خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی گێلەپیاو.. یوسف اسماعیل عەزیز
کتێب: گێلە پیاو
ژانەر: ڕۆمان
نوسین: عزیز نەسین
وەرگێڕانی: سەردار حەسەنخاڵی
ژمارەی لاپەڕ: ٣١٦ لاپەڕ
ئامادەکردن: یوسف اسماعیل
گەر سەرەتا بەکورتی باسی ژیانی نوسەری بەناوبانگ عەزیز نەسین بکەین.
عەزیز نەسین لە ساڵی ١٩١٥ز لە دوورگەی هیبلی کە لە دوورگە خانەداننشینەکانی تورکیایە، لە دایک بووە. وا نەبێت بڵێن ئەو سەری بە خێزانێکی خانەدان بووە، بەڵکو ئەو لەنێو خێزانێکی هەژاردا پەروەردە بووە. وە سالی ١٩٣٥ز ئامادەی بەشی سەربازی تەواو کردووە. وە عەزیز نەسین چەندان کتێبی لە بواری جیا جیادا نوسیون وەکوو، کورتە چیرۆک، چیڕۆک، ڕۆمان، شانۆنامە و بیرەوەری، جگە لەمانەش ڕۆژنامە نووسیش بووە.
عەزیز نەسین لە ٢٧ ساڵ بەر مردنی، دەستی بە نووسینی بیرەوەریی خۆی کردووە، کە دەکاتە ١٩٦٨ز، زۆر ڕووداوی نوسیووە، هەروەها لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: لەخێزانێک دا بڕیارم دا ببمە نووسەر، کە هیچ نووسەرێکیان تێدا هەڵنەکەوتبوو. نوسەر لە ساڵی ١٩٥٠ز بۆ ماوەی شازدە مانگ حوکم درا بەهۆی وەرگێرانی چەند بەشێکی کتێبی مارکس…..
ڕۆمانی گێلە پیاو یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی عزیز نەسین کە کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە بۆ سەر چەندین زمانی زیندووی جیهان، بەیەکێک لە شاکارە هەرە گەورەکانی عزیز نەسین دادەنرێت، کە بەشێوەیەکی کۆمیدی تەنز ئامێز کۆمەڵێک کێشەی نێو نیشتمانی تورکیا دەخاتە ڕوو، وە عزیز نەسین بە یەکێک لە تەنزنوسە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت لەم بووارە،
گەر ئێمە بێین و سەیری ناوەڕکی ڕۆمانەکە بکەین باسی پیاوێک دەکات کە توشی چەندین کار و کێشەی سەیر و سەمەرە دەبێت، لە سەرەتادا ئەم پیاوە لە شوێنێک وەک چاودێری کەلوپەلی هاتوو و دەرچوو دەست بەکار دەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامادەنیە گەندەڵی بکات بۆیە دەردەکرێت.
یەکێکی تر لەو ڕوداوانەی کە توشی دەبێت لە نێو ڕۆمانەکەدا، ڕۆژێک شارەکەی خۆی جێدەهێڵێت ڕودەکاتە شارێکی تر هیچ شوێنێکی نیە لێی بخەوێت بۆیە ڕوودەکاتە مزگەوتێک و شەو لەوێ دەمێنێتەوە، بۆ بەیانییەکەی کە خەڵک دێن بۆ مزگەوت هەڵیدەستێنن و ئەویش خەواڵووە و چەند وشەیەکی سەیر دەردەبڕێت، خەڵکی ناو مزگەوتەکەش وادەزانن ئەوە زمانی ئەڵمانیە و ئەو کەسەش ئەڵمانیە و هاتوە موسوڵمان بێت، بۆیە بەخێرهاتنی دەکەن و خەڵک دێن بۆ پێشوازی، تاکوو دوای ماوەیەک ئەو کارە ئاشکرا دەبێت. ئیدی توشی ئەم ڕوداوانە و کۆمەڵێک ڕوداوی سەیر و سەمەرەی تریش دەبێ، کە تۆ خوێنەر کە بتوانی جێژ لەم ڕۆمانە ببینیت،
پەیامی ڕۆمانەکە لە دەقی نوسەرەوە:
عزیز نەسین لە ڕێگای ئەم ڕۆمانەوە دەیەوێت پێمان بڵێت ئەمە نەتەوەی تورک و وڵاتی تورکیایە کە پڕیەتی لە گەندەڵی و کاری گەوجانە، وە چونکە بەشێوەی کۆمیدیا بابەتەکانی باسکردووە بۆیە بەشێوەیەکی زیاتر و باشتر پەیامەکەی دەگات بە خوێنەران، جێژی زیاتر دەبەخشێت.
وە ئەم ڕۆمانە زۆر بڵاوە لەنێو کوردیشدا، زۆرینەی خوێنەرانی کوردی لەسەرەتاکانی ژیانی خوێندنەوەیاندا خوێنەری ئەم ڕۆمانە بوونە، هیوادارم تۆش بیخوێنیتەوە گەر خوێنەری نەبووبیت.
- ئەو خەڵاتانەی کە عەزیز نەسین وەری گرتوون –
- خەڵاتی گەڵای ئاڵتوونی لە ئیتاڵیا، ساڵی ١٩٥٦ و ١٩٥٧.
- خەڵاتی سمۆرەی ئاڵتوونی لە بولگاریا، ساڵی ١٩٦٦.
- خەڵاتی یەکەم لەسەر نووسینی سێ شانۆنامە لە تورکیا، ساڵی ١٩٦٨.
- خەڵاتی کۆڕی زمانی تورکی، ١٩٦٩.
- خەڵاتی تیمساحی یەکەم لە یەکێتیی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٦٩.
- خەڵاتی لۆتسی یەکەم لە لایەن یەکێتیی نووسەرانی ئاسیا و ئەفریقاوە، ساڵی ١٩٧٥.
یوسف اسماعیل