 
	کۆلارەی بێ دەزوو … و: محەمەد بەرزی
منداڵە ژیرەکان :  جارێکیان باوکێک منداڵەکەی خۆی برد بۆ باخچەیەکی گەورە ، بۆ بینینی پێشبڕکێیەکی هەڵدانی کۆلارە .  منداڵەکە ، کە ئەو هەموو کۆلارە ڕەنگاوڕەنگانەی  بە ئاسمانەوە بینی ، زۆر شاد و کامەرانبوو ، هەر بۆیە بە ڕوویەکی خۆشەوە  داوای لە باوکی کرد کۆلارەیەکی بۆ بکڕێت و  خلخلۆکەیەکی پڕ لە دەزووشێ بۆ پێوە ببەستێتەوە ،  تا ئەویش وەک منداڵەکان  کولارەیەک  هەڵبدا .  باوکێشی خێرا چوو لە دوکانێکی ناو باخچەکەدا کۆلارەیەکی جوانی کلک درێژی  ڕەنگاوڕەنگی بۆ کوڕەکەی کڕیی و زۆر بە چاکیش  دەزووەکەی  بۆ پێوە بەستەوە .
 کوڕەکەی گورج کەوتە هەڵدانی کۆلارەکەی و وردە وردە کۆلارەکەش کەوتە بەرزبوونەوە ،  پاش ساتێکی کەم کۆلارەکە گەیشتە  ئاستێکی زۆر بەرزی ئاسمان و لەو بەرزاییەشدا ڕاوەستا و مایەوە .  پاشان کوڕەکە بە باوکی ووت : ( بابە گیان :  لەوە دەچیت تەواو بوونی  دەزووەکە  ،  ئیتر ڕێگا نەدا لەوە زیاتر کۆلارەکەم بەرزببێتەوە ،  بەڵام ئەگەر ئەم دەزووە بپچڕێنم ، ئەوا کۆلارەکەم  ئازاد دەبێت و لەوانەشە زۆر زیاتر لە ئاسماندا بەرزبێتەوە ، ئایا دەکرێت ئــەم دەزووە بپچڕێنین ؟ ) .  باوکەکەشی بە قسەی منداڵەکەیکرد و گورج دەزووەکەی بۆ پچڕاند و کۆلارەکەش کەمێک  بەرزبۆوە ،  کوڕەکەشی بە مە زۆر دڵی خۆشبوو … بەڵام ئەوەی سەیر بوو پاش تۆزێک ، کۆلارەکە لە ئاسماندا  دەستیکرد بە دابەزین و نزمبوونەوە و لە ئەنجامیشدا لەسەر سەربانێک کەوتە خوارەوە .  کاتێک منداڵەکە ئەو دیمەنەی بینی زۆر  سەرسامبوو .  لە دڵی خۆیدا ووتی : ( باشە دەبوو پاش قرتاندنی دەزووکە باشتر کۆلارەکە بەرزببێتەوە ، کەچی لە جیاتی ئەوەی  بەرزتربێتەوە ،  نزمبۆوە و کەوتیشە خوارەوە )  .  ئنجا پرسیاری لە باوکی کرد و ووتی : (  بابە گیان :  من وامئەزانی  دوای پچڕاندنی دەزووەکە ، کۆلارەکەم زیاتر بەرزدەبێتەوە ، باشە بۆچی  لە جیاتی ئەوەی بەرزتر بێتەوە ، کەچی نزمبۆوە و کەوتیشە خوارەوە ؟  ) .
 باوکیشی ویستی ئەمەی بە جوانی بۆ ڕوونبکاتەوە ، تا وانەیەکی زۆر بە نرخی فێربکات ،  بۆیە لە وەڵامدا ووتی : (  گیانەکەم :  لە گەرمەی ئەم ژیانەدا ، کە ئێمە تێیدا دەژین ، زۆر جار وا هەستدەکەین ، کە زۆر شت وەک ئەو دەزووە ،  ئێمەیان بە خۆیانەوە بەستۆتەوە و ڕێگا نادەن بکەوین و تووشی شکست بین  .  دەزووەکە هۆکاری بەرزبوونەوەی زیاتری کۆلارەکە نەبوو ، بەڵکو تەنها  یارمەتی کۆلارەکەی دەدا بە بەرزیی بمێنیتەوە و نەکەوێتە خوارەوە ، کاتێکیش هەوا هەڵی دەکرد ، تۆ لە ڕێگای دەزووەکەوە یارمەتی کۆلارەکەت دەدا بە شێوەیەکی جوان بەرزببێتەوە ، بەڵام کاتێک دەزووەکەمان قرتاند ،  ئەوەبوو کۆلارەکە بەبێ یارمەتی تۆ مایەوە  ، کە لەڕێگای دەزووەکەوە کۆلارەکەت بە بەرزی ڕاگرتبوو ، هەر بۆیە کەوتە خوارەوە )  .  منداڵەکە لە قسەکانی باوکییەوە هەڵەکەی  خۆی زانی و زۆر سوپاسی باوکیشی کرد . 
جا منداڵە ژیرەکان : ئەم چیرۆکە پێماندەڵێت : هەندێکجار وا هەستدەکەین ، ئەگەر بە خێزان و مامۆستا و کەسە نزیکەکانمانەوە نەبەسترێینەوە ، ئەوا دەتوانیین بەبێ یارمەتی ئەوان ، بە خێرایی پێشبکەوین و لە ژیاندا بگەینە ئاستێکی بەرز . بەڵام ئەوە لە یاد دەکەین ، کە تەنها کۆمەک و پشتگیریی و هاندانی خێزان و کەسوکار و مامۆستا و هاوڕیێ خۆشەویستەکانمانە ، کە لە کاتی کێشە و تەنگانەدا یارمەتیدەری مانەوەی ئێمەن ، تا لە ژیاندا سەربکەوین و بگەینە ئـاستێکی بـەرزتر و لەو بەرزییەشدا بمێنینەوە . ئەوان خاوەنی ئێمە نیین ، بەڵام یارمەتیدەری بەرزی و سەرکەوتنی ئێمەن . جا هەر بۆیە پێویستە بەردەوام هەوڵبدەین ئەو پەیوەندییە گەرموگوڕ و گـرنـگانـــە نەپچڕێنین .
تێبینی : ئەم چیرۆکە بە دەستکارییەکی زۆر کەمەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .


 
			 
			 
			