Skip to Content

مانیفێستی فیدراسیۆنی هونەرمەندانی کۆمۆنەی پاریس.. لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

مانیفێستی فیدراسیۆنی هونەرمەندانی کۆمۆنەی پاریس.. لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by ئازار 21, 2021 General, Literature, Slider

فیدراسیۆنی هونەرمەندان
مانیفێستی فیدراسیۆنی هونەرمەندانی کۆمۆنەی پاریس

وەرگێرانی لە فەرەنسییەوە : جێف سکینەر
لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کۆمۆنەی پاریس لە جەوهەری خۆیدا، یەکەمین ئەزموونی بەرفراوانی حکومڕانی سۆشیالیستی بوو. لە ١٨ ی مانگی ئازاری ساڵی ١٨٧١،کرێکارانی ڕادیکاڵ و پیشەوەران کە خۆیان لە گاردی نیشتمانیی ڕێکخستبوو،لەگەڵ هەڵهاتنی سوپای نیزامی فەرەنسا، بەشێوەیەکی تەواوەتی دەستیان بەسەر شاردا گرت. دوای چەند ڕۆژێک کۆمۆنە هەڵبژێردرا و یەکسەریش ڕایگەیاند کە کرێکاران دەتوانن دەست بەسەر کارگەکاندا بگرن و بەڕێوەی بەرن. هەروەها بڕیارەکانی خزمەتی سەربازی ئیجباری و سزای ئیعدام هەڵوەشێنرانەوە و ئایین لە دەوڵەت جیاکرایەوە و تەئمینی کۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینی جێگیرکرا. کرێکارانی شۆڕشگێڕ و دیموکراسیخواز ڕۆژانە ڕێگای نوێیان دەدۆزییەوە بۆ بەڕێوەبردنی شار.
ئەمەش ڕێگایەکی تەواو لەڕەگەوە ڕادیکاڵ و جیاوازی ‌هێنایە ئاراوە بۆ بەرخوردکردن بە هونەر. لە ١٥ی مانگی نیسانی ١٨٧١،هونەرمەندان و پەیکەرسازان و شارەزایانی جوانسازی لەسەرتاسەری پاریس بە جەستاف کوربیەی گەورە هونەرمەند و ئوژین پۆتیە کە دواتر بوو بە نووسەری سروودی ئەنتەرناسیوناڵ، کۆبوونەوە و بۆ دیاریکردنی شێوازی چۆنیەتی ئەم بەرخوردکردنە بە هونەر. هۆکارەکانی ئەم پێشنیارە ڕوون بوون. کۆنتڕۆڵی هونەرمەندان بەسەر هونەرەوە، هونەر و کلتوور وەکو ماف، هەروەها پرسیاری ئەوەیان کرد بۆچی دەوڵەت و دەوڵەمەندان تەنها چێژ لە هونەر وەردەگرن. بۆیە لەسەر مکوڕی ئەم هونەرمەندانە فیدراسیۆن پێکهات کە هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە لەناوەندێکی جوانیدا کار بکات و بژێت. کریستین ڕۆز نووسەری کتێبی (ڕیفاهیەتی کۆمەڵگە، خەیاڵی سیاسی کۆمۆنەی پاریس) بەمجۆرە بایەخدارانە وێنای دەکات؛ (ڕەنگە وا دەرکەوێت کە ئەمە داواکارییەکی بچووک و تەنانەت ڕازاێنەرەوە بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە بەو مانایەیە کە دەبێت تەواوی پەیوەندییەکانمان نەک تەنها لەگەڵ هونەر، بەڵکو لەگەڵ کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سروشت و تەنانەت ژینگەی ژیانیشەوە ڕێکبخەینەوە. ئەمەش بە مانای گشتیکردنی هونەر و جوانیی و تێکەڵاوکردنییەتی بە ژیانی ڕۆژانە و نەشاردنەوەیانە لە هۆڵە تایبەتییەکان و کۆنەکردنەوەیانە لەبیرەوەرییە قێزەوەنە نەتەوەگەرییەکان.(١)
ئەم دەقەی خوارەوە کە لە ڕاپۆرت و بڵاوکراوە ڕۆژانەییەکانی کۆمۆنەوە وەرگێراوە، مانیفێستی ئەو هونەرمەندانە لەخۆدەگرێ. ئەمەش تا ئەو جێگەیەی کە ئێمە ئاگادار بین، یەکەمین وەرگێرانی مانیفێستی هونەرمەندانی کۆمۆنەی پاریسە.(٢)

