Skip to Content

چاوپێکەوتن لەگەڵ گۆران عەبدوڵڵا.. ئامادەکردنی: عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)

چاوپێکەوتن لەگەڵ گۆران عەبدوڵڵا.. ئامادەکردنی: عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)

Closed
by ئازار 22, 2021 General, Opinion

ئەم چاوپێکەوتنە لەلایەن کاک عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)ەوە ئەنجامدرا بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی لە گۆڤاری هانای ژمارە ٦ کە تایبەت بوو بە یادی ١٥٠ ساڵەی کۆمۆنەی پاریس، بەڵام بە هۆکاری هەڵەیەکی تەکنیکی بڵاونەبۆوە.
گۆران.

————————————-

عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ):

  • بەبڕوای بەڕێزتان جەوهەری دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانە لە چیدا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە؟

گۆران عەبدوڵڵا:
پێم وایە دەربڕینی (جەوهەری دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانە) خۆی لە خۆیدا دەربڕینێکی ورد نییە یان بە مانایەکی تر زۆرتر لە وشەیەکی فەنتازییانە دەچێت تا ئەو شوێنەی دەربڕینێکی کۆنکریتی دیاریکراوبێت، چوونکە ماناو پێناسەکەی لە دیدگای چینێکەوە بۆ چینێکی تر، لە ئایدیۆلۆجییەتێکەوە بۆ ئایدیۆلۆجییەکی تر دەگۆڕێت. ئەگەر ئەو سێ وشەیە لێک دابڕین و بە جیا هەڵوێستەیەکی کورتیان لەسەر بکەین پێم وایە وەڵامەکەم ڕۆشنتر دەبێتەوە.
وشەی جەوهەر لەم شوێنەدا و لە پەیوەند بەدەسەڵات و شۆڕشەوە واتە ئەو خەون خواستانەی بزووتنەوەیەکە کە لەکاری کورت مەوداو درێژ مەودای خۆیدا دەیخاتە ئەجیندای خۆیەوە و لەڕەوتی چوونە پێشەوەی خۆیدا پڕوپاگەندەیان بۆدەکات و وەک خواستێک کە قابیلی جێبەجێبوونە باسیان لێوەدەکات، بەڵام مێژوو ئەوەی پێنیشان داوین کە زۆربەی جار زۆرینەی خواستەکان پاش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات فەرامۆش کراون یان تەسلیمی قەدەرێکی نادیار کراون.
دەسەڵات: واتە سەپاندنی هەژموون، کۆبونەوەی هێز لەدەستی کەسێک، گروپێک، حزبێک یان واوەتر ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو. وە زۆربەی جار لای هێزی ئۆپزسیۆن دەسەڵات بۆتە ئامانج نەوەکوو وەسیلە. هەر کاتێک دەسەڵات بوو بە ئامانج لەو کاتەدا خواست و شێوەی ڕێکخستنی خەڵک بە شێوەیەکی سیستماتیک دەکرێتە خزمەتی گەشتن بە دەسەڵات و ئازادیش لە مانا ڕەهاکەیدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
شۆڕشگێڕ: پێم وایە شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی بونەتە شێواوترین وشەی دونیای ئێمە، وەزۆرترین جار بەرژەوەند خواز و چەقۆ کێش و مافیاکان زیرەکانە توانیویانە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بقۆزنەوە بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی خۆیان. لەژێر ناوی شۆڕشگێڕێتیدا توانیویانە لە نێوجومگەکانی دەسەڵاتدا جێگای خۆیان بکەنەوە و ڕەوتی شۆڕش و خواستەکانی بە ئاقارێکدا بەرن کە خۆیان ویستیان لەسەر بووە. وشەی شۆڕشگێر زۆرتر وەک و تاک دەردەکەوێت نەوەکوو کۆمەڵ. بزووتنەوەی سۆشیالیستی نوێ سەرباری بیرکردنەوەو دۆزینەوەی ئامرازەکانی خەبات، گرنگە گۆڕانکاری لە زۆر دەستەواژەو وشەدا بکات.
من بە باشی دەزانم لە جیاتی ( دەسەڵاتی شۆڕشگێرانە) بڵێین ناوەندی نوێنەرایەتی شوراکان، یان هەر ناوێکی شیاوی تر کە ئەو پێگەیەی دەسەڵات خوازییە فەردییە خاڵی کاتەوە. ناوێک دەربڕی هەژموونی خوارەوەبێت واتە پێگەی هێز لە خوارەوە بۆ سەرەوە نەوەک بە پێچەوانەوە.
ئێستا دەتوانم بێمە سەر پرسیارەکەتان و بڵێم جەوهەری خۆبەڕێوەبردن، بەرجەستە دەبێتەوە لە پیادەکردن و جێبەجێکردنی هەموو ئەو بڕیار و داخوازیانەی کۆبونەوە گشتێکانی ناوەندەکانی کار و ژیانی خەڵکە کە لە ڕێی نوێنەرەکانیانەوەو لە ئاستێکی فراوانتردا قسەو باسیان لەسەر دەکرێت و دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە لە چوار چێوەی داخوازێکەدا، بە ئاقاری یەکسانی ژیانی مرۆڤەکان.

عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ):

  • ئایا ئەم ئەلتەرناتیڤە دەتوانێت لەئەمڕۆی جیهانی لیبرالیزمدا بێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ ئاستەنگەکان چین؟

گۆران عەبدوڵڵا:
لیبراڵیزم ئەجیندایەک بۆ دەوڵەمەندکردنی دەوڵەمەندەکان و هەژارترکردنی هەژاران و برەودان بە پۆپۆلیزم، لەمڕۆدا نوێنەرایەتی سیاسەتی ئابوری جیهانی ناکات یان زۆر لاواز بووە.
ئەو ڕۆژگارە بەسەر چوو کە وەک کریس هیدجس لە کتێبی مەرگی چینی لیبراڵدا باسیان دەکات ” لیبراڵەکان لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی ئاسایدا زمانەی ئەمانن بۆ سەرمایەدارەکان، ریفۆرمی پچڕ پچڕ وە قابیلی جێبەجێکردن پێشنیار دەکەن وەک هیوایەک بەرەویەکسانی دەیانخەنە ڕوو. ئەمانە وەکوو دیارییەک دەبەخشنە دەوڵەت و میکانیزمی هێزەکەی، وەکوو سەگی هاریش هێرش دەکەنە سەر هێزە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان و ناشرینیان دەکەن و چینی لیبراڵ و ئڵیتی دەسەڵاتدار وەک پێکهاتەیەکی بەسوود بە کۆمەڵگە دەناسێنن.” ڕێگا خۆشکردن و لابردنی گرفتی سنوورەکان بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان بو بەهۆکاری کەڵەکەی سەرمایەی خەیاڵی لە دەستی ژمارەیەکی یەکجار کەمی سەرمایەداردا. ئەوەی لیبراڵیزم لە سەرەتاکانی خۆیدا بانگەشتەی بۆدەکرد، لە دەیەی ئەم دووایانەدا لەبەرانبەر بازاری ئازادو عەولەمەدا بوون بە تۆزو چوون بە ئاسماندا. هەر بۆیە جەنەفەر وۆڵش لە سیمنارێکیدا لە هۆڵی
سی بی سی
لە شاری تۆرنتۆ وتی: لیبراڵیزم بەرەو بەربەرییەت دەڕوات.
پاش قەیرانی ٢٠٠٨ لە بەریتانیا کۆمەڵێک لە بیرمەند و سیاسەتمەدار تۆڕێکیان پێکهێنا بۆ بنیاتنانی ئابوری لەسەر بنەمای بیری چەپ. کەسێک لەم تۆڕە بە ناوی کرستین بێری کە کەسایەتییەکی سەرەکییە لەم تۆڕە بۆ ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێ: “دەمانەوێت ئابوری بگەڕێنینەوە بۆ سەر بنەماکانی خۆی. خوازیارین لە ئابوری بپرسین، کێیە ئەم سەروەتەی هەیە؟ کێیە دەسەڵاتدارێتی هەیە لەم کۆمپانیایە؟ وتاری ئابوری ئاسایی ئەم پرسیارانە دەشارێتەوە کەوا بۆ بەرژەوەندی کێ دەسەڵاتیان هەیە.”
بازاڕی ئابوری جیهانی بەتەنها لەدەستی نیوولیبراڵەکاندا نەماوە. ئەمرۆ چین و ڕوسیا وەک دوو هێزی گەورەی ئابوری لەمەیدانن بەتایبەت چین، وەهەردوو ئەم دوو وڵاتە لەدەرەوەی کتلەکانی نیوولیباڵیزمن، تەنانەت پوتین لە لوتکەی ٢٠ لە یابان لە قسەیەکیدا وتی: “لیبراڵییەکەتان شوێن بزر دەبێت”.
ئاماژەکان ئەوەمان پێپیشان دەدەن کە کێشەی سۆشیالیزم بەتەنها لەگەڵ لیبراڵیزم نییە، ئەوەی دەبینرێت پۆپۆلیزمی سیاسییە کەلە برەودایە. ڕاست تەنها ئەم چەکەی پێماوە شەڕی پێبکات، ڕۆشنیش لایەکەی تر دەبینێت کە سۆشیالیزمە. بۆیە بینیمان چۆن لە ئەمریکا دژایەتی بێرنی ساندەرزیان دەکرد و چەندین سایتیان بۆ دژایەتی سۆشیالیزم درووست کردبوو.
سۆشیالیزم بە ترو تفاقە کۆنەکەیەوە بەردی بۆ ناخرێتە سەر بەرد و لە مڕۆدا شل و شێواو پەرتەوازەترین هێزی سیاسییە، بەڵام بیری سۆشیالیزم لە ڕیزەکانی نەوەی نوێدا بە ڕۆشنی دەردەکەوێت. نەوەیەک توانیویەتی خۆی لە ژێر هەژموونی نەوەی سی و چلەکان دەربهێنێت کە گۆشکرابوون بەدژایەتی کردنی سۆشیالیزم. بەشە هۆشیارەکەی نەوەی ئەمرۆ لە سای تەکنۆلۆجیا و کاڵبوونەوەی سنورەکان و تێکەڵاوبوونە کۆمەڵایەتییەکان و بینینی دونیا وەک یەک کتلە وە تێگەشتن لەوەی چارەنووسی بەشەرەکان پەیوەندییەکی پتەویان پێکەوە هەیە، ئەوانە بونەتە فاکتەری بنەمای فکری ئەو. لێرەوە چیرۆکەکانی ڕەنگ و سنورو نەتەوەو نیشتمان لە بەرانبەر شوناسی مرۆڤ و سروشتدا کاڵدەبنەوە.

عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ):

  • ئایا خەڵکی کوردستان لەکوێی داخوازی شووراکان بوونە و دان چ لە سەرەتای نەوەدەکان و چ لەئێستادا؟

گۆران عەبدوڵڵا:
بزووتنەوەی شوراکان لە کوردستان بەشێک نەبوون لە زهنییەت و ئەزمونی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، بەڵکوو بەدیلێکی شیاوی ڕێکخستن بوو لەلایەن بزووتنەوەی سۆشیالیستییەوە یان بە دیاریکراوی بڵێین کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە. لەو ماوە کورتەی تەمەنی شوراکاندا، هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شورایی ویستیان لە ڕێیی بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک شیعارەوە کە بەشێکی دانەبڕاوبوون لە خواستی خەڵک، ویستمان خەڵک ئاشنا بکەین بەم شێوەیە لە ڕێکخستن.
خەڵک لەو ماوە کورتەی ڕاپەڕیندا لە فەوزایەکی سیاسی، ئیداری، ئیقتیسادی و ئەمنیدا ژیانی دەکرد. ئەو بارودۆخە فرسەتی بیرکردنەوەی بە خەڵک نەدەدا بۆ بیرکردنەوە لەو داخوازیانەو هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانیان، ئەمە سەرباری ئەوەی ڕادەی ڕێکخستن و ئەزمونی ڕێکخستنی جەماوەری لەوپەڕی لاوازی خۆیدا بوو. لە مێژووی سیاسی کوردستان دەکرێت بڵێین بوون یان دەستبردنی خەڵک بۆ ڕێکخستنی خۆیان لەدەرەوەی ئەحزابی سیاسی بۆ بەرگریکردن لە خۆیان وجودی نەبووە. ئەحزابی کوردی تەنها شاخ و چەکی ئاشنا دەکرد بە خەڵک وە هەموو ئەو هەوڵانەی شوعێکانیشی لەبار دەبرد کە لەناو جوتیاران یان کرێکاراندا دەیاندا.
بارودۆخی ڕێکخستنی جەماوەری سەربەخۆ لە ئێستادا خراپتر بووە نەک باشتر. لەم ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتی کوردیدا سەرباری دابەشکردنی خەڵک بەسەر ئەحزابی سیاسیدا، توانیویانە لە ڕێی بەناو ئۆپزسیۆنەوە ڕوحیەتی ناڕێکخراوبوون بێ باوەر بوون بە ڕێکخستن پەرەپێبدەن. خەڵک ناڕازییە، خەڵک خەونی ژیانێکی باشتری هەیە، بەڵام نابێت بە قاڵبێکی ئامادەکراوەوە داوای ڕێکخستن و جوڵە لە خەڵک بکرێت.
کۆمۆنەی پاریس، شوراکان لە سۆڤییەت و خۆ بەڕێوەبردنەکەی ڕۆژاڤا هەڵقوڵاوی واقعێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بۆیە بەئاسانی جێکەوتە دەبێت.

عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ):

  • تۆ دەڵێیت کۆمۆنەی پاریس و شوراکان لە سۆڤییەت و خۆبەڕیوەبردبەکانی ڕۆژئاڤا جێکەوتە دەبن، ئایا خۆبەڕێوەبردنەکانی ڕۆژئاڤا تا چەند لە شوراوە نزیکن و هەروەها تا چ ئەندازەیەک سووننەتی شووراییان تیا جێگیر کراوە؟

    گۆران عەبدوڵڵا:
    بنەمای ئیداری خۆبەڕێوەبردنی ڕۆژاڤا کۆمونەکانە، بەهەمان شێوەی شورایی لە شوێنی کار و ژیان پێک دێت وە پەیڕەو لە دیموکراتییەتی ڕاستەوخۆو لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەکات. ئەوەی لە سیستمی شورایی جیای دەکاتەوە ئەم کۆمونانە لەسەر بنەمای چینایەتی نییە، واتە دەکرێت خاوەن کار و کرێکار هەردووکیان لەیەک کۆموونەدابن. شوراکان بەشێوەیەکی گشتی لەژێر کاریگەری فکری سۆشیالزمدان و بەشوێن سەپاندنی دەسەڵاتی کرێکارییەوەن، بەڵام ئەمە لە کۆموونەکان وا نییە وە دەکرێت لەزۆر بواری فکریی و سیاسیدا جیاوازبن چ لە ناو یەک کۆمونە یان لەگەڵ کۆمونەکانی تر. پێکهاتە ڕێکخراوێکەی زیاتر نزیکایەتی بە کۆمۆنەکانی پاریس هەیە تا بە شورا.
    لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم هەموو ئەم ئەزمونانە هەڵگری خاڵی لاوازو بەهێزن، ناکرێت هیچکامێکیان وەک قاڵبێکی هاوردەو ئامادەکراو بۆ ڕێکخستن بخرێتە پێشی کۆمەڵگە. پاریس ێکان کۆمۆنەکانیان درووستکرد، ڕوسێکان یش سۆڤیەتاتەکان و ڕۆژائاڤاش سیستمی خۆبەڕێوەبردنەکانی دامەزراند بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی کرێکاران و جوتیاران لەزۆر شوێنی جیهاندا لەوانە ئیسپانیا، یۆگسلاڤیا و بەشێوەیەکی گشتی ئەمریکای لاتین.

گۆران عەبدوڵڵا
تۆرنتۆ
١٥\٢\٢٠٢١

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە. لە درێژەی کارە رۆژنامەوانێکەیدا سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسی و ئەدەبی و کەلتورێکان چەندین مەلەفی جۆراو جۆری کردۆتەوە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە بوارەکانی دیموکراتی، ژنان، گەندەڵی و ئازادیدا وە چەندین چاوپێکەوتن و گفتوگۆو کۆڕی وەک ماڵپەڕی دەنگەکان ئەنجام داوە. وە بەشێک لە لەو چاوپێکەوتنانە لە شێوەی کتێب چاپکراون وەکو: مارکس لەمڕۆدا، بەزمانی کوردی، بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا بە زمانی ئینگلیزی سەرباری کاری رۆژنامەوانی بەشداربووە لە دامەزراندنی رێکخراوەی (پەیوەندی کوردی دژی جینۆساید) کە هەستان بە رێکخستنی چەندین بۆنە لە شاری تۆرۆنتۆ و دەوروبەری لە پێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە دەوڵەتی کەنەدا.

Previous
Next
Kurdish