
فيكر و كێشه فیكرییه‌كان له فه‌زای ده‌قی ئه‌ده‌بیدا.. بڵند باجه‌لان
چەمکی ده‌ق و دۆزینه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌کی گشتی بۆ ده‌ق به‌ر له نووسینی ده‌ق، پێویستی نییه و ده‌کرێ به‌بێ ئه‌وه‌ی له خۆمانمان پرسیبێ ده‌ق چییه، قسه له‌بارەی ده‌قەوە بکه‌ین و چه‌ندین ده‌ق له ئاست و بواری جیاجیادا بنووسین. کرده‌ی نووسین خۆی گوزارشتکردنه له مانا و پێناسه‌ی ده‌ق. (پۆل ڕیکۆر) پێی وایە ده‌ق گوتارێکه له ڕێگا‌ی نووسینه‌وه نه‌بێت, ناچه‌سپێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه قسە لەبارەی چیرۆکێکەوە دەکەم که (مناره‌ی ئاوه‌دانی)یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی چیرۆکم کردبێت. ئیشی چیرۆک کردنه‌وه‌ی نیشتمانێک نییه به ڕووی دنیادا. ڕۆشنبیران له (یابان) هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی (میچی) فاکته‌ری کرانه‌وه‌ی یابان بوون به ڕووی شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوادا نه‌ک هونه‌ر و چیرۆک و نووسین به‌گشتی. (مناره‌ی ئاوه‌دانی) به وێستگه و ئایدیا و میتۆدێکی دیاریکراوەوە نابەستمەوە، هاوکات دژی ئه‌و ترادسیۆنه دۆگمایانه‌م که ئه‌ده‌ب پۆلێن ده‌که‌ن.
میتۆده‌کان له ڕێگا‌ی ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌ی هه‌ڵیان گرتووه، له‌سه‌ر گرفت و که‌لێنی میتۆدی به‌ر له خۆیان ئیش ده‌که‌ن. میتۆدخوازی خانه‌به‌ندکرنی ئه‌ده‌به، ئه‌مه‌ش زوڵمکردنه له دەق. به‌رهه‌مه‌کانی (ساموێل بێکت) ده‌درانه پاڵ مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم، به‌ڵام مۆدێرنیزم و پۆسته‌که‌ی له گۆڕانن، که‌چی هێشتا ده‌قه‌کانی ئەو نووسەرە خوێنه‌ری خۆیانیان هه‌یه و جێگیرن. (دیستۆڤسکی) ده‌قه‌کانی به نه‌یاری ڕه‌وتێكی ئه‌ده‌بی داده‌نران و (لینین) له بیسته‌کاندا گوتبووی ڕقی له خاوه‌نی ڕۆمانی (برایانی کارامازۆف)ه. (لینین) کۆتایی هات و (ستالین)یش به‌دوایدا، به‌ڵام ده‌قه‌کانی (ديستۆڤسکی) ئێستاش ده‌خوێندرێنه‌وه و لای هه‌ندێک به سیمبوڵ و سوپه‌ر ناوده‌برێن.
به‌شێک له کلاسیکیاتی چیرۆک‌نووس و ڕه‌خنه‌گر ئه‌و کاته خۆی مانیفێست ده‌کا که ئیش له‌سه‌ر سۆز ده‌کرێ. نزیکبوونه‌وه له سۆز به مانای دوور که‌وتنه‌وه‌یه له شوناس (مه‌به‌ست له سۆزێکی نائه‌قڵانییه، چونکه زۆربه‌ی سۆزه‌کان له بۆشاییدا دروست نابن و بە فيکرەوە ده‌به‌سترێنه‌وه). شته چه‌سپاوه‌کانیش سوود له سۆز وه‌رده‌گرن. مه‌رج نییه قووڵبوونه‌وه له هه‌موو بابه‌ته هزرییه‌کان و گه‌ڕانه‌وه بۆ لقه ئاڵۆزه‌کانی فه‌لسه‌فه و گه‌ڕان به‌دوای یاساکان به‌بێ ڕه‌چاوکردنی پره‌نسیپی یاسایی بۆ قسه‌کردن له‌بارەی چیرۆکەوە به‌تایبه‌تی ئه‌و چیرۆکانه‌ی (کاروان کاکه‌سوور) ده‌یاننووسێ، پێویست بن (لێرانه‌دا باسی یاسا ده‌که‌م و باسی فيکر ناکه‌م، چونکه یاساکان به‌رهه‌می سۆز و فيکرن و سۆزیش وه‌کو به‌شێکی دانه‌بڕاو له فيکر باسی کراوه).
چیرۆک‌نووس به‌بێ بوونی خوێنه‌ری جدییش ده‌توانێ زۆرجار داهێنان بکا. دژی ئه‌و بۆچوونه‌ی (عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدولا)م که پێی وایە داهێنان ئه‌و کاته ده‌رده‌که‌وێ که ئاماده‌گیی هۆشیارانه‌ی خوێنه‌ر و بیرکردنه‌وه و چێژی خوێندنه‌وه بوونیان هه‌بێت و داهێنان بێ به‌شداریی خوێنه‌ر له‌نگه. (عه‌بدولموته‌لیب) ئاستی داهێنانی به‌ستۆته‌وه به ڕێژه‌ی خوێنه‌ره‌وه. ئه‌و بۆچوونه كوشتنى داهێنانه وه‌کو چه‌مکێک و سه‌ندنه‌وه‌ی ئازادییشه لێی وه‌کو کرده‌یه‌ک. داهێنان پێویستی به ئامۆژگاری و سنوور نییه. ئه‌مه به‌تاڵ کردنه‌وه‌ی وزه‌ی داهێنانی پێ ده‌ڵێن.
چیرۆک وه‌کو ژانرێکی ئه‌ده‌بی، زۆرجار لقی زانستی و فيکری و که‌ڵکه‌ڵه‌ی هزری مۆدێرنی لێ ده‌بێته‌وه. بۆ لێدوان له‌بارەی چیرۆکگه‌لێکی له‌و شێوه‌یه‌وە، ئه‌وه‌نده‌ی پێویستیمان به دۆزینه‌وه‌ی توخمه چیرۆکییه‌کان و لێکۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌کردنی ده‌قه ئه‌ده‌بییه جۆراوجۆره‌کان هه‌یه، دوو ئه‌وه‌نده پێویستیمان به گه‌ڕانه‌وه هه‌یه بۆ ڕووتێکردنی زه‌ینی و سه‌رچاوه فه‌لسه‌فی و ئايينى و ئایدۆلۆژی و کۆمه‌ڵناسی و زانستییه‌کان به‌گشتی. به خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێک چیرۆک، ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ گه‌ردون و نهێنییه گه‌ردونییه‌کان، ئه‌مه بۆ ئه‌و چیرۆکانه‌ی گرنگی به ڕووداوه بینراوه‌کان دەدەن و که‌متر ئیش له‌سه‌ر ئه‌فسانه و خه‌یاڵ ده‌که‌ن، ئه‌و چیرۆکانه سه‌ردێری نزیک له زه‌ینیان هه‌یه. ئه‌و چیرۆکانه‌شی له ده‌ره‌وه‌ی گه‌ردونه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و وه‌کو چیرۆکی ناواقیعی پێناس ده‌کرێن و جێگیرمان ده‌که‌ن له‌ناو ئه‌و فه‌زایه‌ی چیرۆکه‌که‌ی تێدا ده‌خوێنرێته‌وه.
جێگیرکردنه‌که زاده‌ی گه‌ڕان و ئاشکراکردنێکی به‌رده‌وام بووه له سه‌رەتادا، فێره جۆرێک له هۆگریمان ده‌که‌ن به بابه‌ته سه‌یر و نامۆکان و ته‌سک كردنه‌وه‌ی بازنه‌کانی واقیع، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌وه به‌ره‌و کامڵ‌بوونی ئه‌ده‌بیاتمان ببه‌ن, چیرۆکنووسه‌که‌ش هه‌وڵ ده‌دا وه‌کو بۆهیمی یان پێشه‌نگ ده‌ربکه‌وێ. (رۆبه‌رت مۆزیل)ی چیرۆک‌نووس له چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێ: ددان به‌وه‌دا ده‌نێم که ئه‌وه‌ی دیرۆکی نییه، من له به‌رده‌می ڕووداوه واقیعییه‌کاندا نیم، ده‌توانین له‌بری ئه‌وان ڕووداوی تر بگێڕینه‌وه.
(مارکیز)ی ڕۆماننووس له ڕۆمانێكیدا په‌نای بۆ سه‌رچاوه‌ی شێوه‌کاری بردووه. مارکیز له ته‌مه‌نی 9 ساڵیدا گه‌شتێک به‌نێو ڕووباری (مه‌جدۆنیا)دا ده‌کات و له ڕۆمانی (خۆشه‌ویستی له سەردەمی کۆلێرا)دا دووباره بۆ ئه‌و گه‌شته و دیمەنەکانی ئه‌و ڕووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه. (مارکیز) پێی وابوو شێوه‌کاره‌کان وێنه‌ی ڕووباری (مه‌جدۆنیا)یان جوان کێشاوه. (کاروان)یش له‌م چیرۆکه‌دا دیمه‌نه جوانه‌کانی ئه‌وروپا به‌لاوه ده‌نێت و بۆ وێنه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه ڕۆژهه‌ڵات که وێنه مناره‌ی چۆلییه. سه‌ره‌تای چیرۆکه‌که ئاوایه:
له کاتێکدا ده‌ستت له‌ناو قوڕه‌که‌دایه و ده‌ته‌وێت ئه‌سپێک بۆ (ئالان)ی خوشکه‌زات دروست بکه‌یت، خۆشت نازانی بۆ بیر له‌وه ده‌که‌یته‌وه، که تۆ ئه‌وه‌تا وا ته‌مه‌نت له چل تێده‌په‌ڕێت و هێشتا مناره‌ی چۆلیت له نزیکه‌وه نه‌بینیوه.