کۆمەڵەی هونەرمەندان
دوێنێ لە کاتژمێر دوو، دیداری هونەرمەندان لەسەر داوای بەڕێز کۆربی بە ڕەزامەندی کۆمۆنە لە هۆڵی وانە وتنەوە لە کۆلێژی پزیشکی هاتە سازکردن. هۆڵەکە جمەی دەهات و هەموو هونەرەکان نوێنەرایەتی دەکران. لەوانە بۆ هونەری شێوەکار هەردوو هونەرمەند فەین پێرین و هیرەو، هەورەها لە پەیکەرسازیی بەڕێزان موولینە و دیلابلانش و هونەری کارتۆن بێرتۆڵ و هونەری هەڵکۆڵین بەڕێز میشڵان و ڕەخنە بەڕێز فیلیپ بۆرتی و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندازیارانی تەلارسازی لەوێ بوون. بۆ پێکهێنانی کۆمەڵەی هونەرمەندان زیاتر لە ٤٠٠ کەس ئامادەی ئەو دیدارە بوون.
بەڕێز کۆربی سەرۆکایەتی دیدارەکەی دەکرد و هەریەک لە موولیە و ئۆژین پۆتیەش یارمەتیدەری بوون. پۆتییە یەکەمجار و وە پێش هەموو شتێک ڕاپۆرتی لێژنەی ئامادەکاری خوێندەوە کە هەر خۆی نووسیبووی و ئامادەشی کردبوو. ئەم دۆکیومێنتە زۆر جێی بایەخەی بەڕاستی لێوانلێو بوو لە بیرکردنەوەی بەرزی پێداویستییەکان و چارەنووسی هونەری هاوچەرخ.
داوا لە هونەرمەندان کرا کە خۆیان بەرژەوەندی خۆیان بپارێزن.
ئەمەش ئەو بیرۆکەیە زاڵە بوو کە لەروحی ڕاپۆرتی لیژنە فەرعییەکانیشدا خۆی نیشاندابوو. ئەوەش پرسیاری دامەزراندنی فیدراسیۆنی هونەرمەندانی پاریس بوو، کە بەرهەمەکانیان لەژیر ئەو ناوو نیشانە نمایش دەکەن.

فیدراسیۆنی هونەرمەندانی پاریس
هونەمەندانی پاریس بەپشت بەستن بە بنەماکانی کۆماریی کۆمۆن هەستان بە بنیادنانی ئەم یەکێتییە.
ئەم یەگکرتنە هەموو هزرە هونەرییەکان دەگرێتەوە کە لەسەر بنچینەکەی :

  • فراوانترکردنەوەی ئازادانەی هونەر، دوور لە هەموو چاودێرییەکی حکومیی و هەر ئیمتازاتێک
  • یەکسانی لەمافی هەموو ئەندامانی ئەو یەکێتییە
  • سەربەخۆیی و کەرامەتی هەموو هونەرمەندێک لەلایەن پێکهێنانی لیژنەی هەڵبژێردراو بە دەنگدانی گشتی و ئازادانەی هونەرمەندان پارێزراو دەبێ. ئەم لیژنەیە هەوڵی توندوتۆڵ کردنەوەی هاوکارییەکان و هەمئاهەنگی دەدا.

