ساتیرەچیرۆک: ناونیشانێک بۆ کتێبی بیرەوەرییەکانم!.. هێرش رەسوڵ
نیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین بو، هاوڕێکەمان خوڵقی نانی نیوەڕۆی کردین بۆ ماڵەوە، ئێمەش داواکەیمان قبوڵکرد و بە خۆشحاڵییەوە چوین. دایکی هاوڕێکەمان بە گفتولفتێکی کوردانەوە بەخێریهێناین. کەمێ سەرزەنشتی کوڕەکەیشی کرد، کە بۆ پێشتر ئاگاداری نەکردۆتەوە، تا خواردنێکی باشترمان بۆ ئامادەبکا. ئێمەش پێکەوە سوپاسمان کرد. گوتمان: هەرچی هەیە بەزیادبێت، ئێمە میوان نین. سفرە راخرا و وردە وردە قاپ و کەوچک و دۆلکە و پەرداخ دانران، ئینجا چەند نانێکی تیریی تازەڕشێنراو بە چواردەوری سفرەکەدا بڵاوکرانەوە. پاشان لەگەنێ برنجی پڵاو و چەند قاپێ شلەی فاسۆلیا. تێروپڕ نانمان خوارد و بەدواشیدا چایمان خواردەوە. بە دەم ئەوەیشەوە جارجار قسە و گفتوگۆ سەبارەت بە هەندێ بابەتی رۆژانە دەکرا. دوای ئەمانە، هاوڕێکەی ترمان، خۆی قەڵەم و پەڕاوێکی لە جانتاکەی دەرهێنا، دەستی بە شتنوسین کرد. هاوڕێی خاوەنماڵ بە سەرسوڕمانەوە لێی پرسی: “کاکە ئەوە چی دەنوسی؟!” ئەویش وەڵامیدایەوە: “وەڵا چەند ساڵە کردومەتە نەریت، ژیانی رۆژانەم یاداشت دەکەم.” ـ “واتا چۆن؟ هەمو شتێ دەنوسیتەوە؟ چیتکردوە؟ چیت خواردوە؟ بۆ کوێ چوی؟ چەند ماوییەوە؟”
- “بەڵێ، هەمویان بە کورتیی دەنوسمەوە، ئیدی بۆ ئایندە کەرەستەیەکی باشی بیرەوەریینامەیە.”
ـ “ئێ دە باشە برا، ئەوەی نیوەڕۆ خواردمان گۆشتیشی بۆ زیادبکە، خۆ هەر نوکەقەڵەمێکە، چی تێناچێ!”
*
لە سەیراین بوین. نزیکی ئێوارە شتەکانمان کۆکردەوە، تاکو وردە وردە بەرەو ماڵەوە بەڕێبکەوینەوە. کەمێ بە ئۆتۆمبێل رۆیشتین، دواتر جەنابی پاڵەوان وتی: برادەران من حەزدەکەم داببەزم و کەمێ بە پێ رێبکەم، هەم کەشوهەوا خۆشە و هەم وەرزشیشە، یەکێ لە برادەرەکانیش وتی منیش لەگەڵت دادەبەزم. ئیدی هەر ئەوەندە خۆش بو، چل هەنگاوێ لە ئۆتۆمبێلەکە دورنەکەوتبونەوە، چوار سەگی زلی هەوشاری چونە سەر رێیان. هێدی هێدی لێیان نزیک دەبونەوە. دەیانویست پەلاماریان بدەن. ئەوانیش ترسان و بە پەلە و راکردن خۆیان خستەوە نێو ئۆتۆمبێلەوە.
پاڵەوانی رۆژە رەشەکان بە هەناسەبڕکێوە: کاکە ئەوانە سەگی هەوشارین، سوعبەت نازانن، خۆ شەڕی دەستەویەخەیان لەگەڵ ناکەین؟
دوای ئەوەی لە سەگەکان دەربازیان بو، کەمێ وچانیاندا، برادەرەکەی وتی: بەڵام گەورەم من ئەم روداوە لە پەڕاوی بیرەوەرییەکانم ئاوا نانوسمەوە.
پێیان وت: ئەی چۆن؟
ـ دەنوسم رەوە سەگێکی هەوشار پێکەوە بۆ جەنابی پاڵەوان هاتن، بە مەبەستی ئەوەی پەلاماری بدەن و لەتوپەتی بکەن، بەڵام جەنابت ئازایانە لێیان هاتییە دەست و بەدویان کەوتی و لە پێچەشاخێک وەگیرت هێنان و گەمارۆت دان، دواتر دوت لێکوشتن و ئەوانی دیکەشت هەڵدانە خوارێ. ئیتر پوختەی داستانەکە ئەمە بو.
*
وەک خووی هەمیشەیی خۆی، زو زو کۆمەڵێ قاتلەبەر و بۆینباغلەمل و ئەفەندیی کۆدەکاتەوە، گوایە “نوسەر و رۆژنامەنوس و رۆشنبیر”ـن و بیرۆکە و تەگبیری ژیرانەی دەدەنێ، تاکو لە بڕیار و کار و کاردانەوەکانیدا سودی لێوەربگرن. بانگهێشتی ئەمجارە جیاواز بو. لە باخە تایبەتەکەی جەنابی جەنگاوەری دێرین بو. باخ یان وا دروستترە بڵێین ڤێلاکەی لەو گوندە جوانە بو، کە تا ئێستا خەڵکەکەی نەیانتوانیوە ئاوەدانی بکەنەوە، بەڵام ئەو باخێکی گەورەی لێ دروستکردوە و لەناویشیدا تەلارێکی گەورەی پڕ ژوری سەرسوڕهێن و مەلەوانگە و شوێنی یاریی و گیانلەبەر و باڵندەی جۆراوجۆر، مەگەر هەر لە خەوندا بینرێت.
ئەدیب و نوسەر و رۆژنامەنوسانی دەربار لەسەر دەعوەت بە دەم بادانی پاروی چەور و پارچەکردنی رانەقەل و پشتەمەغزەوە، وەک ئاهەنگی ناونانی منداڵ
پێشنیاری ناونیشان بۆ کتێبەکە، دەکەونە پێشبڕکێ. یەکێک دەڵێ ناوی بنێ: “یادەوەریی ئەو جەنگاوەرەی کە نەیزانی ماندوبون چییە؟”، یەکێکی تر یەکسەر بەدوایدا، “پاڵەوانی رۆژە شومەکان” پێشنیاردەکات، ئەویتر هەڵدەداتێ: نا کاکە “قارەمانێک بە وێنەی بەور” پڕ بەپێستی ئەو بەسەرهاتە دەگمەنانەیە. ئیتر بەمجۆرە، ناونیشانی جیاواز خرانەڕو، کە هەر یەکەیان گوزارشت بو لە قارەمانێتیی بابای خاوەن خوان و بانگهێشت: “ئەو ساتانەی دڵمان لەنێو مشتماندا بو”، “یادنامەی ئەو پیاوەی ئازایەتیی لێدەچۆڕا”، “نوسینەوەی رۆژە رەشەکان لەسەر کاغەزە سپییەکان”، “يادەوەریی جەنگاوەرێکی ئازا”، … تاد.
ـــــــ
ئایاری ۲٠۲۲ ـ شوباتی ۲٠۲۳