Skip to Content

بیرەوەرییەکانی شاخی گۆیژە.. نەوزاد بەندی

بیرەوەرییەکانی شاخی گۆیژە.. نەوزاد بەندی

Closed
by كانونی دووه‌م 22, 2023 General, Literature

ئەوە ناونیشانی کتێبێکی هاوڕێی دێرینم کاک موحەمەد حەمە تەقی ە ..
ئەم بەرهەمە گەشتێکی بەرەبەیانە بۆ شاخی گۆیژە .. نووسەر لەگەڵ هاوڕێیەکیدا، وەک وەرزش ، ڕوو دەکەنە شاخی گۆیژە ، ئەمەیش بانگەشەیەکە بۆ ئەوەی بە هاوشارییەکانی بڵێ پێویستە ڕووبکەینە وەرزش و شاخەوانیی ، بە تایبەتیی ساڵانێکە بەیانیانی سێ شەممە و هەینی خەڵکێکی زۆر پەیڕەویی دەکەن ..
نووسەر هەر لە یەکەم هەنگاویەوە ، کە لە گەڕەکی ئیسکان ، لە ماڵ دەچێتە دەرەوە ، ئەکەوێتە بەر تەوژمی جوانی درەخت و شار و یادگارییەکانییەوە …لە درەختە فستقە بێ ئەرک و پڕ بەرهەمەکەی حەوشەکەیانەوە دەست پێئەکا ، بە جۆرێ خۆشەویستی داری فستق ئەباتە دڵی هەمووانەوە و.. من خۆم وەک خوێنەرێکی کتێبەکە لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنێکدام ، دارێکی فستقی تیا بڕوێنم ..
ئیتر هەنگاو هەنگاو هەتاکو لای ئۆتێل تایتانیک کە خاڵی دەستپێکردنی هەورازو شاخەوانییەکەیە ، جوانی باڵەخانە و خانوو و شەقامەکانی شار ، قوڵبوونەوە و ڕامانێکی ڕۆحی و ویژدانیی لە لا دروست ئەکەن ..
ئیتر بەرە بەرە بە شاخەکەدا سەرئەکەون و ..دەیەها یادگاریی جوان و ناشیرین ، لە مێژووی کۆن و نوێی نەتەوەکەمان و شاری سلێمانی ، هەم ئەبنە بابەتی گفتوگۆی هەردوو هاوڕێ ..هەم ئەبنە هۆکارێک بۆ بەدواداچوون و لێکدانەوەی نووسەر لە ناخی خۆیدا … مولازم موحسین و تاوانەکانی .. کوشتنی گەنج و لاوانی شار بە خەمساردی .. خستنە خوارەوەی ئەلیکۆپتەرێکی ڕژێمی بەعس لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا ، هەروەها لە ناوەڕاستی شاخی گۆیژەدا .. خەم و ئازاری نووسەر وەک هەڵهاتوویەک لە دەست بێگارییەکانی بەعس و سەربازی و خۆ قایمکردنی لە سێوسێنان ..دایکی میهرەبانی ، کە پارچەیەک بووە لە هەوڵ و کار و ماڵداری و بەڕێوەبردنی ئەمان بە جوانترین شێوە .. چاڵە بەفرەکانی گەردنی گۆیژە ، کە پێش کارەبا و ئامێری بەفرگرە ، بەفری زستانیان تیا هەڵئەگرت و لە هاویندا بە ئەسپی بار ئەیانهێنایەوە بۆ سلێمانی و بۆ ساردکردنی شەربەت و ئاو بەکارئەهێنران .. پیاوچاکانی شار وەک عەلی کەمال و عەلی ناجی و کەریمی عەلەکە .. خوێندن لەو سەردەمە دوورەدا ..خەم و خەونی میللەتێکی ژێر چەپۆک و لە هەمان کاتدا کۆڵنەدەر .. کارە باشەکانی عەبدولکەریم قاسم لە بنیاتنانی بەنداو و قوتابخانە و نەخۆشخانە و .. کارە دزێوەکانی زەعیم سدیق وقەتڵ و عامکردنی هاووڵاتیانی کورد ..