پێلهاتنی لیژنە

لیژنە لە ٤٧ ئەندام پێک دێت کە نوێنەرایەتی
١٦ شێوەکار
١٠ پەیکەرساز
٥ تەلارساز
٦ هەڵکۆڵەر(نەقاش)
١٠ ئەندامی هونەرە ڕازێنەرەکان(زەخرەفییەکان)کەبەهەڵە پێێ دەگوترێت هونەری پیشەسازی
کە بە سیستەمی لیست و دەنگدانی نهێنی هەڵدەبژێردرێن.
مافی دانیشتوانی پاریسە بە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ کە توانیبێتیان جێ و شوێنی خۆیان وەکو هونەرمەند بسەلمێنن – جا چ لەڕێگەی ناوناوبانگی ئیشە هونەرییەکانیانەوە بێت، یان لەڕێگەی دەلیلی پێشانگاکانیانەوە، یانیش بە پاڵپشتی بەدەست و خەت نووسراوی دوو هونەرمەندی سپانسۆر، بەشداری پرۆسەی دەنگان بکەن.
ئەندامانی لیژنە بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
لەکاتی کۆتایی هاتنی ماوەی ئەم نوێنەرایەتییە، پانزە کەس لە ئەندامان کە بە دەنگدانی نهێنی هەڵدەبژێردراون بۆ لیژنەکە، بۆ ماوەی ساڵی داهاتوو لەشوێنی خۆیان دەمێننەوە، بەڵام ٣٢ ئەندامەکەی تر بە هەڵبژاردن شوێنیان پڕ دەکرێتەوە. ئەو ئەندامانەی کاریان تەواو بووە تا ساڵێک دواتر ناتوانن دووبارە هەڵبژێردرێنەوە.
هەر ئەندامێک ئەگەر بە کاری خۆی هەڵنەستێت ئەندامەتی لێ دەسەنرێتەوە. لێسەندنەوەی ئەندامەتی تەنیا بەدەست کۆنگرەی فیدراسیونە و پێویستی بەدەنگی دوو لە سێی بەشداربووانی کۆنگرەکە هەیە. هەڵپەساردنی ئەندام نابێ ئاشکرابکرێ تا مانگێک بەسەربریارەکەدا تێنەپەڕی بێت.

دینگەی ئیمپراتۆر فاندووم لەسەر داوای کوربی کۆمۆنارەکان ڕووخاندیان.

دەرکردنی بڕیارنامە
ئەمە دەسەڵاتەی جیهانی هونەرییە کە ئەم ئەرکانەی لەلایەن هونەرمەندانەوە پێسپێردراوە.

  • پارێزگاری لە گەنجینەکانی ڕابردوو بکات.
  • ڕاپەڕاندن و تیشک خستنەسەر هەموو ڕەگەزە ئەوڕۆییەکان.
  • نوێکردنەوەی داهاتوو لەرێگەی پەروەردە و فێرکردنەوە.
  • شوێنەوار و مۆزەخانەکان
    شوێنەوارەکان،لە گۆشەنیگای هونەرییەوە، مۆزەخانەکان و ئەو دامودەزگاکایانەی پاریس لەوانە هۆڵەکانی نمایش و کۆکراوە هونەرییەکان و کتێبخانەکان کە بەرهەمی هونەرییان تێدایە سەر بە کەسی تایبەت نەبن و دەخرێنە ژێر چاوردێری و کارگێڕی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی فیدراسیۆن.
    لیژنە هەڵدەستێت بە رێکخستن و پاراستن و چاککردنیان،نەخشەکانیان بۆ تەواو دەکات و ژماردن و پێڕست و کەتەلۆگیان بۆ تەواو دروست دەکات .
    دەیانخاتە خزمەت جەماوەرەوە لەپێناو هاندان بۆ لێکۆڵینەوە لەپێناو بەجێهێنانی ئارەزووی سەردانیکەران.
    تێبینی کردنی دۆخی پاراستنی باڵەخانەکان و ئاماژە بە چاککردنەوەی دەستبەجێیان و ئینجا لیستی کارە بەردەوامەکانیان پێشکەش بە کۆمۆنە دەکات.
    دوای پشکنینی تواناکان و لێکۆڵینەوە لە ئاکارباشییان، ئینجا بەڕێوەبەران و سکرتێرەکان و بەڕێوەبەری ئەرشیفەکان و پاسەوانەکان دادەمەزرێن. لەپێناو دەستەبەرکردنی پێداویستییە خزمەتگوزارییەکانی ئەم دامودەزگا و پێشانگایانە کە دواتر قسەیان لەبارەوە دەکەین.

