پاشخانە ڕەشەکانی هەرێم … کامەران چروستانی
زۆرینەی ئەوانەی سەردانی کوردستان دەکەن و بەتایبەتی لە ناوەڕست و بوشووری عێراقەوە، سەریان لە ئاسایش و دڵنیایی ژیانی تاکی ناو هەرێم دەسوڕمێت، نەک تەنها لە بواری ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتی و هەبوونی متمانە لەنێوان خەڵکەکەدا، بەڵکوو ئەو ئاسایشەی کە دامودەزگا فەرمییەکانیش دەستەبەریان کردووە.
وەلێ ئەوەی لە پاشخانی ژیانی تاکدا ڕوودەدات زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بە ڕووکەش دەبینرێت.
ئەوەی لە ناو شاری هەولێردا بەرامبەر بە د. فەرهاد پیرباڵ کرا تەنها مشتێکە لە خەرمانێکی ئەو ڕووداوە نادیار و ئاڵۆز و تەمومژاوییانەی، کە لە سەرجەم شارەکانی کوردستان ڕوویان داوە بە درێژایی مێژووی ٢٦ ساڵی پاش ئازادبوونمان. ئەگەر زۆریش نەگەڕێینەوە بۆ مێژوویەکی دوور، ئەوا لە ماوەی ئەم پێنج ساڵی ڕابردوودا چەندین کەسایەتی بەناوبانگ و دیاری ناوچەکە بە شێوەیەک لەناوبراون، کوژراون، ئازار دراون یاخود توندوتیژییان بە هەموو شێوازەکانەوە بەرامبەر کراوە. ئەم کەسایەتییانەش تیایانە نووسەرە، ڕۆژنامەنووسە، قایمقامە، ئەفسەرە، مامۆستای ئاینییە بگرە هەتا دەگاتە پاسەوانی کەسایەتییە سیاسیی و دەسەڵاتدارەکانی هەرێم.
ئەوەی شایەنی سەرنجدانە بریتین لە:
– هەرە زۆرینەی ئەم کەسایەتییانە پێگەیەکی پتەوی خۆیان هەیە لە بوارێکی ناو کۆمەڵگادا: سیاسی، ڕۆشنبیری، بڵاوکردنەوە و ڕۆژنامەوانی، نزیکی لە لوتکەکانی دەسەڵات. لەناو لیستی ئەو قوربانییانەدا هاووڵاتییەکی سادە نابینیەوە کە مرۆڤ گومانی بۆ کێشەیەکی دارایی، کۆمەڵایەتی یان کینەیەکی تاکەکەسی بڕوات. هاوکات مرۆڤ ناشتوانێت کۆبوونەوەی هەموو ئەم جۆرە کەسایەتییە بەهێزانە لەناو سنوورێکی ڕێکەوتدا قەتیس بکات، چونکە هەروەک دەڵێن هەر کاتێک ڕێکەوت دووجار زیاتر دووبارە بووەوە، ئەوا لە ڕێکەوت دەردەچێت و دەبێت بە ڕووداو جا ئەگەر ڕووداوەکە پلاندانراو بێت یان نا.
– لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی هەرە زۆری ئەم کەیسانە بە دوا خاڵی کۆتایی نەگەیشتوون و بە شێوەیەک لە شێوەکان شاردراوەتەوە، کۆتایی پێ هێنراوە، ون کراوە، خەفەخان کراوە و . . . هتد. کە ئەمەش لە خۆیدا نیشانەیەکی پرسیاری دیکە دروست دەکات، نەک تەنها لەسەر هۆکار و هاندەری ڕووداوەکە، بەڵکوو لە توانا و پسپۆریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە و دەرخستنی ڕاستی و گرتنی تاوانبارەکان. بە شێوەیەک دەتوانین بپرسین: ئایا دامودەزگا فەرمییەکان تایبەت بە لێکۆڵینەوەی ئەو بابەتانە هێندە لاوازن کە هەموو ئەم کەیسانە بەبێ کۆتا بهێلنەوە و نەتوانن کەسانی تاوانبار دەستگیر بکەن یان نەتوانن ئەنجامێکی ڕاست و ڕەوان بۆ خودی قوربانی (ئەگەر لە ژیاندا مابێت) ڕای گشتی و خێزانی قوربانییەکان دابین بکەن؟ یاخود لەبەر بەرژەوەندی هەندێک لایەن لەوانەیە وەها باشتر بێت کە ئەو بابەتە هەر بە کراوەیی و بەبێ ئەنجام بهێڵرێتەوە؟ ئەگەر نا، بۆچی هەتا ئێستا لێپرسینەوە و بەدواداچوون نەکراوە سەبارەت بە هۆی دەرنەخستنی ڕاستیی ئەو کەیسانە یاخود بەدواداچون بۆ توانا و پسپۆریی دامودەزگا میرییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ؟
ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە، ئایا ئەوەی بەرامبەر بە دکتۆر فەرهاد پیرباڵ کراوە، ئەگەر بەرامبەر بە کەسێکی دیکەی ئاسایی بکرایە، چی ڕووی دەدا؟ ئایا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەهاتنە دەنگ؟ ئایا کێ داکۆکی لە هاووڵاتییەکی سادە بکات بەرامبەر بە کەسێکی چەکدار کە هەمیشە دەتوانێت وەک (خاوەن یاسایەک) لەناو شەقامی کوردی خۆی نمایش بکات؟ ئەی ڕۆژانە چەند جار سوکایەتی بە (فەرهاد پیرباڵ)ەکانی دیکە ناو کۆمەڵگا دەکرێت و کەسیش ناتوانێت قسەی لێوە بکات؟
پرسیارێکیان لە پسپۆرێکی گروپە مافیاکان کرد لەبارەی جیاوازی نێوان مافیای ئیتالی و مافیای ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا. ئەویش لە وەڵامدا وتی: مافیای ئیتالیا لەناو شەقامەوە سەری هەڵدا و چووە ناو دەسەڵات و حوکمەوە، بەڵام مافیای وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لەناو حوکم و دەسەڵاتەوە دروست بوو، پاشان ڕژایە ناو شەقامەکانەوە.
هەموو ئەو ڕووداوانەی ناو شەقامی کوردی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دوو ئەگەر دەکاتەوە: یەکەمیان مافیایەکی بەهێز لەناو هەرێمدا بوونی هەیە، کە لەبەر بەرژەوەندی خۆی بەو شێوەیە پاکتاوی ئەو کەسایەتییانە دەکات، بەڵام مافیا زیاتر بەدوای بەرژەوەندی دارایی و ئابووری و دەسەڵاتەکانی خۆیدا دەڕوات نەک بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی، ڕۆشنبیری، ئایدیۆلۆجی، کلتوری و ئاینی هەروەک لە مردنی چەندین ڕۆژنامەنووس و ئەفسەر و کەسانی ئاینی ڕووی داوە. دووەمیان: ئەگەری ئەوەیە کە ئەم ڕووداوانە لەژێر سێبەری دەزگایەکی فەرمیدا ڕوو بدەن و هەر ئەمانەش دەمانخاتە ناو ئەگەرێکی دیکە سەبارەت بە پاساو لە ڕووننەکردنەوە و کۆتاینەهێنان بە ئەنجامی ئەو کەیسانە لەناو دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.
مێژووی مرۆڤایەتی لەم تەوەرەدا یەک خاڵی سەلماندووە: لەوانەیە دەسەڵاتێک هەوڵ بدات کە گۆشەنیگای کۆمەڵگایەک بەرەو ئاراستەیەکی تایبەت بەرێت بۆ ئەوەی بەپێی خواستی دەسەڵات لە شتەکان بڕوانن، هەر بەو خواستەش شتەکان ببینن، لەوانەشە هەتا ڕادەیەک لەژێر فشاری دەمە بەستراوەکاندا سەرکەوتوو بێت، لەوانەیە و لەوانەیە، بەڵام هەرچەندێکیش چاوەکان لاواز بن، وەلێ ئەوە ڕێگر نابێت بۆ ئەوەی ببینن و بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە شتەکان بڕوانن.