Skip to Content

شەوانی باکۆ و بەزاندنی هێڵی سوور… دڵشاد کاوانی

شەوانی باکۆ و بەزاندنی هێڵی سوور… دڵشاد کاوانی

Closed
by ئاب 10, 2020 General, Literature


‘شەوانی باکۆ لە ڕووکەشدا ڕەچەشکێنە لە ناوەڕۆکدا و ڕووتکردنەوەی وشەکانە’
“شەوانی باکۆ شکستی دەقە لە ناوەڕۆکدا”


شەوانی باکۆ یەکێکە لە بەرهەمە خۆماڵییەکان کە لە لایەن ڕۆماننووس کەمال سەعدی نووسراوە. بە پیێ ئەزموون و هەژموونی نووسەر، زمانێکی پاراو و گێڕانەوەیەکی بێ گرێ و گاڵی بۆ کراوە، هەر چەندە نووسەر هەوڵی داوە ڕەچە شکێنی لە نێو ڕۆمانی کوردییدا بکات و بەو پێیەی کە هەموو نووسەرێک ئازادە لەوەی چی دەنووسێ و چۆن دەنووسێت. وەلێ دەبێ ئەو ڕاستییە بگوترێ کە کمال سەعدی، تاکە نووسەرە تا ئێستا بوێری ئەوەی کردبێ کە دەست بۆ ڕەهەندێک بەرێت، کە بەر لەو هیچ کەس ئەو بوێرییەی نەبووە کە ڕۆمان یان هەر دەقێکی تر ڕاستەوخۆ پەیوەست بە پۆڕنی کوردی بنووسێ، چون پۆڕن لە کۆمەڵگەی کوردییدا تا ئەو ئانوساتە وەک بڤە و یاوەیشەیەک دەبیندرێ، بەڵام پرسێک لەبەردەم نووسەر خۆی زیت دەکاتەوە کە دەبێ وەڵامی شیاوی بۆ خوێنەرانی هەبێ ئەویش ئایە لە جوغزی ئەم دەقەدا چ پەیامێک خۆی شاردۆتەوە کە نووسەر گەرەکییەتی بیورژێنێت.
دوای ئەوەی سەرلەبەری شەوانی باکۆم بە ووردی خوێندەوە، گەیشتمە ئەو دیدگایەی کە ڕۆماننووس لە شەوانی باکۆ لە ڕووکەش ڕێچکە شکێنە و لە ناوەڕۆکدا تەنیا ڕووتکردنەوەی وشەکانە، چونکە ئەوەی کە لەو ڕۆمانەدا بەرجەستە کراوە، لە ڕۆمانی شاری حسێن عارف دا سێکسوالی نێوان دەروێش و مریەم زۆر بەجوانی خراوەتە ڕوو و فەرهەد پیرباڵ لە ڕۆمانی منداڵباز، شێخ سدیق لە ڕۆمانی پورخورشید و شێرزاد حەسەن لە تەنیایی و گەڕەکی داهۆڵەکان دا پۆڕنیان ئاوێتەی نووسین کردووە.
ولۆ نووسین لەمەڕ پەیوەندیی سێکسی، وێردکردنی شەهوەت و وێناکردنی کردەی سێکسییە، یا ئەوەتە بە وشە کردنی جەستەی ڕووت و هەر جۆرە دەربڕینێکی باشتری (سێکسوالی) کە کردە دەرهەقی نایەت، بە دەربڕینێکی تر وشە دەگاتە بنبەست بەو ستراکتورییەی کە لە ناپەیوەندیی سێکسیدا ئامادەیی هەیە، کە ئەویش پەیوەندیی خۆشەویستی و ئەشقی لێ بەرهەم دێت. ڕەنگە لێرە دا بە ڕەهەندە نەرێنییەکەی بەر هەڵوەشاندنەوە بکەوێ، کە ئەگەری بونیاتنانەوەی نەبێ. لێرە سێکس شتێک هەڵدوەشێنێتەوە، بەڵام شتێکی تر بونیاتدەنێتەوە ئەویش حەز و ویستە.
هەرچەندە کەمال سەعدی ئەزموونێکی دوور و درێژی لە نووسین هەیە چاوەڕوانی کاری گەورەتری لێ دەکرێ لەوەی کە هەیە، چونکە شەوانی باکۆ سەرباری ئەوەی پڕە لە هەڵەی زەقی چاپ لە ناوەرۆکیشدا نووسەر کەوتۆتە نێو هەڵەی گەلێ مەزن، دیار ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە؛ یەکەم سەعدی بە هۆی بابەتییە هەستیارەکەی نەیتوانیوە کە هیچ پەیامێک بە خوێنەر بگەیەنێ و خۆی یەکلا بکاتەوە لە نێوان پێویستی و دەرخستن، چونکە کاتێ نووسەر پەیامێکی لاواز و داهێنانی نەبوو، ئەم کاتە جگە لە ڕەش کردنەوەی کاغەزی سپی هیچیتر نییە. لە کاتێکدا کە شەپۆڵی گەمژەیی و بەمێگەل کردنی کۆمەڵگە لە ڕێگای شۆسیال میدیا ڕووی ناشیرنی دەردەخات بەم مانایە، بەرهەمی ڕەهەندە جیهانگیرییەکەیە و زاڵبوونی گڵۆباڵە بەسەر دەقدا، بەمەش ئەرک و پێوستی دەق قوڕستر دەبێ بەوەی تێکست ئەرکییەتی رۆڵی ڕاستکردنەوە و بە جوان کردن ببینێت، نەوەک داماڵین لە بەها ئەخڵاقییەکانی کۆمەڵگا بەمەش دەتوانین بڵێین کە شەوانی باکۆ شکستی دەقە لە نێو ناوەڕۆکدا.
سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆمانەکە لە تەکنیک و شێوازدا لە ئاست دەقدا نییە، بەڵكو خاڵییە لە بنەماکانی ڕۆمان و گێڕانەوە و زەمەن و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو نەوەک بڵێین هەر بەدی ناکڕێ، تەنانەت بەهۆی گێرانەوەیەکی سادە و ساکار لە هونەری ئەدەبی وای لەم ڕۆمانە کردووە، زۆرتر لە بیرەوەرییەکی ئاسایی جوان بچێ نەوەک ڕۆمان. هەر چەندە لەو ڕۆمانەدا جگە لە رابواردن و ئاید و لیبدۆکانی سێکس کردنی چەند کەسێکەوە هیچ ئیگۆ و پەیامێکیتر لە پشتی ئەم دەقەدا نییە. بەمەش پەلەیەکی زۆر بە شەوانی باکۆوە دیارە، یەکێکیان بە هۆی هەستیاری بەباتی و دووەم نووسەر ویستوویەتی یەکەم کەس بێ کە لە دوا بەشی ڕۆمانەکەی باسی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بکات، وەک بابەتێکی هەنووکەی وەلێ بێ ئاگا لەوی لە پەلە پروسکێی نووسەر گورزێکی گەورەی لە ڕۆمانەکەی داوە.
شەوانی باکۆ بێ بوونی هیچ ڕووادوێکی گرنگی سێکسوالی بە گەشت کردنی چەند هاوڕێیەک لە هەولێرەوە بۆ باکۆی پایتەختی ئازارباینجان دەست پیدەکات، کە تێیدا هاتووە ئازا و کاروان و بەیەکەوە و لەگەڵ ئاکۆ بە جیا، دوو گەشتی جیاوز بە مەبەستی کات بەسەر بردن سەردانی باکۆ دەکەن. هەموو ڕووداوەکانی گەشتەکە لەسەر زاری کارەکتەری سەرەکی بە شێوەی ڕابردووی بکەر دەگێڕدرێتەوە، نووسەر بێ ئەوەی هیچ خۆماندبوونێک بە ئیدیۆم و جێگرەوەی وشە بیانییەکان کە لەو باوەڕەدام گەر یەک کەم خۆی بە لایەنی وشەسازییەوە سەرقاڵ کردبووایە، دەیتوانی جێگرەوەی وشە بیانییەکان بە ناو و فەرمانی کوردی پڕ بکردایەوە، هەروەک وشکانی بۆتۆکس، فیلەر، مانتۆ، تیشێرت، تاتۆ، ڤی ئای پی، ڤیزە، کافێ، تکیت، فەسبووک، تەنانەت وەک بەکار بردنی وشەی شوقە، مەسعەد و ئەلحەقە و سەماعەی خاریجی، کە بە وشەکانی کوتان، بژاردە و ڕێپێدانی گەشت و تۆڕی کۆمەڵایەتی و یانە، بلیت، باڵاخانە، یان کۆشک و خانوو، ئەسانسێر، هەڵبەتە، بلندگۆ، بیستنی دەرەکی، بەلانی کەم شوێنی ئەم وشە غەوارانەی دەگرتەوە.
کەمال سەعدی تەنانەت لە ناو ڕۆمانەکەدا لە ڕیزکردنی ڕووداوەکان تووشی لە بیر چوونەوە دەبێ، بۆ نمونە لە بەشی مەلەوانگە لە لا ٦٥ بۆ ٦٦ سەبارەت بە تورکی نەزانی خۆی کە ناتوانێ بە دڵی خۆی قسە لەگەڵ سارا ئازەری ڕێبەری گەشتیارییەکەیان بکات دەڵێ: زۆرشت هەبوو پێی بڵێم، بەڵام ئەفسوس زمانی تورکی نازانم. لە وڵامدا ئەحمدی یاوەری سارا پێی دەڵێ: بۆچی بە زمانی عەرەبی قسەت لەگەڵ نەکرد؟ ئەویش لای سەیر دەبێ کە سارا عەرەبی دەزانێ، بۆیە ئەو پرسیار دەکا و ئەحمەدیش پێی دەڵێ: سارا عەرەبییەکی باش دەزانێت، ئەو پەیمانگەی گەشتیاری تەواو کردووە و لەوێ فێری زمانی عەرەبی بووە. بەوە زۆر دڵخۆش دەبێ، بۆیە لە دەقەی دواتر دا هاتووە: کەوای وت، زۆر کەیفم هات، چوومە لای سارا و تەوقەیەکم گەرمم لەگەڵ کرد و بەزمانی عەرەبی قسەم لەگەڵ کرد.
کەچی لە بەشی گەڕانەوە لە لا ٩٠ بۆ ٩١ لە کاتی تەواو بوونی گەشتەکەیان نووسەر ئەسەف دەخوا کە زمانی تورکی نازانێ بۆ ماڵئاوایی کردن دیسان دەڵێ: وتم: ئەگەر زمانی تورکیم بزانیبا، دەمزانی چیم پێ دەووت. ئەحمەد هەمدیسان پێی دەڵێ: بەزمانی عەرەبی قسەی لەگەڵ بکە ئەو عەرەبی دەزانێت؟. نووسەر لێرە خراپ تێدەکەێ لە بیری کردووە کە پێشتر بە عەرەبی لەگەڵ سارا ئازەری قسەی کردووە، بۆیە دەڵێ: چی دەڵێی بۆ چی تۆ زووتر پێت نەوتم کە ئەو عەرەبی دەزانێ. هەروەها دەنووسێ: ئەمەم وت و چوومە لای سارا ئازەری و بەزمانی عەرەبی سڵاوم لێکرد، سڵاوی لێ وەرگرتمەوە، وتی چما تۆ زمانی عەرەبی دەزانیت؟. سەیر لەوەدایە کەچی لە رابردوو هەردووکیان بە زمانی عەربی لەگەڵ یەکتر دوواون، ئەمە ئابڕووچوونێکی نووسینە کە کەمال سەعدی لە شەوانی باکۆ تێی کەوتووە.
لەبەشی لە هەولێرەوە بۆ باکۆ زاهید و ئیبراهیم دەبنە هاوسەفەری کارەکتەری سەرەکی و ئاکۆ، کەچی لە بەشی قەسر و جەمع لە لا ٥٥ دوو جار و لە ٥٧ دووجاری تر ناوی کارەکتەری زاهید بۆتە جیهاد، پاشان لێی بۆوەتە جاهید لە چەند شوێنێکی دیکە کارکتەری کاروان دەکات بە کاوان، ئەمەیان دەشێ وەک هەڵەی چاپ هەژمار بکرێت، بەڵام دواتر دەیکات بە کامەران، ئەمەش دەبێتە نا مەعقوڵییەت و گەندەیی لە نووسین.
لەلا یەکی ترەوە لە بەشی بەرماڵ و قیبلەنامە، نووسەر وەک ناشارەزایەک لە زمان دا و وەک ئەوەی هیچ سەرو کاری لە گەڵ نووسیندا نەبێ، لە لا ٨٣ دەنووسێ: ئاکۆ چووە گەرماوەکە دۆشێکی وەرگرت. لە لا ١٤٣ هەمان هەڵە دەکاتەوە چونکە لای هەموومان ڕوون و ئاشکرایە کە دۆش دەکرێت وەرناگیرێ، واتە کورد دەڵێ سەرم شووشت، گەرماوم کرد، نەوەک حەمامێکم وەرگرت.
سەبارەت بە وسف پێداهەڵگوتن و ناساندن لە زۆر شوێن کەمال سەعدی هەڵەی کوشندە دەکات، هەروەک لە لا ٨٢ و لە بەشی گوندی کەچەڵ دەربارەی وەسفی دوو کچە سۆزانی دەڵێ: یەکێک لە کچەکان زۆر سپی و تەنک بوو، دەتووت ڕێواسە، ئەوەی تریش ئەسمەرێکی خوێن شیرین بوون دەووت گەنمی قەندەهارە. لێرە خوێنەر تووشی مەهزەلەیەکی نووسین دەبێتەوە، ئەم ڕستەیە لە ڕووی داڕشتنەوە، هەڵەیە چونکە لە بەشی دێڕی دووەم باسی یەک کچ دەکات کەچی شیرن بوون بەکار دێنێ و لە کاتێکدا ئەم شیرن بوونە تەنیا بۆ یەک کەسیانە کە گەنم ڕەنگەکەیە، واتە تاک دەکات بە کۆ. دواتر نە ڕێواس سپییە و نەگەنمیش شیرینە، هەر بۆیە ڕۆماننوس وردبین و بە دیقەت نەبووە لەم وەسفەیدا.
پاشان بۆ سارا ئازەری لە لا ٢٣ لە بەشی هەولێرەوە بۆ باکۆ وادەخاتە ڕوو: خەیاڵم لای مەمکەکانی بوو، دەتوت سیوی لا سوورن بە دارەوە، بەهەمان شێوە لە بەشی مەلەوانگە لا ٦٥ دەڵێ: مەمکەکانی وەکو سێوی لاسوورە لە دورەوە دیار بوون. کەچی لە بەشی گەڕانەوە لا ٨٩ ئێژێ: مەمکەکانی دەتووت شەمامەی ناو بێستانن.
هەروەها لە وەسفی مەمکەکانی کچە گوڵ فرۆشەکە لە نێوان دووجار چوونیان بۆ ئەو یانەیەیی کە ئەو کاری تێدەکات، لە لایەک دەڵێ: تازە بنی مەمکی دانابوو. لە جاری دووەم لە لا ١٢٩ دەنووسێ: سوخمەی کرابووەوە مەمکی وک پرتەقاڵ بوو، لە کاتێکدا بەپێی گێڕانەوەکان ماوەی نێوان گەشتی یەکەم و دووەمیان لە ماوەی یەک مانگ تێپەڕی نەکردووە کە چی لە بنی مەمکەوە بۆوەتە بە پرتەقاڵ.
لە بەشی ژنەکانی میترۆ کافێ لە یەک ڕستەدا سەعدی دەکەوێتە دوو وەسفی دژ بەیەک لە لا ١٥٨ کە لە باسی جوانی وەسفی مەهێی سۆزانی دەڵێ: جووتە شەمامەکانی لە ناو قەمیسەکەی بە قەد لیمۆ بوون. لە لا ١٥٤ بۆ ١٥٥ هەمان هەڵە دەکاتەوە، دەبێ مەمکی مەهێ یەکیان بێ واتە یان بەقەد شەمامە یان لیمۆ، چونکە هەموو کەس دەزانی کە قەبارەی شمامە و لیمۆ جیاوازە لیمۆ گەورەترە لە شەمامە، بەم جۆرە، نووسەر لەو وەسفیشدا شکست خواردوو دەبێ.
بێ ئاگا لە لۆژک و نەژادناسی و لە بەشی ژنە سەماکەرەکە لە لا ١٢٣ کاروان هەڵدەستی بە مارەکردنی مەهێی ژنێکی سەماکەر، دواتر سەفەنجێ مارەدەکات، ئازایش بەهەمان شێوە بانۆ ژنێکی سەماکەر مارە دەکات، کەچی ئەوان تەنیا بۆ ڕابواردن و تێرکردنی غەریزەکانیان چوونەتە باکۆ، دواتر هەموویان بە مەشهەد و دیمەنی جیاواز ژنی یەکتر ماچ دەکەن و لە باوەش دەگرن. ئەمە جگە لە کرێتی، هیچیتر نییە، چونکە پێوست بوو یان هەر وەک سۆزانی چووبانە لایان یاخود وەک خیزان قودسیەتییان هەبووایە.
لە کۆتای بەشی لە گەشتەوە بۆ کڕۆنا لە لا ٢٠٠ بۆ ٢٠٢ کاروان زۆر نیگەران دەبێت لەوەی کە تازە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕووی لە ئێران کردوە، کەچی ئەوان لە گەڕانەوەیاندا چوونەتە شاری ئەنزەلی ئیران بۆ ڕابواردن، بەمەش لە گەڕانەویاندا لە شاری سۆران کەرەنتینە دەکرێن. کاروان کەرەنتینەکردنیان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە چوونەتە ئەنزەلی، بۆیە خۆزگەیەکی زۆر دەخوا تەنیا گەشتی ئازربینجانیان کردبوایە نەوەک سەردانی ئەنزەلی، کەچی نووسەر ئەوەی لەبیر کردووە کە هەر خۆی گەشتەکەیان بە تێپەڕین بووە لە سنووری ئەستارەی وڵاتی ئیران ئەوان تەنیا فیزایی ئێرانیان بڕیوە بەناو خاکی ئێران تێپەڕیون نەوەک وڵاتێکی تر.
ماوەتەوە بڵێم جێگای داخە کە نووسەرێکی وەک کەمال سەعی دوای ١٠ بەرهەم و تەمەنێک لە نووسین هەڵدەستێ بە نووسینی ڕۆمانێکی لەم شێوەیە پڕ لە کەموکوڕی، وەک کەسێک کە هیچ سەروکاری لەگەڵ نووسیندا نەبووبێت. بەمەش گەر نووسەر بە پرۆسەی نووسینی خۆیدا نەچێتەوە، ئەوە شەوانی باکۆ لای کەمال سەعدی گەڕانەوەیە بۆ خاڵی دەستپێک.

mm

دڵشاد ڕەزاق ڕەسوڵ ناسراو بە (دڵشاد کاوانی). نووسەر و وەرگێڕ و چیرۆکنووس ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووس. چاڵاکوان له بواری ڕێکخراوەیی و مافەکانی مرۆڤ. لەدایکبووی 01-07-1978 شاری قەزوینی ئێرانە. لە ساڵی 1984 لە گوندی کاوانیانی شەقڵاوە چووەتە بەر خوێندن. یەکەم وێستگەی نووسینی لە ساڵی 1996 بە شیعر دەستی پێ کردووە. پاشان یەکەم چیڕۆک بە ناوی (هەرگیز پاشگەزنابمەوە) لە ساڵی 1997 نووسی، زیاتر لە 24 چیڕۆک و (100) کورتیلە چیڕۆکی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە، خەڵاتی یەکەم و دووم و باشترین چیڕۆکی لە فیستڤاڵەکانی کوردستان وەرگرتووە.

Previous
Next
Kurdish