پێشانگاکان

لیژنە هەڵدەستێت بە کردنەوەی پێشانگای کۆمۆنەیی بەکۆمەڵی نیشتمانی و نێودەوڵەتی لە پاریس.
بە نسبەت ئەو پێشانگا نیشتمانی و نێودەوڵەتییانەی کە لە پاریس ناکرێنەوە، لیژنەیەکی بەرپرسیار پێکدەهێنرێت بۆ بەرژەوەندی هونەرمەندە پاریسییەکان.
تەنها ئەو بەرهەمانە وەردەگرێت کە لەلایەن دانەرەکانیانەوە، خولقێنەرە ڕەسەنەکان و وەرگێران لە هونەرێکەوە بۆ هونەرێکی تر واژوو کرابێت،وەک ئەو هەڵکۆڵینانەی دەگوێزرێنەوە سەر تابلۆکان و تاد.
زۆر بە تووندی هەموو ئەو پێشانگا تەماحکارانە ڕەت دەکاتەوە کە دەیانەوێت ناوی بەڕێوەبەر و یان خولقێنەری بەرهەمەکان بگۆڕن.
خەڵات بە هیچ کەسێک نادرێت.
کارە هونەرییە ئاساییەکانی کۆمۆنە دەدرێت بەو هونەرمەندانەی کە بە دەنگدانی هەموو خاوەن پێشانگاکان دیاریکراون.
بەڵام کارە نائاساییەکان دەخرێنە پێشبڕکێوە.

پەروەردە و ڕۆشنبیری
لیژنە چاودێری وانەی وێنەکێشان و نموونەیی لە قوتابخانە سەرەتایی و پرۆفیشناڵەکان دەکات کە مامۆستاکانی لەسەر بنچینەی پێشبڕکی دەستنیشان دەکرێن. هەروەها هانی ناساندنی میتۆدە سەرنجڕاکێشەکان دەدات. مۆدێلەکان مۆر دەکات و هەروەها ئەو بابەتانە ڕێکدەخات کە ڕوحی بەرز تیایاندا کەشفکراوە. هەروەها پێویستە لێکۆڵینەوەکانیشیان لەسەر بودجەی کۆمۆنە تەواو بکرێن.
لیژنە هانی ئەوەش دەدات کە هۆڵی گەورە بۆ خوێندنی باڵا و کۆنفرانس لەسەر جوانناسی و مێژوو و فەلسەفەی هونەر بنیاد بنرێت .

بڵاوکردنەوە
ئۆرگانێکی بڵاوکردنەوە پێکدەهێنێت بەناوی بەرپرسیارێتی هونەرەکان
لەژێر چاودێری و بەرپرسیارێتی لیژنە، ئەم بڵاوکراوەیە ئەو ڕووداوانەی کە پەیوەندن بە جیهانی هونەرەکان و زانیاری بەسوودی بۆ هونەرمەندان تێدایە، بڵاو دەکاتەوە.
هەروەها بڵاوکراوەکە لێکدانەوەکان لەسەر کاروباری لیژنەکە وپڕۆتۆکۆڵی کۆبوونەوەکان و بڕی پارەی بەدەستهاتوو و خەرجکراو و هەموو ئیشوکارە ئامارەییەکان کە ڕۆشنایی دەخەنە سەر پرسەکان و ئامادەکاریی ڕێکوپێک، بڵاو دەکاتەوە.
بەشی ئەدەبیش تەرخان دەکرێت بۆ ئەو وتارانەی لەسەر ئیستاتیکا دەنووسرێن،هەورەها بوارێکی بێلایەنی کراوە دەبێت بۆ هەموو بیروباوەڕ و سیستەمێک.
بە پێشکەوتووخوازیی، سەربەخۆیی، بەڕێز و ڕاستگۆیی خۆیەوە. بڵاوکراوەی بەرپرسیارێتی هونەرەکان دەبێتە جیددیترین بەیاننامەی ئێمە بۆ نوێبوونەوەمان.

ناوبژیکەران

بەنیسبەت هەموو ئەو ناکۆکییە جیاوازانەی لەسەر مەسەلەی هونەریی دێنە ئاراوە، لیژنە لەسەر داوای لایەنی پەیوەندیدار( هونەرمەندان یان غەیری ئەوان) ناوبژیوان دیاریدەکات.
بۆ ئەو کێشە مەبدەئییانەی بەرژەوەندی گشتی تێدا بێت، لیژنە شورای ناوبژیوان دادەمەزرێنێت و بڕیارەکانی لە بڵاوکراوەی بەرپرسیاتێتی هونەرەکان بڵاو دەکاتەوە.