و چەندەها ڕووداو و یادگاری تاڵ و شیرینی دوور و نزیک و..گرێدانەوەی به دۆخی ئەمڕۆی کورد ، کە بۆ میللەتی هەژار ئەگەر خراپتر‌ نەبووبێ .. باشتر نەبووە ..پشتگوێخستنی ڕۆڵی بەرزی پێشمەرگە و ..گەڕانەوە بۆ بنەماڵەگەری و تیرە گەری و دەرەبەگایەتی و پاوانخوازی و ..قوتدانی نەوت و غاز و خاک و ئاوی کوردستان تەنانەت بە شاخ و پێدەشتەکانیشیەوە …
بە کورتیی ، بە شێوەیەکی سادە و ساکار ، مێژووی کۆن و نوێی میللەتی کورد بە گشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتیی باس دەکا ، کە ئەوە زۆر گرنگە ، بۆ هەموو چین و توێژەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگا ، کە زۆرینەی لاوەکانمان لە مێژووی دوور و نزیکی میللەت و شارەکەیان بێ ئاگان ..
بە ڕاستی من وەک خۆم تام وچێژێکی زۆرم لەسەرجەم ڕووداوە مێژووییەکانی ئەم کتێبە وەرگرت ..
لەوەیش زیاتر ، جوگرافیایەکی زۆر جوانی تێدایه ..بەرد ، دار ، باران ، هەور ، هەر هەمووی باس دەکرێت ، وەک چۆن ڕەسوڵی هەمزاتۆف ، وورد و درشتی داغستانەکەی باس دەکات ، ئەمیش بە زمانی شیعر و پەخشان تێکەڵاوی وورد و درشتی پێکهاتەکانی شار و شاخ دەبێت .. هەموو ئەو گۆرانی و پەند و قسەی نەستەقانە باس دەکات بۆ نمونە لەسەر بەرد ..بە جۆرێ ، جوانکاریی و داهێنانێکی زۆر تێدایە .. تۆ بێی سەرجەم ووتە جوانەکان کۆبکەیتەوە ، ئەمە هەم باخچەیەکە لە ووتە ..هەم مۆزەخانەیەکە لە کولتوور و ئەو ووتە بەنرخانە لە لەناوچوون و کاڵبوونەوە ئەپارێزێت .. لە هەمووی گرنگتریش ئەو ووتە و کولتوورە دەوڵەمەندە پەڕاوێزخراوە ، ئەهێنێتەوە بەرچاوی لاوان و نەوەی تازەی گەلەکەمان کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە دایپۆشیون و لە زۆربەی بەها کولتووری و نەتەوایەتیەکان بێ بەشی کردوون ..
زمانی ئەم کتێبە زۆر پەتی و پاراوە و ..ڕستەکانی کورت و بێ گرێ و گۆڵن ، بە جۆرێک من کە دەستم بە خوێندنەوەی کرد ، هەتا تەواوم نەکرد ، وازم نەهێنا ..یان ئەو هەتا دوا لاپەڕە وازی لێنەهێنام ، ئەوەیش بەڵگەی سەرکەوتوویی نوسەرە لە چۆنێتیی هەڵبژاردنی بابەتەکانی و گونجاندنی لەگەڵ حەز و خەون و تام و چێژی خوێنەراندا ..
بە ڕاستی 128 لاپەڕە ئەخوێنیتەوە ، هێشتا وا بە دوای لاپەڕەی تردا ئەگەڕێی ، چونکە لە هەموو لاپەڕەیەکیدا بەشێک لە ڕابوردووی میلەتەکەت و شارەکەت و خۆت ئەدۆزیتەوە ..
بێ گومان هیچ بەرهەمێکیش بێ کەم و کورتیی نابێ ، هەڵبەت منیش هەندێ باری سەرنجم هەیە :
یەکەم : نووسەر ئەڵێ ئایین ئەفسانەیە ، لەکاتێکدا ئەفسانە ناتوانێ فەرمانڕەوایی بکا ..بەڵام ئاینەکان سەدان و هەزاران ساڵ فەرمانڕەوایی کۆمەڵگاکان کردووە ..هەر بۆیە ناکرێ ئایین به ئەفسانە پێناسه بکرێت .
دووەم : نووسەر کە باسی گۆرانی و ئاهەنگیی خەڵکانی سلێمانی ئەکات ،وائەزانیت خەمێکی تیا نییە .. کە باسی خەم و ئازارەکانی شار ئەکا ، وا ئەزانی گۆرانییەکی تیا نەماوەتەوە.. کە باسی ووشکە ساڵی ئەکا ، وادەرئەخا تەواو ، سەوزایی قاتیی بووە ، کە باسی دار و درەختیش ئەکا ، وا باسی ئەکا وەک ئەوەی بە درێژایی ساڵ ، ڕۆژانە باران ببارێ ..
سێیەم : نوسەر عەشق و خۆشەویستی خۆی بۆ شار دەردەبڕێ و …ئەڵێ بچیتە هەر شوێنێک هیواداریت بێیتەوە بۆ سلێمانی .. لەو لایشەوە ئەڵێ نەبووین بە بنەماڵەی شێخێک ، تا هەموو دنیا بگەڕێین . یان باس لە خەڵکی سلێمانی ئازا و بە جەرگ ئەکا ، کەچی باس لە کوشتنی گەنجەکان بە دەستی مولازم موحسین و ڕاکێشانیان به پشتی ئوتومبیلەکانیانەوە لە پێش چاوی خەڵک ..یان باس لەوە ئەکا کە ئەمڕۆ هەموو شاخ و دەشت و کوردستان داگیرکراوە لە لایەن چەند بنەماڵەیەکەوە ، ئەی لەو دوو حاڵەتدا کوان خەڵکە ئازاکەی سلێمانی ؟ یان ئازایەتییەکەیان بۆ کاتی تەنگانە داناوە ؟
چوارەم : لە باسی وانەی سێ سەگ ، لە ئەلف و بێی نوێدا ، هەندێ ئاماژەی تیایە کە ڕەنگە بڵێم وەک پەڕۆ سوورەکەی زۆرانبازی گا ، کێشە و پەلامار و فەرتەنەی لێ بکەوێتەوە .. چونکە ڕۆژگارێ تێکەتووین قسەیەکی نەستەق یان نوکتەیەکی لە دڵێکی سافەوە ، ئەکرێنە هەوێنی دووبەرەکی و بەرەنگاربوونەوە ..
پێنجەم : لە زۆربەی گوند و شار و شارۆچکەکاندا ، یەکگرتووی ئیسلامیی قوتابخانە و مزگەوت و بنکەی تەندروستی و هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەیان ، دروستکردووە یان نۆژەن کردۆتەوە و ..لە گرانیی و قات وقڕییەکەی ساڵانی نەوەدەکاندا موچەیان بۆ مناڵە هەتیوەکان بڕیبۆوە ..پێش ئەوەی حیزبێکی باڵادەست ئەو هاوکارییانەی ووڵاتانی کەنداویان لێ ببڕێ و بۆ دەزگایەکی خۆی تەرخانیان بکا ..
نووسەر دوور و نزیک باسی ئەمەی نەکردووە .
هەروەها لە چەندین جێدا باس لەوە ئەکا کە حیزبە ئیسلامییەکان خەریکە دەست دەدەنە یەخەی یەکتر ، بەڵام باس لەوە ناکا کە لە شەڕی براکوژیی یەکێتی و پارتیدا باشترین پێشمەرگە تیاچوون و زیاتر لە دە هەزار پێشمەرگەیش سەرنگوون و گۆڕ بزرن .

لە کۆتاییدا داواکارم لە هەموو کوردێک ئەم کتێبە بخوێننەوە ..دڵنیام دڵیان خۆش ئەبێ و ..لەگەڵ کتێب و کتێبخانە و کورد و مێژووی میللەتەکەیاندا ، ئاشتیان ئەکاتەوە ..

Previous
Next
Kurdish