چیرۆکی (مناره‌ی ئاوه‌دانی)ی (کاروان کاکه‌سوور) ڕاڤەیەکی دیکه‌ی جیاوازی داهێناوه به پشت به‌ستن به زمانی ئۆرگیناڵ. له ڕێگا‌ی چیرۆکه‌که‌وه جیاوازی له نێوان چیرۆکی مه‌عریفی و ئیبداعی و چیرۆکی په‌رپوتدا دەبینین. ده‌قه‌که ورد نووسراوه و ڕه‌چاوی وردبینیی مەعریفی کراوه و پێمان ده‌ڵێ که‌ڵه‌که‌بوونی شته دووباره‌کان ئاماژه‌ن بۆ فيکرێکی ته‌سک و نووته‌ک و سه‌رچاوه‌یه‌کی شێواو و ته‌سلیمبوو به هیچ. (سه‌لامه مو‌سا) که نووسه‌رێکی مسرییه و به‌رهه‌می دیاری هه‌ن، وای داناوه که نابێ نووسه‌ر له ده‌ربڕینه‌کانیدا وردبینی مەعریفی له بواره‌کانی فه‌لسه‌فه، ئه‌ده‌ب، ئه‌خلاق ڕه‌چاو نه‌کا.
چیرۆکه‌که پێشکەش به‌و کەسە کراوە کە وای لە چیرۆک‌نووس کردووە بە ناچاری واز لە یاریی تۆپی پێ بهێنێت. وازهێنان له تۆپی پێ به‌بێ مردنی ئه‌و حه‌زه له ناخدا، وازهێنانه له کرده‌یه‌ک به قسه‌ی جێناوی سه‌ربه‌خۆی که‌سی سێیه‌می تاک، قسه‌یه‌ک هێنده کاریگه‌ریی ده‌بێت، تۆپ ده‌بێته بۆمبێکی دانراوه، به‌ڵام فوتباڵ وه‌کو هونه‌رێکی نزیک له چیرۆک و ئه‌ده‌ب و فيکر و جوانی، له ناخیدا ڕه‌گی خۆی قایمتر ده‌کا:
پێشکه‌شه به‌و هاوڕێ یاریکه‌ره‌م، که له به‌هاری 1982 له ستادیۆمی هه‌ولێر له به‌رچاوی ده‌یان که‌س گاڵته‌ی پێ کردم و پێی وتم: (بڕۆ واز له تۆپ بێنه، چونکه تۆ نه له تۆپ تێده‌گه‌ی و نه‌ده‌زانی شووتی لێ بده‌ی)… هه‌ر به ڕاستی له‌و کاته‌وه من نه‌متوانی یه‌ک شه‌قی تر له تۆپ هه‌ڵبده‌م و وازم له تیمه‌که‌مان هێنا، به‌ڵام ئه‌وە وای لێ نه‌کردم له خه‌یاڵی خۆمدا ده‌ست له یاریی فوتباڵ هه‌ڵگرم.
ئه‌و چیرۆکه قسه‌کردنه بۆ ئه‌ویتر، به‌ڵام هه‌ست به خودئاگایی و بێزاریی نووسه‌ره‌که‌ی ده‌که‌ی له قه‌یرانه‌کان، ئه‌مه‌ش هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌ده‌بیات که ده‌ره‌نجامی قه‌یرانه‌کانن. دوای شکستی شۆڕش، ئه‌ده‌بیاتی کلاسیک له ده‌قه‌کانی (شارل بۆدلێر) و (گۆستاڤ فلۆبیر) چڕ بۆوه که پڕ بوون له کێشه و قه‌یران. (سارته‌ر) باوه‌ڕی به کاریگه‌ریی بیۆگرافی هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌ق و پێی وابوو ئه‌و نووسه‌ره‌ی خودئاگایانه ده‌نووسێ به‌ره‌و جۆرێک له عه‌فه‌ویه‌ت ده‌چێت. من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی سارته‌ر ناکۆکم، به‌تایبه‌تی که ئێستا خه‌ریکم قسە لەبارەی چیرۆکی مناره‌ی ئاوه‌دانییەوە ده‌که‌م و هیچ عه‌فه‌ویه‌تێک نابینم.
(کاروان) باسی قه‌یرانی مه‌مله‌که‌تێک ده‌کا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مه‌مله‌که‌ته. کاتێ ئه‌و چیرۆکه ده‌خوێنینه‌وه و دواتریش ده‌بیستین نووسه‌ره‌که‌ی له (دانیمارک) ده‌ژیێ, تووشی شڵه‌ژان ده‌بین، ئه‌مه‌ش جیاکه‌ره‌وه‌ی چیرۆکی (کاروان)ه له چیرۆکی (شێرزاد حه‌سه‌ن، عه‌تا نه‌هایی، عه‌تا موحه‌مه‌د، یوسف عیزه‌دین و… هتد)
ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له نێوان (کاروان کاکه‌سوور) و (شێرزاد حه‌سه‌ن)دا بکەین، دەبینین (شێرزاد) کێشه‌ی به‌رده‌وامی هه‌یه و نه‌یتوانیوه به هه‌مان هه‌ناسه‌ی (حه‌سار و سه‌گه‌کانی باوکم) درێژه به ئەزموونی نووسینی خۆی بدا، کاتێکیش ده‌گه‌ینه سه‌ر (خه‌ونی جاڵجاڵۆکان و ژنێکی منگن), تووشی نائومێدی ده‌بین. به‌رده‌وامی نه‌بووه‌ته کێشه له به‌رده‌م ئەزموونی نووسینی (کاروان)دا. (به‌ختیار عه‌لی) له شوێنێکدا له‌مه‌ڕ به‌رهه‌مێکی (کاروان)دا پێی وایە ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی (کاروان) باشترین کۆمه‌ڵه چیرۆکیش نه‌بێت که له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایی خوێندوویەتیه‌وه، ئه‌وا بێگومان یه‌کێکه له باشترینه‌کان.
ئێستا که من هاتووم قسە لەبارەی مناره‌ی ئاوه‌دانییەوە ده‌که‌م، ماوه‌یه‌کی زۆر به‌سه‌ر وته‌که‌ی (به‌ختیار)دا تێپەڕیوە، به‌ڵام هه‌مان بۆچوون دووباره ده‌کرێته‌وه.
ناڵێم ئه‌و بۆچوونه‌ی من ته‌واو عه‌قڵانییه، به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ی پێچەوانەکەی نییه. عه‌قڵانیه‌ت له پێناسه کۆنه‌که‌یدا بریتییه له پشتبه‌ستنێکی قایم به عه‌قڵ و نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ واقیع و ئەزموون به مه‌به‌ستی شی کردنه‌وه و گه‌یشتنه ئه‌نجام. مه‌به‌ستی من له عه‌قڵانیه‌ت ئه‌و بۆچوونه ته‌قلیدییه نییه، من باوه‌ڕم به گه‌ڕانه‌وه بۆ واقیع هه‌یه. عه‌قڵانیه‌ت (rationalism) له‌لای (فاروق ڕه‌فیق)، ئه‌و قوتابخانه فه‌لسه‌فیه‌یه که له سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنیته و پێگه‌یشتنی شانبه‌شانی ئەزموونگه‌رایی( empiricism) هاته کایه‌وه. (فاروق) پێی وایە عه‌قڵانیه‌ت ناوێکه بۆ کۆمه‌ڵێک تیۆری جیاواز که خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان باوه‌ڕه به عه‌قڵی مرۆڤ که ده‌توانێ وه‌ڵامی پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ناو کایه‌ی فه‌لسه‌فی بداته‌وه، به‌ڵام من عه‌قڵانیه‌تم بۆ (مناره‌ی ئاوه‌دانی) به مانای گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی هێواش بۆ عه‌قڵ به کار هێناوه و ئه‌و ڕۆڵه گه‌وره‌یه‌م نه‌به‌خشیوه‌ته عه‌قڵی مرۆڤ.
مرۆڤ که تاوه‌کو ئێستا نه‌یتوانیوه له چلۆنایه‌تیی ناخ و نهێنییه‌کانی خۆی بگات، مه‌حاڵه بتوانێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره گه‌ورانه بداته‌وه که فه‌لسه‌فه ده‌یانکات، مه‌به‌ستم له گه‌وره‌یی پرسیاره‌کان له ڕووی قه‌باره‌وه‌یه نه‌ک له ڕووی به‌هاوه. عه‌قڵ لای من چیتر ئه‌و ئه‌رکه قورسه‌ی له‌سه‌ر نییه که (فاروق) و به‌شێکی زۆری فه‌لسه‌فه‌کاره‌کانی ڕۆژئاوا بۆیان دیاری کردووه، به‌تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ست به‌و به‌شه‌ی ئه‌ده‌به‌وه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وان ئه‌و ئه‌رکه به ئه‌رکێکی قورس دانانێن، به‌ڵکو به فاکته‌ری جووڵانە‌وه‌ی عه‌قڵی داده‌نێن, به پێچه‌وانه‌وە من به ماندووکردنێکی بێمانای عه‌قڵی داده‌نێم و هیچی تر. دیسانه‌وه وته به‌ناوبانگه‌که‌ی (کارل مارکس) ده‌هێنمه‌وه: بیرکردنه‌وه لێ ناگه‌ڕێ بژیم.
بۆ قسەکردن لەبارەی ئه‌و ده‌قه‌ی (کاروان)ەوە عه‌قڵم نه‌کردۆته سه‌نته‌ر. ئه‌رکی عه‌قڵ له چیرۆکدا ئاشکراکردنی شته په‌نهان و نادیاره‌کان نییه به پشتبه‌ست به که‌ره‌سته‌ی به‌رجه‌سته. گه‌ر وامان کرد ناچار ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و غه‌ریزانه‌ی قاچێکیان له نادیاره و قاچێکی تریان له دنیادایه، به مه‌به‌ستی فه‌راهه‌مکردنی ژیان و گه‌یشتن به حه‌قیقه‌تی پێویستبوونی بوونی چیرۆک و غه‌ریزه‌ی مانه‌وه.
ئه‌و بۆچوونه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) که پێی وایە ده‌بێ له بەرامبەر بوونی جیهان شیوه‌ن بگێڕین نه‌ک پێبکه‌نین، ڕه‌ت ده‌که‌مه‌وه. شیوه‌ن گێڕان بۆ بوونی جیهان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان که‌م کردنه‌وه‌ی به‌های ئه‌ده‌ب و چیرۆکه، به‌تایبه‌تیش که ئه‌و ئه‌رگۆمێنتانه‌ی شۆپنهاوه‌ر پشتی پێ به‌ستوون، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌رگۆمێنتانه تێک ناگرنه‌وه که من بۆچوونه‌کانی خۆمم پێ سه‌لماندوون له باسه‌کانی پێشترمدا. پێشم وایه بۆچوونه‌کانی شۆپنهاوه‌ر ئه‌نجامی نه‌بوونی هه‌ندێ گوتاری سه‌ره‌کییه.
بیركردنه‌وه وه‌کو یه‌کێک له جدیترین کایه‌کانی مه‌عریفه ناکوژێنمه‌وه و به‌هاى که‌م ناکه‌مه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت پرسیاره ئه‌ده‌بییه‌كان له ده‌ره‌نجامی تێگه‌یشتنی ته‌واو له دنياى ئه‌ده‌ب سه‌رچاوه بگرن.
مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و چیرۆکه تووشی وه‌سوه‌سه‌ی بڕیاردانمان ده‌کا. بۆچوونه‌کانمان له دێرێکیه‌وه بۆ دێرێکی تری ده‌گۆڕێن، کاریگه‌ريی چیرۆکه‌که‌ش له‌سه‌ر خوێنه‌رێک بۆ خوێنه‌رێکی تر جیاوازه. له‌لای (رۆلان بارت) تێکستی نووسراو زیاتر له واتایه‌ک هه‌ڵده‌گرێ و فره‌دیو و فره‌ناوه‌رۆکه. واتاکه‌ی له خوێنه‌رێکه‌وه تا خوێنه‌رێکی تر جیاوازی هه‌یه. (دێریدا) پشت به‌ست به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و شۆڕبوونه‌وه بۆ نێو هه‌یکه‌لیه‌تی زمان و گوتاری سه‌نته‌ریزمی لۆگۆسی خود سه‌نته‌ریدا، به گومان بوو له‌وه‌ی ده‌ق یه‌ک واتا هه‌ڵبگرێ، بەڵکو ڕه‌چاوی خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌ق ده‌کرد. ئه‌مه‌ش بناغه‌ی فه‌لسه‌فه‌که‌ی (دێریدا) و ئه‌و گۆڕانانه بوو که له هزری فه‌لسه‌فیدا ڕوویاندا. به‌مه‌ش زه‌برێکی کوشنده‌ی له بونیادی گوتاری هزری و ئه‌پستمی ڕۆژئاوا دا.
من هه‌ستم به ساده‌بوونه‌وه و ژیان کرد له دنیای نێو چیرۆکه‌که، به پێچه‌وانه‌ی چیرۆکه‌کانی (کافکا) و (جیمز) که دنیا له چیرۆکه‌کانیان وه‌کو شتێکی ئاڵۆز و بێ‌مانا ده‌رده‌که‌وێ. جیاوازیی کافکا له‌گه‌ڵ جێمز له‌وه دابوو، کافکا به دوای مانایه‌ک بۆ دنیا ده‌گه‌ڕا، به‌ڵام جێمز باوه‌ڕی به هیچ نه‌بوو. جیاوازیی دنیای (کاروان) له‌گه‌ڵ هه‌ردووک نووسه‌ر له بوونی مانایه‌که بۆ دنیا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و مانایه سه‌رچاوه‌که‌ی بێمانایيش بێت. کوژرانی (ست ساماڵ) به ده‌ستی (ساماڵ)ی کوڕی و کوژرانی (ڤیان) له‌سه‌ر قسه‌ی باوکی, مانا و ده‌لاله‌ته شاراوه‌کانی دنیایان له پشته، له‌ناو کوشتنیشدا هێشتا دنیا هه‌ناسه ده‌دا. نامه‌وێ (کاروان) له‌گه‌ڵ (کافکا) و (جێمز)دا به‌راورد بکه‌م، به‌ڵکو ده‌مه‌وێ ده‌قه‌کانیان به‌یه‌کدا بده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگا‌ی ئه‌و به‌یه‌کدادانه‌وه مانا مانیفێست بکه‌م. ئه‌و به‌راوردکردنانه ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامیان نه‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ی زیانیان بۆ ده‌ق هه‌یه سوودیان پێ نه‌گه‌یاندووه.
چیرۆکه‌که به دروستکردنی ئه‌سپێکی قوڕینه‌وه ده‌ست پێ ده‌کا. ئه‌سپی قوڕین ده‌کرێ وه‌کو دیاريکه‌ری ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ناکۆمه‌ڵایه‌تی و کاتی چیرۆکه‌که چاوی لێ بکرێ. ڕاسته‌وخۆ بۆ دیاریکردنی کاتی ڕووداوه‌که ئیش نه‌کراوه و بایه‌خ دراوه به لێکته‌نراوی. بۆ ئاشکراکردنی ناوی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیش که (زێره‌ڤان)ه، هونه‌رێکی دیکه به کار هاتووه و چیرۆک‌نووس ڕاسته‌وخۆ نه‌یگوتوه کاره‌کته‌ره‌که‌مان (زێره‌ڤان)ی ناوه:
ئه‌گه‌رچی تۆ تاکه ڕیزێرڤ نه‌بوویت، به‌ڵام ئه‌و ناوه ته‌نها به‌سه‌ر تۆدا بڕا و هه‌ر ئاوا بانگ ده‌کرایت… سه‌ره‌تا وات ده‌زانی وشه‌که هه‌ندێک له ناوی خۆته‌وه نزیکه، یان با بڵێین له‌نێوان (ریزێرف) و (زێره‌ڤان)دا زۆربه‌ی پیته‌کان هاوبه‌شن…..
گرنگترین ئه‌و چه‌مکانه‌ی په‌یوه‌ستن به ده‌قه‌که‌وە:
ئه‌و کاته‌ی چه‌مکه‌کان جگه له مانا بنه‌ڕه‌تیه‌کانیان مانایه‌کی دیکه‌ی دوور له مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆیانیان پێ ده‌درێ، جۆره گه‌مه‌یه‌کی زمانه‌وانی دێته پێشه‌وه و چێژێکی ئه‌ده‌بی ده‌به‌خشێ. وشه‌ی (mach) که به مانای یاریی نێوان دوو تیم دێت، نزیک کراوه‌ته‌وه له وشه‌ی (ماچ)ی کوردییه‌وه. وشه‌ی (coach) که به‌مانای ڕاهێنه‌ر دێت، په‌یوەندییه‌کی ئه‌ده‌بی بۆ دروستکراوه له‌گه‌ڵ وشه‌ی (کۆچ)ی کوردی. کۆمه‌ڵه چه‌مکێکیش زه‌ق کراونه‌ته‌وه:
- ترس و چێژ:
لە دەقەکەدا په‌یوەندییه‌ک له نێوان ترس و چێژدا هەیە. لە ترسان له‌و چیرۆکانه‌ی باسی مناره‌ی چۆلی ده‌که‌ن تا ترسان له (ست ساماڵ) که مامۆستایه له یه‌کێ له قوتابخانه‌کانی کچان و به‌هۆی له سێداره‌درانی مێرده‌که‌یه‌وه به به‌رده‌وامی جلی ڕه‌ش ده‌پۆشێ، هاوکات چێژ وه‌رگرتن له لایه‌نێکی چیرۆکه‌کان و جوانیی (ست ساماڵ). نه‌ترسان نیشاندانی ئادگاری مرۆڤی ڕاسته‌قینه نییه.
لای من شتێک نییه به ناوی مرۆڤی ڕاسته‌قینه و مرۆڤی وه‌همی. (میشێل فۆکۆ) به‌هۆی ئه‌و ڕه‌خنه به‌هێزانه‌ی ئاڕاسته‌ی کران، خه‌ڵکی له فه‌لسه‌فه ڕادیکالییه‌کان دوور خسته‌وه، پێی وابوو شێته‌کان مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ن، چونکه شێت دەرک به‌و مه‌عریفه‌یه ده‌کا که گه‌یشتن پێی ئه‌سته‌مه و شێتیی له دیارده‌یه‌کی پزیشکییه‌وه کرد به دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی.
بۆچوونی من زیاتر له وته‌که‌ی (پاسکال)ه‌وه نزیکه که پێی وابوو شێته‌کان تا ئه‌ندازه‌یه‌ک شێتن، نکوڵیکردن له‌و شێتییه بۆ خۆی جۆرێکی تره له شێتی. (فۆکۆ) ده‌ڵێ: شێتيی هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیب له‌ودیو خه‌یاڵدانیه‌وه خۆی مه‌ڵاس داوه. (زێره‌ڤان) شێت نییه و چیرۆکه‌که‌ش شێتانه شێتیی نه‌گێڕاوه‌ته‌وه. بوونی هه‌ر ڕه‌فتارێکی شێتانه‌ش له چیرۆکه‌که‌دا په‌یوەندیی به‌و ترس و چێژه‌وە هەیە کە پێشتر باسمان کرد، نه‌ک به ڕاده‌ی ژیری و پیاوبوونه‌وه. - بوون:
فيکری (هایدگه‌ر) به ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی ئایدیاکانی (دیکارت) ده‌ست پێ ده‌کا. کاریگه‌ریی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه و میتافیزیکی ڕۆژئاواییدا هەبوو. به به‌رده‌وامی ده‌یپرسی: بوون چییه؟ ئه‌و پرسیاره‌ی له سه‌رده‌می (سۆكرات)ه‌وه تا سه‌رده‌می (دیکارت) به لاوە نرابوو. (هایدگه‌ر) ئاماده‌گیی تێدا نه‌بوو ده‌ست له‌و پرسیاره هەڵگرێت و ده‌یگوت ئه‌و که‌سه فه‌یله‌سوف نییه پرسیاری زۆر و زه‌به‌ند ده‌ورووژێنێ و به‌بێ وه‌ڵام ده‌یانهێڵێته‌وه، ئه‌و که‌سه فه‌یله‌سوفه که هه‌موو ژیانی بۆ تاكه پرسیارێک ته‌رخان ده‌کا.
ئه‌نتۆلۆجیا له فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخدا به‌های بۆ گه‌ڕایەوه. باسی بوون باسێکی قووڵه و گێڕانه‌وه‌ی مه‌حاڵه، به‌بێ بوونی پێناسه‌یه‌کی گشتیی بوون (وجود) و عه‌ده‌ممان کردبێت به دژی یه‌کترمان داناون. مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌مکه له چیرۆکه‌که‌دا مامه‌ڵه‌یه‌کی تایبه‌تییه. (ئه‌رستۆ) پێی وایە بوون گشتگیرترین و هه‌مه‌کیترینه و ده‌کرێ به فه‌لسه‌فه‌ی یه‌که‌م ناوی ببه‌ین وه‌کو جیاکارییه‌ک له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی دووه‌م که زانستی سرووشته. له چیرۆکه‌که‌دا باسی بوون و په‌یوەندیی مردووه‌کان به‌م دنیایه‌ی ئێمه‌وه و هێنانه‌وه‌ی مردووه‌کان له مناره‌ی چۆڵی هاتووه. - کۆمه‌ڵایه‌تیبوون:
ئه‌گه‌ر چیرۆک‌نووس بکه‌وێته نێو نه‌ستی کۆوه، مانای وا نییه که‌وتبێته ژێر کاریگه‌ریی فیکری مێگه‌ڵ و کۆنه‌پارێزانەوە. نزیکبوون له که‌سێک یان که‌شێک مانای تێگه‌یشتن نییه لێی. (فوئاد ڕفقه)ی شاعیری لوبنانی که وه‌رگری خه‌ڵاتی گۆته‌یه ده‌ڵێ من زۆر له گۆته‌وه نزیک بوومه، به‌ڵام لێی تێنه‌گه‌یشتم، چونکه ده‌توانم له فه‌یله‌سوف، شاعیر، زانا، پیاوی یاسایی تێبگه‌م، به‌ڵام تێگه‌یشتن له که‌سێک که هه‌موو ئه‌وانه‌ی له خۆ گرتووه، ئه‌سته‌مه. مناره‌ی ئاوه‌دانی په‌یوەندیی به‌و که‌شوهه‌وا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وە هەیە کە نووسه‌ر تێیدا ژیاوه، پێچه‌وانه له‌گه‌ڵ بڕێک له فه‌یله‌سوفه‌کان که پێیان وایه په‌وەندیکردنی به‌ها ڕۆحییه‌کان به ئه‌ده‌بیشه‌وه به ڕووداوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، مانای تێگه‌یشتی لاوه‌کیی ئه‌و به‌هایه ده‌گه‌یه‌نێ. - ئه‌وین:
ستوونێکی ئامادده‌یه له ده‌قه‌که‌دا، ئه‌وه ئه‌وین بۆ مناره‌ی چۆلییه وا له (زێره‌ڤان) ده‌کا، ده‌ست له دروستکردن هه‌ڵبگرێ و به‌ره‌و دروستکراوێک که مناره‌که‌یه بچێت. ئه‌وین په‌نهانه له تێکسته‌که، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ بوونی نه‌بێت. دیاریکردنی جۆری ئه‌و ئه‌وینه تۆزێک زه‌حمه‌ته. (ستاندال) عيشق پۆلێن ده‌کا بۆ جۆره‌کانی: عیشقی په‌رۆشی, عیشقی جوانیناسانه aesthetic love)), عیشقی فیزیکی (عاشقبوون به جه‌سته).
ئه‌وینی (زێره‌ڤان) له جۆری یه‌که‌مه‌وه نزیکه. دوای چل ساڵ ئه‌وينى بینینی مناره‌ی چۆڵی له نزیکه‌وه له‌لای سه‌رهه‌ڵده‌دا، ئه‌مه‌ش کۆکه له‌گه‌ڵ (سپیونزا) که پێی وابوو ئه‌وین ده‌بێت ئاسووده‌ییه‌کی پشت به‌ستوو به مه‌عریفه و هۆکاره‌کانی بێت. جوانی وه‌کو هۆکارێکی مه‌عریفه، به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌ست بوونی نییه، بەڵکو بینینی به‌ستراوه‌ته‌وه به شته وه‌همی و به‌رجه‌سته‌کان به ده‌قیشه‌وه که له نێوان وه‌هم و به‌رجه‌سته‌کاندایه. مه‌رج نییه له‌ناو هه‌موو جوانییه‌کدا ویست له‌ناو بچێت. - خۆکوشتن:
ئایا خۆکوشتن له‌نێو چیرۆکدا تاوانه یان هه‌ڵه‌یه؟ تازه‌گه‌ریی ڕۆژئاوایی له‌سه‌ر فه‌ردانیه‌ت وه‌ستاوه و ئه‌و فه‌ردانیه‌ته ژنیشی گرتۆته‌وه, فه‌ردانیه‌ت كه زۆرجار وێستگه‌ی گه‌یشتنه به خۆكوشتن. ڕه‌خنه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) له یه‌هودگه‌رایی و زانا یه‌هودییه‌کان له‌وه‌دایه، خۆکوشتنیان حه‌رام کردووه به‌بێ ئه‌وه‌ی له کتێبه‌کانیاندا حه‌رام یان حه‌ڵاڵ کرابێ.
به‌ڕای (شۆپنهاوه‌ر) خۆکوشتن ڕێگره له به‌رده‌م زاڵبوونی مرۆڤ به‌سه‌ر ویستدا، به‌ڵام هه‌مان بۆچوونی (ئه‌رستۆ) و (ژان ژاک ڕۆسۆ) و (زه‌ینۆن)ی هه‌یه که هه‌ر کاتێ مرۆڤ له هه‌موو لایه‌که‌وه پاڵی پێوه بنرێت بۆ خۆکوشتن و ئیتر ژیان بۆ ئه‌و قه‌فه‌سێکی داخراو بێت، ده‌کرێ خۆی بکوژێ. (شۆپنهاوه‌ر) خۆکوشتنی به تاوان دانه‌ناوه و به هه‌ڵه‌ی داناوه.
(ئه‌میل دۆرکهایم) بۆچوونێکی تا ڕادده‌یه‌ک نزیکی هه‌یه له (شۆپنهاوه‌ر). ئه‌و له کتێبی (خۆکوژی)دا خۆکوشتن به کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانەوە دەبەستێتەوە. (فرۆید) ده‌یگوت خۆکوشتن سه‌ره‌تای له دایک بوونه. به بۆچوونی من بۆی هه‌یه ئه‌و تێزه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) بۆ ده‌قه ڕۆژئاواییه‌کان قسه هه‌ڵبگرێ، به‌ڵام بۆ چیرۆکه ڕۆژهه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌تایبه‌تی ئه‌و چیرۆکانه‌ی (کاروان کاکه‌سوور و سادقی هیدایه‌ت و مه‌حمود ده‌وڵه‌ت ئابادی و عه‌زیز نه‌سین و….. هتد) ده‌یاننووسن بایه‌خی نابێت، مه‌گه‌ر نووسه‌ر بیه‌وێ له ڕێگا‌ی خۆکوشتنه‌وه به‌های خۆکوژه‌که دیاری بکا، بیه‌وێ له ڕێگا‌ی کوژرانی ژیانه‌وه جوانیی ژیان پێشان بدات (ماناکه‌ی).
ژن:
ژن له چیرۆکه‌که‌دا یه‌کسانه به (ڕۆح و جه‌سته). له ده‌قه‌که‌دا ته‌نیایی وه‌رسکه‌ره، به‌ڵام ته‌نیایی ژن کوشنده‌یه. ته‌نیایی کوشنده به مانای مانه‌وه‌ی ته‌نها له‌گه‌ڵ خود نایه‌ت، به مانای سڕبوون و متبوونی ئه‌به‌دی دێت. ژنی سڕبوو ته‌نیایه، به‌بێ ئه‌وه‌ی حه‌ز له‌و ته‌نیاییه بکا یان بیری لێ کردبێته‌وه. (ست ساماڵ و ڤیان) دیارترین نموونه‌ن. بیرکردنه‌وه له ژن به‌رهه‌می مه‌عریفه‌یه، واته ئه‌وه مه‌عریفه‌یه ئه‌و ڕۆڵه ده‌گێڕێ که ژن وه‌کو کێشه سه‌یر بکرێ.
ژن وه‌کو کێشه له به‌رده‌م ئاراسته‌کردنه ناڕه‌واکانی پیاودا هاتووه. ده‌قه‌که پێمان ده‌ڵێ: به‌هۆی بوونی ناکۆکییه فيکری و جیاوازییه میتۆدییه‌کانی نێوان ژن و پیاو، کاره‌کته‌ری ژن له‌لای به‌شێکی گه‌وره‌ی پیاوانی دنیا، خه‌سڵه‌تی عیشقه مۆدێل و خودی پێ دراوه و زۆرجاریش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه په‌راوێز خراوه.
تاقی کردنه‌وه و ته‌فسیرکردنی ڕه‌وتی ئایدیاکانی ژن، له ڕێگا‌ی دنیابینی و مه‌رام و نیازی لۆژیکناسه پیاوه‌کانه‌وه، زوڵمێکه بەرامبەر ژن ئه‌نجام ده‌درێ. پیاو قه‌ت له ژن و چلۆنایه‌تیی ناخ و کێشه و مه‌عریفه‌ی ژن تێ ناگا، ئه‌گه‌ر له‌و بازنه کۆنه‌ی هه‌یه‌تی ده‌رنه‌چێت و بڕیاره‌کانی باکگراوندێکی ژنانه له‌خۆ نه‌گرن. له کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاری، فلته‌رێک نییه به‌شێک له حه‌قیقه‌تی ژنبوونی له‌خۆ گرتبێت، بۆیه بۆچوونه دروسته‌کان ده‌بنه دۆگما. له‌و وڵاتانه‌ی نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان تێکه‌ڵبوونه و وڵات به‌ره‌و پلورالیزمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی چووه، مه‌ودای نێوان ژن و پیاوی هاونه‌ژادی و هاونیشتیمانی له کشاندایه. هۆی تر که ڕۆڵیان هه‌بووه له دروستبوونی ئه‌و مه‌ودایه، لاوازبوونی ئینتیمایه بۆ ڕابردوو و تڕادسیۆن و هۆشیاريی مێژوویی.
به‌گشتی له دیدی تاکه‌کانه‌وه، جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه له نێوان ئه‌و ژنانه‌ی بوونه به دایک له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی هێشتا نه‌بوونه‌ته دایک. ئه‌و جیاوازییه له چیرۆکه‌که‌دا هاوار ده‌کا. زۆرن ئه‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌ی ئافره‌تیان به شه‌یتان داناوه و باسی دایکی خۆیانیان وه‌کو فریشته‌یه‌ک کردووه که هیچ وزه‌یه‌کی ئه‌هریمه‌نی تێدا نییه. ئه‌مه له وتاری (دایکانێکم هه‌ن، میهره‌بانترن له گه‌ڵای دره‌خت…)ی (ڕێبوار سیوه‌یلی) له په‌رتووکی (نه‌ته‌وه و حیکایه‌تدا) به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ.
-حه‌قیقه‌ت:
چیرۆکه‌که فه‌زا و زه‌مینه‌ی ئازاد و فره‌ڕه‌نگ له ناخی بونیاد و ستراکچه‌ره‌کان ڕه‌نگرێژ ده‌کا و ڕووگه جياوازه‌كان که‌شف ده‌کا له خه‌یاڵگه و ژێرخانی ئه‌ده‌بیدا. گه‌ره‌کیه‌تی دیدگا و ڕوانینێکی ترمان پێ ببه‌خشێ بۆ چیرۆک. ده‌قه‌که بۆته ئه‌و فه‌زا ڕوونه‌ی تێیدا حه‌قیقه‌ت بۆ نێو بیری وه‌هم شۆڕ ده‌بێته‌وه، تاوه‌کو حه‌قیقه‌تی گه‌وره له گۆشەیه‌کدا به‌رجه‌سته ببێت. زۆربه‌ی که‌ناڵه‌کانی گه‌ره‌کیانه خۆیان به جیاوازگه‌ری و ئيستێتیكا و زه‌خره‌فه و سحر بارگاوی و لێورێژ بکه‌ن.
دواجار هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه پاشکۆی شتێکی گرنگ که داهێنانه. ده‌قه‌که سێ قاچی هه‌یه، قاچی یه‌که‌می له ڕێگا‌ی ئاشکراکردنی بچمی ڕاسته‌قیه‌نه‌ی حه‌قیقه‌ته‌وه به‌رده‌وامی به خۆی ده‌دا، واقیع به ژیرییه‌وه ڕاڤه ده‌کاته‌وه، ئه‌و قاچه ده‌که‌وێته نێو فه‌زایه‌کی یۆتۆپی و وه‌همییه‌وه. قاچی دووه‌می له عه‌قڵدا ڕه‌گی خۆی داکوتاوه و په‌رده له‌سه‌ر واتا ئابڕووبه‌ره‌کان و کۆد و مه‌رجه کۆنکرێتییه‌کان و مۆرالییه‌ت و ئاکاری خه‌سێنه‌ر و سکێچه ته‌ماوییه‌کان و ئه‌و بیمارستانه‌ی تێیدا نامرین، لاده‌دا. نه‌مردن جیایه له ژیان، نه‌مردن جۆرێکه له ژیانکردنی خاڵی له جوانی. قاچی سێیه‌می نادیاره و نازانرێ ده‌که‌وێته کوێ, به‌ڵام ئاماژه‌کان پێمان ده‌ڵێن بوونی هه‌یه.
زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی کورد هه‌رکه گوێیان لە ناوی (سادقی هیدایه‌ت) ده‌بێت، وێنه‌ی که‌سێکی ڕه‌شبین له ژیانیان دێته به‌رچاو که خۆی و کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی نێو یه‌کێک له چیرۆکه‌کانی به غاز ده‌خنکێنێ، بەڵام له‌و چیرۆکه‌ی (کاروان)دا حه‌قیقه‌ت هێشتا گه‌شه و تا ئه‌و شوێنه بڕ ده‌کا که درۆکان ده‌ست پێده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ چه‌مکی حه‌قیقه‌تدا، (کاروان) سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه.
ئه‌فسانه (fable):
جیاوازی له نێوان ئه‌فسانه و حه‌قیقه‌تدا ئه‌وه‌یه، ئه‌میان حه‌قیقه‌ت ده‌بینێ و ئه‌ویان ئه‌فسانه. ئه‌فسانه جیاوازه له درۆ, چلۆنایه‌تیی حه‌قیقه‌ت ڕێژه‌ی ئه‌و جیاوازییه دیاری ده‌کات. یۆتۆپیا نزیکتره له ئه‌فسانه وه‌ک له درۆ، به‌ڵام یه‌کسان نییه پێی. ئه‌فسانه‌کان هۆکار بوون بۆ مانه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته‌کان له‌ناویشیان حه‌قیقه‌تی جه‌نگه‌ڵستان (خورانی بێهێز له‌لایه‌ن به‌هێزه‌کانه‌وه). ڕاسته‌قینه‌کان ئه‌فسانه‌کانیان داهێناوه نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه، مرۆڤ (human) وه‌کو ڕاسته‌قینه‌یه‌ک له ئه‌فسانه‌وه نه‌خوڵقاوه.
(که‌مبڵ) پێناسه‌ی ئه‌فسانه‌ی گۆڕی له گه‌ڕان به‌دوای مانا بۆ ئەزموونکردنی مانا. (که‌مبڵ) داوا ده‌کا ئه‌فسانه‌ی گه‌لانی دنیا بخوێنینه‌وه نه‌ک ئه‌فسانه‌ی ئایینه‌کانی خۆمان، گوایه فێرمان ده‌که‌ن چۆن بۆ ناخ بگه‌ڕێینه‌وه. چیرۆکی (مه‌سیح) له ئینجیل‌دا داوای قه‌بوڵکردنی مه‌رگمان لێ ده‌کا، مه‌رگی مه‌سیحی کوڕی خودا. (جۆزیف که‌مبڵ) له چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ (بیڵ مویز)، مه‌رگی (مه‌سیح) به سه‌ره‌تای گه‌یشتن به ئازادی ناوده‌با، به‌ڵام ئه‌و مه‌رگه سه‌رەتای سه‌فه‌ری ئازادییه به که‌شتیی ژیان بۆ وڵاتی ونبوون.
دابه‌شکردنی ئایین (religion) به‌سه‌ر جومگه‌کانی (بیروڕا و ڕیچوەڵ و ئه‌فسانه) یه‌کانگیر نییه له‌گه‌ڵ بۆچوونی من. ئه‌فسانه‌کان بچووکترین پنتیان له‌ناو هه‌ر ئایینێکدا هه‌بێت خۆی زاڵ ده‌کا به‌سه‌ر بیر‌ورا و ڕیچوەڵ و کۆی هه‌یکه‌لیه‌تی ئایین، دواجار ئایین ده‌بێته هاوواتای ئه‌فسانه. ئه‌گه‌ر له دیدێکی ئه‌ده‌بی سادده‌وه ئه‌فسانه پۆلێن بکه‌ین، ئاوای لێ دێت:
1: ئه‌فسانه‌ی نێو ده‌قه‌کان (چیرۆک، شیعر، ڕۆمان و هتد)، بۆ نموونه له (دۆن کیشۆت)ی (سێرڤانس)دا ئه‌فسانه‌یه‌ک هاتووه:
خودا له‌سه‌ره‌خۆ وازی له عه‌رشه‌که‌ی هێنا و بووه فه‌رمانڕه‌وای گه‌ردوون، خێر و شه‌ڕی جیا کرده‌وه، شته‌کانی مانادار کرد. (دۆن کیشۆت) له ماڵه‌که‌ی هاته ده‌ره‌وه و جیهانێکی بینی که نه‌یده‌توانی بیناسێته‌وه. جیهان له ونيی ده‌سه‌ڵاتی باڵادا، سه‌رله‌نوێ ده‌ستی پێکرده‌وه. تاقه حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها ته‌قییه‌وه بۆ چه‌ندین حه‌قیقه‌تی ڕێژه‌یی و خه‌ڵکی له نێوان خۆیاندا ده‌ستیان به دابه‌شکردنی کرد.
لێره‌وه جیهانی نوێ و له‌گه‌ڵیشیدا ڕۆمان په‌یدا بوو که وێنه‌ی ئه‌و جیهانه‌یه. ڕه‌خنه‌گران وه‌کو ئه‌فسانه‌ی ده‌ره‌وی ده‌ق که جۆری دووه‌می ئه‌فسانه‌یه و دواتر قسه‌ی لێوە ده‌که‌ین، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌فسانه‌یه کردووه. هه‌ندێکیان به ڕه‌خنه‌یه‌کی عه‌قڵانی له ئایدیالیزمە شێواوه‌که‌ی (دۆن کیشۆت)ی داده‌نێن، که‌چی هه‌ندێکی تر به ستایشکردنی ئه‌و ئایدیالیزمه ناوی ده‌به‌ن. هه‌ردوو بۆچوونه‌که هه‌ڵه‌ن، چونکه وه‌کو شتێکی ئاکاری مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌که‌دا کردووه نه‌ک له چوارچێوه‌ی ده‌قدا.
بۆچوونه‌کانی (ئه‌دمۆند هۆسرل) گرنگیی خۆیان هه‌یه که فه‌یله‌سوفێکی ئه‌ڵمانی سه‌دده‌ی بیسته‌مه و دامه‌زرێنه‌ری فینۆمینۆلۆجیایه و دوای ئه‌وه‌ی (هایدگه‌ر) ده‌بێته سه‌رۆکی زانکۆی فرایبۆرگ له‌ژێر ترسی نازییه‌کان ناوی (هۆسرل) له لیستی مامۆستایانی زانکۆکه لا ده‌دا.
2: ئه‌فسانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق، ئه‌میشیان دوو لقی لێ ده‌بێته‌وه: (ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قن، به‌ڵام له ڕێگا‌یه‌که‌وه ده‌چنه‌وه سه‌ری) و (ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی سه‌ر به سه‌ده‌یه‌کی تر و گه‌لێکی تر و دنیایه‌کی ترن)
له‌ناو ده‌قی (مناره‌ی ئاوه‌دانی)دا ئه‌فسانه ڕووه و حه‌قیقه‌ت مل ده‌نێ و هێنده‌ی نه‌ماوه بگاته لای، له ده‌ره‌وه‌شی ئه‌فسانه کۆنه کوردییه‌کان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی مۆرکی شه‌ڕ و ئاواره‌بوونیان پێوه‌یه خۆیان لێی نزیک ده‌که‌نه‌وه و گه‌ره‌کیانه ده‌ستی ته‌وقه‌ی بۆ درێژ بکه‌ن.
حاڵه‌ته‌کان:
له فه‌زای چیرۆکه‌که‌دا حاڵه‌ته هه‌ستییه‌کان، حاڵه‌ته نه‌ستییه‌کان، سه‌لماندنی ترسناک و جدییه‌تی ڕێساکان و شتی تریش له‌سه‌ر خوانی ئه‌ده‌بدا کۆ بوونه‌ته‌وه.
دژه‌کان به‌یه‌که‌وه لکاون و وه‌کو ته‌واوکه‌ر و ئاسایی ده‌بینرێن. نووسه‌ر خودی خۆی پیرۆز و ئه‌وی تری کافر نه‌کردووه، له هه‌ندێ شوێنی ده‌قه‌که خود و بەرانبەره‌که‌یت بۆ جیا ناکرێته‌وه. نووسه‌ر له دنیای چیرۆکه‌که‌دا که جیایه له دنیای ڕاسته‌قیه‌نه، خودێکه باوه‌ڕی به به‌یه‌که‌وه ژیان و ڕای بەرامبەر هه‌یه.
(تۆماس هۆبز)ی فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی که ململانێ گرێ ده‌دا به چاکسازیی خود و باوه‌ڕی وایه ژیان بریتییه له ململانێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌سه‌ڵات و ئه‌وه مردنه کۆتایی به‌و ململانێیه ده‌هێنێ. قسەکردن لەبارەی به‌یه‌که‌وه ژیانەوە بۆ خۆی فه‌لسه‌فه‌یه‌کی فره ڕه‌هه‌نده. (دۆن کیشۆت) توانای دروستکردنی په‌یوەندیی نه‌بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا، بۆیه ته‌نها له خه‌یاڵی خۆیدا پاڵه‌وان بوو. (دۆن کیشۆت دالامچا) هه‌ڵناکا له‌گه‌ڵ بۆچوونی جیاواز و ئه‌و دنیا قازانجخواز و بێڕه‌حمه مۆدێرنه‌دا. (فۆکۆ) پێی وایە (دۆن کیشۆت) دابڕانێکی ئه‌پسمۆلۆژیی تازه‌یه.
نموونه: ئێوه له‌ودیو ده‌رگای ژووره‌که‌م دانیشتون و خه‌ریکی قاوه خواردنه‌وه‌ن. یه‌کێک له ئێوه با‌نگم ده‌کا: خه‌ریکی چی؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم: چایه ده‌خۆمه‌وه. به‌بێ ئه‌وه‌ی منتان لێ دیار بێت و په‌رداخه چایه‌که‌متان بینیبێت، هه‌ر یه‌که‌تان وێنه‌یه‌کی لا دروست ده‌بێت. یه‌کێکتان چایه‌که له نێو ئیستیکانێک ده‌بینێت، دووه‌متان له‌نێو ژێرپیاڵه، سێیه‌متان له نێو قۆریی چا، ئیتر به‌و جۆرانه. په‌یوه‌ندی هه‌یه له نێوان چایه‌ی به‌رده‌می من و ئه‌وه‌ی نێو خه‌یاڵدانی ئێوه. له بازنه‌ی ئه‌و ڕێساگه‌لانه و ده‌قه‌که‌ی (کاروان)دا به ڕه‌وای ده‌بینم ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌ندێک حاڵه‌ت ڕێکبکه‌وین که پێشتر هه‌موومان نه‌مانبینیبێ ته‌نها یه‌ک دووانێکمان بینیبێتیان.
زمان (language):
له کتێبی (ویستی هێز- The will to power)دا که ڕاڤه له‌پاڵ میتافۆڕه، (نیتشه) نووسیویه‌تی: تاقه شوێنی بیرکردنه‌وه فۆڕمی زمانه، ئه‌گه‌ر ڕازی نه‌بین، چیتر بیرناکه‌ینه‌وه.
زمان ئه‌و کاته ئه‌و ڕۆڵه ده‌بینێ که په‌یوەندییه‌کی سازگار ته‌رخان بکرێت له نێوان تێکست و ڕاڤه‌کاردا. (گادامێر) چه‌مکی پێکه‌وه‌بوونی بۆ مانیفێستکردنی هه‌مبه‌رێتیی نێوان ڕاڤه‌کار و ده‌ق به‌کار هێنا. (ریکۆر) ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به شێوه‌یه‌کی به‌رفراوانتر ده‌ربڕی. زمانی چیرۆکه‌که سه‌رکه‌وتوو بووه و بووه‌ته شوێنی بیرکردنه‌وه به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ستبوونه زۆره به ڕووداوه‌کانه‌وه. له کتێبی (حه‌قیقه‌ت و میتۆد)ی (گادامێر)دا هاتووه که باسه‌که‌ی (شلایر ماخێر) له‌مه‌ر هێرمێنۆتیک و هونه‌ری ڕاڤه ناسینی تێگه‌یشتنی باش (good) و خراپ (bad)، ڕاڤه‌کردنی ده‌ق به‌ره‌و باشتر تێگه‌یشتنمان ده‌بات. (کاروان) خولیایه‌کی زۆری هه‌یه و زمانی ده‌قه‌که‌ی نه‌کردووه به سیمبولێکی خه‌یاڵاوى.
(فرۆید) له (راڤه‌ی خولیاکان)دا جیاوازی کردووه له‌نێوان زمانی خولیا و زمانی سیمبولێکی خه‌یاڵپه‌روه‌ری، پێی وایە ئه‌وه‌ی دووه‌میان زمانێکی ناکارایه.
(لامارتین) له‌وه ناره‌حه‌ت بوو که زمان له توانایدا نییه گوزارشت له هه‌ڵچونه‌کانی بکا. ده‌قی ئه‌ده‌بی له یه‌که زمانییه‌کان پێکهاتووه. ڕاسته شیکردنه‌وه‌ی هونه‌ری به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆر و میتۆده‌کانی زمان‌ناسی ڕێگایه‌کی ئاسانه، وه‌لێ جوان نییه. فۆرمالیسته‌کان و پێکهاته‌گه‌رایه‌کان شیکاری ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کانیان متمانه‌ی تێدا نه‌بوو، مامه‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌مزییان له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌کانی دیکه ده‌کرد، ئه‌وه‌ی له بواره‌کانی (سینه‌ما و وێنه و مۆسیقا و بیناسازی و کایه جیاوازه‌کانی تر) بۆمان ماوه‌ته‌وه شتێکی ڕه‌مزییه. من نه‌گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ ئه‌و بیردۆز و میتۆدانه له‌کاتی قسەکردن لەبارەی ئه‌و ده‌قه‌وە کە په‌نجه‌مان له‌سه‌ر شل کردووه.
پۆلێن‌کردنی ئه‌ده‌بیات له ئامانجه‌کانی نووسه‌ره. نها ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌ده‌بیاتی کوردی پۆلێن بکه‌ین به‌م جۆره‌ی لێ دێ:
1/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی مرۆڤێک له خۆیاندا هه‌ڵده‌گرن، له کۆتاییشدا ده‌یخنکێنن, مرۆڤه‌که ته‌کنیکه.
2/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی سیحربازێک له خۆیان هه‌ڵده‌گرن، سه‌ره‌نجام ده‌یسووتێنن, سیحربازه‌که زمانه.
3/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی پڵنگێک له‌خۆ ده‌گرن، دواجار که‌وڵی ده‌که‌ن, پڵنگێک ناوی ڕۆشنبیرییه.
که‌م ده‌قی ئه‌ده‌بی هه‌یه (زمان و ته‌کنیک و ڕۆشنبیریی ئه‌ده‌بی) به‌یه‌که‌وه گرێ بدا. زاراوه‌ی ئه‌ده‌ب به کردار پێناسه نه‌کراوه. ئه‌دیبه‌کانمان به ئه‌ده‌بێک ده‌ڵێن داهێنان که هێشتا باڵق نه‌بوه (خۆی نه‌ناسیوه). (کاروان) له‌م ده‌قه‌دا کاری بۆ ئه‌و گرێدانه کردووه. - کورت‌بڕی:
درێژدادری ئه‌نفله‌وه‌نزای ئه‌ده‌به. وشه ڕیزکردن به مه‌به‌ستی دروستکردنی ڕسته، ڕسته ڕیزکردن به مه‌به‌ستی دروستکردنی بابه‌ت، لایه‌نی خراپی نووسین پێشان ده‌ده‌ن. (خوان ڕۆڵفۆ)ی نووسه‌ری به‌ناوبانگی مه‌کسیکی، به ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ) که له 150 لاپه‌ره زیاتر نه‌بوو، بوو به یه‌کێک له گه‌وره‌ترین ڕۆماننووسه‌کانی دنیا و دوای ئه‌و ڕۆمانه‌ش بۆ ئه‌به‌د ده‌ستی له نووسین هه‌ڵگرت.
ڕۆمانه‌که له جه‌وهه‌ردا (300) لاپه‌ڕه بووه و له(150) لاپه‌ڕه‌دا چڕ کراوه‌ته‌وه. (ئۆکتاڤیۆ پاژ) که نزیکترین هاوڕێی (ڕۆڵفۆ)یه وه‌ها باسی ده‌کا: بۆ (ڕۆڵفۆ) بێده‌نگی کوشنده بوو، هاوڕێکانی داوای ڕۆمانی تازه‌یان لێ ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌و وا هه‌ستی ده‌کرد هه‌موو شتێکی له (پیدرۆ پارامۆ)دا گوتووه.
(مالارمێ) نه‌یگوتووه ئه‌ده‌ب ماندووکردنی پیته‌کانه، بەڵکو ئه‌و ده‌یگوت “ئه‌ده‌ب په‌ره‌پێدانی پیته‌کانه”. ئه‌و کاته‌شی (بلانشۆ) ده‌ڵی: گرنگ نییه چی ده‌نووسی؟ دووباره‌کردنه‌وه گرنگه وه‌ک ئه‌وه‌ی یه‌که‌مین جار بێت نووسیبێتت، پره‌نسیپێکی دیاریکراو هه‌یه ته‌واو جیاوازه له‌و پره‌نسیپە‌ی درێژدادڕه‌کان ئیشیان له‌سه‌ر کردووه. درێژدادڕی جیایه له زۆرنووسین. باسی زۆرنووسینی (نیتشه) ده‌کرێ. نووسین بۆ ئه‌و گوزارشت نه‌بووه له فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ئه‌بستراکت، ئیشی له‌سه‌ر دامه‌زراندن نه‌کردووه، به‌ڵکو کاری ئه‌و سه‌ره‌ولێژکردنه‌وه‌ی ماناکان بوو، بۆیه وه‌کو داهێنه‌ری میتۆلۆجی چاوی لێ ده‌کرا، تا ئه‌و کاته‌ی (هایدگه‌ر) هات و وه‌کو دوا فه‌یله‌سوفی ڕۆژئاوا خستییه نێو خێزانی میتافیزیکی.
نموونه له‌سه‌ر کورتبڕیی نێو چیرۆکه‌که: - دایکت وه‌ک بڵێی مار پێوه‌ی دابێت…
-هیچ له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشتی ئه‌وانه چۆن و که‌ی و له‌کوێ به یه‌کتر گه‌یشتوون…
ئه‌گه‌رچی سوور ده‌زانی (ڤیان) ناتوانێت قسه‌ت له‌گه‌ڵ بکات، چونکه ماوه‌که‌ی ته‌واو بووه…
بێگومان تۆ له ده‌رفه‌تێکدا هه‌موو ئه‌مانه‌ی لێ ده‌پرسی…
یاخیبوون:
یاخیبوون لای (کامۆ) بۆ یاخیبوونی میتافیزیکی و یاخیبوونی مێژوویی دابه‌ش ده‌بێ. یه‌که‌میان سێ لقی لێ ده‌بێته‌وه:
(ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕه‌ها – مارکیز دیساد)
(ڕه‌تکردنه‌وه‌ی نه‌جاتبوون – ئیڤان کارامازۆف) - (شیکاری ڕه‌ها –نیتشه).
(کامۆ) دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ له ساڵی 1957دا له‌لایه‌ن ئه‌کادیمیای سویدی، نامه‌یه‌ک به ساده‌ییه‌وه بۆ خێزانی (نیکۆس کازانتزاکیس) ده‌نووسێت و تێیدا ده‌ڵێ: (کازانتزاکیس) شایسته‌تر بوو له من بۆ ئه‌و خه‌ڵاته. سادده‌یی (کامۆ) ئاوێته‌ی سادده‌یی (کازانتزاکیس) ده‌بێت و درێژ ده‌بێته‌وه تا ده‌گاته (نیتشه)، له‌وێدا (کازانتزاکیس) به ئاشکرا و به سادده‌ییه‌وه پێیه‌وه دیاره چۆن سوودی له (نیتشه) وه‌رگرتووه. ئه‌و سوود وه‌رگرتنه ئاساییه، (ئه‌فلاتون) که زۆرجار به باوکی فه‌لسه‌فه داده‌نرێ, له سه‌ره‌تادا له‌ژێر کاریگه‌ریی (هیراکلیتس / 544- 483 پ ز) و (فیساگۆرس / 580 – 500 پ. ز) و (سۆكراتدا) بوو. له‌ناو هه‌ندێ له دێره‌کانی چیرۆکه‌که‌دا هه‌ستم به سادده‌یی نووسه‌ره‌که‌ی کرد، وێنه‌ی نووسه‌ر له‌ناو فه‌زای بیرکردنه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی وێنه‌یه‌کی ته‌ماوییه، ئه‌وه فه‌زای گشتیی چیرۆکه‌که‌یه وێنه‌ی نووسه‌رمان پێشان ده‌دا كه وێنه‌یه‌كی یاخییه به‌ڵام خۆشی جیا ناكاته‌وه له كۆمه‌ڵگا. له چیرۆکه‌که‌دا هاتووه:
– بۆنی عه‌تره‌کانی ته‌فره‌یان ده‌دای.
– وات ده‌زانی که‌نارییه‌ک له‌ناو قوڕگیدایه.
– ئه‌گه‌رچی ئه‌وان وایان ده‌زانی تۆ له داخی ئه‌و نازناوه وازت هێنا…
– که‌واته ئه‌و چه‌ند جاره‌ی یه‌کتریتان ده‌بینی، ئه‌و مردبوو له گۆڕستان گه‌ڕابۆوه.
– هیچ له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشتی ئه‌وانه چۆن و که‌ی و له کوێ به یه‌کتر گه‌یشتوون؟… - داهێنان و پاسۆلۆژی:
لای ده‌روونناسی نه‌مساوی (سیگمۆن فرۆید) دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی دەروونشیکاری، داهێنان په‌یوه‌ست نییه به حەده‌سه‌وه و حاڵه‌تێکی پاسۆلۆژییه. (فرۆید) له ڕێگا‌ی بیردۆزی دەروونشیکارییەوە، شیکردنه‌وه‌ی بۆ هونه‌ری (داڤینشی) و (دیستۆڤسکی) و (شێکسپیر) ده‌کرد، پێی وابوو هونه‌ر هیچ نییه جگه له فاکته‌رێک بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی که‌لێنه سێکسییه‌کانی مرۆڤ و حاڵه‌تێکی سێکسیی پاسۆلۆژییه. دابونه‌ریتی کۆنی کۆمه‌ڵایه‌تی که مامه‌ڵه‌یه‌کی لاواز له‌گه‌ڵ سێکساندندا ده‌کا، هۆکاره له‌پشت هونه‌رەوە. به بۆچوونی من ئه‌و بۆچوونه‌ی (فرۆید) به‌رهه‌می نه‌خوێندنه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌وروپا و پێگه‌ی سێکس (sex) له داهاتووی ڕۆژئاوایه، ئه‌و کاته‌ی سێکس زۆربه‌ی سنووره‌کان ده‌به‌زێنێ.
بۆی هه‌یه جوانترین هونه‌ر هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده بێت که بۆشایی سێکسیی نییه ئه‌مه بۆ جڤاتی ڕۆژهه‌ڵاتی و ڕۆژئاوایی دروسته. داهێنانی چیرۆکه‌که‌مان، به‌رهه‌می فيکرێکی نزیک له مناره و دار و به‌رد و چه‌ک و سێکسێکی ته‌ماوی و خوێنه، نه‌ک نزیک له مه‌مک و باسک و پشت و بنهه‌نگڵ و داوێنی ژنی ئه‌وروپی.
(فیلیپ ڕۆس) له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ (میلان کۆندێرا) ویستی بۆچوونی ئه‌و بزانێ بۆ سێکس وه‌کو ڕۆماننووسێک. (کۆندێرا) وه‌ها وه‌ڵامی دایه‌وه: باسی سێکس چیتر قه‌ده‌غه نییه. ڕاوه‌ستان به وێناکردنی گشتی یان ددانپێدانانی سێکسه‌وه، سه‌ر‌نجڕاکێش نییه، به‌ڵکو وه‌رسکه‌ره.
له‌م ده‌قه‌دا کار بۆ جیاکاری و تێکشاندنی فۆڕمه دووباره‌کان و به‌خشینی مانایه‌کی تازه به دێره‌کان کراوە. (بلۆم) مكوڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شاعیر به‌ر له هه‌ر شت له خۆی ده‌پرسێ: چۆن ئه‌ده‌بێکی جیاواز بنووسم؟ شیعرێک به خه‌یاڵی که‌سدا نه‌هاتبێت. چۆن چۆنی جیاکاری دروست بکه‌م؟ له باسی (فۆڕمشکاندن)دا ئه‌م باسه زیاتر که‌وته سه‌ر پای خۆی و پۆلێن کرا له تیۆرییه‌ک له‌مه‌ڕ (میتۆدی خوێندنه‌وه یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ق). (بلۆم) نووسی: ئه‌ده‌ب فێرمان ده‌کا له‌پێناوی داهێنان و واتای تازه‌دا، فۆڕم تێکبشکێنین.
(دێریدا)به پێچه‌وانه‌ی (ئه‌فلاتون)ەوە پێی وابوو هه‌موو وشه و نیشانه‌یه‌ک په‌یوه‌سته به جیاکارییه‌کی واتادار. له چیرۆکه‌که‌دا جیاوازیی فيکریی کاره‌کته‌ره‌کان ڕێگر نه‌بووه له به‌رده‌م کۆکبوون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌گه‌لێک که ته‌نها له ساتی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که هه‌ستیان پێ ده‌که‌ین نه‌ک له‌کاتی قسەکردن لەبارەیەوە. جیاوازییه‌کان ڕێگر نین له به‌رده‌م گه‌یشتن به هاوبه‌شه‌کان، جیاوازیی بزوێنه‌ری هاوبه‌شی و هاوبه‌شی فه‌زای به زیندوو هێشتنه‌وه‌ی جیاوازییه. قه‌شه (ئۆگه‌ستین 354-430ز) که بیرۆکه‌کانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ململانێی نێوان بیری مه‌سیحی و یۆنانی کۆن بوون، له باسی کۆمه‌ڵگادا که‌متر باسی جیاوازییه‌کان ده‌کا تا هاوبه‌شه‌کان، لای ئه‌و کۆمه‌ڵگا بریتییه له کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک که بیروباوه‌ڕی هاوبه‌ش کۆیان ده‌کاته‌وه.
فه‌لسه‌فه:
ڕه‌نگه يه‌كێك له كاره‌كانی چیرۆک ورووژاندنی پرسیاری قووڵ بێت. به نموونه: “بناغه‌ی دروستبوونی گه‌ردون چییه؟”
ئه‌م پرسیاره گرفتێکی بنه‌ڕه‌تی بووه له به‌رده‌می فه‌لسه‌فه و فه‌لسه‌فه‌کار و فه‌زای فه‌لسه‌فی له ڕۆژئاوا و ڕاڤه‌ی بۆ کراوه. کێشه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر سێ قۆناغه‌که‌ی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی بوو که هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی بوونیان بۆ هۆکاری ماددی ده‌گه‌ڕانده‌وه. مه‌به‌ستم له:
قۆناغی فه‌لسه‌فه‌ی به‌ر له (سۆکرات).
قۆناغی (سۆکرات) تاوه‌کو (ئه‌رستۆ).
قۆناغی دوای (ئه‌فلاتون) (ئه‌و قۆناغه تاوه‌کو سه‌ره‌تای چه‌رخه‌کانی ناوه‌ڕاست درێژه‌ی کێشا). هه‌ر بۆ نموونه:
_ تاڵیس (560-548پ. ز) بناغه‌ی دروستبوونی بوونی بۆ ئاو ده‌گه‌ڕانده‌وه.
_ ئه‌نکسمندریس (610 – 545پ. ز) بۆ هه‌وای گه‌ڕاندۆته‌وه.
_ هیراکلیس بۆ ئاگر و پارمه‌ندیس بۆ هه‌بوونی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
_ ئه‌نبادوکلیس ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ پێنج توخمی (ئاگر، هه‌وا، ئاو، خۆڵ و کاریگه‌ری). ئه‌و توخمانه‌ش وه‌کو خودای ئه‌فسانه‌یی باسیان لێوه کراوه.
فيکر له‌م چیرۆکه‌دا بۆ چه‌ند به‌شی جیاواز دابه‌ش ده‌بێته‌وه. دابه‌شبوون به مانای په‌رته‌وازه‌بوون و شه‌قبوون نایه‌ت، به‌ڵکو گه‌ڕانه‌وه‌ی فيکره بۆ به‌شه‌کانی. ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی خه‌یاڵی خوێنه‌ر په‌یوەندییه‌کی ڕاسته‌وانه و دانه‌بڕاوی له‌گه‌ڵ کۆبونه‌وه‌ی فيکری نووسه‌ر و یه‌کگرتنه‌وه‌ی پارچه‌کانی خه‌یاڵی هەیە، بۆ ئه‌وه‌ی بکێشن به یه‌کتردا و وه‌کو بروسکه بگرمێنن و ده‌قێکی ئه‌ده‌بی به‌رهه‌م بهێنن. به‌رهه‌مه‌که وه‌کو شتێکی ده‌سته‌مۆ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کان خۆی ئاشکرا ده‌کا، خوێنه‌ر پێویستی به‌وه نییه بگه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌یاڵدانی (کاروان) و شرۆڤه‌ی فيکری و مه‌عریفی بۆ بکا. خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که ڕێگاکه‌مان بۆ کورت ده‌کاته‌وه، وشه‌کان ده‌بنه ماسی و کۆی ده‌قه‌که‌ش ده‌بێته ده‌ریا نه‌ک کۆمه‌ڵه ماسی، چونکه وشه‌کان له خه‌یاڵدا نوقم بوونه و مامه‌ڵه‌ی ئێمه به ته‌نها له‌گه‌ڵ وشه‌کاندا نییه، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌یاڵه‌شه که له پشتی وشه‌کاندا خۆی مه‌ڵاس داوه و وشه‌کان له ناویدا مه‌له ده‌که‌ن.
له یادمان نه‌چێت خه‌یاڵی پشت وشه‌کان یه‌کسان نییه به خه‌یاڵی نێو خه‌یاڵدانی چیرۆک‌نووس. وشه‌کان گرينگ نین، ماناکان گرينگن. زۆربه‌ی ئه‌و وشانه‌ی له چیرۆکه‌که‌دا هاتوون له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا به کاریان ده‌هێنین، بەڵام ئه‌وه ماناکانن جیاوازییه‌کان دروست ده‌که‌ن.
ده‌ق به‌رده‌وام فيکر به‌رهه‌م دێنێ و کاڵی ده‌کاته‌وه. ده‌کرێ ده‌قی ئه‌ده‌بی ببێته مه‌ڵبه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی بیرۆکه‌ی فه‌لسه‌فی و پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئایدیا و جیهانبینییه‌کان. (فۆکۆ) له کتێبێکی ئه‌ده‌بی سه‌ده‌ی شازده‌هەمەوە چه‌ندین تێزی فه‌لسه‌فی هه‌ڵهێنا، که (دۆن‌کیشۆت)ی (سێرڤانس) بوو. ده‌قی ئه‌ده‌بی به ته‌نها گوزارشت نییه له ئه‌دیببوونی نووسه‌ر, زۆرجار هه‌وڵێکه بۆ به‌رهه‌مهێنانی فيکری فه‌لسه‌فی، هه‌ندێجار بارودۆخه‌که ده‌گۆڕێ. فيکری فه‌لسه‌فی و ژیانی فه‌یله‌سوفه‌کان ئاراسته‌مان ده‌که‌ن بۆ نووسینی ده‌قی ئه‌ده‌بی.
به‌ردبارانکردنی (ژان ژاک ڕۆسۆ)، دادگایيکردنی (سۆكرات)، شێتبوونی (نیتشه)، ده‌کرێ ببنه بیرۆکه‌ی نووسینی چه‌ندین ڕۆمان و چیرۆک و شیعر و بابه‌تی ئه‌ده‌بیی تر. خۆکوشتنی (گۆگۆل) و ژیانی (ئه‌کاکی ئه‌کاکیفیجی) نێو (پاڵتۆ)، زیندانیکردنی (مه‌رسۆ)ی نێو (نامۆ)ی (ئه‌لبێر کامۆ)، (راسکۆڵنیکۆف)ی (دیستۆڤسکی)، ئه‌مانه فيكر به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن.
گرنگترین ئه‌و پرسیاره فيكرييانه‌ی چیرۆکه‌که دروستیان ده‌کا:
– مردووه‌کان له کوێی زیندووه‌کاندان؟
– خۆکوشتن سه‌ره‌تای ئه‌به‌دیه‌ته یان ئه‌به‌دیه‌ت سه‌ره‌تای خۆکوشتنه؟
– دایکانمان چی ئێمه بوونه له سه‌ره‌تادا؟ (به‌ر له بوونی ئێمه).
– منداڵی یانی چی؟
بڵند باجه‌لان
سه‌رچاوه‌كان:
- بیری پۆستمۆدێرنیزم ، ئازاد حەمە، هەولێر، 2002
- لێبووردەیی و فەلسەفە, رێبوار سیوەیلی، هیوا حاجی، نەوزاد جەمال، هەولێر ، 2009
- فەلسەفە بۆ ئەو كەسەی دەیەوێت, د : نبیل عبدولحەمید عبدالجبار، هەولێر، 2010
- سۆران ئازاد، کاردانه‌وه‌ی هزر (فکر) له ڕۆمانی کوردی‌دا، ده‌نگه‌کان، 2012
- مناره‌ی ئاوه‌دانی، کاروان کاکه‌سوور، گۆڤاری ئایینده، ژماره نه‌وه‌د و یه‌ک.
- مدرنیته و مدرنیسم, مجموعه مقالاتی در سیاست، فرهنگ و نظریه های اجتماعی, ترجمه و تدوین: حسین علی ، تهران 1378
- أزدواجیه العقل, دراسه تحلیلیه نفسیه, کتابات حسن حنفی, جورج طرابيشی.