێڕاوه… هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌فه‌رنامه و نووسینه‌وه‌ی سه‌فه‌ر به شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و یاداشتی رۆژانه، نووسینی مه‌به‌ست بۆ له بیر نه‌چوون، واته (یومیات) كه‌مه‌كێك جیاواز ده‌كه‌ونه‌وه.
له نێو كورداندا ده‌ڵێن: ئێمه ئاگامان له سه‌ربورده‌ی تۆ نییه… به‌و مانایه‌ش ره‌نگه بتوانین بۆ (السیره الژاتیه –autobiography) ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ربرده، سه‌رگوزشته به كار بهێنین… له ژیاننامه‌دا گێڕه‌ڕه‌وه دیاره، به‌ڵام بكه‌ر ونه، وه‌ك زه‌مه‌ن ئاسۆیی خۆی ده‌نوێنێ و له سه‌ره‌تاوه به‌ره‌و كۆتایی ده‌بێته‌وه، ده‌مه‌وێ بڵێم شوێن و زه‌مه‌ن له (ژیاننامه- Biography) و (سه‌ربرده- autobiography)دا دیاریكراو و سنورداره! به‌ڵام نووسینی مه‌به‌ست بۆ له بیر نه‌چوون به دانانی مێژووی رۆژه‌كان ئه‌وه ده‌چێته خانه‌ی جۆرێك له یاداشتی كه‌سی و به یاداشتی رۆژانه (الیومیات) ناو ده‌برێت. كه‌واته سه‌ربرده هه‌موو ئه‌وه‌یه، یان به‌شێكه له‌وه‌ی كه مرۆڤ له باره‌ی خۆیه‌وه ده‌یگێڕێته‌وه، یان له باره‌ی ئه‌ویدیكه‌وه… بێ ئه‌وه‌ی چییه‌تییه‌كه‌ی دیاری بكات! یاده‌وه‌ری، یان بیره‌وه‌ری به گشتی له سێ ته‌وه‌ره‌دا ده‌خولێته‌وه (كرده)، (بیركردنه‌وه)، (سۆز) تا سنورێكی زۆر چییه‌تییه‌كه‌ی دیاری كراوه بۆ نموونه: یاده‌وه‌ری سیاسی، مێژوویی، دیكۆمینتاری، رۆشنبیریی… وه‌ك چۆن له خانه‌ی یاده‌وه‌ریدا یاداشتی كه‌سی (مژكرات الشخصیه) هه‌یه، ته‌واو ده‌كه‌وێته نێوان بابه‌تگه‌رایی و مێژووی خودگه‌رایی سه‌ربرده‌وه. ده‌شێ ئه‌و جۆره له یاده‌وه‌ری به شێوه‌ی یاداشتی رۆژانه‌ش بنووسرێته‌وه، یان ساڵه و ساڵ بنووسرێت…
له زمانی كوردیدا یاداشتی كه‌سی (مژكرات الشخصیه) له سه‌ربرده‌وه (السیره الژاتیه) نزیكه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێكیان دوور ده‌خاته‌وه ئه‌وه‌یه كه له یاده‌وه‌ری و به تایبه‌تی یاداشتی كه‌سییدا گێڕه‌ڕه‌وه فیكر و ده‌روونی خۆی به‌یان ده‌كات، هه‌ڵوێستی خۆی له باره‌ی رووداوه‌كانی ژیانی خۆی ده‌رده‌بڕێت و بیریش له شیكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه ده‌كاته‌وه كه ده‌شێ له داهاتوودا روو بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بۆی بگه‌ڕێته‌وه و له هه‌ڵه‌كانی سوود وه‌ربگرێ. به‌ڵام له سه‌ربرده‌دا سه‌رهات و هه‌سته‌كان و هیواكانی تێدا ده‌گێڕێته‌وه.*
یه‌كێك له جیاوازییه‌كانی جۆره‌كانی ژیاننامه به گشتی به بینراو و رووداو و كه‌سه‌كانه‌وه به‌نده، چۆن بیركردنه‌وه‌كان و هه‌سته‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن! دووه‌م، فره ره‌نگكردنی پانتاییه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی سه‌رهات و ئاستی مه‌عریفی گێڕه‌ڕه‌وه و بایه‌خی گێڕانه‌وه و ئه‌زموون… هه‌موو ئه‌وانه جیاوازی تایبه‌تی دروست ده‌كه‌ن. سێیه‌مین جیاوازی ده‌كه‌وێته سه‌ر هێزی بیرهاتنه‌وه و راستگۆیی و پاراستنی هاوسه‌نگی و راشكاوی له كه‌شفكردن و چه‌پێنراوه ده‌روونی و فیكرییه‌كاندا. چواره‌م جیاوازی به ئاستی هونه‌رییه‌وه به‌نده، په‌یوه‌ندی به توانای گوزارشتكردن و شاره‌زایی (منی نووسه‌ر)ه‌وه هه‌یه، له هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگا و ده‌سته‌واژه و گونجاندن و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له نێوان هۆكار و ده‌رئه‌نجامدا… واته بونیادنانی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری.
