ئیسلامیه‌كان چی ده‌كه‌ن؟ … عه‌زیز ڕه‌ئووف
له‌ڕاستیدا كێشه‌ی ئێمه له ئێستادا كێشه‌ی دین نیه، وه‌ك چۆن كێشه‌ی به ئیسلامیزه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نیه به‌وه‌ی له هیچ كاتێكدا بارته‌قای ئێستا ئایین ئاماده‌گی نه‌بووه، مزگه‌وته‌كانمان له ژماره‌ی مزگه‌وته‌كانی چوار وڵاتی عه‌ره‌بی زیاتره، جگه له شاشه‌كان و باره‌گای حزبه‌كان. به‌ڵام بۆ ئیسلامیه‌كان هه‌میشه قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی زۆر له به‌ها ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دۆڕاندووه؟ ڕاستی وڵامه‌كه ئه‌وه‌یه به‌دیدی ئه‌م براده‌رانه ئایین به‌و شێوه‌یه نیه كه خۆیان ده‌یانه‌وێت.
كێشه‌ی ئێمه ئه‌وه نیه كه ده‌سه‌ڵاتێكی عه‌لمانی له‌ئارادایه كه یه‌كێتی و پارتین ( كه عه‌لمانی نین) به‌ڵكو كێشه‌ی ئێمه موقه‌ده‌سی كورسی و ده‌سه‌ڵات و سته‌مكاریه، كه هیچ ئاسۆیه‌ك له‌ئارادا نیه به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ستنوێژی هه‌ڵگرت له‌م فۆرمه له ده‌سه‌ڵات باشتر و عادلتر بێت، به‌و پێودانگه‌ی كه ئیسلامیه‌كانیش نه‌یانتوانی شه‌ق له پیرۆزیه‌كانی كوردسی هه‌ڵبده‌ن و ئه‌وانیش مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانیان پڕه له برای موسوڵمانی پیر و په‌ككه‌وته و كوڕانی ڕابه‌رانی پێشوو به‌رپرسن و ئه‌میره‌كانیان به‌دیلی نیه و ئه‌گه‌ر ئه‌مینداریش بگۆڕن ئه‌وا ده‌وره‌یه‌كی تر ده‌یهێننه‌وه چونكه پێویستیان به باوكێكی موقه‌دده‌سه.
منیش له‌گه‌ڵ هاوڕێم دكتۆر عادل باخه‌واندا ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌م كه ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی كورد موسوڵمانه ئه‌ی ئێوه‌ی حزبی ئیسلامی بۆ له 17% زیاتر به‌ده‌ست ناهێنن؟ ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن پارتی و یه‌كێتی سته‌مكاره و ده‌نگ ده‌كڕێت و ته‌زویر ده‌كات، ئه‌ی خۆ گۆڕان زۆر دوای ئێوه هاته سه‌ر شانۆی سیاسی چۆن توانی 25%ی ده‌نگه‌كان ببات؟ ئیشكاله‌كه له‌وه‌دایه ئێوه نه‌تانتوانیوه له موسوڵمانی كورد بگه‌ن، یان له‌ڕووی سیاسیه‌وه لانی كه‌م وه‌ك گۆڕان ڕادیكاڵ نه‌بوون.
من نازانم ئێوه یه‌ك ده‌گرن چی ده‌كه‌ن؟ به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانم ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی ڕابردوو سیاسه‌ت و دینداری بكه‌ن، ئه‌وه نه سیاسه‌ته و نه دینداری. له‌ڕووی سیاسیه‌وه ڕام ڕام له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتیدا ده‌ڕۆن و له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه بوونه‌ته پاسه‌وانی زۆر دیارده‌ی ناشرینی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌مه‌ڕ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی له كوردستان.
ئێوه هه‌نده‌سه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدان داڕشتووه بۆ ده‌سكاریكردنی تاكی كورد، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی حزبه‌كانتان تێنه‌په‌ڕیوه. ئێوه ئێستاش ئه‌و ڕۆحه كوردبوونه‌تان نه‌ناسیوه كه تا ئێستاش ڕۆحیه‌تێكی سێكولار و ژیاندۆستی له تاكی كوردیدا ئاماده‌یه كه یه‌كێتی و پارتی نه‌یانتوانیوه بیكوژن، به‌ڵام له ئه‌ده‌بیاتی ئێوه‌دا ئه‌م ڕۆحه ژیاندۆستیه ئه‌گه‌ری كوشتنی له‌ئارادایه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان گوێ له حیكایه‌ت و خوتبه‌ی پیاوانی ئاینی ئێوه ناگرێت له‌مه‌ڕ به‌خشینه‌وه‌ی حه‌رام و حه‌ڵاڵه‌كانتان بۆ هه‌ر جوڵه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیاندۆستی.
هه‌ركات هه‌موومان ئیسلامیه‌كانمان به هێزی خۆمان زانی، هه‌ركات هه‌موومان له ئیسلامیه‌كاندا به‌بێ حیجاب و ده‌ستنوێژ جێ‌مان بۆوه، هه‌ركات ئیسلامیه‌كان هه‌ستیان به‌وه كرد كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی به‌ئیسلامیزه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نیه، به‌ڵكو كێشه‌ی هاوڵاتیبوونی هه‌یه، هه‌ركات ئیسلامیه‌كان هه‌وڵیان بۆ چه‌مكی هاوڵاتیبوون بوو نه‌ك بۆ موسوڵمان‌بوون، ئه‌وا ده‌كرێت قسه له‌سه‌ر گۆڕانی ڕادیكاڵ له دیدی ئه‌م هێزانه‌دا بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م ئه‌م دۆخه تێپه‌ڕێنین و ئاسۆیه‌كی تر له‌به‌رده‌م تاكی ئازاد له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بكه‌ینه‌وه.