
بۆ مەحمود دەرویش: دەنگێک لە کوردستانەوە.. نەوزاد مدحەت
لە سێبەری ئەو چیایانەی هیچ شتێک لە یاد ناکەن،
وشەکانت دەخوێنمەوە
ئەها ئەوەی بۆمانت نووسی:
( لیس للکوردي إلا الريح)
من دەزانم ئیتر تۆ
نە گوێت لە هاواری خەڵکەکەتە
نە نامەکەی من دەگات بەتۆ
تۆ بە حەسرەتێکی زۆرەوە
دونیایەک شیعر و هەڵوێستت جێهێشت و
خۆت رۆشتی
بەڵام،
لە قوڵای دێڕ بە دێڕی دێڕەکانتدا
ڕەنگدانەوەی خۆمی تێدا دەبینم
هەمان قورسایی ئاوارەبوون و مەرگ
وەک بارێکی قورس
لەسەر شانی منیش نیشتووە
شاعیری خەڵک، شاعیری فەلەستین
من لەگەڵت دەدوێم
لە دڵی پەرتەوازەی کوردستانەوە،
واق وڕماو و تاساو
دەڕوانمە سەردێڕی ئەو هەواڵانەی
باس لە کڕین و فرۆشتنی نیشتمانە
لە بازاڕەکانی عەقارا
ئەی دەبێت چی لە نیشتمانی من
ئاسانتربێت بۆفرۆشتن!
کاتێک دەستەپلاستیکەکانی ئەوانی تر،
بەڕوکەش خۆمان
هەر رێک وەک جرجەکانی ئێوە
دەشت و شارمان پارچە پاڕچە دەکەن
بۆ پڕکردنی زیاتری گیرفانیان
بێشەرمانە وەک نانێکی چەور
دەمانخەنە سەر مێزی دەسەڵاتدارە برسییەکان
شەقامەکانمان وەک کاڵا دەفرۆشن،
نرخ بۆ یادەوەرییەکانمان دادەنێن وەک موڵک،
دار زەیتوونەکانتان، دار گوێزەکانمان،
گەڵای جیاواز، هەمان ڕەگی بڕاو
شاعیر دەبێت چەندە گۆرانی بۆ ماڵ بڵێن
پێش ئەوەی دیوارەکان
جارێکی تر بمانگرنەوە ناو دڵی خۆیان؟
لە خەونەکانمدا، بە عەفریندا تێدەپەڕم
وەک چۆن تۆ بە بەیروتدا دەڕۆیشتی،
هەنگاوەکانی ژیان دەژمێرین
لە نێوانی مینە چێنراوەکانی مەرگدا
برای شاعیر، وشەکانت هەڵدەگرم
وەک تەزبیح بە ناو سنوورەکاندا،
هیوا لە نێوان پەنجەکانمدا دەچێنم
ئاوارەیی لە خۆمدا دەکوژم
هەرچەندە دەزانم
ئەوەی لە غوربەتدا زیندوبێت رابردووە
بامۆر لە سەودای کڕینی خاکمان بدەن
لە پەنای هێز و زوڵمدا
بەڵام خۆ گۆرانییەکانمان وەک هەوای چیا ئازادن،
لە خاڵی پشکنین و بەربەستەکان تێدەپەڕن،
بۆ دۆزینەوەی یەکتر لە بەرەبەیاندا.
ئازادی تەنها وشەیەک نییە کە دەیڵێین
بەڵکو ڕێگایەکە بە پێی خوێناوی دەیبڕین
بەو چیایانەدا
کە گۆرانییەکانمانی لە بیرە
بە دۆڵەکاندا کە دەنگدانەوەی هەڵەکانمانە
هێڵیان بە دڵماندا کێشا
وایان زانی سنوور دەتوانێ لێکمان جیاکاتەوە
بەڵام کوردستان لە هەر هەناسەیەکدا دەژی
لە هەر چیرۆکێکدا کە پاراستوومانە
خەبات بۆ ئەوانی تر ئازادییە
ئەم ڕاستییە قووڵە وەک دەریا
کاتێک دەنگمان بۆئەوی تر بەرز دەکەینەوە
هیچ هێزێک ناتوانێ ڕۆحمان بشکێنێ
خاکیان دابەش کرد
بەڵام نەیانتوانی دابەشمان بکەن
ئەو هێز و هیوایەی لە ناخماندا دەژی
پەیامە دەساو دەستەکانمانە
بۆ منداڵانی ئەم نیشتمانە
تا رێگاکانمان ون نەکەن
لە هەر خەباتێکدا بۆ ڕووناکی
لە هەر خەباتێکی ئاشتیخوازانەی گەلاندا
دڵمان بە ئاوازێکی هاوبەش لێدەدات:
ئازادی دەبێت وەک رۆژێکی نوێ هەڵبێت
برای هاوخەم
ساڵەکان تێدەپەڕن و برینەکان ساڕێژنابن
ئێستا لێرە لە بازاڕەکان یادەوەری و خاک
بەزەبری شەلاق لێکدادەبڕێنن
ئەمڕۆ بە بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنت
شێوەی زەوی دەگۆڕن
ئەو زەوییەی
کە شوێن پێی باوباپیرانی ئێمەی هەڵگرتووە
منیش قورسایی سەر بە گەلێک بوون دەزانم
نیشتمانێک کە سنوورەکانی بە هەناسە کێشراون
خەڵکەکەم لە لێدانی دڵدا دەژی
نەک لە هێڵی سنووردا
ئێستا خاکەکەمان بە مەتری چوارگۆشە دەپێون
بە کۆنکرێت و پۆڵا بەهای دەخەمڵێنن
بەڵام چۆن نرخی ئەو باخە زەیتوون و دارگوێزانە دادەنێن
کە داپیرانمان لەوێ فێری ڕۆیشتن بوون؟
وشەکانت لە گوێی کورددا دەزرنگێنەوە
چونکە دەزانین مانای چییە
کاتێک مێژوو پارچە پارچە دەکرێ و دەفرۆشرێ
نیشتمان دەخرێتە بازاڕی عەقارەوە
لە بازاڕی نەتەوەکاندا
میراتی ئێمە وەک پارچە قوماشێکی ئاسایی دەگۆڕنەوە
بەڵام ڕەگی ئێمە لە دەفتەرەکانیان قووڵترە
گۆرانییەکانمان لە گرێبەستەکانیان درێژخایەنترن
دەروێش، شاعیری ئازادی و خاک
شاعیری ئاوارە و ژیان
ئازارەکانت بە زمانی ئێمەش دەدوێن
ئێمە منداڵانی هەمان برینین
نەخشەی گەڕانەوە لە خەونەکانماندا هەڵدەگرین
دەڵێی هەستن!
خۆ ئێمە هەرگیز نەنووستووین
لەگەڵ تۆدا پاسەوانی دەکەین برا
چیرۆکەکانمان تێکەڵی یەکتر بوون
لەم خاکە کۆن و ئازار چێشتووەدا.
نەوزاد مدحەت
2025
ئەم شیعرە لە بانێژەی ئەدەب و کلتوور ی رۆژنامەی رەوت ژمارە ٣٥ی ئازاری ٢٠٢٥ بڵاوبۆتەوە