دەستپێشکەری ئیندیڤیجواڵ
لیژنە بانگەوازی هەموو دانیشتوان دەکات بۆ ناردنی هەر پێشنیار و پڕۆژە و ڕاپۆرت و بیروڕایەک کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی هونەر یان ڕزگاربوونی فیکری یان مەعنەوی هونەرمەندان یان بەپێزکردنی ماتریاڵی بەرهەمەکانیان لەبەرچاوە.
لەوبارەشەوە ڕاپۆڕتێک پێشکەش بە کۆمۆنە دەکات و پشتیوانی مەعنەوی خۆی و هاوکاری لەگەڵ هەر شتێک کە بەگونجاوی بزانێت، دەردەبڕیت.
داواش لە ڕای گشتی دەکات بۆ پشتگیری لە هەر هەوڵێکی پێشکەوتووخواز و ئەو پێشنیارانەی لە بڵاوکراوەی بەرپرسیارێتی هونەرەکاندا بڵاو دەکرێتەوە.
لە کۆتاییدا، بە وشە، بە پێنووس، بە خامە،بە دووبارە چاپکردنەوەی شاکارە جەماوەرییەکان، بە وێنەی وشیار و بەرزکەرەوە کە دەتوانرێ بە زۆری بڵاوبکرێتەوە و لە هۆڵەکانی شارەوانی لادێ بێنازەکانی فەرنسا نمایشی بکرێت، لیژنەکە کاردەکات لەسەر تازەبوونەوەمان، گرتنەدەستی جڵەوی سامانی کۆمەڵایەتی، داهاتووی درەوشاوە و کۆمارێکی گەردوونیی.

گ کۆربی ، موولینە ، ستێفەن مارتان ، ئەلێکساندەر ژووس ، ڕۆزینیش ، تریشون ، دەلوو ، ژوو لێهیرو ، س شابرێت ، ه دوبوا ، ئەی ڤالینیەر ، ئوژین پۆتیە ، پیراین ، ئەی میوللارد.
تێبینی وەرگێڕی ئینگلیزی : فیدراسیۆنی هونەرمەندان، گروپێکی ڕادیکاڵی پێکهاتوو لە شێوەکاران و پەیکەرسازان و شارەزایانی ڕازێنەرەوە، لە مانگی نیسانی ساڵی ١٨٧١ کۆبوونەوە بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی ڕۆڵی هونەر لە هەناو کۆمۆنەی پاریسدا.

تێبینییەکان مەشخەڵ ئامادەی کردوون :
(١)ڕیفاهیەتی کۆمەڵایەتی خەیاڵی سیاسی کۆمۆنەی پاریس کریستین ڕۆز چاپخانەی (مەیپڵ پرێس) ئەمریکا ٢٠١٥.
(٢)ئەو پێشەکییە لە نووسینی دەستەی بەرێوەبەری سایتی (Red Wedge)ە کە لە ١٥ی نیسانی ساڵی ٢٠١٦ ئەم بابەتەیان لە سایتەکەیان ئامادە کردووە و وەرگێراوە. کە یەکەمین وەرگێرانی مانیفێستی هونەرمەندانی کۆمۆنەی پاریسە بە زمانی ئینگلیزی و جێی خۆشیەتی بڵێـم یەکەمین وەرگێڕانی ئەو مانیفیستەشە بۆ سەر زمانی کوردی.
(٣)ناوەکان وەک خۆیان بەپیتی لاتین:
G. COURBET, MOULINET, STEPHEN MARTIN, ALEXANDRE JOUSSE, ROSZEZENCH, TRICHON, DALOU, JULES HÉREAU, C. CHABERT, H. DUBOIS, A. FALEYNIÈRE, EUGÈNE POTTIER, PERRIN, A. MOUILLIARD

سەرچاوە :
http://www.redwedgemagazine.com/online-issue/manifesto-federation-artist-commune

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish