له پێناوی به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌ده‌بی منداڵاندا … عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی
له ئێستادا ئه‌ده‌بی منداڵان وه‌ك لقێكی سه‌ربه‌خۆ له ئه‌ده‌ب دا جێگه‌ی خۆی كردۆته‌وه . ئه‌وه‌ش كه بۆ منداڵانی كورد كراوه شان به‌شانی ئه‌ده‌بی منداڵانی وڵاتانی دراوسێ هه‌نگاوی ناوه و ده‌ركه‌وتووه .ئه‌ده‌بی منداڵان چونكه جیاوازتره ، تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه .هه‌روه‌ها له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت بۆ منداڵان بنوسن ،پێویسه ئه‌وانیش خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی بن و شاره‌زایی ته‌واویان هه‌بێت له‌و بواره‌دا.چونكه ته‌نها بوونی به‌هره و توانای نوسینی ئه‌ده‌بی به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی كه بۆ منداڵ بنوسن .دنیای منداڵ دنیایه‌كی تایبه‌ته و زۆر جیاوازه .مه‌رج نییه هه‌ركه‌س له بواری نوسین بۆ گه‌وره دا سه‌ركه‌وتوو بوو بتوانێت بۆ منداڵ بنوسێت و به هه‌مان شێوه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.ئه‌گه‌ر چاوێك بخشێنین به‌و نوسینانه‌ی كه بۆ منداڵان نوسراون،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می جوان و باش و شایسته بۆ منداڵ ده‌بینین،له هه‌مان كاتیش‌دا كۆمه‌ڵێكی تر له به‌رهه‌می نه‌شیاو و سه‌پێنراو ده‌بینین كه بۆ منداڵ ناگونجێن و مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ده‌بی منداڵانیان له‌خۆ نه‌گرتووه و ئاراسته‌ی منداڵان كراون.كه لێره‌دا ده‌توانین بیگێڕینه‌وه بۆ چه‌ند هۆكارێك،له‌وانه‌ش نه‌شاره‌زایی نوسه‌ر له ئه‌ده‌بی منداڵان دا و نه‌خوێندنه‌وه‌ی نوسه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه بۆ منداڵ و ده‌رباره‌ی منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵان نوسراون. نه‌شاره‌زایی له ده‌رونزانی منداڵ و قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵ ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رقۆناغه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه.چونكه ته‌نها هه‌ر به‌هره و توانای نوسین به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی كه بۆ منداڵان بنوسین.هه‌روه‌ها نه‌بونی ره‌خنه‌ی جدی و بنیات نه‌رو تایبه‌ت به‌و كاره ئه‌ده‌بییانه‌ی كه بۆ منداڵان ئه‌نجام دراون،هه‌ر له گۆڤار و كتێب و نامیلكه.ئه‌و هه‌مووه هه‌یه تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستی تایبه‌ت ،یان خوێندنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو، یان ره‌خنه ،كه باش و خراپ له یه‌ك جیا بكاته‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت نه‌كراوه.راسته مامۆستای چیرۆك نوس (محمد فریق حسن) له كتێبه‌كه‌ی دا كه له‌م دواییه‌دا كه‌وته به‌رده‌ست خوێنه‌ران(ئه‌وسا و ئێستای چیرۆكی منداڵان)كه پێشتریش هه‌ندێكی له كتێبێكدا كه یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد لقی سلێمانی چاپی كرد بڵاوكردۆته‌وه..كه تیایدا باسی له هه‌وڵی چه‌ند نوسه‌رێك كردووه له بواری چیرۆك نوسین دا و خوێندنه‌وه‌ی بۆ كردووه.باشه ئه‌مه له بواری چیرۆك دا .ئه‌ی له بواری شیعردا تا ئێستا چی كراوه؟هه‌ندێك جار لێره و له‌وێ ره‌خنه یان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌بینرێت به‌ڵام به‌و به‌رفراوانییه نییه ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به‌و هه‌مووه‌ی كه ئێستا ده‌رده‌چن و هه‌ن.وه‌ك هه‌وڵه‌كانی كاك نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د و مامۆستا ڕه‌زا شوان و مامۆستا حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی و مامۆستا رازاوه رشید صه‌بری و مامۆستا حه‌مه‌صاڵح فه‌رهادی و ناهیده ئه‌حمه‌د و چه‌ند كه‌سانێكی تر ….كه ئه‌ویش زۆر كه‌مه.له‌وه‌شدا نابێت هه‌وڵی كاك( ئه‌مین محمد ) له‌بیر بكرێت كه هه‌ر له‌و كتێبه‌ی یه‌كێتی نوسه‌راندا له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌ی مامۆستا (محمد فریق حسن) دا ده‌رباره‌ی شیعری منداڵان بڵاوی كردبۆوه،كه به بڕوای من كارێكی به‌سود و هه‌وڵێكی باش بوو له‌و بواره‌دا ،خۆزگه كاك ئه‌مین فراوانتری بكردایه و بیكردایه به‌كتێبێك ،دڵنیام سودی باشی ده‌بوو بۆ ئه‌وانه‌ی كه شیعر بۆ منداڵان ده‌نوسن یان پێشتریش نوسیویانه.ده‌توانین بڵێین ئه‌و كتێبه‌ی كه یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد لقی سلێمانی چاپی كرد كه پێشتریش وه‌ك كۆڕ پێشكه‌ش كرا له دوو رۆژدا و دوایی بابه‌ته‌كانی كۆڕه‌كان به شێوه‌ی كتێب پێشكه‌ش به ئاماده‌بووان كران.كارێكی زۆر باش بوو وه‌ك سه‌ره‌تا به‌ڵام هه‌وڵی تری له‌و شێوه‌یه‌ی به‌دوادا نه‌هات.له هه‌مان كاتیش‌دا تیراژی كتێبه‌كه كه‌م بوو چونكه له كتێبخانه‌كاندا نابینرێت. هه‌روه‌ها مامۆستای نوسه‌ر حسێن به‌فرین به چه‌ند زنجیره‌یه‌ك له پاشكۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ دا خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ كتێبی( ماڵی باران)ی كاك (ئه‌مین محمد) ی شاعیر كرد ، له‌وانه‌یه‌یه لێره و له‌وێ كاری وای تریش كرابێت به‌ڵام له‌به‌ر به‌ربڵاوی و زۆری بڵاواكراوه‌كان ده‌ستمان نه‌گه‌یشتبێتێ . خۆیشم چه‌ند جارێك ده‌رباره‌ی شیعر و چیرۆك و گۆڤاری منداڵان بابه‌تم بڵاوكردۆته‌وه به‌ڵام هه‌ر وه‌كو پێویست نه‌بوون و به‌ته‌واوی نه‌گه‌یشتونه‌ته به‌رده‌ست هه‌مووان.بۆیه به پێویستی ده‌زانم له‌به‌ر گرنگی منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵ پێشنیارێك ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌وانه بكه‌م كه له‌و بواره‌دا كارده‌كه‌ن و پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی ئه‌ده‌بی منداڵان خه‌می گه‌وره‌یانه،كه ئێمه ئێستا پێویستیمان به گۆڤارێكی تایبه‌ت به ره‌خنه و لێكۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه هه‌یه كه پێشتر و ئێستاش به‌به‌رده‌وامی بۆ منداڵان ده‌رچون و ده‌رده‌چن.چونكه باوه‌ڕتان بێت زۆر جار چیرۆك یان شیعر یان بابه‌تێك ده‌بینم كه نوسراوه بۆ منداڵان جا چ له گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا بێت یان له‌و كتێب و نامێلكانه‌ی كه پێشكه‌ش به منداڵان كراون و كه‌س لایان لێ ناكاته‌وه و مایه‌ی سه‌رسوڕمان و تێڕامانن.چونكه منداڵ بنیات نه‌ری كۆمه‌ڵگایه و وه‌ك زانایانی بواری په‌روه‌رده و ده‌رونزانی باسی ده‌كه‌ن ،كه‌سێتی منداڵ له‌سه‌ره‌تای پێنج ساڵی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی دا دروست ده‌بێت ..جا چ زانیارییه‌ك بدرێت به منداڵ ئه‌وه وه‌رده‌گرێت ، بۆیه به پێویستی ده‌زانم كه له‌و هه‌مووه باش و خراپ جیابكرێته‌وه،تا خراپه‌كان نه‌بن به ماڵ به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی منداڵانه‌وه و دڵنیام وه‌ك له پێشدا باسم كرد هه‌ندێكیان له نه‌شاره‌زایی یانه له‌و ئه‌ده‌به و له روانگه‌ی خۆشه‌ویستییان بۆ منداڵان ئه‌وه‌یان نوسیوه.چونكه ده‌بێ لای هه‌مووان ئه‌و راستییه ئاشكرابێت .من ده‌پرسم كام له‌و گۆڤاره تایبه‌تانه‌ی كه بۆ منداڵان ده‌رده‌چن له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه خوێندنه‌وه‌ی بۆ كراوه؟یان ده‌رباره‌ی نوسراوه و شه‌ن و كه‌وێكی زانستیانه‌و سه‌رده‌میانه‌ی بۆ كراوه؟كام گۆڤار هه‌ر لای خۆشیانه‌وه بیبلۆگرافیایه‌كی بۆكراوه بۆ سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی ؟وه‌ك ئاگاداربم مامۆستا ئه‌حمه‌د قادر سه‌عید بیبلۆگرافیای بۆ 50یان 60 ژماره‌ی گۆڤاری جگه‌رگۆشه‌كان ئه‌نجامدا وه‌ك كتێبێك كه له‌وانه‌یه هه‌ر لای كه‌سانی نزیك گۆڤاره‌كه هه‌بێت.ئه‌ی بۆ ژماره‌كانی تری؟ به‌شداری كۆڕێكم كرد كه به‌بۆنه‌ی ده‌رچوونی ژماره 100ی گۆڤاری گوڵه‌كانه‌وه سازكرابوو برای نوسه‌ر كاك (خالد عه‌بدول ) باسێكی گۆڤاری(گوڵه‌كان) ی كرد وه‌ك خوێندنه‌وه‌یه‌ك ، به‌ڵام وه‌ك بڵاوكردنه‌وه نه‌مبینی كه ئێمه‌ش له‌و كۆڕه‌دا راوبۆچوونی خۆمانمان ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌كه خسته‌روو ئه‌و كاته.یان ئه‌و كتێب و نامێلكانه‌ی كه ناو به‌ناو ده‌رده‌چن ؟یان ئه‌وانه‌ی كه له زمانه‌كانی تره‌وه ده‌كرێن به كوردی؟چی كراوه؟پێویسته دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی دنیا جوانه‌كه‌ی منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵ لایه‌ك له‌و بواره بكه‌نه‌وه .به‌ڕاستی له ئێستادا زۆر پێویسته.
من وه‌ك شاعیر و نوسه‌ر له بواری ئه‌ده‌بی منداڵان دا له زۆر چاوپێكه‌وتن دا باسی ئه‌وه‌م كردووه ،تا له ۆرك شۆپێك كه له هه‌ولێر یه‌كێتی نوسه‌ران مه‌ڵبه‌ندی گشتی سازی كرد باسم كرد و له دهۆكیش له یه‌كه‌مین كۆنفرانسی ئه‌ده‌بی منداڵان دا باسمان كرد .بۆیه لێره‌دا به پێوستی ده‌زانم كه ئه‌و زه‌نگه جارێكی تریش لێبده‌مه‌وه و بڵێم پێویستیمان به گۆڤارێكی تایبه‌ت به ره‌خنه و لێكۆڵینه‌وه و خۆندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه هه‌یه كه پێشكه‌ش به منداڵان ده‌كرێن ،جا له لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌وه بێت یان یه‌كێتی نوسه‌ران یان له‌لایه‌ن (ئه‌نجومه‌نی نوسه‌رانی منداڵانی كورد) ه‌وه بێت كه دروست بوو ئه‌مه‌شیان پێشنیاره بۆ دروستبوونی ئه‌نجومه‌نێك له خه‌مخۆران و دڵسۆزان له‌و نوسه‌ر و ئه‌دیب و شاعیرانه‌ی كه بۆ منداڵانی كورد ده‌نوسن له ئێستادا،یان هه‌ر لایه‌ك كه گرنگی به منداڵ و دنیای منداڵ و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری منداڵ ده‌دات.من لام سه‌یره كارێكی وا گرنگ و پڕ بایه‌خ پشت گوێ خراوه و وه‌كو پێویست لای لێ ناكرێته‌وه .چونكه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به منداڵ و دوارۆژی منداڵ و كۆمه‌ڵگاشه‌وه هه‌یه،له ئه‌ده‌بی منداڵاندا بوونی ئه‌و گۆڤاره(گۆڤارێك كه گرنگی به خوێندنه‌وه و ڕه‌خنه بدات) گرنگی له‌م خاڵانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت:
1. هه‌موو بابه‌ته‌كان له‌وێ بڵاوده‌كرێنه‌وه ،به ئاسانی نوسه‌رانی ئه‌و بواره ده‌یگه‌نێ و ده‌یخوێننه‌وه چونكه تایبه‌ته به بواره‌كه‌ی خۆیان .ئه‌وی راستی بێت له ئێستادا كۆمه‌ڵێك گۆڤار له كوردستاندا ده‌رده‌چن ئه‌گه‌ر بابه‌تێكی به‌سودیش تیایاندا بڵاوبكرێته‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بی منداڵان و باسی گۆڤارێك یان كتێبێك یان هه‌رباسێك كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ئه‌ده‌ب و هونه‌ری منداڵانه‌وه بێت به گران نوسه‌رانی ئه‌و بواره ده‌یگه‌نێ چونكه هه‌ندێكیان تیراژیان كه‌مه و هه‌ندێكیان ته‌نها له ناوچه‌یه‌كدا بڵاوده‌بنه‌وه و هه‌ندێكیان گرانن.
2. به پێی توانا جیاكردنه‌وه و ناسینی ئه‌و كتێب و نامیلكانه‌ی كه گونجاون و شیاون و له هه‌موو لایه‌نێكه‌وه بێ كه‌مو كوڕین و ده‌توانرێت بخرێنه به‌رده‌ست منداڵ تا بیانخوێننه‌وه یان بۆیان بخوێنرێنه‌وه.خۆ هه‌ر ره‌نگاوره‌نگی مه‌رج نییه،ئه‌ی ناوه‌رۆك و بابه‌ته‌كانی؟ئه‌ی وێنه‌كانی ناو كتێبه‌كه؟ئه‌مانه زۆر گرنگن بۆ منداڵ چونكه زۆر جار وێنه‌یه‌كی نه‌شیاو كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر منداڵ دروست ده‌كات.هه‌روه‌ها له‌هه‌مان كاتیش‌دا ناسینی ئه‌و نوسه‌ر و شاعیرانه‌ی كه توانیویانه بابه‌ته‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی دروست و دوور له سواوی و دووباره بونه‌وه بگه‌یه‌ننه منداڵان و هه‌میشه له به‌ره‌وپێشچوون دان و هه‌وڵی داهێنان ده‌ده‌ن .
3. به‌خۆداچوونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌به‌رهه‌مه‌كانیاندا كه‌موكوڕی هه‌یه و به‌ره‌وپێشیان ده‌بات و رێنیشانده‌ریش ده‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی كه تازه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت كار بۆ منداڵان بكه‌ن.
4. به‌دیهێنانی ئه‌ده‌بێكی دروست و جوان بۆ منداڵان.
5. به‌رز راگرتنی هه‌وڵ و ماندوو بوونی هه‌موو ئه‌و دڵسۆز و خه‌مخۆرانه‌ی كه له‌و جیهانه جوانه‌ی منداڵاندا كار ده‌كه‌ن و پێدانی گوڕوتینی زیاتر پێیان.
6. ئه‌مه‌ش واده‌كات كه بنچینه بێت بۆ دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ بۆ جیهانی منداڵان(په‌خش و بڵاوكردنه‌وه) كه كۆمه‌ڵێك شت له‌خۆ بگرێت له‌وانه:
• ده‌سته‌یه‌كی شاره‌زا و كارامه و لێهاتوو له ئه‌ده‌بی منداڵاندا پشت به تواناكانیان ببه‌سترێت و دوور له هه‌موو شتێكی لاوه‌كی.
• ئه‌و ده‌زگایه ببێته جێگه‌ی چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه نوسه‌ران و شاعیرانی كورد ده‌یانه‌وێت پێشكه‌ش به منداڵانی كوردی بكه‌ن.هه‌روه‌ها هه‌وڵی ته‌واو بدرێت كه به‌رهه‌مه‌كان گشت مه‌رج و پێداویستییه‌كانی كتێبی منداڵانیان تێدابێت.و كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زای ئه‌م بوارانه‌شی تێدابێت .چونكه نابێت كه‌موكوڕی تێدابێت كه ده‌كاته ده‌ست منداڵ.به بڕوای ئێمه گۆڤاری منداڵان ده‌بێت ستافێكی هه‌بێت كه ئه‌مانه له خۆ بگرێت.خۆ ئه‌گه‌ر وه‌كو ستافیش نه‌كراو نه‌گونجا ئه‌وا ده‌توانرێت ته‌كلیف له‌و كه‌سانه بكرێت بۆ چاوپێداخشاندنی پێش چاپكردنی و بڵاوكردنه‌وه‌ی.
• شاره‌زا له بواری ئه‌ده‌بی منداڵاندا.(چیرۆك،هۆنراوه،ئۆپه‌رێت …..)
• شاره‌زا له بواری زمانه‌وانی دا.
• شاره‌زا له بواری زانست و ته‌ندروستی و ژینگه‌دا.
• شاره‌زا له بواری ده‌رونزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی دا.
• شاره‌زا له بواری هونه‌ری و دیزاین و ره‌نگ و وێنه‌كردن دا.
• شاره‌زا له‌بواری یاسا و مافه‌كانی منداڵاندا.
• شاره‌زا له بواری كلتور و كه‌له‌پوردا.
• شاره‌زا له بواری وه‌رگێڕاندا.
ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه به‌شێوه‌یه‌كی دروست و هاوئامانج كاربكه‌ن بێگومان به‌رهه‌مێكی باش و به‌سود و شایسته به منداڵ ده‌هێننه به‌رهه‌م .با كه‌میش بێت ،گرنگ نییه ،چونكه هه‌رگیز زۆر و بۆر بۆ ئه‌و بواره ناگونجێت و باش نییه.گرنگ ئه‌وه‌یه به تیراژێكی زۆر بێت و هه‌رزان بێت و به‌ئاسانی بگاته ده‌ستی هه‌موو منداڵێكی كورد له شار و شارۆچكه و لادێكانی كوردستاندا.من ئه‌وه به‌باش نازانم كه كتێبێك یان گۆڤارێك به ژماره زۆر بێت به‌ڵام به تیراژی ده‌رچوون كه‌م بێت.بۆ نمونه من زۆر كتێب یان نامیلكه‌ی منداڵان ده‌بینم تیراژه‌كه‌ی (500) دانه‌یه كه نوسه‌ره‌كه‌ی بۆ هه‌موو منداڵانی كوردی نوسیوه.جا خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه به‌راستی بمانه‌وێت خزمه‌ت به منداڵان و ئه‌ده‌بی منداڵان بكه‌ین ئه‌وه له سنوری گه‌ڕه‌كێك ده‌رناچێت چونكه به‌شی منداڵانی دوو قوتابخانه ناكات .بۆیه لای ئێمه به‌رهه‌می باش به تیراژێكی زۆر گرنگتره له‌وه‌ی كه چه‌ند به‌رهه‌مێك بكرێت و به تیراژێكی كه‌م.چونكه ئه‌گه‌ر بێین ئه‌و كتێب و نامیلكانه‌ی كه ته‌نها 500 دانه‌یان لێ چاپكراوه و بۆ منداڵانن پاش ماوه‌یه‌ك نامێنن له كتێبخانه‌كاندا .له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێكیان هه‌ر له سنوری شارێك یان شارۆچكه‌یه‌كدان.ئه‌وه‌ی كه گرنگه لێره‌دا باسی بكه‌م ئه‌وه‌یه زۆر جارنامیلكه‌یه‌ك یان كتێبێكی منداڵان له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌كه‌وه چاپ ده‌كرێت چونكه تیراژه‌كه‌ی كه‌مه ئه‌و به‌رهه‌مه ون ده‌بێت ،چونكه ده‌زگاكه خۆی به‌سه‌ر چه‌ند شوێنێكدا دابه‌شی ده‌كات و له كتێبخانه‌كانی بازاریشدا نابینرێن و لای نوسه‌ره‌كه‌ش نامێنێت .ئێمه وای به‌باش ده‌زانین كه بابه‌تی منداڵان شیعر ،چیرۆك یان ئۆپه‌رێت یان شانۆگه‌ری یان به‌رهه‌می وه‌رگێڕراو كه‌سانێكی تریش پێش چاپكردن بیبینن ،وه‌ك پێشتر باسمكرد نه‌ك یه‌كسه‌ر نوسه‌ر یان شاعیر یان وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵ رێزی زۆرمدا خۆی چاپی بكات و بیخاته به‌رده‌ستی منداڵان .خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و لیژنه‌یه‌ش نه‌بوو واباشه و واپێیست ده‌كات كه له‌كاتی پێدانی ژماره‌ی سپاردن دا به‌تایبه‌تی به‌رهه‌می منداڵان لیژنه‌یه‌ك هاوشێوه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی باسمكرد پێشتر په‌سه‌ندی بكات و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات ئه‌وسا چاپ بكرێت ئه‌مه‌ش له‌به‌ر گرنگی و هه‌ستیاری منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵان. ،به‌ڵام بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشچون و سه‌ركه‌وتنی زۆرتری پێویستی به ئاوڕی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی ئه‌و بواره هه‌یه .به‌هیوای به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له كوردستاندا ئێمه راو بۆچوونی خۆمان خسته روو چاوه‌ڕوانی ئاوڕدانه‌وه‌ی دڵسۆزانی ئه‌و بواره‌ین.
نوسینی: عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی