Skip to Content

تەنیام لەنێو قەرەباڵغی شاردا… غازی حەسەن

تەنیام لەنێو قەرەباڵغی شاردا… غازی حەسەن

Closed
by نیسان 20, 2022 General, Poems


لێرەدا وەکو کەلەکە شکاوێکی سەد ساڵیم…
ئۆقرە ناگرم و ناتوانم پاڵکەوم، خەون لێناگەڕێت بنووم.. من خەون بەخەونەوە دەبەستمەوە.. وەکو چۆن جگارە خۆرێکی مەست جگارە بەجگارە دادەگیرسێنێت
ژانێکم گرتووە.. پڕە لەژانی تەنیایی… ژان بەژان دەپێچمەوە
هێندە بیر دەکەمەوە، خەریکە بیرکردنەوەم لەبیر دەچێتەوە
دەزانم باش دەزانم هەزارنیش هەن ناتوانن خەون ببینن
لێرەدا شار هێندە قەرباڵغە، کەس کەس نابینێت.. کەس دەستی بەکڵاوی کەس ڕاناگات و کەس ناوی کەس نازانێت و کەس کەس نادوێنێت و کەس گوو بەکڵاوی کەس ناپێوێت.. کەس بەڵێ کەس!
مرۆڤ وەکو ئامێرەکان بێ گیان بوون..
لێرە کەس لەموچە و تەمەن و ئاشقی کەس ناپرسێت! عەیب و شورەیی چۆن؟
لێرە کەس بەجاوزار لەڕ و شەپڕەلێدراو نابێت..
ئێرە هێندە گەورەیە.. کەس ناوونیشانی دراوسێکەی خۆی نازانێت
لای ئێمە لەگوندێکی بچووکدا ناوونیشانی هەموو سیاسییەک و هەموو سەرۆکی وڵاتەکان و ڕەنگی پێڵاوی ژنی وەزیرەکان و ژمارەی ئاشقی بەرپرسەکان و ژمارەی تەلەفۆنی پرسگەکان و جۆری جگارەی گەوادەکان دەزانن!
مرۆڤەکان وەکو کەرەستەیەکی سڕ.. بێ نهێنی و بێ لێکدانەوە و بێ ئاوڕدانەوە و بێ بیرەوەریی و بێ ، بەڵێ بێ هەموو (بێ)یەک دەڕۆن..
هەموو شتێک دەزانن، شانازی بەئاودەستی وڵاتەکانیشان دەکەن
لای ئێمەش هیچ نازانن و بەفیکەیەک ئامادە وڵات هەڕاج بکەن..!
هەموو گوڵی دەستکردیان لەیەخەیان داوە
لێرەدا خەڵک جمەی دێت، کەس مەرحەبای کەس ناکات
ڕۆژێ سەدان شانت بەرشان دەکەوێت، کەچی کەس نابینیت
دەک کوێرایم دابێت زەمانە
من تەنیا لەگوندێک و لەدەشتێکی کاکی بەکاکیدا دەڕۆیشتم
کەسی لێ نەبوو
بەرد قسەیان لەگەڵ دەکردم
جنۆکە و لەمەچێتر دەستیان دەگرتم.. لەخەوما لەگەڵ جنۆکان شایم دادەبەستا
لێرەدا لەنێو ئەم قەرەباڵغییەدا تەنیام
تەنیایی چەندە کوشندەی…
لەوێ لەگوند، دەمتوانی بەرد و کەستەک و پنچکیش بدوێنم..
لێرە زمانی مرۆڤەکانم نییە.. دڵی مرۆڤەکانم نییە
لەنێو ئەم قەرەباڵغییەدا تەنیایی کوشتمی
لێرەدا… خەریکە لەنێو مرۆڤایەتیدا دەخنێکم، و ڕەنگی ئامێر و گیانلەبەران وەردەگرم، کەچی کەس نابینم
لەوێدا.. دابڕاو لەهەموو شتێک، کاتم نەبوو بۆ بیرکردنەوە، هەموو شتێک بووم مرۆڤ نەبێت!
لە ئیلنجاغی قوڕاوییە، بۆ باڵاخانەی سەر بەهەوری نیۆیۆرک و مەشیگان و لۆس ئەنجلۆس و فلۆریدا و دەریای بێ بنی جوانی…!
لە ئیلنجاغدا دەمتوانی خوا و مرۆڤ و هەموو شتێک بدوێنم
لێرەدا لەتەنیایی پتر هیچ شتێک نابینم..
ئەی خودایە قەرەباڵغی لەنێو تەنیاییدا کوشتمی..!
لێرەدا پشیلەیەک و گوجیلە سەگێکی کورکن لەهەمووان پتر دەبینم و لەگەڵیان گفتوگۆ دەکەم، باسی مێژوو، باسی ڕووداوەکان و باسی خۆمیان بۆ دەکەم
ئەوان، تەنیا ئەم دوو گیانەوەرە میهرەبانە
گوێم لێ دەگرن و هەست دەکەم لەگەڵ ئازارەکانی تەنیایی و ژانەکانی بیرەوەرییەکانم… موچڕکیان پێ دادێت
تەنیا لەگەڵ ئەم پشیلە و سەگە کورکنەش تەنیام.. دەمەوێت بگەڕێمەوە نێو مرۆڤبوون.. ئەی مرۆڤبوون!

غازی حەسەن

Previous
Next
Kurdish