به گشتی له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌دا هه‌میشه درۆكردن و زیاده‌ڕۆی و له ده‌ستدانی هاوسه‌نگی وه‌ك سه‌رنه‌كه‌وتنی (منی نووسه‌ر) ته‌ماشا ده‌كرێت، به‌و مانایه‌ش زۆربه‌ی جیاوازییه‌كان جه‌خت له مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌كه‌نه‌وه ئه‌ویش راستگۆییه به تایبه‌تی له گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و یاداشتی كه‌سی. ئایا گێڕه‌ڕه‌وه وێنه‌یه‌كی چه‌ند راستگۆییانه‌مان له باره‌ی خۆیه‌وه بۆ ده‌كێشێ؟ كاتێ چه‌پێنراوه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی و هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌كانی خۆی كه‌شف ده‌كات، ده‌یه‌وێ چیمان پێبڵێت؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و دوو پرسیاره، ده‌بێ بۆ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه بگه‌ڕێینه‌وه كه له قۆناغه‌كانی كلاسیك و رۆمانتیك و مۆدێرنه و پۆستمۆدێرنه‌دا به‌سه‌ر خود و (منی نووسه‌ر)دا هاتووه… له قۆناغی كلاسیك‌دا منی نووسه‌ر منێكی سێنترالی پیرۆز بوو، یان وه‌ك (باسكال) ده‌ڵێت منێكی به‌دبه‌خت بوو! به‌ڵام له رۆمانتیكدا منێكی تاك و ته‌نیایه (رۆسۆ له‌و باره‌وه ده‌ڵێت ده‌توانم بڵێم من به هیچ كه‌س ناچم) تا ده‌گاته سه‌رده‌می نوێ و لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی من و خود، ئیتر گومانكردن له خودی سێنترال (منی نووسه‌ر) هاته ئاراوه… ئه‌ده‌بی ژیاننامه له گێڕانه‌وه‌یه‌كی خودگه‌را و منی نووسه‌ر له مێژووی گێڕانه‌وه هاته ده‌ره‌وه… ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌و شێوه بیركردنه‌وه‌یه‌ی له باره‌ی خودی سێنتراڵ و منی نووسه‌ر، كه له كلاسیك و رۆمانتیك له ئارادا بوو، له سه‌رده‌می نوێ و له دوای هه‌ستكردن به هیچگه‌رایی و پووچگه‌رایی له فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنیزمه‌وه (وه‌ك هابرماس بڕوای پێیه‌تی)* گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و سێنته‌راگه‌رایی به‌ره‌و په‌راوێزگه‌رایی و ده‌قگه‌رایی هه‌نگاوی نا… ده‌سته‌واژه به ناوبانگه‌كه‌ی سارته‌ر “من ئه‌وه‌م كه من نیم، به‌ڵكو ئه‌ویدیكه‌م” كاریگه‌ری زۆری نواند*. (فوكۆ) منی ره‌تكرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای ئه‌ویدیكه‌وه ده‌قگه‌رایی به‌رهه‌م بهێنێ و له رێگای ئه‌ویدیكه‌وه بیخوێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له بری به پیرۆزكردنی منی نووسه‌ر ده‌ق ببێته موڵكی ئه‌ویدیكه، ئه‌ویدیكه ده‌ق دابنێته‌وه، ئیتر لێره‌وه من هه‌ڵوه‌شایه‌وه و له شوێنی ئه‌و منه سێنتراڵه چه‌ندان (من) هاتنه قسه‌كردن… (لاكان) له ره‌تكردنه‌وه‌ی كۆجیتۆی (دیكارت)ی‌دا ده‌ڵێت “من له‌و شوێنه نیم كه بیر ده‌كه‌مه‌وه، من بیر ده‌كه‌مه‌وه له شوێنێ كه نیم”… لێره‌وه ره‌تكردنه‌وه‌ی خود، ره‌تكردنه‌وه‌ی خودگه‌رایی، ره‌تكردنه‌وه‌ی منی نووسه‌ریش ده‌نوێنێ، به‌و مانایه‌ش منی گێڕه‌ڕه‌وه‌ی نێو ژیاننامه له پاڵ ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی گێڕانه‌وه (خه‌ون و شیكردنه‌وه‌ی رووداو و خه‌یاڵ و مه‌نه‌لۆگ و ئاماژه‌كردن بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئاینده) خۆی ورد كرده‌وه… ده‌مه‌وێ بڵێم ئیتر له مۆدێرنیزمه‌وه ده‌قگه‌رایی، خودگه‌رایی فه‌رامۆش ده‌كات!
ده‌قگه‌رایی هه‌رگیز خاوه‌ندارێتی قبوڵ نییه، چونكه فیكری مۆدێرنه و پۆستمۆدێرنه پێیوایه خاوه‌ندارێتی له رێگای ئه‌وه‌ی كه هه‌یه‌تی كهڵهگایی ده‌سه‌پێنێ، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تای خاوه‌نداریه‌تی به پێی پێداویستی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، زه‌روره‌تێكی ئاسمانی بوو، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا خۆی زۆرداری بوو، پاشان به پیرۆزكرا، وه‌ك چۆن نووسه‌ر له رێگای بوون به خاوه‌نی ده‌ق ته‌قدیس ده‌كرا، دواجار چه‌مكی خاوه‌نداریه‌تی بووه ئایدۆلۆژیا و یاری به چاره‌نووسی خه‌ڵك ده‌كرد.
بیۆگرافیا
خاڵی یه‌كتربڕینی خه‌یاڵ و حه‌قیقه‌ت
“ئه‌وه‌یه مرۆڤ”ی نیتشه* وه‌ك نموونه‌ی ده‌قگه‌رایی
“گۆته”ی فه‌یله‌سوف به‌ڕاستی به‌شێكی زۆر له حیكمه‌تی نواند كاتێك بیۆگرافیای (Biography) خۆی به ناونیشانی (شیعر و حه‌قیقه‌ت) ناونا، حیكمه‌ته‌كه هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندی به به‌های ژیانی كه‌سێتییه‌وه نییه. به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی بیۆگرافیا و جۆره‌كانییه‌وه هه‌یه، به‌و مانایه‌ی كه ده‌شێ به‌شێكی بكه‌وێته نێو خه‌یاڵ و به‌شێكی به‌ڕاشكاوییه‌وه به‌ندبێ.* لێره له‌و نێوانه‌دا ناونیشانه‌كه‌ی “گۆته” حیكمه‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌وه‌شێنێ. دكتۆر جۆنسن ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی كه پێویسته بیۆگرافیا بنووسێته‌وه خودی كه‌سه‌كه خۆیه‌تی، چونكه هه‌موو مرۆڤێك بۆخۆی راستییه‌كانی ژیانی خۆی باشتر ده‌زانێ، ئیتر وێڕای نائاگایی و پشتگوێ خستن و له‌بیركردنه بێ مه‌به‌سته‌كانیش… به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێك ویستی به راشكاوی رووی ناوه‌وه‌ی خۆی بنووسێته‌وه، له هه‌موو كه‌س زێتر پاڵنه‌ره‌كان و وڕوژێنه‌ره‌كان و شاراوه‌كان باشتر یاد ده‌كاته‌وه.*
خودگه‌رایی/ده‌قگه‌رایی
بیۆگرافیا گێڕانه‌وه‌ی ژیانێكی دیاریكراوه، مه‌عریفه‌یه‌ك له‌باره‌ی ماهیه‌ت و مانا و ئه‌و ئهرزشانه پێشكێش ده‌كات، كه ده‌قی پێ دیاری ده‌كرێ. به‌و مانایه‌ش ده‌قی بیۆگرافیا پێكهاته‌یه‌كی مه‌عریفییه له به‌رجه‌سته‌كردنی لێوردبوونه‌وه‌ی ژیانی كه‌سییه‌وه له‌دایك ده‌بێ.
كه‌واته بیۆگرافیا خۆ نووسینه‌وه‌یه، به‌و وه‌سفه‌ی كه ده‌قه، یان نووسینه‌وه‌ی كۆی چالاكییه‌كانی خودی كه‌سێكه به‌و وه‌سفه‌ی كه ده‌قه. بێگومان په‌سنی له‌و جۆره‌ش له ئه‌ده‌ب نزیك ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌رچی خود به ته‌واوی خۆی په‌سن ناكات، یان ناگێڕێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و چالاكییه و نه‌خشه و نووسین و پانتاییه‌ی كه ده‌كه‌وێته نێوان وه‌سف و گێڕانه‌وه ده‌شێ به ده‌قگه‌رایی ناو ببرێت. له‌كۆی ئه‌و قسانه‌دا ده‌مه‌وێت خۆم به‌و تێزه بسپێرم كه پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیۆگرافیا پرۆسه‌یه‌كی ده‌قگه‌راییه.
ده‌شێ پرسیاری سه‌ره‌كی بیۆگرافیا له‌نێو ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌بێ كه ئه‌گه‌ر بیۆگرافیا به ماڵێك بۆ حه‌سانه‌وه دابنێین، به‌و مانایه‌ی كه ماڵ دڵنیایی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، ئه‌وه بیۆگرافیا وه‌ك دركاندن و گێڕانه‌وه‌ی نێو ئه‌و ماڵه، تێگه‌یشتنمان رووبه‌ڕووی ماڵ دووچاری له‌ق بوون ده‌كات. كه‌واته ته‌رجه‌مه‌كردنی بیۆگرافیا وه‌ك ده‌ق و به‌رجه‌سته‌كردنی وه‌ك فه‌زایه‌كی جیاواز، تێگه‌یشتنێكی ساخته‌كارانه‌مان له‌باره‌ی دڵنیاییه‌وه بۆ ده‌نووسێته‌وه. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌توانیین بڵێین (بیۆگرافیا) بێ فه‌زایه، به‌ڵام (ده‌قگه‌رایی) بیۆگرافی تۆبۆسه.*
بیۆگرافیا نه شوێنه نه بابه‌تێكه بۆ توێژینه‌وه، به‌ڵكو له خاڵی یه‌كتربڕینی هه‌ردووكیاندا دێته‌وه یه‌ك. تۆبۆس فه‌زای گوتاره به‌و خه‌سڵه‌تانه ده‌ناسرێته‌وه كه له جوگرافیاوه وه‌ری ده‌گرێت و له ره‌وانبێژی به‌ده‌ستی ده‌هێنێ، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش پانتاییه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كاته شوێنی كاركردن، چونكه فه‌زای گوتار له هه‌مان كاتتدا فه‌زای دیاركردنی ده‌ق و كرانه‌وه‌یه به‌سه‌ر ده‌قه‌كانی دیكه‌دا.*
كه‌واته له‌لایه‌ك دوور كه‌وتنه‌وه‌ی بیۆگرافیا له شوێن و ته‌ماشاكردنی فه‌زا وه‌ك جیاوازی، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ژیانی كه‌سه‌كانه‌وه هه‌یه. چونكه سنووری بیۆگرافی ئه‌و شوێنه گونجاوه‌یه كه دانه‌ر وه‌ك تاك تێیدا ده‌مێنێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتی خۆی له رێگای به‌كارهێنانی راناوی “من”ه‌وه پراكتیزه ده‌كات. گێڕانه‌وه‌ش له رێگای قسه‌كه‌ر و دابڕانی “من”ی ده‌ق، له “من”ی دانه‌ر ته‌عبیر له راشكاوی ده‌كات. له‌لایه‌كی دیكه بیۆگرافیا وه‌ك شێوازی چالاكیه‌كی زه‌مه‌نی ده‌قێكه به‌وه په‌سن ده‌كرێ، كه ده‌كه‌وێته نێو شه‌پۆلی ژیانه‌وه. بێگومان گێڕه‌ڕه‌وه ده‌توانێ رووداوێك به زانیاری پێشتر پڕ بكاته‌وه، به مه‌رجێك نه‌كه‌وێته ژێر چاودێریكردن، یان نهێنییه‌ك، یان بابه‌تێكی سه‌ره‌كی كه چاوه‌ڕێی ده‌ركه‌وتن و ناسینی ده‌كرێ. نووسه‌ری بیۆگرافیا وه‌ك “مۆنتانی” و “رۆسۆ” ده‌ڵێن: هه‌موو شتێك ده‌ڵێ، له‌پێناو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ، بۆ ئه‌وه‌ی به هۆی رابردوو، داهاتوو بچنێ.* كه‌واته بیۆگرافیا به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت زه‌مانییه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كات له بیۆگرافیادا هه‌موو شتێ نییه، وه‌ك چۆن شوێنگه‌راییه‌كی جیاواز داده‌مه‌زرێنێ. به مانایه‌كی دیكه وه‌ك (ج.هیو. سلفرمان) ده‌ڵێ: بیۆگرافیا له‌خاڵی لێكدابڕانی زه‌مانی رووت و مه‌كانی رووتدایه. زه‌مانی رووت ژیانی تایبه‌تی نووسه‌ری بیۆگرافیایه، به‌ڵام مه‌كانی رووت وه‌سفكردنی كۆمه‌ڵێك فه‌زایه كه ژیان تیایاندا شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان وه‌رده‌گرێ. كه‌واته ئه‌وه‌ی بیۆگرافیا جیا ده‌كاته‌وه تێكه‌ڵكردنی زه‌مان و مه‌كانه.*
حه‌قیقه‌ت/خه‌یاڵ
راسته گێڕانه‌وه ئامرازێكه پێچه‌وانه‌ی ره‌گه‌زی وه‌سفكردن، گوتارێكه پشت به چیڕۆك و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌به‌ستێ، به‌ڵام سنووری گێڕانه‌وه وه‌ك چۆن به‌سه‌ر په‌خشاندا كراوه‌یه، به‌سه‌ر شیعریشدا كراوه‌یه، كه‌واته پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه له نێوان هه‌موو كاره ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كاندا هاوبه‌شه. بۆ نموونه شیعر هه‌مووی وه‌سف نییه، هه‌تا له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه پێچه‌وانه بكه‌وێته‌وه، به‌ڵكو به‌شێك له گێڕانه‌وه‌ی تێدایه كه نابێ پشتگوێی بخه‌ین و نكۆڵی لێبكه‌ین، په‌خشانیش هه‌مووی گێڕانه‌وه نییه، هه‌تا پێچه‌وانه‌ی په‌سن بكه‌وێته‌وه. لێره‌وه حه‌قیقه‌ت و خه‌یاڵ، یان پرسی گه‌یاندن/جیبه‌جێكردن، بڕیاردان/ئاماژه‌كردن، شیكردنه‌وه/وێناكردن… هتد و كۆی پرسه‌كانی زانست و ئه‌ده‌ب به‌رجه‌سته ده‌بن، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ر زانست بیه‌وێ خه‌یاڵنه‌كردن بێ، هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێوانه بدات، پاراستنی شوێن بێ له پانتایی كه‌شفكردندا، ئه‌وه ئه‌ده‌ب وه‌ك (ج.هیو. سلفرمان) ده‌ڵێ: خۆی وه‌ك گوتارێك له درۆ پێشكێش ده‌كات. یه‌كه‌میان مه‌عریفه‌یه‌كی پێوانه‌یی بۆخۆی ده‌خاته‌وه، به‌ڵام دووه‌میان مه‌عریفه‌یه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنێ كه زمانی قسه‌كردنی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. له نێوان شیعر و گێڕانه‌وه، خه‌یاڵكردن و خه‌یاڵنه‌كردن بیۆگرافیا ده‌كه‌وێته دوورترین هه‌وار… به‌و مانایه‌ی كه له سنووری خه‌یاڵنه‌كردندا خه‌یاڵ ده‌نێته‌وه، له سنووری خه‌یاڵكردنیشدا بانگه‌شه‌ی ده‌قگه‌رایی بیۆگرافیای خه‌یاڵنه‌كراو ده‌كات. به‌مانایه‌كی دیكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی بیۆگرافی به راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه به‌نده و ئه‌و راناوه‌ش ده‌چێته نێو بیركردنه‌وه و بیركردنه‌وه‌ش توانای خه‌یاڵكردن ده‌كاته‌وه بۆیه ده‌شێ بڵێین بیۆگرافیا گێڕانه‌وه‌یه‌كه ناتوانرێت به‌دواداچوونی زانستی بۆ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، بۆ نموونه له بیۆگرافیادا قسه‌كردن له‌باره‌ی سرووشت، جوگرافیا یان كشتوكاڵ…. ناتوانێ توێژه‌رێكی كشتوكاڵی رازی بكات. به‌ڵام ده‌شێ یارمه‌تی خوێنه‌ر بدا، بۆ ئه‌وه‌ی له خه‌سڵه‌ته‌كانی دیكه‌ی نووسه‌ر تێبگات له شاره‌زاییه‌كان و قه‌ناعه‌ته‌كان و مه‌عریفه‌كانی…
گێڕانه‌وه به راناوی “من” راشكاوییه، له‌وێوه كه ده‌یه‌وێ وه‌ڵامی هه‌ندێ پرس بداته‌وه، وه‌ك چۆن له‌زۆر كاتتدا گه‌یاندنی حه‌قیقه‌ت و بڕیاردان له‌خۆ ده‌گرێ، له‌ڕووی زانستییه‌وه ئه‌و جۆره گێڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و گوتارێكی تایبه‌تمان ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له‌ڕووی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فییه‌وه زاڵبوونی “من” ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیه كاتێك ده‌قی بیۆگرافی ده‌خه‌ینه چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌بینین نه ده‌كه‌وێته دووتوێی خه‌یاڵكردن نه به‌خه‌یاڵنه‌كردنه‌وه ده‌لكێ، ئه‌وه‌ش وامان لێده‌كات بڵێین ده‌قی بیۆگرافی ده‌كه‌وێته نێوان ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌وه… به‌و مانایه‌ش ده‌قی بیۆگرافی هه‌ر ته‌نها په‌سنی رابردوو و داهاتووی دوور ناكات، به‌ڵكو داهاتووی نزیكیش ده‌گرێته‌وه. كه‌واته بیۆگرافیا بۆ خۆی خوازه‌یه، واته ده‌قێكه به‌گشتی خوازه پێكده‌هێنێ، ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت بیۆگرافیا نموونه‌ی ژیانێكی دیاریكراو نییه، چونكه كاتێك ده‌بێته خوازه بۆ ژیانێكی دیاریكراو ئه‌وه ئه‌و ژیانه ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو كۆپێیه‌كی دیكه‌ی ژیانی ناوبراو پێشكێش ده‌كات.
“ئه‌وه‌یه مرۆڤ “
له نێوان توانا و تێگه‌یشتن
له “سفری ته‌كوین 3: 22” ده‌گوترێ: ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌ر وه‌ك یه‌كێك له ئێمه شه‌ڕ و خێر ناس ده‌كات. ده‌سته‌واژه‌ی “ئه‌وه‌یه مرۆڤ” ئاماژه‌یه بۆ مه‌سیح و مه‌سیحییه‌كان ده‌ڵێن خوا له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌دا مه‌لائیكه‌ته‌كان ده‌دوێنێ و ده‌ڵێ ئه‌و مرۆڤه له كتێبی خێر و شه‌ڕدا به‌شداری له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌یه. به‌ڵام فه‌یله‌سوفی پۆست مۆدێرنه “فریدریك نیتشه” ده‌یه‌وێ له رێگای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی “ئه‌وه‌یه مرۆڤ” تواناكانی خۆی نیشان بدات.
له كۆی ئه‌و نووسینه‌دا هه‌وڵمدا بڵێم بیۆگرافیا ژیانی كه‌سێكه، نووسراوه‌ته‌وه. یان پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیۆگرافیا ئه‌و نووسراوه ده‌گرێته‌وه، كه كه‌سێك ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌نووسێته‌وه. به‌ڵام كتێبی “ئه‌وه‌یه مرۆڤ”ی نیتشه، ئه‌گه‌رچی له چوارده به‌ش پێكهاتووه و له رێگای به‌كارهێنانی راناوی “من” له‌كۆی ئه‌و كتێبه به‌تایبه‌تی له به‌شه‌كانی: بۆچی من ئه‌وه‌نده دانام، بۆچی هێنده من زیره‌كم چ شتێك وام لێده‌كات كتێبی باش بنووسم… ته‌نها ده‌یه‌وێت ماهیه‌تی خۆی نیشان بدات، كه‌متر ئاماژه به ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌كات. بۆ نموونه له به‌شی دووه‌م بۆچی من ئه‌وه‌نده زیره‌كم ده‌ڵێ: له ته‌مه‌نێكی زۆر زوودا كه هێشتا حه‌وت ساڵان بووم تێگه‌یشتم كه هیچ قسه‌یه‌كی مرۆڤانه نییه بتوانێت بێته ناوه‌وه‌م، باشه كه‌سێك بینی من به‌هۆی ئه‌وه‌وه میزاجم خراپ بێت؟ تا ئێستا به‌رانبه‌ر به خه‌ڵك لوتفم هه‌یه، بگره رێزی خه‌ڵكی زۆر ساده‌و ساكاریش ده‌گرم، ئه‌وه‌ش به‌هیچ جۆرێك پێشاندانی گه‌وره‌یی و فیز نییه، كاتێك رقم له كه‌سێك ده‌بێته‌وه هه‌ر یه‌كسه‌ر هه‌ست ده‌كات كه رقم لێیه‌تی، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه من بێمه شوێنێك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی خوێنیان بۆگه‌ن و گه‌نده‌ڵه بێزار و تووڕه بن.* ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئه‌و به‌خۆداهه‌ڵدانه ده‌چێته میانی په‌سن و گێڕانه‌وه، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌یه‌كی زنجیره‌ئامێزی زه‌مه‌نی نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بڕوای خودی نیتشه‌یه له‌باره‌ی خۆیه‌وه، به‌شێكی زۆری ئه‌و بڕوایه‌ش به‌تایبه‌تی له به‌رانبه‌ر “فاكنه‌ر”ی مۆسیقی زۆر كه‌سییه و راسته‌وخۆ به په‌یوه‌ندی نێوانیانه‌وه به‌نده. نیتشه له‌و كتێبه‌دا له بری ژیانی تایبه‌تی جگه له‌و به‌شانه‌ی له سه‌ره‌وه ناوم بردن له هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌دا ته‌نها ده‌یه‌وێت ناسنامه‌ی فه‌لسه‌فی و رۆشنبیریی خۆی به هۆی ناوهێنانی كتێبه‌كانییه‌وه به ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت.
كه‌واته نیتشه له رێگای راناوی “من” ده‌ق ده‌خاته روو، بۆیه له‌و بیۆگرافیایه‌دا جگه له ده‌قی ژیانی نیتشه: باوكم له ته‌مه‌نی (36) ساڵی كۆچی دوایی كرد…ل19. من ئه‌ڵمانییه‌كی دژ به سیاسه‌تم……ل20. دایكم بێگومان یه‌كێكه له‌وانه‌ی زۆر ئه‌ڵمانییه..ل21. من له رێكه‌وتی (15)ی ئۆكتۆبه‌ری 1844 له دایكبوومه… هیچ په‌سنێكی دیكه‌مان به‌رچاو ناكه‌وێت. كه‌چی (سارته‌ر) له كتێبی (وشه‌كان) ورده‌كاری ژیانی دوانزه ساڵه‌ی خۆی له زنجیره‌یه‌كی زه‌مه‌نیدا تۆمار ده‌كات. به‌ڵام نیتشه زێتر ئاماژه به به‌رهه‌مه فه‌لسه‌فییه‌كانی دیكه‌ی خۆی ده‌كات و له‌و رێگایه‌وه خۆشی له شوێنگه‌ی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێ. به مانایه‌كی دیكه نیتشه له بری ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك شوێنی پرسیار به‌رز بكاته‌وه، به‌رهه‌مه‌كانی وا نیشان ده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین بڵێین ئه‌و په‌یوه‌ندییه نووسراوه‌یه شوێنی ده‌قی بیۆگرافیا نییه.
به‌كورتی نیتشه له‌و كتێبه‌دا روو له رابردوو ده‌كات، وه‌ك چۆن په‌ی به داهاتووش ده‌بات، له هه‌ردوو باریشدا ژیانی ده‌قی پێشوو له‌لایه‌ك و ده‌قی سه‌ره‌كی له‌لایه‌كی دیكه به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه، به‌و مانایه ده‌شێ ئه‌و بیۆگرافیایه وه‌ك ساته‌وه‌ختێك له ئێستا ته‌ماشا بكه‌ین، كه ده‌كه‌وێته نێوان رابردوو و داهاتوو. دواجار ده‌توانم بڵێم ئه‌و كتێبه ده‌شێ وه‌ك داڕژانی شیعریی و كۆمه‌ڵێك پڕشنگی ئیستێتیكی سه‌یری بكه‌ین، واته به‌شێكی زۆری جوانی ئه‌و كتێبه راسته‌وخۆ به پڕشنگ و داڕژانه نه‌ستییه‌كانی نیتشه‌وه به‌نده، وه‌ك چۆن به‌شێكی دیكه‌ی به كۆی ئه‌و دید و زانیاری و سه‌رنجانه‌وه ده‌لكێ، كه له‌باره‌ی به‌رهه‌مه فه‌لسه‌فیه‌كانییه‌وه ده‌یخاته روو. نابێ له‌بیریشمان بچێ كه وه‌رگێڕی كوردی (رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل) به زمانێكی نزیك له ده‌قی نیتشه‌یی توانیویه‌تی ئه‌و داڕژان و پڕشنگانه بۆ زمانی كوردی بگوازێته‌وه.
——————————————
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان:
1- هێلكاری گێڕانه‌وه‌ی خودگه‌رایی، یان به‌شێك له ژیانی تاك به قه‌ڵه‌می خۆی، به (ژیاننامه- السیره) ناو به‌رین و (سه‌ربرده- السیره الژاتیه) به ژیاننامه گرێ بده‌ین و (یاده‌وه‌ری- مژكرات) له سه‌ربرده نزیك بكه‌ینه‌وه و (یاداشتی كه‌سی- مژكرات الشخصیه) بخه‌ینه خانه‌كانی یاده‌وه‌ری و (یاداشتی رۆژانه- الیومیات) له یاداشتی كه‌سی هه‌ڵگرینه‌وه.
2- وشه‌ی سه‌رهات مانای رووداو ده‌دات، وه‌ك له لاپه‌ڕه‌ی 444 هه‌نبانه بۆرینه‌ی مامۆستا هه‌ژار هاتووه.
3- د. لگیف زیتونی، معجم مصگلحات نقد الروایه، دار النهار للنشر، بیروت- لبنان، گ1 2002، ص 13-14.
4- هابرماس پێیوایه پۆستمۆدێرنه درێژكراوه‌ی مۆدێرنه‌یه.
5- فریدریك نیچه، ئه‌وه‌یه مرۆڤ، وه‌رگێڕانی: رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل، وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی وه‌رگێڕان، چاپخانه‌ی كارۆ، چ1، 2009.
6 – به‌شێك له ره‌خنه‌گران فیۆگرافیا و شیعر به‌شیاو نازانن، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی فیۆگرافی له گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ژیانی تاك پشت به حه‌قیقه‌ت و راستگۆیی ده‌به‌ستێ، به‌ڵام شیعر به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر گواستنه‌وه‌ی درۆ نه‌بێ، ئه‌وه پشت به وێناكردن و خه‌یاڵ و زیاده‌رۆیی و راستگۆیی هونه‌ریی ده‌به‌ستێ. كه‌سانێكی دیكه‌ی سێیه‌م تێكه‌ڵكردنی ره‌گ و ریشه‌یی فیۆگرافیا و شیعر به لایانه‌وه ئاساییه.
7 – أوجه السیره، اندریه موروا، ترجمه: ناجی الحدیپی، وزاره الپقافه و الاعلام_بغداد، گ1 1987، ص109.
8- تۆبۆس- Tobos: وشه‌یه‌كی گریكییه به مانای شوێن دێت، به‌ڵام له ئه‌ده‌ب به بابه‌ت، یان فیكره‌ی بنه‌ڕه‌تی سه‌یر ده‌كرێت.
9- بڕوانه: ج.هیو. سلفرمان، نصیات، ترجمه، حسن ناڤم، علی حاكم صالح، المركز الپقافی العربی، دار البیچا‌و-المغرب، گ1 2002، ص141.
10- ه. س. پ. ل146_147.
11 – ه. س. پ. ل147.
12 – ئه‌وه‌یه مرۆ، ه.س.پ. ل88.